له ئاب/ئۆگه‌ستسی ساڵی 1977 ڕووداوێكی سه‌یر و نامۆ ڕووی دا، كه تا ئێسته‌یش لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ری به‌رده‌وامی هه‌یه و هه‌ر جاره‌وه ئه‌نجامێكی جیاواز له‌باره‌ی ئه‌و ڕووداوه سه‌یره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌ویش بریتی بوو له گه‌یشتنی شه‌پۆلێكی ڕادیۆیی كه له چه‌ند پیتێك پێكهاتووه، كه شێوه‌یه‌كی زۆر جیاوازیان هه‌بووه و دوای لێكدانه‌وه‌ی شێوه‌ی پیته‌كان و كۆدهكانیش زانایان گه‌یشتنه ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئه‌مه وشه‌ی "Wow"ی ئینگلیزییه كه به مانای سه‌رسامبوون و ڕه‌زامه‌ندیدان به جوانی شتێك یان بابه‌تێك دێت.
كاتێك ته‌لیسكۆپی پێوه‌ستكراو به شه‌پۆلی ڕادیۆیی له زانكۆی ئۆهایۆی ویلایه‌تی ئۆهایۆ چاودێری سێ ئه‌ستێره‌ی ده‌كرد كه به ناوه‌كانی چی ساگیتاری ناسراون و هاوشێوه‌ی قه‌وس و قهزاحێك ده‌وری زه‌وییان داوه، له چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی SETI كه بۆ گه‌ڕان به دوای زیره‌كی له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ساره‌ی زه‌وی ده‌گه‌ڕان، ڕووداوێكی نامۆ ڕووی دا، كاتێك ته‌لیسكۆپه‌كه شه‌پۆلێكی ڕادیۆیی وه‌رگرت.
شه‌پۆله ڕادیۆیی و
ده‌نگه‌كه ته‌نیا 72 چركه بوو، زۆر به‌هێز و خێرا بوو و له شوێنێكی یه‌كجار دووری گه‌ردوونه‌وه ئاراسته‌كراوه، ته‌لیسكۆپه‌كه ده‌نگه‌كانی بۆ پیت گۆڕی و چاپ كرا و زانایان ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه كرد له سه‌ری و هه‌مووانیش سه‌ره‌تا تووشی سهرسڕمانییهكی زۆربوون، گه‌ردوونناسی به ناوبانگ "جیری ئیمان" یه‌كه‌م كه‌س بوو كه تیۆری ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، كه ئه‌م ده‌نگانه ئاماژه‌ن بۆ پیت و جۆرێك له قسه‌كردن كه مرۆڤ ئاشنای نییه و له ده‌ره‌وه‌ی گۆی زه‌وییه، به لێكدانه‌وه‌ی تۆنی ده‌ربڕینی ده‌نگه‌كه و دروستكردنی هێل بۆ هه‌رلایه‌كی جۆره پیتێكی لێ دروست كرد و پێوه‌ستی كرد به چۆنیه‌تی ده‌ربڕینی وشه‌ی "WOW"ی ئینگلیزی و به ته‌واوی له‌و بڕوایه‌دابوون، كه شه‌پۆله ده‌نگییه‌كه به مانای واو دێت و ئه‌م دهنگهیشی به به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوون و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی بوونی بوونه‌وه‌ری گه‌ردوونی له هه‌ساره‌كانی تری گه‌ردوون ناوبرد.
له 1977ه‌وه تا ئێسته لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه به‌رده‌وامه
جێری ئیمان له 1994 دیمانه‌یه‌كی كرا و دووپاتی له‌سه‌ر بۆچوونه‌كه‌ی ئه‌وكاتی كرده‌وه و هیچ گومانێكی له‌وباره‌وه نه‌خسته ڕوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی زیاتری كات، زانایانی تری جیهان گومانیان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كه‌ی ئیمان زۆر زیاتر بوو، چونكه ئه‌وان له‌و بڕوایه‌دابوون، كه ئه‌گه‌ر ئه‌مه شه‌پۆلێكی ده‌نگی بوونه‌وه‌ر بێت، هه‌رچۆنێك بێ، جارێكی تر دووباره ده‌بێته‌وه، له كاتێكدا ئێسته وه‌رگرتنی شه‌پۆلی ڕادیۆیی به ئامێر و ته‌لیسكۆپی زۆر پێشكه‌وتووتره‌وه له گۆی زه‌وی و له ڕێی مانگه‌ده‌ستكرده‌كانه‌وه ئاراسته ده‌كرێت.
