تەندروستی سلێمانی: ئەوانەی بانگەشەی نەبوونی كۆرۆنا دەكەن میلەت لەناو دەبەن

:: PM:09:31:03/06/2020 ‌

بەرپرسێكی تەندروستی پارێزگای سلێمانی رای دەگەیەنێت، هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ كە لەلایەن هاووڵاتییانەوە شكێنرا، لە داهاتوودا زیانی دەبێت، دووپاتی كردەوە، ئەوانەی بانگەشەی نەبوونی كۆرۆنا دەكەن، زیان بە میلەت دەگەیەنن.
دەبێت هەر یەكە و لای خۆیەوە خۆپاریزی بكات
ئەمڕۆ چوارشەم سێی حوزەیران، عەبدوڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەت و لایەنی پێوەندیدار بە هەستكردن بە سەختیی دۆخەكە بریار و رێنوێنی گونجاویان بۆ هاووڵاتییان دا بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام بەشێك لە هاووڵاتییان دركیان بەوە نەكرد و بەزۆر كارەكەیان هەڵوەشاندەوە.

روونی كردەوە، پێَمان وایە گرنگی تەندروستی هاووڵاتییان لەگەڵ بژێوی ژیانیان، هیچ جیاوازیەكیان نییە، تەنیا داواكاریمان ئەوەیە هاووڵاتییان پابەندی رێنوێنییەكان بن، چونكە توانای تەندروستی ئێمە لە كەلوپەل و پزیشك و دەرمان و پێویستییەكان، سنووردار و دیاریكراوە و لەوە زیاتر بڕوا لە دەستی ئێمە نابێت.

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی كرد، هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ، كاریگەری دەبێت، ئەگەر بێت و هاووڵاتییان پابەندی رێنوێنییەكان نەبن، بۆیە دەبێت هەر یەكە و لای خۆیەوە خۆپاریزی بكات.

لە بارەی ئەوانەی بانگەشەی نەبوونی كۆرۆنا دەكەن و داوا دەكەن هاووڵاتییان پابەند نەبن و بچنە سەر شەقام، ئەو بەرپرسەی تەندروستی گوتی، سێكتەری تەندروستی هیچ هەڵەیەك قبووڵ ناكات و جیاوازی ناكات، هەموو چین و توێژەكان دەگرێتەوە، ئەوانەیشی بانگەشەی نەبوونی دەكەن، هیچ هەستێكیان نییە و لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان قسە ناكەن و میلەت تووشی كێشە دەكەن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل