كوردی ئاونه‌دیو، باری پتر بۆ ئه‌وه ده‌چێته توركیا تا وێنه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئاوی ده‌ریا بگرێ.
عومره‌كاری كورد بۆیه ده‌چێته عه‌ره‌بستانی سعوودیه، تا به سه‌ری تاشراو و دیشداشه‌یه‌ك وێنه له‌گه‌ڵ كه‌عبه‌ی پیرۆز بگرێ.
هه‌ر كه پڕ به كڵاوێك به‌فر له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیایه‌ك باری، پیاوی كورد شاڵ و جامانه ده‌به‌ستێ و ڕێ ده‌كوتێ و خۆی له‌ناو قیچه به‌فره‌كه‌یا ده‌گه‌وزێنێ و به‌دوای یه‌كدا له‌گه‌ڵ ژن و منداڵه‌كانی وێنه ده‌گرێ، له گه‌ڕانه‌وه‌شدا هه‌زار و یه‌ك جوێن به‌خۆی و به عه‌ردوعاسمان و به حكوومه‌ت ده‌دا.
عه‌ره‌ب له هه‌ولێر هێنده زۆر بووه وای لێ هاتووه له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌وان وێنه له‌گه‌ڵ قه‌ڵات بگرن، قه‌ڵات وێنه‌ی به‌كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب ده‌گرێ.
مه‌لا عه‌لی كه‌ڵه‌ك وێنه له‌گه‌ڵ تارماییه‌كی ڕه‌ش ده‌گرێ و خۆی ده‌ڵێ تارماییه‌كه ژنێتی.
مردوو له شه‌وی یه‌كه‌می قه‌بردا له ترسی خوتورمه و تۆپز، وێنه‌ی جه‌ماعی له‌گه‌ڵ نه‌كیرومونكه‌ر ده‌گرێ.
سه‌رۆك كۆماری عێراق وێنه له‌گه‌ڵ ژووری خه‌وتنه‌كه‌ی له‌ناو كۆشكی (قبر السلام) ده‌گرێ.
پێشمه‌رگه‌ی دێرینی ڕۆژگاری سه‌نگه‌ر، وێنه له‌گه‌ڵ (وێنه‌یه‌كی كۆنی خۆی) ده‌گرێ.
ئاخوند هه‌موو به‌ره‌به‌یانێك وێنه له‌گه‌ڵ كرێنێك ده‌گرێ گه‌نجێكی پێدا هه‌ڵواسراوه و شه‌رواڵێكی كوردیی له‌پێیه.
مووچه‌خۆرێكی بایكۆتپێكراو، هه‌موو ڕۆژ وێنه له‌گه‌ڵ (250 دینارییه‌كی چرچ و دڕا‌و) ده‌گرێ و ده‌ڵێ: به سی جزمی قورعان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م هه‌یه.
شه‌هید ده‌یه‌وێ لاسایی وێنه‌یه‌كی حه‌سه‌ن زیره‌ك بكاته‌وه، ئه‌نگوستی په‌شیمانمژه‌ی ده‌خاته نێوان ددانه‌كانی و وێنه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ گۆڕه بێ كێڵه‌كه‌ی ده‌گرێ.