هه‌ولێر پتر له هه‌موو شارێك غه‌دری لێ ده‌كرێت، كاتێك تاوانباری ده‌كه‌ن بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆپێشاندان ناكه‌ن. له 10 ساڵی ڕابردوودا ئه‌و لایه‌ن و گرووپ و كه‌سانه‌ی هانی خۆپێشاندان و سووتاندن و ئاژاوه و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕقوكینه ده‌ده‌ن، هه‌ولێر به‌وه تاوانبار ده‌كه‌ن كه دژی ده‌سه‌ڵات (به‌دیاریكراویی پارتی دیموكراتی كوردستان و ماڵباتی بارزانی) ناجووڵێت.
به كوردییه‌كه‌ی بۆ هه‌ولێر تێكی نادات؟. ئه‌وانه‌ی ئه‌م قسانه ده‌كه‌ن، یان ئه‌وه‌تا ته‌نیا پارتی له كوردستان به ده‌سه‌ڵاتدار و حزبی حوكمڕان ده‌زانن، یان ئه‌وه‌تا به‌ڕاستی و به‌كرده‌وه خۆیان خه‌ڵك ئاراسته ده‌كه‌ن، به‌ئامانجی ئاژاوه و چه‌واشه‌كاریی و خۆده‌ربازكردن له به‌رپرسیاریه‌تی.
هه‌ولێر قوربانی زۆری داوه بۆ ئازادی، بۆیه ئاماده نییه ئه‌و قه‌واره و ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانییه‌ی خه‌ڵك دروستی كردووه، له داخی حزبه‌كان به‌ره‌و هه‌ڵدێری ببات و له‌سه‌ر سینییه‌كی زێڕین ڕاده‌ستی هیچ هێزێكی بیانی و ده‌وڵه‌ت و به‌غدایشی بكات. هه‌ولێر شارێكه ته‌نیا و ته‌نیا له ژێر ده‌سه‌ڵات و ده‌ستڕۆیشتوویی هێزی كوردیدایه، ئه‌م بیركردنه‌وه و حوكمڕانی و پێوه‌ندییه پته‌وه خۆماڵییه كوردییه، پێوه‌سته به ڕه‌سانه‌یه‌تی. بۆیه ده‌كرێت بڵێین هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌یانه‌وێت هه‌ولێر وه‌ك ناوچه‌كانی پارێزگای سلێمانی خۆپێشاندان بكات، پێ ناچێت باش تاوتوێی دۆخی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی هه‌ولێریان كردبێت. له ته‌ك ئه‌وه‌شدا هه‌ولێر ئه‌زموونێكی خراپی له‌گه‌ڵ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی (یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان) هه‌یه، شارێكی میانڕه‌وه و مه‌یلی به‌ره‌و توندڕه‌ویی كۆمۆنیستی و ئیسلامی و نه‌ته‌وه‌یی و سۆسیال دیموكراتی نییه.
هه‌ولێر له هه‌موو شاره‌كانی تر پتر دژی گه‌نده‌ڵكارییه، كار بۆ چه‌سپاندنی یاسا و گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتن ده‌كات له‌ڕووی (ئابووری، ئاوه‌دانكردنه‌وه، بیناكردن، سیاسی، دیپلۆماسی و ڕۆشنبیری و پێكه‌وه‌ژیان)، هه‌ولێر باش ده‌زانێ چاكسازیی به خۆپێشاندان ناكرێت، ئه‌وانه‌ی هانی خۆپێشاندان ده‌ده‌ن، ده‌یانه‌وێ خۆیان له چاكسازی راسته‌قینه بدزنه‌وه، ئه‌و لایه‌ن و گرووپ و په‌رله‌مانتارانه‌ی هانی خۆپێشاندان و توندوتیژی و ئاژاوه ده‌ده‌ن، به كرده‌وه ده‌یانه‌وێ خۆپێشاندان ببرێته هه‌ولێریش، ڕه‌گێكی توندیان به گه‌نده‌ڵییه‌وه هه‌یه، هه‌ندێكیشیان ئامانجیان تێكدانی سه‌رتاپای ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه. بۆیه هاوسه‌نگ و هاوكار و هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه شیعی و عه‌ره‌بی و هه‌رێمایه‌تییانه‌ی به كرده‌وه دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یان هاوكارن، یان به ناڕاسته‌وخۆیی یه‌ك ئامانج به‌دی دێنن.
