میقداد شاسوارى
به‌گوێره‌ى ئامارێكى نیمچه فه‌رمى، نزیكه‌ى چاره‌گه ملیۆنێك كه‌س له هه‌رێمى كوردستان، زیندوو و مردوو، گه‌نج و پیر، پله‌نزم و پله‌به‌رز، مووچه‌ى خانه‌نشینى وه‌رده‌گرن. مووچه‌كه‌یش له كه‌متر له گه‌ڵایه‌ك "100 دۆلار" ده‌ست پێ ده‌كات و بۆ زیاتر له ده‌فته‌رێك "10 هه‌زار دۆلار" هه‌ڵده‌كشێ.
به واتایه‌كى روونتر نزیكه‌ى له هه‌ر 20 كه‌س له هه‌رێم كه‌سێك خانه‌نشینه، ئه‌گه‌ر كورد گوته‌نى "ئه‌و بایه هه‌ر ئه‌وها له‌و كونه‌ى بێ" و هه‌ر چوار ساڵ جارێك لیستێكى تر ئیزافه‌ى سه‌ر تۆمار و لیستى خانه‌نشینان بكرێت، ئه‌وا رۆژێك دادێت كۆرپه‌كان له كوردستان به خانه‌نشینی له دایك ده‌بن و ده‌بێ كارمه‌ند و وه‌زیر و په‌رله‌مانتار له وڵاتانى به‌نگلادیش و چین و فلیپین هاورده بكه‌ین.
ئێسته وای لێهاتووه خه‌ڵكی ئێمه به عه‌شقی خانه‌نشینبوون ده‌بن به وه‌زیر و په‌رله‌مانتار نه‌ك له دڵسۆزییان بۆ كاره‌كه و نه‌ك بۆ مه‌به‌ستى خزمه‌ت و نه‌ك بۆ دانانى به‌ردێك له‌سه‌ر دیوارى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى وڵات.
ئه‌وان ده‌ڵێن، چاو لێك بنێی و بیكه‌یته‌وه چوار ساڵه‌كه تێپه‌ڕیوه و دواى ئه‌وه مووچه‌یه‌كى چه‌ورى خانه‌نشینى به درێژایی ته‌مه‌ن، ژیانێكی خۆشمان بۆ مسۆگه‌ر ده‌كات. چوار ساڵه‌كه‌ش له پۆستى وه‌زیر بین له حكوومه‌تى هه‌رێم یان ئه‌ندام بین له په‌رله‌مانى كوردستان، وه‌زیر بین له حكوومه‌تى عێراق یان ئه‌ندام بین له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌نگیشمان لێوه ده‌رنه‌چێ و ده‌ستێكیش هه‌ڵنه‌بڕین، دارێكیش له‌سه‌ر به‌ردێك دانه‌نێین و هیچیش له كاره‌كه نه‌زانین، كه‌س هه‌ر نه‌زانێ ئێمه هه‌ین یان نین، هه‌ر له‌خۆیه‌وه ده‌ڕوا و ته‌واو ده‌بێت و كه‌سیش لێمان ناپرسێته‌وه و هیچ یاسایه‌كیش لێمان ناپێچێته‌وه.
ئه‌گه‌ر كه‌سیش گوتى ئه‌وه بۆ له چوار ساڵى وه‌زیربوونت هیچت به هیچ نه‌كرد، ئه‌وا هێنده‌ى تووكى سه‌رێك پاساو هه‌یه وه‌ك ئه‌وه‌ى "ده‌سه‌ڵات كه حكوومه‌تى به ده‌سته‌وه‌یه ده‌رفه‌تى كاركردنى بۆمان نه‌ڕه‌خساند و هه‌تا پێی كرا ئاسته‌نگ و له‌مپه‌رى خسته سه‌ر رێمان.. یان وڵات به بارودۆخێكى ناهه‌موارى ئابووری یا دۆخێكی سیاسیی گرژ و ئاڵۆزدا تێپه‌ڕى.. یان نه‌هاتنى بودجه و نه‌بوونى پاره و هه‌زار و یه‌ك پاساوى تر".
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌ندامیش بیت له په‌رله‌مان، ئه‌وا هه‌ر زۆر به ئاسانى تێپه‌ڕ ده‌بێ و وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ر ئاگاشت لێ نه‌بێ چوار ساڵه‌كه چۆن ته‌واو بوو. ئه‌گه‌ریش خوا چانسی دا و كه‌وتیته عێراق، ئه‌وا هه‌ر زمانه‌كه‌یشیان نازانین و "عه‌ره‌به شۆڤینییه‌كان كوا لێ ده‌گه‌ڕێن ئێمه‌ى كورد قسه بكه‌ین، نه‌خاسمه لێ بگه‌ڕێن ئیشیش بكه‌ین".