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و گومانه له ڕاستی نزیكبووه‌وه، زانایان ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه له دیارده سروشتییه‌كانی گۆی زه‌وی له‌و كاته كرد، كه هه‌ر ئه‌وكات به وردی دۆخی گۆی زه‌وی تۆماركرابوو، به‌ڵام نه‌گه‌یشتن به هیچ ئه‌نجامێك، چونكه به‌شێك له زانایان له‌و بڕوایه‌دابوون، كه به‌هۆی بوونی كه‌شتیوانی تری گه‌ردوونی ڕووسیا له ئاسمان، پێشبینی ده‌كرێ، ئه‌مه ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌وان بوو بێ و به‌مشێوه‌یه ده‌ركه‌وتووه.
دواجار له ساڵی 2016 ئه‌نتۆنیۆ پاریس پسپۆری یاریده‌ده‌ر له زانكۆی سانتپترسبۆرگی ویلایه‌تی فلۆریدا و شرۆڤه‌كانی گه‌ردوونی له وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی به لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و تیۆره كرد و ماوه‌ی دوو ساڵ خه‌ریكی بوو و له كۆتایی ساڵی 2017 گه‌یشته ئه‌نجام.
زۆرترین ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یه كه كارلێكی ماده‌كانی گه‌ردوون بووه، نه‌ك بوونه‌وه‌ری گه‌ردوونی
ئه‌و وازی له ده‌نگه‌كه هێنا و به دوای پێوانه‌ی شه‌پۆله ڕادیۆكه گه‌ڕا، تا بیدۆزێته‌وه خێرایی و په‌خشكردنی چه‌ند مێگاهێرتز بووه، دواجار بۆی ڕوون بووه‌وه كه شه‌پۆله‌كه به مه‌ودای هه‌زار و 420 مێگا هێرتز ڕه‌وانه كراوه، كه ئه‌مه‌یش خێراییه‌كی زۆر و به‌رز و به‌هێزه، هه‌رچه‌نده تهلیسكۆب و ئامێره‌كانی چاودێری و وه‌رگرتنی شه‌پۆلی ڕادیۆیی ئێسته چه‌ندان هێنده زیاتر شه‌پۆلی ڕادیۆیی وه‌رده‌گرن، به‌ڵام بۆچی جارێكی تر هیچیان ده‌ست نه‌كه‌وته‌وه.
دواجار پاریس گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ده‌نگه‌كه له ئه‌نجامی توانه‌ی سه‌هۆڵبه‌ندانی سه‌ر ئه‌ستێره و هه‌ساره‌كانی تر دروستبووه، كاتێك ڕێژه‌یه‌كی زۆری گازی هایدرۆجینیان لێ ده‌رچووه، ئه‌وا به خێرایی و وه‌ك شه‌پۆلێكی ده‌نگی به گه‌ردوون بڵاو بووه‌ته‌وه، هه‌ر به‌وه‌یشه‌وه نه‌وه‌ستا، به‌ڵكوو ئه‌و شه‌پۆله‌ی كه له‌و ئاراسته‌یه‌ی گۆی زه‌وی و پرۆسه‌ی چاودێری سێ ئه‌ستێره‌كه له‌وكات دانرا بوو، بۆ چه‌ندان شوێن و هه‌ساره و ئه‌ستێری تری گواسته‌وه، تا بگات به ڕاستییه‌كه، به‌ڵام دواجار گه‌یشته‌وه هه‌مان ئه‌نجام كه له‌وكات شه‌پۆله ڕادیۆكه تۆماركراوه.
دواجار پاریس هه‌موو ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی له پهڕاوێژكی توێژینه‌وه له گۆڤاری ئه‌كادیمیا و زانستی واشنتن بڵاوكرده‌وه‌وه و به وردی تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه ڕووداوه‌كه ته‌نیا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌ردوونی بووه و هیچ ڕووداوێكی و ناردنی شه‌پۆلێكی ڕادیۆیی دروستكراو و ئاراسته‌كراوی له پشته‌وه نییه.