تەنز.. طریق جمە وێن، كاكە؟

AM:10:53:18/02/2022 ‌
ئەم بەیانیە شەقام، خەڵوەت و بێ ژاوەژاو لەژێر نمەبارانێكی سارد و تەمێكی خەستدا وەك ڕایەخێكی كۆن راخرابوو. بەلامەوە پرسیار بوو بۆ لە من زیاتر كەس لە دەرەوە نییە؟. ڕاستە هەینیە و دەوام نییە و كەشوهەوا تەماوی و ساردە، بەڵام هەر نابێتە پاساو بۆ ئەوەی كەس بە دەرەوە نەبێ. منیش بەدەم گۆرانی "جادە چۆڵ و سێبەر بوو، كاتی بەیانی" هێواش و لەسەرەخۆ سەیارەكەم لێدەخوڕی و خێزانیشم بێ دەنگ لە تەنیشتم هەڵكوڕمابوو. 

ئەم چۆڵی و خەڵوەتیەی شەقام، ترسێكی شاراوەی وەك تنۆكەكانی باران دەڕژاندە ناو دڵ و دەروونمان، لە هێكڕا لە ئاوێنەكەی بەردەمم بە حاستەم ڕۆشنایی لایتەكانی سەیارەیەكم لە پشتەوەمڕا بەدی كرد و هەتا لێم نزیك دەكەوتەوە خێرایی لێخوڕینەكەی زیاتر دەبوو. منی دابووە بەر فول لایتان، منیش حێبەتی مام و لەخۆم وە شك كەوتم، دەبێ سەیارەی ئەمبوڵانس بێ و نەخۆشێكی دەمەو مەرگی هەڵگرتبێ؟ ئێ شەقام چۆڵە و دەتوانێ بڕوا، دەبێ سەیارەی پۆلیس و ترافیك بێ؟ ئێ خۆ من هیچ سەرپێچیەكی یاساییم نەكردووە. 

كەمێ هێواشم كردەوە بزانم چی دەوێ، شۆفێرەكە كاتێ گەیشتە تەنیشتم سەیرێكی كردم و بە لاتی و وەك ڕێگریكردن، مینی پاسەكەی لە پێشم ڕاگرت كە وەك دنكەشقارتە بنیادەمی ورد و درشتی تێ پەسترابوو، شوفێر دابەزی تا بگاتە لام، منیش پەنجەرەكەی لای خۆمم داگرت. 

كابرا ڕەشتاڵەیەكی گەلحۆی قەڵەوی ورگ ئەستوور بوو، دیشداشەیەكی سێ چارەگی بۆری لەبەر بوو، چاكەتێكی ڕەشی خەتخەتی لەسەر دیشداشەكە پۆشیبوو، غوترە و عەگالێكی ڕەشی لەسەر بوو، جووتێ شحاتەی ژمارە 48ی لەپێ بوو، ژمارەی مینی پاسەكەی لەبەر قووڕ و لیتەی سەری نەدەخوێنرایەوە، بەڵام تابلۆیەكی یەكێك لە شارەكانی ڕۆژئاوای عێراقی بەسەرەوە بوو. كەمێك ترسام و ویستم پایدۆزی لێبكەم، بەڵام مینی پاسەكەی بە شێوەیەك لە پێشم ڕاگرتبوو، ڕێی دەرچوونی لێ گرتبووم. ئەویش هەستی بە ترسەكەم كرد و گوتی: ئۆگەف كاكە ئۆگەف ...