له سیستمێكى حوكمڕانى له‌م چه‌شنه‌دا، هه‌موو كاره‌كان به ڕێڕه‌وێكى نائاسایی و نانۆرماڵدا تێپه‌ڕ ده‌بن و له هه‌ناوى حوكمڕانێتییه‌كى ئاوها نه‌خۆش و ناساغدا هه‌مووان ده‌گۆڕێن به مشه‌خۆری بێ كه‌ڵك و ته‌وه‌زه‌ل و بێ به‌رهه‌م، كابینه دواى كابینه دێته سه‌ر ده‌سه‌ڵات بێ ئه‌وه‌ى هیچ له كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ببن و به پێچه‌وانه‌وه، وه‌ك ده‌بینین هێنده كێشه‌ى كۆن و نوێ كه‌ڵه‌كه‌ى سه‌ریه‌ك بوون، زۆر ئه‌سته‌مه كابینه‌كانى داهاتوو پلان و به‌رچاوڕوونییه‌كیان هه‌بێ كام سێكته‌ر بخه‌نه پێشی پێشه‌وه‌ى كاره‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كام كێشه و ئاریشه گرینگتره له‌وی تریان.
وه‌ك خه‌ڵكى عه‌وامیش هه‌ست پێ ده‌كات ئاسته‌نگ و گرفتى هه‌ره گه‌وره له به‌رده‌م رایینه‌كردنى كاره‌كان و ته‌نككردنى ئه‌ستوورایی گرفته زۆره‌كان، وه‌زیره‌كان خۆیانن. به‌تایبه‌تى ئه‌و وه‌زیرانه‌ى ته‌نیا بۆ فراوانبوونى بنكه‌ى كابینه‌كه له حكوومه‌تدا به‌شدار ده‌بن و راستییه‌كه‌ی زیاتر له كۆمبارس ده‌چن. یان ئه‌و وه‌زیرانه‌ى به روویه‌كدا له حكوومه‌تن و به روویه‌كی تردا له ئۆپۆزسیۆنن. یاخۆ به‌هۆى ئه‌وه‌ى هیچ وه‌زیرێك له‌سه‌ر بنه‌ماى شاره‌زایی و پسپۆڕیی له كارى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ى پێی دێته سپاردن دانانرێ، به‌ڵكو هه‌موو وه‌زیره‌كان له كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌ب سیاسیی حزبه‌كانیانه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كرێن.
سه‌رۆك وه‌زیران له سیستمێكى وه‌زاره‌تبه‌خشین و سازاندا ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ى پێ ده‌كرێ چاوه‌ڕێی فڵان حزب بكات كه پێشتر له ئه‌نجامى چه‌ندان كۆبوونه‌وه‌دا سازان كراوه چی وه‌زاره‌تێكیان پێ ده‌درێ، به‌پێی ژماره‌ى وه‌زاره‌ته‌كانى پێیان دراوه ناوى كاندیده به‌ربژێره وه‌زیره‌كانیان بۆ بنێرێ. له باشترین دۆخدا ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو كاندیدێكى به‌هه‌ر هۆكارێك به‌دڵ نه‌بوو، داوا له حزبه‌كه ده‌كات بیگۆڕن به كاندیدێكى تر.
له "سیڤییه سازانییه نهێنییه‌كه‌ى كاندیده‌كاندا" هه‌موو به‌ربژێره‌كان له‌ڕووى خزمایه‌تییه‌وه داوه‌موویه‌ك ده‌یانبه‌ستێته‌وه به به‌رپرسێكى ده‌ستڕۆیشتووى حزبه‌كه‌وه.
خۆ له "سیڤییه ئاشكراكه‌یشیاندا" به ده‌گمه‌ن به‌ربژێرێكت به‌رچاو ده‌كه‌وێ "خوێندن و شاره‌زاییه‌كه‌ى" پێوه‌ندی به‌و وه‌زاره‌تخانه‌وه هه‌بێ كه پێی دێته سپاردن.
