(جه‌نگاوه‌رێك، جه‌نگ دوو قاچ و دوو ده‌ست و چاوێكی ڕاماڵی و له‌گه‌ڵ خۆیدا بردی، كه‌چی ئه‌و وایده‌زانی به نیشتمانی به‌خشیوه، ئێسته‌ش له كونجێكی نیشتمان یاداشته‌كانی خۆی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی (با) ده‌نووسێته‌وه)!
* كه‌وتبووینه سه‌ر دووڕیانێك، نه ده‌مانویست وه‌ك تاوانبار بچینه به‌رده‌م دادگای مێژوو، نه ده‌شمانویست نه‌وه‌ی داهاتوو، كوڕ و كچانی نیشتمان تۆمه‌تی خاكفرۆشیمان بده‌نه پاڵ .
* جه‌نگ هه‌ڵـگیرساو به‌ره‌و ڕوومان هات. هات تا ئاگر به‌ربداته نیشتمانمان. ده‌زانی خۆچی ده‌ڵێم؟ ئه‌رێ جه‌نگ هات و به‌رده‌رگای لێ گرتین. ئێمه به‌دوایدا نه‌چووبووین، ئه‌و له خۆیه‌وه هات. ئه‌وه‌بوو هه‌ندێكمان بووین به جه‌نگاوه‌ر .
* له‌ناو ئاگر و گه‌رمه‌ی سووتێنه‌ری جه‌نگه‌كه‌شدا، هه‌ندێك ڕه‌نگ و بۆن و خۆڵ و تۆز و دووكه‌ڵ و قه‌تماغه‌یان گرت، هه‌ندێك ڕه‌نگ و بۆنی جه‌نگاوه‌ره‌كانیان دزی و به ڕووخساری خۆیانیان هه‌ڵسوو، هه‌ندێكیش له دووره‌وه له ده‌رێی سه‌نگه‌ر و گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگدا، لێمان بوون به شاعیری جه‌نگ و نووسه‌ری جه‌نگ و حیكایه‌تگێڕه‌وه‌ی جه‌نگ. هه‌ندێك به‌رگه‌یان نه‌گرت و ڕۆیشتن و هه‌ندێكیش مانه‌وه، یان زام به جه‌سته‌یانه‌وه بوو، یان داخ و برین له‌سه‌ر دڵیان. هه‌ندێكیش شوێن‌بزر بوون و هه‌ندێك مافیان خورا و سته‌میان لێ كرا، هه‌ندێك له خه‌فه‌تاندا مات و بێده‌نگ، ئه‌ژنۆكانی خه‌میان له ئامێز گرت و هه‌ندێكیش كه‌وتنه به‌ر ڕێژنه‌ی تانه و لۆمان .
* هه‌ندێك بۆ مانه‌وه نه‌هاتبوون، بۆ ئه‌وه هاتبوون خودێك نمایش بكه‌ن و بڕۆن، هه‌ر بۆ ڕۆیشتن هاتبوون . هه‌ندێكیش هاتبوون تا بمێننه‌وه. ده‌یانزانی چاره‌یه‌كی تر نییه .
* شه‌هیدێك گوتبووی :"له‌لایه‌ك ده‌بوو بمرین بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوو له كیس نه‌چێ، له لایه‌كیش ده‌بوو شه‌هید ببین بۆ ئه‌وه‌ی ئاینده به زیندوویی بمێنێته‌وه. ئێ ده‌بوو چیمان بكردایه؟
* هه‌ندێك هاتبوون قه‌رزی كۆنی خۆیان به نیشتمان بده‌نه‌وه، هه‌ندێكیش بۆ سڕینه‌وه و پاككرنه‌وه‌ی ڕابردوویان هاتبوون. هه‌ندێك هاتبوون تا ببن به كه‌سانێكی به كه‌ڵك و باش و شیر حه‌ڵالی نیشتمان، هه‌ندێكیش بۆ دوورینی گیرفان هاتبوون !
* هه‌ندێك هاتبوون په‌یكه‌ریان به نیشتمان ببه‌خشن، هه‌ندێكیش هاتبوون ببن به په‌یكه‌رساز. هه‌ندێكیش بووبوون به په‌یكه‌ری بت. هه‌ندێك كه‌وتنه سه‌ر كورسی كه‌مئه‌ندامی، هه‌ندێكیش بوون به ڤێلانشین ! هه‌ندێك ئاماده، هه‌ندێك سه‌یرانكه‌ر، زۆرێكیش بێ ئاگا ...