من هەر لە منداڵیەوە هەستیارم بەوەی عەرەبێك پێم بڵێ (كاكە)، دەڵێی جوێنم پێ دەدا و تووڕەم دەكا.
منیش بە ترس و ناچارییەوە ئۆگەفم كرد بزانم چی دەوێ: "ها ڕاعیلغەنەم" ئەشلۆنەك، ئەشلۆن ئەحوالەك، ئەشلۆن مالومندالەك، ئەشلۆن خزم و جیرانەك، شترید؟ 
- زێنین كاكە، كولهوم زێنین. ئەگول كاكە.. جمە وێن؟ جمە ...
- جمە؟ جمە شنو كاكی عەرەب؟
- جمە كاكە جمە... وێن؟
نەمزانی عەرەب  جمە جمەی  چیەتی، گوتم:
- ئێ باشە باش، جمە شنو؟ هەل اسم مكان؟ هەل اسم جبل؟ هەل اسم مەتعەم؟ هەل اسم فندق؟ هەل اسم جمعە؟ 
- لا كاكە لا... جمە جمە...عێنی جمە...
دەتگوت گۆرانی عەرەبیم بۆ دەڵێ. ئاوڕێكی لای خێزانمم دایەوە، ئەویش لەسەرەخۆ گوتی: 
- هەبێ و نەبێ بەدوای شوێنێكی جەنجاڵ و قەڵەباڵغدا دەگەڕێ. ئەها دەڵێن فڵانە شوێنە جمەی دێ لە خەڵك!
ئەقڵیش دەیگرت وابێ. منیش بە عەرەبم گوت:
- هەل تورید مەكان قەلوبالغ؟
گوتی: لا كاكە لا... شنو مەكان قەڵوبالغ؟ ارید جمە كاكە.. جمە !
گوتم: ئێستە ئەدری ئەدری وەنەبی نەدری. انت ترید جمە. بەس وەلاكین جمە شنو؟ هەل اسم مكان؟ هەل اسم مەتعەم؟ هەل اسم فندق؟ هەل اسم جبل؟
سەرێكی بادا و لەبەر خۆیەوە نەڕاندی: هم گال ... هم گال ... 
خەریك بوو هەڵدەچوو كابرا. عەگالەكەی دوو فەڕە لەسەر سەری سووڕاند و گوتی: اخویە، كاكە.. جمە.. كوبال.. جمە.. طریق جمە؟ 
گوتم: ئەها... صار ساعە لێش ما یگول طریق... ئیزەن تورید طریق جمە...
- ها بارەكەڵا كاكە... ئورید طریق جمه..
- وەڵا ئەدری طریق ڕێگایە. بەس وەلاكین لا ئەدری جمە شنو؟ هەل اسم مكان؟ اسم جبل؟ اسم فندق؟ اسم مەتعەم؟ اسم جمعە؟ 
ئەمجارە شەش - حەوت كەڕەت پێی كوتا بە شەقامە تەڕەكەدا و چوار فەڕە عەگالەكەی لەسەر سەری سووڕاند. زانیم دەمارەكانی ناو سەری پیس گرژ بوون. ئێ منیش عەرەبیەكەم هەر ئەوەندە بڕی دەكرد. وەك ئەوەی لە تووڕەبووندا ویستی بگریێ. گوتی: 
- كاكە مو اسم مكان.. مو اسم ترگاعە سۆدە.. مو اسم.. ئەستەغفیڕولا هولعەزیم و اتوب الیە... كاكە ئانی ئورید طریق جمە. انت مو كوردی؟
- ئێوەڵا ئانی كوردی.
- مو ئەهل ئەربیل؟
- ئێ وەڵا ئەهل ئەربیل .
- ئێ ڕەحمە لوالدێك.. لەعد شلۆن ما تندەل طریق جمە؟ ئانی ئورید طریق جمە.. وێن صایر؟ 
- وەڵا ئەخیلعەرەب ئانی اعرف طریق واتە ڕێگا. بەس وەلاكین ما اعرف جمە شنو. هەل اسم مكان؟ هەل اسم مەتعەم؟ هەل اسم جەبەل؟ هەل اسم فندق؟ هەل اسم جمعە؟ 
- هەم گال ... هەم گال ... كاكە ئەڵلا یخەللیك، تەرە ئانی بەردان... 
ها... ئیزەن صار ساعە لێش ما تگول انت یرید یروح قریە دوبەردان؟ یان سێبەردان؟ 

ئەم جارەیان عەگالەكەی لەسەری كردەوە و شەش - حەوت جارێ كێشای بە ڕان و پوز و سەروگوێلاكی خۆی: وەل كاكە ئانی بەردان بەردان. دنیا مەتەر و باردە. ما ارید قریە دوبردان وەلا قریە سێبەردان... وەلا ارید ترگاعە سۆدە...
من بەڕاستی نەمدەزانی ئەو عەرەبە مەبەستی لە جمە چییە و بۆچی وا تووڕە دەبێ و خەریكە شێت دەبێ. لەوە زیاتریش نەیدەتوانی تێمبگەیەنێ.