هه‌ولێر پتر له شاره‌كانی تر باج ده‌داته حكوومه‌ت، مووچه‌خۆره‌كانی وه‌ك شاره‌كانی تر مووچه‌یان بڕاوه، ئازاری هه‌ولێرییه‌كان ئه‌گه‌ر له هاووڵاتییانی شاره‌كانی تریش پتر نه‌بێت، كه‌متر نییه. له شه‌ڕی تێكشكاندنی داعش سه‌دان شه‌هیدیان دا، له (داستانی پردێ) هاوسه‌نگی هێز و ستراتیجی پیلانه شوومه‌كانی (كوردی- حه‌شد- ئێران)یان تێك‌شكاند.
هه‌ر حزبێك له كوردستاندا به‌پێی ژماره و قه‌باره‌ی خۆی به‌شداره له گه‌نده‌ڵكاریی و دامه‌زراندنی كه‌سانی ناشایسته وه‌ك وه‌زیر و به‌رپرسی ئیداری و په‌رله‌مانتار و ڕاوێژكار و چی و چی. به ده‌یانیشیان ته‌قاویتن له‌سه‌ر حیسابی یاسا، توخوا پێم مه‌ڵێن ئێمه تێكۆشه‌ری شاخین و پێشمه‌رگه بووین، چونكه ئه‌مه شه‌رعییه‌تدانه به گه‌نده‌ڵكاریی و كاری نایاسایی، ئه‌مانه هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ناڕازیی بێت.
با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر پرسه سه‌ره‌كییه‌كه بۆ هه‌ولێر له‌ناو گێژاوی خۆپێشاندان و هاندان و بانگه‌شه و ڕاگه‌یاندن و جموجووڵ، تا ده‌گاته ئاستی سووكایه‌تیكردن و جوێندان به هه‌ولێرییه‌كان و وه‌سفكردنیان وه‌ك (ترسنۆك، خه‌وتوو، پیاویان تێدا نییه و چی و چی). من ده‌زانم له شاخیشدا جۆرێك له‌م بۆچوون و عه‌قڵییه‌ته لای هه‌ندێك هه‌بوو.
نامه‌وێت باسی ڕۆڵی به‌عس له دروستكردنی شارچیه‌تی و ناوچه‌گه‌ریی و جیاوازیی و سووكایه‌تیی بكه‌م، له دوای ڕاپه‌ڕین ئه‌م سیاسه‌ته زۆر به خراپ له‌لایه‌ن حزبی كوردییه‌وه به‌كار ده‌هێنرێت. بۆ هه‌ولێر خۆپێشاندان ناكات، به‌ڕای من چه‌ند هۆكارێك هه‌یه، له‌وانه:
یه‌كه‌م: هه‌ولێر چه‌ند ساڵێكی خراپی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی له سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕین تا ٣١ ئاب ئه‌زموون كرد، ڕاستاندنی ئه‌م واقیعه وه‌ك هاوڕێیه‌كی سلێمانیم گوتی "شیراتۆن" باشترین نموونه‌یه. واته هه‌ولێر نایه‌وێ جارێكی تر ببێته‌وه قوربانی حزبایه‌تییه‌كی ناته‌ندروست و دوور له ئارامی، كه پشت ئه‌ستووره به عه‌قڵییه‌ت و شێوازی شاخ و پارتیزانی.