* شێتایه‌تی قۆناغی گه‌نجێتیمان ڕێكه‌وت بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵایسانی ئاگری شه‌ڕ. پڕِ بووین له حه‌ز و مه‌یلی ژیان، هه‌ستی عاشقایه‌تی و ئه‌ڤینداریشمان به پڕی تێدا بوو، گه‌رم و گوڕ بووین، به‌ڵام جه‌نگ له ئارادا بوو. ده‌بوو چی بكه‌ین؟ ئایا بێجگه له به‌رگریكردن چاره‌یه‌كی تر هه‌بوو؟!
* ئێمه له خه‌ون و خه‌یاڵی ژیاندا پلانی باشمان بۆ داهاتوومان داڕشتبوو، به‌ڵام جه‌نگ له بن گوێمان بوو. ئێ ده‌بووچی بكه‌ین؟ جه‌نگ بوو ...
* ده‌بوو به پیر نزیكه‌وه بچین و نزیكه‌كه‌شمان هه‌ر لێ دوور و دوورتر ده‌كه‌وته‌وه، جه‌نگ درێژه‌ی كێشا. ده‌بوو هاوڕێ له‌گه‌ڵ كاروانه‌كه‌دا ڕێ بكه‌ین. نه‌ده‌بوو به‌جێ بمێنین. خۆ دزینه‌وه له نیشتمان شووره‌یی و شه‌رمه‌زاری بوو. كه‌وابێ چاره‌یه‌كی تر هه‌بوو بێجگه له شه‌ڕكردن؟
* گیان و ژیان له‌لامان خۆشه‌ویست بوو. له ده‌نگی جه‌نگ ده‌ترساین. به‌ڵام ده‌بوو ئازا و دلێر بین. شه‌ڕ بوو، مه‌گه‌ر ڕێی ترمان هه‌بوو جگه له شه‌ڕكردن؟!
* عه‌شق و عاشقایه‌تی و دڵبه‌رمان له پێناو به‌رگریكردن له هه‌موو عاشقان و دڵبه‌رانی نیشتمان به جێ هێشت، چووینه ناو جه‌رگه‌ی شه‌ڕ.. ئێ ده‌بوو چی بكه‌ین؟!
* ئێمه بۆ پۆست و پله و زێده مافمان نه‌چووینه شه‌ڕ. ته‌نیا نه‌مانده‌ویست له داهاتوودا بكه‌وینه به‌رده‌م دادگای مێژوو. ویستمان سبه‌ی خۆمان له نیگای تیژ و لۆمه كاری ئێوه نه‌دزینه‌وه. ئه‌ی ده‌بوو چی بكه‌ین؟!
* ئێمه فێره خوێنڕشتن نه‌بووین. باوه‌ڕ بكه‌ن ئێمه له ڕه‌نگی خوێن ده‌ترساین. به‌ڵام بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی تۆڵه‌ی خوێنه ڕژاوه‌كانمان چووینه ناو مه‌یدانی جه‌نگ. بۆ تۆڵه‌ی سه‌ره بڕاوه‌كانمان چووین. ئه‌ی ئه‌گه‌ر نه‌چووباینه ده‌بوو چی بكه‌ین؟!
* له شه‌ڕه‌كه به‌ملاوه، شێوه و فۆڕمی عاشقایه‌تیمان گۆڕا. ئێمه بووینه دڵدار و دڵبه‌ره‌كانیشمان بوون به سه‌نگه‌ر و گوله و شه‌و. شه‌وه‌كانی هێرش و په‌لامار .
* ئێمه قافڵه قافڵه چووین. گرووپ گرووپ گه‌ڕاینه‌وه. گه‌نج گه‌نج چووین، پیر پیر گه‌ڕاینه‌وه. ڕاست و ڕاست چووین، ماندوو ماندوو گه‌ڕاینه‌وه. گرووپ گرووپ چووین. ده‌سته ده‌سته گه‌ڕاینه‌وه. ده‌سته ده‌سته چووین. ته‌نیا و ته‌نیا گه‌ڕاینه‌وه. به‌ڵام نیشتمانمان پاراست. خۆڕاگریمان كرد .
* به‌ڵێ، وایه.. من و ( تۆ) له‌یه‌ك ناچین، بۆیه هه‌قی خۆمانه یه‌كتر نه‌ناسین !من و ( تۆ) له دوو نه‌وه‌ی جیاین. له دوو بیركردنه‌وه‌ی جیاین، له دوو لۆجیكی جیاین، من و (تۆ) له یه‌ك نیشتمانین، به‌ڵام له دوو ئینتیمای جیاین. من و هاوچه‌په‌ره‌كانم له‌م دیو، كه‌سیره‌و ماندوو، شه‌كه‌ت و تۆزاوی، ده‌سته‌ملانێی ژان و ئازار و ته‌نیایی و خۆخۆریین، (تۆ) له‌ودیو، له‌ناو كێڵگه و ڤێلاكان و له‌ناو باڵه‌خانه هه‌وربڕه‌كاندا پشووی كۆتایی شه‌ڕ ده‌ده‌یت !
