ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت، رێواز فایه‌ق ژیانی یاسایی خۆی كرده قوربانی مانه‌وه‌ی له پۆسته‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر كه‌سێكی نایاسایی ئه‌و كاره‌ی بكردایه، ده‌مانگوت لێی نازانێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 16ی حوزه‌یران، رێبوار بابكه‌یی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و نووسراوه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارێزبه‌ندیی سۆران عومه‌ر كردوویه‌تی، هیچ هێزێكی یاسایی نییه، ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی په‌رله‌مان نییه ئه‌و بڕیاره بدات.
پێدانه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی له دوو رێ زیاتری نییه
دوێنێ شه‌و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له ژێر فشاری هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی، نووسراوێكی ده‌ركردووه گوایه پارێزبه‌ندیی سۆران عومه‌ری هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه.
بابكه‌یی روونی ده‌كاته‌وه، ماده‌ی 18 له پێڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان به روونی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی دیاری كردووه، ئه‌وه‌ی رێواز فایه‌ق كردوویه‌تی، له كاری كه‌سێك ده‌وه‌شێته‌وه كه یاسای نه‌خوێندبێت یان دكتۆرای له یاسا نه‌بێت، ئه‌وكات ئێمه‌ش ده‌مانگوت رێواز فایه‌ق له یاسا نازانێت بۆیه ئه‌و كاره‌ی كردووه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی، پێدانه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانتار له دوو رێ زیاتری نییه، ئه‌وانیش یان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تری په‌رله‌مان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندییه به زۆرینه‌ی ده‌نگ بۆ بگه‌ڕێته‌وه، یان ئه‌و ئه‌ندامه بچێته به‌رده‌م دادگا له‌وێ دۆسیه‌كه‌ی یه‌كلا بكرێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌ندامه هیچ تاوانێكی له‌سه‌ر ساغ نه‌بێته‌وه، ئه‌وكات پارێزبه‌ندییه‌كی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هاوكات بابكه‌یی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، رێواز فایه‌ق ژیانی یاسایی خۆی كرده قوربانی مانه‌وه‌ی له پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان،به بڕیارێكی سیاسی ئه‌و كاره‌ی كردوه، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌كردایه راسته‌وخۆ لابرابوو له پۆسته‌كه‌ی.
له حه‌وتی ئایاری ئه‌مساڵ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ده‌نگی 57 په‌رله‌مانتار پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ هه‌ڵگرت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند سكاڵایه‌كی له‌سه‌ر بوو.