چه‌مكی عێراقچێتی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كوردستان

AM:09:04:04/11/2018 ‌
دڵشاد به‌رزنجی

له‌ دوای رووداوه‌كانی ساڵانی شه‌سته‌كان و جیابوونه‌وه‌ی باڵێك له‌ مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، چه‌مكی عێراقچێتی له‌ناو كایه‌ی سیاسی و ئه‌ده‌بیات و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان ده‌ركه‌وت له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه‌ مانه‌وه‌ی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی عێراق باشتره‌ و پێویسته‌ ئاراسته‌ی ستراتیجی سیاسی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كوردستان له‌ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی عێراق بێت.

به‌ڵام ‌له‌ دوای رووداوه‌كانی راپه‌ڕینی ساڵی 1991 و پێكهێنانی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌هێزبوونی پێگه‌ی هه‌رێم له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ و دنیا، چه‌مكی عێراقچێتی له‌ناو كایه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و لاوازبوون چوو، ئۆمێد و باوه‌ڕی بۆ هێنانه‌كایه‌ی ستراتیجێكی سیاسی و یاسایی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ربه‌خۆ بۆ گه‌لی كوردستان پێش كه‌وت.

به‌ڵام له‌ دوای ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم و كاریگه‌ری رووداوه‌كانی خیانه‌تی نیشتمانی 16 ئۆكتوبه‌ر، كه‌ هه‌وڵدان بوو بۆ له‌ناوبردنی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی، جارێكی تر هه‌ل بۆ ژیانه‌وه‌ی چه‌مكی عێراقچێتی له‌ هه‌رێمی كوردستان خه‌ریكه‌ خۆی رێك ده‌خاته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر سه‌یری پانۆرامای رووداوه‌كانی دوای ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم بكه‌ین، ئه‌وانیش هه‌وڵدان بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی پشتیوانی له‌ كوردستانیبوونی خۆیان ده‌كه‌ن له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق و رووداوه‌كانی خیانه‌تی نیشتمانی 16 ئۆكتۆبه‌ر به‌ رێككه‌وتنی نهێنی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ جیاكردنه‌وه‌ی پارێزگای سلێمانی له‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و لكاندنه‌وه‌ی به‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری نوێی عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و هه‌وڵدان بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ شاری كه‌ركووك به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ندی و ده‌رخستنی ناوی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆژه‌ی بودجه‌ی 2019دا و دانانی ناوی پارێزگاكان، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ دوای ئه‌وه‌ی پیلانی له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ رێی سه‌ربازی سه‌رنه‌كه‌وت، ئێسته‌ هه‌وڵ ده‌درێت به‌ رێی سیاسی و یاسایی و كومه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌ بكرێت.

ئه‌و رووداوانه‌ی روو ده‌ده‌ن، درێژكراوه‌ی پیلانه‌كانی خیانه‌تی نیشتمانی 16 ئۆكتۆبه‌رن و جارێكی تر گه‌لی كوردستان ده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌ر مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی دژایه‌تی یاسایی و سیاسی و ئابووریی تر. ئه‌وه‌ی جێی باسكردنه‌ چۆن له‌ رابردوودا هه‌ندێك لایه‌نی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان رابه‌رایه‌تی چه‌مكی عێراقچێتییان ده‌كرد، ئێسته‌یش به‌هه‌مانشێوه‌ هه‌ندێك لایه‌ن پێشه‌نگێتی ده‌كه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پیلانه‌ و كاریگه‌ریشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر ئاراسته‌ی سیاسی لایه‌نه‌كانی تری ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان له‌ بن رۆشنانی دژایه‌تی لایه‌نێكی دیاریكراو.

ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌ بن رۆشنایی رووداوه‌كانی خیانه‌تی نیشتمانی 16 ئۆكتۆبه‌ر و فشاری وڵاتانی ناوچه‌كه‌ كار كرابێت كه‌ هه‌نگاوی سه‌ربازیی كورد رابگیرێت، به‌م پیلانه‌ نوێیه‌ و هه‌نگاوانه‌ی ئێسته‌ ده‌یانه‌وێ هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری یاسایی و سیاسی و ئابووری له‌ چه‌مكی داواكاری بۆ سه‌ربه‌خۆیی به‌ته‌واوه‌تی دوور بخرێته‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ ئاراسته‌ی ستراتیجی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی عێراق ببه‌نه‌وه‌ و ئه‌و هه‌موو خه‌بات و خوێن و ماڵوێرانیه‌ی گه‌لی كوردستان بۆ ئاواكردنی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی خۆی، له‌ گۆڕ بنێن.

پێڕه‌وكردنی سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و سیاسی و یاسایی و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستان، له‌ ئه‌نجامی نه‌هێشتنی هیچ زه‌وینه‌یه‌كی یاسایی و سیاسی بوو له‌لایه‌ن عه‌قڵی حاكمی عێراق بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق هاته‌ ئاراوه‌. بۆیه‌ پرسیاری سه‌ره‌كی ئێسته‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا عه‌قڵی ئێسته‌ی حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق، ئاماده‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی یاسایی و سیاسی و ئابووری و كێشه‌ی كه‌ركووك له‌ نێوان هه‌رێمی و ناوه‌ند، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان واز له‌ داخوازی سه‌ربه‌خۆیی بهێنێت؟

ئه‌گه‌ر پێشخستنی (چه‌مكی عێراقچێتی) له‌سه‌ر بنه‌مایی ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا كه‌ هه‌ر ده‌بێت حكوومه‌تی عێراق ئه‌م پرۆسه‌یه‌ قبووڵ بكات ئاراسته‌یه‌كی راسته‌، به‌ڵام ئاراسته‌كردنی راده‌ستكردنی پێگه‌ی جیۆگرافی و سیاسی و ئابووری و یاسایی هه‌رێمی كوردستان جارێكی تر به‌ عێراق، ئه‌مه‌ خیانه‌تێكی نیشتمانییه‌ و كاركردنه‌ بۆ له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان؟