یه‌كه‌م
هیچ چه‌مكێك نییه بارته‌قای عه‌لمانییه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه هێرشى كرابێته سه‌ر و تووشى شێواندن بووبێت كه دواجار خه‌ڵكى لێ دوور خراوه‌ته‌وه.
له دوورخستنه‌وه‌كه‌یش ته‌نیا ئیسلامییه‌كان به‌رپرسیار نین، به‌ڵكو چه‌ندان هه‌ڵسوكه‌وتى حزبى كوردى هه‌بووه بوونه‌ته هۆى ناحاڵیبوونى خه‌ڵك له عه‌لمانییه‌ت، جگه له‌مه‌یش ئه‌وانه‌ى خۆیان به "مولحید" ده‌ناسێنن زه‌برێكى تریان له عه‌لمانییه‌ت داوه، چونكه زۆرجار خه‌ڵكى ئێمه "ئیلحاد" و "عه‌لمانییه‌ت" له یه‌كتر جیا ناكه‌نه‌وه.
دووه‌م
ئیسلامییه‌كان جاران به‌هۆى خستنه‌ڕووى هه‌ڵه‌كانى ماركس و داروین و فرۆید، ده‌یانویست زه‌بر له عه‌لمانییه‌ت بده‌ن، شكسته‌كانى ده‌ربخه‌ن. هه‌ڵبه‌ته به پشتبه‌ستن به كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه كه ره‌خنه‌یان له‌وانه گرتبوو، چونكه خۆیان تواناى ئه‌وه‌یان نه‌بوو د‌رك به میكانیزمى بیركردنه‌وه‌ى ئه‌و سێ بیرمه‌نده بكه‌ن.
دواتریش نیشاندانى دیوه رووته‌كه‌ى ئه‌وروپا هۆكارێكى تر بوو بۆ ترساندنى خه‌ڵك له عه‌لمانییه‌ت، مه‌به‌ستم هه‌ڵسوكه‌وتى ژنانه. وه‌ك ئه‌وه‌ى جیاوازیى نێوان ده‌وڵه‌تى ئاینى و عه‌لمانى ته‌نیا پێوه‌ره‌كه‌ى جلوبه‌رگى ژن بێت.
سێیه‌م
حزبى كوردى كه زۆریان بانگه‌شه بۆ عه‌لمانییه‌ت ده‌كه‌ن، به جۆرێكى تر زه‌بر له عه‌لمانییه‌ت ده‌ده‌ن. هیچ كاتێك گوفتار و ره‌فتارى ئه‌و كه‌سانه یه‌ك نه‌بووه كه له‌ناو ئه‌و حزبانه خۆیان وه‌ك كاره‌كته‌رى عه‌لمانى ده‌رخستووه. ئه‌مه‌یش بێ متمانه‌یى له لاى خه‌ڵك دروست ده‌كات، جیا له‌مه‌یش عه‌لمانى وابه‌سته به كۆمه‌ڵێك چه‌مكى تر‌ى وه‌ك ئازادى و دیموكراسى، هیچ یه‌كێك له‌م چه‌مكانه‌یش به ئاستێكى دڵخۆشكه‌ر له حزبى كوردى نه‌بووه و یان كارى بۆ نه‌كردووه.
چواره‌م
ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه كه‌سانێك له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى كوردستان ده‌رده‌كه‌ون، خۆیان به بێ باوه‌ڕ" مولحید" ده‌ناسێنن، ئه‌و جۆره كه‌سانه زۆرجار له مشتومڕه‌كانیان باس له هه‌ندێك بابه‌ت ده‌كه‌ن و هه‌ندێك ره‌خنه له ئاین ده‌گرن كه له لایه‌كه‌وه هیچ پێوه‌ندى به ژیانى كرده‌نیى خه‌ڵكه‌وه نییه و له‌لایه‌كى تریشه‌وه به‌م كارانه‌یان خه‌ڵك ده‌خه‌نه باوه‌شى حزبه ئیسلامییه‌كان، دواجاریش ئه‌م كاره‌ى مولحیده‌كان به لێكه‌وت و به‌رهه‌مه‌كانى عه‌لمانییه‌ت داده‌نرێت.
