له هه‌ر سووچ و قوژبنێكی شاری ئیستامبۆل له توركیا ڕابوه‌ستی و سێڵفییەک بۆ خۆت بگری، وێنه‌ی مزگه‌وتێكت هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رده‌چێ.
له هه‌ر شار و ئاواییه‌كی ئه‌م كوردستانه‌ی خۆمان مۆبایله‌كه‌ت ده‌ربكه‌یت و بته‌وێ سێڵفییەک بۆ خۆت بگری، له وێنه‌كه‌دا پیاوێكی كوردت هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رده‌چێ تازه له عومره هاتووه‌ته‌وه، كڵاوێكی له‌سه‌ره شكڵی مه‌كه و مه‌دینه‌ی پێوه‌یه.
له هه‌ر شوێنێكی گه‌شتیاری له كوردستاندا سێڵفییەکی به دزییشه‌وه بگری، له وێنه‌كه‌دا ئیلا عه‌ره‌بێكی عه‌گال به‌سه‌ر و دیشداشه له‌به‌رت له‌گه‌ڵ ده‌رده‌چێ.
له هه‌ر گۆشه و كه‌نارێكی هه‌ولێر بته‌وێ سێڵفییەک له‌گه‌ل ئاسمانی شاره‌كه‌تدا بگری، یان مووشه‌كێكی ئه‌لفاتیح یانیش درۆنێكت هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رده‌چێ.
له هه‌ر شه‌قام و گه‌ڕه‌ك و كۆڵانێكی شاره حه‌یاته‌كه سێڵفییه‌ك بۆ خۆت بگری، وێنه‌ی منداڵێكت هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رده‌چێ لافیته و پلاكاردێكیان داوه‌ته ده‌ستی له‌سه‌ری نووسراوه: نعم نعم للعراق.
له هه‌ر كوێی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئێمه ڕابوه‌ستی و سێڵفییه‌ك بۆ خۆت بگری، ڕه‌وه‌سه‌گێكی به‌ڕه‌ڵات هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رده‌چێ.
له هه‌ر قوژبنێكی ماڵی خۆمان سێڵفییه‌ك بگری، وایه‌ر شه‌حنی مۆبایلێكت هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رده‌چێ وا به پلاكێكی كاره‌باوه شۆڕ بووه‌ته‌وه.
له هه‌ر كوێی وڵات ڕابوه‌ستی و سێڵفییەک بگری، تابلۆی باره‌گایه‌كی حزبێكت هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رده‌چێ.
له ئێران له بیابانی لووتیش بته‌وێ سێڵفییەک بگری، گومه‌زی ئیمامزاده‌یه‌كت له‌گه‌ڵ ده‌رده‌چێ.
له هه‌ر سه‌عاتێكی شه‌ودا بته‌وێ سێڵفییەک له‌گه‌ڵ كابووسی ئاخوندێكدا بگری، وێنه‌ی جووەکی ئیسرائیلت له‌گه‌ڵ ده‌رده‌چێ.
له هه‌ردوو سایدی جاده كونكونه‌كه‌ی هه‌ولێر _ خه‌بات بته‌وێ له‌گه‌ڵ هه‌ر جوێنێكدا سێڵفییەک بگری، وه‌زیری ڕێگه‌وبانێكت هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رده‌چێ.