لێگەڕێ ئەمەریکا بکرێتەوە

PM:10:22:15/05/2020 ‌

نووسینی: چیپ ڕۆی/ کۆنگرێسمانی کۆماری/ تیکساس
وەرگێڕانی لەئینگلیزی: غازی حەسەن

بە کۆمەڵ پێشوازیمان لە ڕێکارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و بڕیاری داخستنی سەرجەم ئەمەریکا لەلایەن حکوومەتەوە درا، بینیمان چی لێکردین، لە دوو مانگی ڕابردوو چالاکی بارزگانی و چێشتخانە خۆشەکان داخران، هەندێکیشیان بۆ هەمیشه‌ ناکرێنەوە. بینیمان بە چاوی خۆمان بینیمان هاوڕێکانمان و دراوسێکانمان هەموو شتێکیان لەدەست دا. ئێمە لە گەڕەکەکانی خۆمان، خەڵکەکە هەر لە ژووری میوانەوە سەیر دەرەوە دەکەن، لەکاتێکدا حکوومەتە بیرۆکراتییەکان زانیارییمان پێ دەدەن و دەڵێن: "گوێمان لێبگرن، ئێمە لەئێوە باشتر دەزانین".

لەو کاتەی حکوومەتی فیدرالی و حکوومەتی ویلایەتەکان و حکوومەتە لۆکالییەکان بە خەڵکی ئەمەریکایان گوت، لە کۆبوونەوەی گشتی دوورکەونەوە، ڕێگه‌ چارەی تریشیان گرتە بەر بۆ ئەوەی "ئاراستەکە بگۆڕێت" تا مەسەلەکە نەبێتە هۆکار بۆ تەفروتونا کردنی توانا و بنەمای تەندروستی ئەمەریکا. سەرەتا ئامانجێکی لۆجیکی گونجاوی کورتخایەنیان پێ نیشان داین، گوتیان بەریەککەوتنمان نەبێت، بەمەش ڕۆح و ژیان دەپارێزین.
کەچی حکوومەت هەموو ئاستەکانی بەزاند، لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی بووە داخستنێکی درێژخایەن و بەرفراوان، ئەمەش ئەمەریکییەکانی خستە بەردەم مەترسییەوە. هەقیقەت ئەوەیە، کە ناتوانین کۆمەڵگاکەمان بەم زووانە ئاسایی بکەینەوە، چونکە کاریگەرییەکان پتر بڵاو دەبنەوە و درێژخایەنیشن، کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی ڤایرۆسەکەش لەوێ بوەستێت. ئێمە دەزانین حکوومەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەم کارانەی بەرپرس نییە، بەڵام وێرانبوونی دەروونی یەکێکە لەو شتانەی پەیوەستە بە ئاسودەیی کۆمەڵگه‌، لەبیری نەکەین نەمانی "متمانە" وێرانمان دەکات.

لەئاستی گشتیدا، لە حەوت هەفتەی ڕابردوودا ٣٣ ملیۆن ئەمەریکی داوایان کردووە لە لیستی بێکاران تۆمار بکرێن. دەزانن ڕێژەی ئێسته‌ی بێکاران زۆرترە، لە ڕێژەی بێکاران لە سەردەمی داتەپینی گەورەی ئابووری ساڵی ٢٠١٠. بانکی یەدەگی فیدرالی ئەمەریکی لە (سانت لویس) مەزەندەی ئەوە دەکات، لە نیوەی دووەمی ئەم ساڵدا بیست ملیۆن کاری تریش لە دەست بدرێت. بەمەش تێکڕای گشتی بێکاری دەگاتە ٪٣٢.١ ، ئەو کات چارەسەری ئەم دۆخە کارێکی قورس دەبێت و ڕۆژ بە ڕۆژیش بەرەو قورستر دەچێت.

تەنیا لەتەک کار و کاریگەری ئابووریشدا، کۆمەڵناسەکان و شارەزایانی تەندروستی گشتی، بیر لەوە دەکەنەوە ئەو ڕووداوانەی لە پلەی دووەم و سێیەمدا دێن، ئەوانیش دوور نییە ببنە هۆکار بۆ ئەوەی ٣٠ تا ٥٠ ملیۆن ئەمەریکی بێکار بکات. گۆشەگیربوونی زۆرتر و کاریگەرتر بوونی هۆکارەکانی ژیانی خەڵک، کارتێکردنی لەسەر ڕەوشی گوزەران خراپترە، لەو قازانجەی لە کارەکانیان بەدەستی دەهێنن. لەکردەوەدا ئەمە کەرەنتینەیە کار لە سەلامەتی جەستە و عەقڵ و سۆزی کەسەکان دەکات.