خوای كرد، بەر لەوەی عەرەب لە حەژمەتی تووڕەبووندا خۆی لەسەر شەقامەكە بگەوزێنێ، بینیمان سەیارەیەكی شەق و شڕ و هەژ هەژۆك لەناو پۆدرە بارانەكە و لەناو خەستیی تەمەكەدا بەدیار كەوت و بەرەو لامان هات. عەیامێكی باشی پێچوو هەتا گەیشتە لامان. مام ئیختیارێكی سەروو 70 ساڵەی جەمەدانی بەسەر خۆی و پیكابە داهێزراوەكەی لە تەنیشتمان ڕاوەستا. دوای چاك و چۆنی سەیارەكەی كەوتە پرتە پرت و كوژایەوە. پێم گوت: ئەرێ مام ئیختیار تۆ شتێك لە عەرەبی دەزانی؟ 

گوتی: ئەدی كوو كوڕم. فوولم!
گوتم: دەبزانە چی لەو عەرەبە تێدەگەی. 
ڕووی لە عەرەب كرد و گوتی: هەل انت مازا ترید یا اخوانی العرب؟
"حەو .. هێشتا عەرەبیە دووكەڵاویەكەی من لە عەرەبیە فوولەكەی مام ئیختیار باشترە".
اخوانیلعەرەب عەگالەكەی نایەوە سەر سەری و بە نیوە بادانێك جێگیری كرد و ڕووی لە مام ئیختیار كرد و بێزاری و نا ئومێدی پێوە دیاربوو، وەك ئەوەی لە دڵی خۆیدا بڵێ ئەم پیرەمێردە جامانە بەسەرە گرێی كێشەكەی ئەو ناكاتەوە، گوتی: 
- كاكە ئەرید طریق جمە، انت تعرف وێن صایر؟
مام ئیختیار دەستێكی بە تەنكە ڕدێنەكەیدا هێنا و عەیامێك بیری كردەوە، لەبەر خۆیەوە هەر منگەی لێوە دەهات و لە هێكڕا گڵۆپی مێشكی داگیرسا و گوتی: دۆزیمەوە.
بەڵام نەیزانی "دۆزیمەوە" بە عەرەبی دەبێتە چی و گوتی: 
- لقد كشفتها!
عەرەب بە واق وڕماوی تێیڕاما و، مام ئیختیار ڕووی لەمن كرد و گوتی: غەڵەتم نەكردبێ ئەو ئیخوانیلعەرەبە  پرسیاری ڕێی چەمەی دەكات!
دیار بوو مام ئیختیار لەمن ئاقڵتر بوو. گوتم: ئێ باشە جمە لە كوێ و چەمە لە كوێ؟ 

گوتی: وایە، بە زمانی خۆمان چەمەیە و بە زمانی ئەوان جمەیە. ئەگەر خیندەواریت هەبێ تەماشای كە لەسەر ئەو تابلۆ كەسكانەی ڕێنوێنی بە زمانی ئێمە نووسراوە چەمە و لەبەر خاتری ئەوانیش بە زمانی ئەوان نووسراوە جمە! ڕێگاكەی نیشان دا و بەر لەوەی عەرەب سواری سەیارەكەی بێ، مام ئیختیار بانگی كرد و بە ئیشارەت تێی گەیاند سەیارەكەی كوژاوەتەوە و دەبێ كەمێك پاڵی پێوە بنێ هەتا بكەوێتەوە ئیش. منیش هەندێك بە پاش و پێشكردن ڕێی خۆم كردەوە و كەوتمەوە ڕێ و لە ئاوێنەكەوە بینیم هەتا لێیان بزر بووم عەرەب هەر پیكابی مام ئیختیاری پاڵ دەدا! منیش بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك لە دڵی خۆمدا و بە بێدەنگیەكی خەمناك فاتیحایەكم بە قولهووەڵڵاوە بۆ سەر ڕۆحی زمانی شیرینی دایك نارد...