میدیای كوردی لە نێوان تەنگژە و بەرپرسیارییەتیدا

AM:11:32:27/01/2018 ‌
د. سارا محسن

لەگەڵ گەشەی تەكنەلۆجیا، ڕاگەیاندنی كوردی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و گۆڕەپانەكە فراوانتر بووە و چەندان میدیای بێ فلتەر دروست بوون، هاوكات لە ڕووی فۆرمەوە میدیای جێگرەوە "بەدیل" دروست بووە. لە ناو ئەم  گۆڕانكارییانەشدا راگەیاندن ئەركی نوێی كەوتووەتە ئەستۆ، چونكە ژینگەی هەرێمی كوردستان بارگاوییە بە تەنگژە و ململانێ، كاریگەریی نەرێنی لە سەر سێكتەرەكانی ژیان بەجێ هێشتووە.

لەم ناوەندەدا میدیا رۆڵێكی لاوازی هەبووە و بووەتە بەشێك لەو تەنگژە و پاشاگەردانییەی باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە، لەلایەك دەرەنجامی لەبیركردنی ئەركی راستەقینەی خۆیان و دووركەوتنەوە لە واقیع و كاركردن لەسەر فۆرمی ورووژاندن و فووكردنە بارودۆخ و بڵاوكردنەوەی پەیامی چەواشەكاری لە بەرانبەر بەهای پیشەیی و بەرژەوەندی گشتی، لەلایەكی تر رۆڵی نابەرپرسانەی راگەیاندكارەكان و دەزگەكانی راگەیاندن بەتایبەت لەو بارودۆخە ناهەموارەی دوایدا كە جەنگێكی دەروونییان خوڵقاند و كۆمەڵگەیان بەرەو هەڵدێر برد . لە كاتێكدا لە وادەی  هەر تەنگژە و دۆخێكی نەخوازراودا، دەبوو میدیا بە وریایی زیاتر مامەڵەی بكردایە، چونكە ئەركی میدیا بەتەنیا گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری نییە، بەڵكو هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و سازكردنی ڕای گشتییە، هاوكات ڕێزگرتنە لە بەها كۆمەڵایەتییەكان، چونكە هەرخۆی میدیا گرێدراوی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتییە.

مرۆڤ لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا دەژی، بەو مانایەی  ئەركی میدیایە هەواڵی ڕاست و دروست بگوازێتەوە، بەتایبەت ئەو بابەتانەی كە پێوەندی بە كۆمەڵگەوە هەیە و بەهای هەواڵیان هەیە، هەوڵ نەدرێت پەراوێز بخرێت و بە لایەنی بەرژەوەندیدار ئارایشت بكرێت، ئەگەرچی لە هەرێمی كوردستان  زۆرینەی میدیاكان هەڵگری ئەجێندای حزبین و وەزیفەی سیاسییان هەیە،  بەڵام بەو مانایە نییە یاری بە هەواڵ بكرێت و لە گۆشەنیگایەكەوە ڕووماڵی ڕووداوەكان بكەن، چونكە رۆڵی میدیا بڕیاردانی پێشوەخت و لایەنگری نییە، بەتایبەت ئەگەر بەمەبەست بكرێ، بەڵكو پێشكەشكردنی نموونەیەكی باڵایە لە ڕاستگۆیی تا لەگەڵ گەوهەری رۆژنامەگەری یەك بگرێتەوە، بەڵام ئەوەی دەبینرێ لە نێو راگەیاندنە كوردییەكان، جۆرێكە لە هەستنەكردن بە بەرپرسیارێتی لە چوارچێوەی گەڕەلاوژێ و كاركردن بە شێوازی هەڕەمەكی بە ڕادەیەك  هیچ كام لە میدیاكان پەیامیان ڕوون نییە و كەوتوونەتە ناو قاڵبی بەرژەوەندخوازییەوە، لەم ناوەندەشدا  جەماوەر زیانمەندە، چونكە بەرژەوەندیی گشتی پشتگوێ دەخرێت بە چەشنێك شەقامی كوردیان دابەش كرد، بەدەر لەوەش میدیاكانمان نەیانتوانیوە ببنە چاودێر یا دادوەر، بە پێچەوانەوە لە چوارچێوەی پیاهەڵدان یا دژایەتی كۆ بوونەتەوە.

لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە ڕۆڵی راستەقینەی میدیا و پەیامەكەی بەبێ ئیتیك تەواو نابێت، ئیتیك هاوسەنگی دروست دەكات لە نێوان بەرپرسیارێتی و مافی رۆژنامەوان، چونكە بەشێكی زۆری سەرپێچییەكان بە تایبەت لەم دۆخە تەنگژاوییەدا، پێوەستە بە ناهۆشیاری رۆژنامەنووس و سەرپێچی بەها كۆمەڵایەتییەكان، ئیتیكی پیشەی راگەیاندن وابەستەی كولتوور و نەریتە .

گەرچی لە دۆخێكی ناسەقامگیری وەك ئێستە سەختە قسە لەسەر بابەتی بوونی میدیا بكرێت، بەڵام دواجار پێویستە میدیا لەو قاڵبە هەڕەمەكییە بێتە دەرەوە و لە چوارچێوەی كاركردنیدا تەبەنی بنەما ئیتیكییەكان بكات، هەرچەندە خاوەنی میدیای نیشتمانی نین، بەڵام دەتوانرێت كار بۆ گوتاری نیشتمانی بكرێت لە چوارچێوەی ئاشتەوایی و دووركەوتنەوە لە ڕشتنی ڤایرۆسی ڕق و دووبەرەكی و هەواڵی گواستنەوەی هەژموونی تاڵ و ڕەشبینی بەخشینەوە، هاوكات تێكەڵ نەكردنی سیاسەت و بەرژەوەندیی تایبەت لەو بابەتانەی چارەنووسسازن،  هەموو ئەمانە پارێزگاری لە پەیامی میدیایی دەكەن لە ڕووی چۆنایەتییەوە، بە پێچەوانەوە كاركردنی میدیاكان كۆمەڵگە زیاتر بەرەوە هەڵدێر دەبات و ئەو متمانە لاوازەی  جەماوەر بەرەو كاڵبوونەوەی تەواوەتی دەچێت و وا دەكات میدیایی نوێ ببێتە هۆی لەناوچوونی میدیای لاساییكەرەوە.