پێنجه‌م
هیچ كاتێك عه‌لمانییه‌ت ره‌تكردنه‌وه‌ى ئاین نییه. باوه‌ڕهێنان له‌سه‌ر ئاستى كه‌سى جا بۆ هه‌ر ئاینێك بێت پێوه‌ندى به رۆحى مرۆڤه‌كانه‌وه هه‌یه و ته‌نیا خۆیان ده‌توانن بڕیار له‌سه‌ر پێڕه‌وكردن یان ده‌ستبه‌رداربوونى بده‌ن. زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵناسان و دروونناس و بیرمه‌ندان له‌وه گه‌یشتوون هه‌ر مرۆڤێك كۆمه‌ڵێك پیرۆزیی له ژیاندا هه‌یه و زۆر له‌و پیرۆزییانه‌یش له چوارچێوه‌ى ئاینه‌وه به مرۆڤ ده‌درێن.
هیچ كاتێك عه‌لمانییه‌ت له‌گه‌ڵ ره‌تكردنه‌وه‌ى پیرۆزییه‌كان نییه و كارى بۆ ئه‌وه نه‌كردووه، ئه‌گه‌ر وا بووایه، نه‌ده‌بوو ئێسته یه‌ك كه‌نیسه و مزگه‌وت له‌و وڵاتانه هه‌بن كه ئێمه به ره‌مزى عه‌لمانییه‌تیان ده‌زانین. به‌ڵكو عه‌لمانییه‌ت كار بۆ ئه‌وه ده‌كات "پیرۆزیى" نه‌كرێته پاساوێك بۆ سه‌پاندنى هه‌ندێك شتى تر به‌سه‌ر خه‌ڵكدا.
واته به كورتییه‌كه‌ى عه‌لمانییه‌ت ره‌تكردنه‌وه‌ى پیرۆزیى نییه، به‌ڵكو ره‌تكردنه‌وه‌ى خراپ به‌كارهێنانى پیرۆزییه كه پێشتر هه‌ر ئه‌م خراپ به‌كارهێنانه بوو هه‌ندێك له مرۆڤه‌كانى ده‌كرد به كۆیله و ئه‌وانی تریش به نیمچه‌خواوه‌ند.
شه‌شه‌م
عه‌لمانییه‌ت ده‌توانێ كێشه‌یه‌كى هه‌ره سه‌ختى كۆمه‌ڵگه ئاینییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌ویش كێشه‌ى تایفه‌گه‌ریی و فره‌مه‌زه‌وییه. تۆ بیر له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى وه‌ك عێراق بكه‌ره‌وه كه چۆن تایفه‌گه‌رى شه‌كه‌تى كردووه، تایفه‌گه‌رییه‌ك كه مێژووه‌كه‌ى سه‌دان ساڵه و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه. هۆكارى ئه‌مه‌یش بۆ تایبه‌تمه‌ندییه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه كه عه‌لمانییه‌ت هه‌یه‌تى، عه‌لمانییه‌ت رێز له جیاوازییه‌كان ده‌گرێت و له‌گه‌ڵیان هه‌ڵ ده‌كات.
حه‌وته‌م
له 30 ساڵى رابردووى خه‌باتى كورد له هه‌ر پارچه‌یه‌كى ئه‌م كوردستانه بێت، ده‌ركه‌وتن به رواڵه‌تى عه‌لمانى له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌وه قازانجى بۆ كورد هه‌بووه، هه‌رچه‌نده له ڕووى ناوخۆوه له خاڵى سێیه‌م ره‌خنه‌مان لێى هه‌بووه. سه‌ره‌تا له باشوورى كوردستان ئه‌مه به‌دی كرا و دواجاریش له رۆژئاواى كوردستان. توێژینه‌وه‌یه‌كى ئه‌مه‌ریكى ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر باسى له‌وه كردبوو، كورد به‌هۆى عه‌لمانیبوونیان مه‌ترسى ئه‌وه‌یان لێ ناكرێت، نه‌ته‌وه و ئاینه‌كانى تر بچه‌وسێننه‌وه.