بەکردەوە، کەرەنتینەکردنمان خراپتر لە ڤایرۆسەکە کاریگەری لەسەر تەندروستیمان دروست دەکات. ٪٥٦ی کەسانی بە تەمەن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە، کە بۆیان دەرکەوتووە بەکردەوە نیگەرانی، یان  سترێیس کاریگەری خراپی لەسەر عەقڵ و ئاسودەیی ئەوان دەبێت، ئەمەش وایکردووە مرۆڤ تووشی کەمبوونەوەی خەو بێت، یان خواردنی کەم دەبێتەوە، یان خواردنەوە (مەی) و ئەو شتانەی ئالوودەی دەکەن، زیاد دەبێت.

ژمارەی ئەوانەی نەخۆشکەوتن، یان نەخۆش دەکەون، کێشەکانیان پێوەندی بە تەندروستی عەقڵی و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانەوە هەیە. ئایا دەزانن ئەم دۆخە چەند زیادی کردووە؟. ئێمە دەزانین خاڵی لاوازی ئالودە بوون پێوەستە بە بێکاری. لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە، ڕێژەی ٪١ی بێکاری ڕەنگە ببێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی مردن بۆ ڕێژەی ٪٣ و هەروەها بەکارهێنانی مادەی هۆشبەریش دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی سەردانی سەنتەرەکانی فریاکەوتن بە ڕێژەی ٪٦.   لە مانگی نیساندا هێلە گەرمەکانی سەنتەرەکانی چارەسەری تەندروستی عەقڵی، کە پەیوەستن بە خزمەتکردنی ئەوانەی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن بە ڕێژەی ٪١٠٠٠ (لەسەدا هەزار) زیادی کردووە. داتەپینی گەورەی ئابووری ڕێژەی ٪٢٠ی دیاردەی خۆکوشتن زیاد دەکات، بۆیە بەرزبوونەوەی ڕێژەی ٪١٠ بێکاری، ڕەنگە ببێتە سەرچاوە بۆ زیاکردنی نزیکەی ٣٠هەزار حالەتی تری خۆکوشتن.

ژمارەی ئەوانەی چارەسەری پزیشکی وەردەگرن، چەندە؟ نزیکەی ٢٣.٤ ملیۆن ئەمەریکی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە، بۆیە ڕێژەی ٪١یە ئەو هاووڵاتیانە ناچاربوون، واز لەچارەسەری پزیشکی بهێنن، لەژێر هەنجەتی "پێویست نەبوون" ئەمەش وێرانکەرە، هەروەها پشکنینی ئاسایی ساڵانەی نەخۆشەکانیشی پەکخستووە. ئەم ئاماژەیە سەدان هەزار تووشبووی شێرپەنجەی مەمک، قۆلۆن و پرۆستات دەگرێتەوە.

ئەدی چی دەربارەی مامەڵەی خراپی منداڵ و خانەوادەکانیان بڵێین؟ ئەدی چی دەربارەی تێکڕای ڕێژەی تاوان بڵێین؟ زۆر شتی تریش هەیە، کە کاریگەرییەکانیان پێوەندی بە بڕیارەکانی حکوومەتەوە هەیە. ئەو بڕیارانەی ئێمەی لە ماڵەکانمان زیندان کردووە، یان ئەو مەترسیانەی لە گوتاری بەردەوامی دان بەم دۆخە دروست دەبێت. 

 هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر نییە، کە دەبێتە هەڕەشە دژی ئازادییە تاکە کەسییەکانمان، بینیمان چۆن ئەفسەری پۆلیس سزای دایک و باوێک دەدەن، لەبەر ئەوەی منداڵەکەی بۆ یاری کردن بردووه‌تە دەرەوە، بینیمان چۆن کەسانێک بەرهەمی کاری خۆیان بە هیچ دادەنێن. چۆن خاوەنی سالۆنی (دالاس)، (شێللی لوسەر)  سزای زیندانی بۆ ماوەی هەفتەیەک بەسەردا سەپێنرا، سەرباری پێ بژاردنی کرێی هەفتەیەک بۆ چاودێری منداڵەکانی، لە ئەنجامی کارپێکردنی ئەوانەی گرێبەستی کاریان لەگەڵی هەبووە. زۆر بیرۆکەی سەیر و سەمەرەمان بینی، کە جێگەی نیگەرانین لەمەڕ چۆنیەتی دەرکەوتنی پاشماوەی ئەو شتانەی لە نێو سەرجەم خەڵکەکە بڵاوە.

ئەمانە هەمووی لە ژێر ناوی پاراستنی تەندروستی بەڕێوە دەچێت، لەکاتێکدا ئەمە تەنیا وەکو نموونەیەکە بۆ ڕووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،  پتر لەنیوەی مردووەکان لە نێو خانەی چاودێری بەساڵاچووانن، یان لەبنکەی چاودێری چڕن. ڕەنگە هێشتا پێویستمان بە چەندین مانگ، یان چەندین ساڵ هەبێت بۆ بەکارهێنانی پێکوتە و دەرزی چارەسەری ئەم ڤایرۆسە، ئەمەش دەبێتە ستراتیجێکی دڵنیاکەرەوەی بەرفراون، هەرچەندە ئەمەش کاریگەریی و  کارتێکردنەکانی دیار نییە.