دووه‌م: هه‌ولێر له سایه‌ی حوكمڕانی حكوومه‌تی هه‌رێم و هه‌روه‌ها له دوای ٣١ ئابدا له سایه‌ی ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی پارتی دیموكراتی كوردستان، له گوندێكی له‌بیركراوی كاولكراوه‌وه، بووه شارێكی گه‌شه‌كردووی ڕازاوه، ئه‌مه بۆ هه‌ولێر هه‌میشه وه‌ك هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی و متمانه‌دار وایه. ئه‌زموونی تاقیكراوه، تاقی ناكاته‌وه.
سێیه‌م: هه‌ولێر پایته‌خته، هێنده‌ی شاری هه‌ولێرییه‌كانه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ش شاری ئارامی هه‌موو هاووڵاتییانی شار و به‌شه‌كانی تری كوردستانیشه. پایته‌خت له‌گه‌ڵ هه‌ر فیكه و نوقورچه و زه‌ختێك ناجووڵێت. پێگه‌ی مه‌ده‌نی شار جیایه له پێكهاته‌ی حزباندنی شار.
چواره‌م: هه‌ولێر شارێكه به‌ده‌یان كونسوڵگه‌ی وڵاته زلهێزه‌كانی ئه‌ندام له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و خاوه‌ن بڕیاری تێدایه، ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه سه‌نته‌ری حوكمڕانی له‌م شاره‌دا پێویستی به پاراستنی ئاسایش و ئارامی و په‌نابردنه به‌ر عه‌قڵ و ویژدان ده‌بێت.
پێنجه‌م: هه‌ولێر به سروشت شارێكی ئارامه، كه‌م هه‌ڵده‌چێت و كه‌م بانگه‌شه‌ی پێشه‌نگایه‌تی ده‌كات، حه‌ز له بیری ڕادیكالی و توندڕه‌ویی ناكات، ڕه‌نگه ئه‌مه یه‌كێك بێت له‌و هۆكارانه‌ی هه‌ولێر له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه له شێواز و هه‌ڵسوكه‌وت و ڕێبازی بیركردنه‌وه‌ی پارتی نزیكتر بێت.
شه‌شه‌م: هه‌ولێر شاری پێكهاته جیاوازه‌كانه، ئه‌م پێكه‌وه‌ژیان و ڕێزگرتنه‌ی له‌م شاره‌دا هه‌یه، هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی به كۆمه‌ڵ بیر بكاته‌وه و به كۆمه‌ڵ بڕیار بدات، دیاره عه‌قڵی به كۆمه‌ڵیش كه‌متر تووڕه و هه‌ڵچوو ده‌بێت، له كاتێكدا عه‌قڵی تاكڕه‌ویی به‌یه‌ك ئاراسته‌دا ده‌چێت و له هه‌ڵچوون و كاردانه‌وه‌دا خێراتره.
حه‌وته‌م: هه‌ولێر ناوه‌ندی كار و بازاڕ و گه‌شه‌كردنه، له هه‌ر شوێنێك ئه‌م بنه‌ما ئابوورییانه هه‌بێت، ئارامی و ئاسایش و هێمنیش پتر ده‌بێت.
هه‌شته‌م: له هه‌موو خاڵێك گرنگتر ئه‌وه‌یه، من هیچ هه‌ولێرییه‌كم نه‌بینوه 100% له ده‌سه‌ڵات و ئیداره و شێوازی بیركردنه‌وه‌ی سیاسی هیچ لایه‌نێك به (پارتی)یشه‌وه ڕازی بێت، ڕه‌خنه‌یش ده‌گرێت و ناڕازیشه، به‌ڵام تووڕه و هه‌ڵچوو نییه، به‌پێی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، له‌سه‌ر داوا و فشاری هیچ لایه‌نێكی بیانی سنووره سروشتییه‌كان نابه‌زێنێت. به جۆرێكی تر ده‌توانم بڵێم هه‌ولێر وابه‌سته‌ی فكری حزبایه‌تی نییه.