* هه‌ر به‌ڕاست، ئه‌گه‌ر نه‌چووباینایه شه‌ڕ، ئه‌ی چیمان بكردایه؟! خۆ ئێمه‌ش دڵمان هه‌بوو، باوه‌ڕتان هه‌بێ به دڵه‌وه چووین، بێ دڵ هاتینه‌وه، به پێ چووین، بێ پێ گه‌ڕاینه‌وه. به وره و ئیراده‌وه چووین، به زام و برینانه‌وه هاتینه‌وه، به عه‌شقه‌وه چووین، به په‌ڕ سووتاوی گه‌ڕاینه‌وه، ئێمه ئێسته په‌رێشانین به‌ڵام په‌شیمان نین. له جه‌سته‌دا تێكشكاوین به‌ڵام دانانیشین، دڵمان شكاوه به‌ڵام ده‌ستمان كراوه‌یه .
* ئێمه هێشتا هه‌ر جه‌نگاوه‌ر په‌یا ده‌كه‌ین، فێر نه‌بووین "سوار" بین. جیاواز نین له (ئێوه). هاونیشتمانین به‌ڵام هاو به‌رژه‌وه‌ندی نین .
* ئێمه هێشتا كوڕه‌كانی دوێنێین. ژماره‌شمان كه‌م نه‌بووه‌ته‌وه ، چونكه خه‌ڵكه‌كه‌مان و مێژووه‌كه‌مان هه‌ر به حسێبی ئاماری پێش جه‌نگ سه‌رژمێریمان ده‌كه‌ن. شه‌هیده‌كانیشمان ژماره‌ن ، ژماره‌ی زیندوون .
* نیگا پڕ له خۆشه‌ویستییه‌كانی ئێوه‌ی خه‌ڵك، ئێوه‌ی هاونیشتمانی بۆ ئێمه، دیارییه‌كانتان كه ده‌تاننارده چه‌په‌ره‌كانی جه‌نگ و خواردنی خۆتان كه به سفره و خوانه‌وه لوولتان ده‌دا و بۆ ئێمه‌تان ده‌نارد، كوڕه‌كانتان هان ده‌دا بێن بۆ شه‌ڕ، هاوسه‌نگه‌ره شه‌هیده‌كانی ئێمه‌تان له ئاڵای نیشتمان وه‌رده‌پێچا و به‌ده‌م چڕینی سروودی نیشتمانییه‌وه، به شكۆ، ده‌ست له‌سه‌ر دڵ سپارده‌ی خاكی نیشتمانتان ده‌كرد، بۆ ئێمه سه‌رمایه و دڵنه‌واییه. ئێوه پۆل پۆل، به خاو خێزانه‌وه، ده‌چوونه نه‌خۆشخانه‌كان و چه‌پكه گوڵتان بۆ هاوسه‌نگه‌ره برینداره‌كانمان ده‌برد، بۆ ئێمه پشت و ئیراده و قه‌درزانییه .
* به‌ڵێ، ئێمه جه‌نگاین و له چاوی كه‌سمان نه‌دایه‌وه و منه‌تمان به‌سه‌ر نیشتمان نه‌كرد. خه‌ڵكیش تاڵی و سوێریان چه‌شت، به‌ڵام به چاومانیاندا نه‌دایه‌وه. ئێمه هێشتا قه‌رزار و منه‌تباری پاروو به پارووی ئه‌و خواردنانه‌ین له‌سه‌ر سفره و خوانی خۆتان ده‌گرته‌وه و بۆ چه‌په‌ره‌كانی ئێمه‌تان ده‌نارد .
* به‌ڵام بزانن، بڕیاری (دوێنێ) ئه‌وها نه‌بوو، بۆیه ئه‌مڕۆ لێمان مه‌گرن. ئێمه له سه‌رده‌می جه‌نگدا، ته‌نیا مه‌شق و خولی به‌رگریمان بینی له نیشتمان، هیچ خولێكی تاڵانیمان نه‌بینی. فێره جوامێری و جه‌ربه‌زه‌یی بووین، فێری ترسنۆكی و مشه‌خۆری و ڕنینه‌وه‌ی (به‌ر)ی جه‌نگ نه‌بووین .
* خودا و مێژوو ده‌یزانن (ئه‌وان) به‌شێك نین له ئێمه. ئه‌وان مێگه‌له گورگێكن سه‌دان كراسی یوسفیان هه‌لا هه‌لا كردووه. له ئێمه نین. ئێمه له (ئه‌مڕۆ) شه‌رمه‌زارین.. شه‌رمه‌زار...
* بیرۆكه‌ی ئه‌م نووسینه له نووسینێكی فارسی وه‌رگیراوه به ده‌ستكارییه‌وه