لە بازرگانییەوە بۆ سیاسەت

PM:04:24:08/05/2019 ‌
دڵشاد بەرزنجی

تا بڵاوكردنەوەی روونكردنەوەی ئەندام پەرلەمانەكانی سەر بە (جووڵانەوەی نەوەی نوێ) لە پەرلەمانی عێراق، بەشێك لە خەڵكی كوردستان بەتایبەتی چینی (نەوەی تازەپێگەیشتوو)، شاسوار عبدولواحیدیان بە قارەمانی خۆیان دەبینی و دەیانگوت تەنیا ئەو دەتوانێ حكوومەت بڕووخێنێ.
شاسوار لەسەر بنەمای رەخنە لە دەسەڵات و پارتەكانی هەرێمی كوردستان كە بە (گەندەڵ و دیكتاتۆر و بنەماڵەیی) تۆمەتباری دەكردن، هات جووڵانەوەی نەوەی نوێی دامەزراند، بەڵام لە روونكردنەوەكانی پەرلەمانتارەكانی خۆی كە دامەزرێنەرانی جووڵانەوەكەیشین، دەركەوت كە شاسوار خۆی تاوانبار كرا بە (دكتاتۆر و بنەماڵەیی و قۆرخكردن).
تا بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە مێژووییەكەی 25ی ئەیلوولی 2017، شاسوار عەبدولواحید تەنیا بازرگانێك بوو كە سنووری كارە بازرگانییەكانی لەناو پارێزگای سلێمانیدا بوو، بەڵام ڕیفراندۆم بووە ئەو دەرگەیەی ئەوی بە دژایەتی خواستی نەتەوەكەی و مێژوویی 100 ساڵ خەبات، ناساند و لەوێوە هەنگاوی نا بۆ چوونە ناو دنیای سیاسەت، ئەویش بە دروستكردنی "نەخێر لە ئێستەدا" كە دروشمی دژایەتی دەوڵەتی كوردستان بوو.
دواتر بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراق شاسوار عەبدولواحید بۆ یەكەمجار چووە ناو دنیای سیاسەت ‌و لیستێكی بەناوی نەوەی نوێ دروست كرد، لەو هەڵبژاردنەدا توانی چوار كورسی بەدەست بێنێت، دواتریش حزبەكەی بە لیستێك بەشداری لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستان كرد ‌و توانی هەشت كورسی مسۆگەر بكات.
لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانیی سلێمانی چەندان سكاڵایان لەسەر سەرپێچییەكانی پڕۆژەی چاڤی لاند تۆمار كرد، كە خاوەنی پڕۆژەكە شاسوار عەبدولواحیدە ‌و داوا یاساییەكان لە داواكاری گشتی و دادگاكانی سلێمانی تۆمار كراون، جیا لەو نۆ هەزار پشكەی كە پارەیان داوە لە پڕۆژەی چاڤی لاند و بەردەوام لە بەردەم دادگادان و كەس بەدەم داواكەیانەوە ناچێت. سەیرە دادگا بێدەنگە لەو دۆخە یاساییانە.
لەلایەكی ترەوە ئێستە بەشێك لە ڕێكخراوەكانی تایبەت بە مافی ژن دەیانەوێت سكاڵا لە دژی شاسوار تۆمار بكەن، ئەویش بەتۆمەتی هەڕەشەكردن لە شادی نەوزاد كە پەرلەمانتاری نەوەی نوێیە لە كوردستان، بۆ بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی دەستكاریكراو كە وەك شادی خۆی ئاشكرای كرد وەك هەڕەشە لە دژی بەكار هاتووە.
پێشتر خەلیل سەركانی ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان لەبارەی شاسوار عەبدولواحیدەوە ڕای گەیاند، "قۆڵی 10 هەزار كەسی بڕیوە، بۆیە چارەنووسی وەك چارەنووسی دكتۆر ڕوشدی سەعید دەبێت". روشدی ئەو بازرگانە بوو كە لە هەولێر چەند پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوونی بە فڕتوفێڵ كرد و دواتر هەڵات.
بەدەر لە سەرپێچییە یاساییەكانی چاڤی لاند، هەروەها قەرزەكانی حكوومەت كە لەلای شاسوار عەبدولواحیدە، یەكێكی ترە لەو دۆسیە یاساییانەی دژی دەجووڵێنرێت، ئەو پەیجانەی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كە شاسوار عەبدولواحیدی پارەدار خاوەندارێتییان دەكات ‌و پەیجەكان هێرش دەكەنە سەر لایەن ‌و كەسایەتییە سیاسییەكان، دیمەنێكی تری ناشیرین و نیازپیسی ئەو كوڕەن. ئێستە پرسیار لەسەر شاسوار ئەوەیە وەك چۆن لە سەرەتاوە پرسیاری ئەوە دەكرا كە شاسوار لە كوێوە بوو بە بازرگان و دواییش بە سیاسەتوان و كێی لە پشت بووە و ئامانجی چییە؟ پرسیاری تازە ئەوەیە ئەم جووڵانەوەیە بەرەو كۆی دەچێت؟
دەگوترا شاسوار ناتوانێ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری وەك چاڤی لاند بەڕێوە ببات و دەستی نۆ هەزار هاوبەشی پڕۆژەكەی بڕیوە، چۆن دەتوانێت كوردستان بگۆڕێت و بەرەوپێشی ببات؟ ئەوەی لێرەدا پێویستە وانەی لێ وەربگیرێت ئەوەیە، سیاسەت و حزبایەتی لەسەر بنەمای كاردانەوەی كەسێك و گرووپ نییە بۆ دەسەڵات لە قوناغی دیاریكراودا، چونكە دەرەنجامەكەی خراپ دەبێت. وەك چۆن لەسەر بنەمای تێڕوانینی چەند لایەن و كەسایەتییەكی كاڵفام بۆ دژایەتی و لێدانی پێگەی سەرۆك بارزانی، خەونی سەتان ساڵەی سەربەخۆیی كوردستانیان لە دوای ریفرادۆم بە خیانەتێكی نیشتمانی لەبار برد.