منداڵ بووم ته‌مه‌نم هه‌شت ساڵ بوو، به‌ره‌به‌ری جه‌ژن بوو و عاده‌ته‌ن به‌ر له جه‌ژنان ماڵ خاوێن ده‌كرێته‌وه. وێنه‌یه‌ك هه‌بوو له دیواری ژووره‌كه‌مان، وێنه‌ی سروشتی گوندێكی كوردستان بوو، شه‌وان تا خه‌وم لێ ده‌كه‌وت سه‌یری وێنه‌كه‌م ده‌كرد. ئه‌و وێنه‌یه‌یان هێنابووه خواره‌وه و جامه‌كه‌یان ده‌سڕییه‌وه. پلكم جامی وێنه‌كه‌ی ده‌رهێنا، له ژێر وێنه‌كه وێنه‌یه‌كی بارزانی نه‌مر به‌خه‌نجه‌ره‌وه هه‌بوو، ئه‌م وێنه‌یه ئێسته به‌رچاوم ناكه‌وێ. منیش به پلكم گوت ئه‌مه وێنه‌ی كێی ؟. گوتی وێنه‌ی مه‌لا مسته‌فایه و بابی گه‌وره‌ی كوردانه.
گوتم یه‌عنی چۆن؟ گوتی سه‌رۆكی كوردانه و سه‌رۆكمانه. گوتم ئه‌دی لۆ وێنه‌كه‌ی له بن ئه‌و وێنه‌یه‌یه؟ گوتی شاردیتمانه‌وه له ترسان. گوتم لۆ له ترسان؟ گوتی چونكه حكوومه‌ت ئیعداممان ده‌كات مه‌منووعه .. سه‌رم له‌و هاوكێشه‌یه ده‌رنه‌چوو .
پلكم گوتی لای كه‌س باسی مه‌كه، به‌تایبه‌ت لای بابه و مامه، دوایی بۆم ده‌ركه‌وت هه‌ردووكیان ئه‌یلوولی بوون .
پاش چه‌ند ساڵێك، رۆژێك شار خرۆشابوو و رۆژنامه به ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت، ئه‌وه‌ی دانه‌یه‌كی بكڕیایه مه‌لیك بوو، مامم كڕیبووی و زۆر دڵخۆش بوو، رۆژنامه‌كه له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می وێنه‌ی بارزانیی نه‌مری تێدابوو، به‌ڵام نه‌مزانی بابه‌ته‌كه چییه چونكه به عه‌ره‌بی بوو. ئه‌وه دووه‌م جارم بوو وێنه‌ی بارزانی نه‌مر ببینم له ژیانم، به‌ڵام ئه‌مجاره به ئاشكرا.
جاری سێیه‌م شه‌و بوو له چایخانه‌ی ستار له شوێنی ئێسته‌ی كۆتری سه‌لام، وێنه‌ی جووڵاو و ڤیدیۆیی بارزانیی نه‌مرم له ته‌له‌ڤزیۆن بینی، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر ده‌ستی له‌ناو ده‌ستی نابوو. دنیا خرۆشابوو و وه‌ك جه‌ژن وابوو.
شه‌ره‌فمه‌ند بووم كه سێ جار "م. س" ڕاوێژیان پێ كردم
ساڵی ۱۹۹۳ له كۆنگره‌ی 90 ساڵه‌ی بارزانیی نه‌مر له پیرمام، گه‌لێك به‌وه دڵخۆش بووم كاتێك كۆنگره یه‌ك له خاڵه‌كانی داوای كرد، فیلمێكی سینه‌مایی به كۆالێتی به‌رز له‌سه‌ر بارزانیی نه‌مر به‌رهه‌م بهێنرێت. زۆر كه‌س هه‌وڵیان دا، شه‌ره‌فمه‌ند بووم كه سێ جار "م. س" ڕاوێژیان پێ كردم كه فیلمه‌كه چۆن بكرێ، له كاتێكدا هونه‌رمه‌ندان حاجی مه‌كی و ئه‌نوه‌ر سندی و عه‌لی به‌درخان، هه‌وڵیان ده‌دا هه‌ر كه‌سه و به‌شێوازی خۆیان فیلمه‌كه ئه‌نجام بگه‌یه‌نین، به‌ڵام هه‌موو جاره‌كان من ڕه‌تم ده‌كرده‌وه كه فیلمه‌كه ده‌رهێنه‌ری كورد بێ، به‌ڵكو پێشنیارم ده‌كرد ده‌رهێنه‌ری فیلمی "گاندی" یان ئه‌وكات ده‌رهێنه‌ری فیلمی "عومه‌ر موختار" كاره‌كه بكه‌ن، ڕۆڵه‌كه‌ش یان "ئه‌نتۆنی كوین" یان "عومه‌ر شه‌ریف" بیگێڕێت. له‌مباره‌یه‌وه چه‌ندان وتار و لێكۆڵینه‌وه‌م به‌كوردی و عه‌ره‌بی نووسی و بڵاو كرده‌وه. دواتر پڕۆژه‌كه‌ش دوا كه‌وت.
ساڵی ۲۰۱٤ توانیم فێستیڤاڵێكی سینه‌مایی له مه‌غریب رازی بكه‌م فیلمێك له‌سه‌ر بارزانی نه‌مر له كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵ نمایش بكات، ئه‌وان رازی بوون، به‌ڵام زۆر دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه فیلمه‌كه ڕێز له یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق بگرێت، منیش ئه‌و به‌ڵێنه‌م پێیان دا . فیلمێكمان به‌هاوكاری عه‌بدولخالق جه‌وده‌تی ده‌رهێنه‌ری هاوڕێم و به سه‌رپه‌رشتی خۆم به‌رهه‌م هێنا، هه‌ڵبه‌ت به‌ڵگه فیلم بوو . خه‌ونه‌كه‌شم به هاوكاری و پاڵپشتی ڕێزدار مه‌حموود محه‌مه‌د هاته دی، ئه‌و نه‌بووایه به ئه‌نجام نه‌ده‌گه‌یشت. له‌گه‌ڵ شاندێكی كوردی میدیایی و هونه‌ری، كیشوه‌رێكمان بڕی و چووینه مه‌غریب.
كاتێ فیلمی بارزانی نه‌مر له‌سه‌ر شاشه‌ی زیوینی سینه‌ما نمایش كرا و هۆڵیش پڕ بوو له بینه‌ری مه‌غریبی، خه‌ریك بوو له خۆشیان باڵ بگرم. كاتێك وێنه‌ی گه‌وره‌ی بارزانیم له‌سه‌ر شاشه ده‌بینی و بینه‌ری مه‌غریبی چه‌پڵه‌یان بۆ لێ ده‌دا، وامده‌زانی هه‌موو دنیا هی منه، هه‌ر ئه‌وكات هه‌واڵه‌كه‌م به میدیاكانی كوردستان دا.