وه‌زیر هه‌یه له كابینه‌كه‌ى پێشتریدا نه‌ك هه‌ر كارێكى سوودبه‌خشی نه‌كردووه، له به‌ڕێوه‌بردنى وه‌زاره‌ته‌كه‌یشدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، كه‌چی بۆ كابینه‌كه‌ى دواتر دیسان له شوێنى خۆى دانراوه‌ته‌وه. وه‌زیر هه‌یه چوار ساڵه له كابینه‌یه‌كدا له بارێكى گران و "نانخۆرێكی جێگر" بترازێ، هیچ سوودى نه‌بووه، دیسان له كابینه‌كه‌ى دواتر وه‌زاره‌تێكى تر‌ى پێ دێته سپاردن. هه‌بووه هه‌ر له ساڵى یه‌كه‌مه‌وه ده‌ستى له كاره‌كه‌ى كێشاوه‌ته‌وه، چونكه كاندیدكردنه‌كه‌ى له‌لایه‌ن حزبه‌كه‌یه‌وه هه‌ڵه بووه و كوڕى ئه‌و مه‌یدانه نه‌بووه و تواناى به‌ڕێوه‌بردنى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى نه‌بووه، كه‌چی هیچ وه‌زیرێك له شوێنى دانه‌نراوه‌ته‌وه. چه‌ندان وه‌زیریش هه‌ن هاوكات دوو وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه ده‌به‌ن. ئیتر چۆن به‌ڕێوه‌ى ده‌بات بمێنێته‌وه.
هه‌ر له سه‌ره‌تاى حوكمڕانێتى كوردی، له دواى راپه‌ڕینه‌وه تا ئێسته كه ته‌مه‌نى هه‌شته‌مین كابینه به‌ره‌و رۆژانى كۆتا ده‌چێ، "جگه له‌وانه‌ى وه‌زیر نه‌بوون و به پله‌ى وه‌زیر خانه‌نشین كراون" ده‌وروبه‌رى 170 وه‌زیر خانه‌نشین كراون، كه‌چی كه‌موكوڕى و كێشه گه‌وره و بچووك هه‌ر له شوێنى خۆیان ماونه‌ته‌وه و كه‌ڵه‌كه‌ى سه‌ریه‌ك بوونه.
هێشتا سیستمى ته‌ندروستیمان له‌وپه‌ڕى بێ سه‌روبه‌ریدایه و ده‌رمانخانه‌كانمان گوفه‌كى ده‌رمانه به‌سه‌رچووه‌كانن و نه‌خۆشخانه‌كانمان له شوێنى ئه‌شكه‌نجه ده‌چن، هێشتا چه‌ندان شه‌قامى مه‌رگمان هه‌یه و رێگه‌وبانه‌كانمان رۆژانه ته‌رم "به جومله" ره‌وانه‌ى گۆڕستان ده‌كه‌ن، هێشتا به‌روبوومى كشتوكاڵی و میوه و سه‌وزه‌مان له وڵاتانى دراوسێوه بۆ دێ و قاژه شووتییه‌ك به ترسه‌وه ده‌خۆین نه‌ك ده‌رزی لێ درابێ! هێشتا رۆتینى ئیداریی یاریى به ده‌ماغمان ده‌كات. هێشتا /جگه له لایه‌نه ته‌ناهییه‌كه/ هه‌موو داوده‌زگاكانى ترمان له‌برى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانمان بوونه‌ته به‌رهه‌مهێنه‌رى كێشه‌ى زیاتر.
لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێ "بوون به وه‌زیر" هێنده كارێكى سه‌خت و ئه‌سته‌م نییه و به‌هه‌موو كه‌س ده‌كرێ. ئه‌زموون و پسپۆڕیی و كه‌سێتى و ته‌نانه‌ت ئاستى ئاخاوتنێكى سێ چوار خوله‌كى له به‌رانبه‌ر كه‌ناڵێكى میدیاییدا، ئه‌وانه هیچیان نابن به پێوه‌ر مادام وه‌زیره‌كه كاندیدی حزبه و "له‌ناو حزبیشدا كاندیدی به‌رپرسێكى ده‌ستڕۆیشتووه"، كه‌س نابێ پێی بڵێ له‌سه‌ر چاوت برۆ هه‌یه.
هیوایه‌كمان هه‌بوو ئه‌و كابینه‌یه خۆى له‌و ته‌ونه كۆنه ده‌ست و پێ گیره رزگار بكات، به‌ڵام وه‌ك گوێبیستى ناوى به‌ربژێره‌كان ده‌بین، به‌داخه‌وه پێ ده‌چێ هه‌مان تاس بێ و هه‌مان حه‌مام و هه‌ر كۆپی هه‌مان كابینه كۆنه‌كان بێ له‌ناو به‌رگێكى نوێ‌دا. مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو، وه‌ك چاوه‌ڕێی لێ ده‌كرێ كابینه‌یه‌كى به‌هێز و ئه‌كتیڤ و پرۆفیشیناڵ بۆ حكوومه‌تى نۆیه‌م پێكبهێنێت و وڵات به‌ره‌و كوردستانێكى به‌هێز ئاراسته بكات.