نۆیه‌م: ئاماژه به‌خاڵێك ده‌كه‌م، ڕه‌نگه گشتگیر بێت، ئه‌ویش پێوه‌ندی به پێگه و ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كانه‌وه هه‌یه. له هه‌ولێردا حكوومه‌ت فه‌رمانڕه‌وایه، ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی هه‌یه، له حزبه‌كانیشدا (پارتی دیموكراتی كوردستان) زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵات و بڕیاری به‌ده‌سته‌وه‌یه. ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی ناوچه (گڕگرتووه‌كان)ی پارێزگای سلێمانییه كه بووه‌ته قوربانی حزبایه‌تی خراپ، پێم وایه یه‌كێتی به‌رپرسیارێتی یه‌كه‌می له ئه‌ستۆیه و ئینجا گۆڕان و حزبه ئیسلامییه‌كان.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش نابێت ئه‌وه بشارینه‌وه له هه‌ر زۆنێك كه حوكمڕانی تێدا ناوه‌ندیی نه‌بێت، ئه‌و فره حزبییه‌ی هه‌یه‌تی ده‌گۆڕێت بۆ فره ده‌سه‌ڵاتی و گرووپ و كانتۆن، گرووپه‌كانیش كار بۆ دروستكردنی پێگه و به‌رژه‌وه‌ندی و دابه‌شكردنی ده‌ستكه‌وت و ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌مه له‌ناو خۆپێشاندانه‌كانی سلێمانی به‌زه‌قی دیاره. له په‌كه‌كه‌ی نامۆ به حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان بگره، تا گوتاری جیاوازیی لایه‌نه‌كان.
پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش حوكمڕانی پارتی وایكردووه، ئه‌م دابه‌شبوون و كانتۆن و حزب حزبانێ و گرووپ و گرووپكارییه دروست نه‌بێت. واته هه‌ولێر به‌یه‌ك ئاراسته‌دا ده‌ڕوات و بیر ده‌كاته‌وه و خۆی تووشی ئاژاوه‌ی فكری و سیاسی نه‌كردووه.
به‌گشتی هه‌ولێر باش ده‌زانێ گه‌نده‌ڵی نادادپه‌روه‌ریی و كێشه‌ی ئیداریی یه‌كجار زۆرن، به‌ده‌یان كه‌س له شوێنی هه‌ولێرییه‌كان پێگه و ده‌سه‌ڵات و پۆستی ئیداری‌یان پێ دراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مه نه‌بووه‌ته هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی ڕق و بوغزاندن و ده‌سته‌به‌ندی دروست بێت.
ئه‌مڕۆ هه‌ولێر له هه‌موو كاتێك به‌ئاگاتره، به رژدی پاڵپشتی چاكسازیی و دادپه‌روه‌ریی ده‌كات. له هه‌مان كاتدا باش ده‌زانێ پیلانێكی مه‌ترسیدار له‌ڕێی (بڕینی مووچه له به‌غدا، به ئاشكرا خیانه‌ت و ده‌ستێوه‌ردانی هه‌رێمایه‌تی و چه‌كدار سه‌پاندنی هه‌ندێك گرووپی كوردی و حزبه شیعییه‌كان و ڕه‌نگه مه‌یلدارییه‌كی شاراوه‌ی هه‌ندێك بیانیش) له گۆڕێن، هه‌ولێر باش ده‌زانێ له‌ڕێی ئه‌م جۆره خۆپێشاندانه مافی هاووڵاتی به‌ده‌ست نایه‌ت، (خۆپێشاندانی مه‌ده‌نی و ئاژاوه و توندوتیژی) لێكجاوازن، له هه‌مان گاڤدا هه‌موو پرس و ده‌سه‌ڵات و ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌ده‌ست هاتوون، له ئه‌نجامی له كۆنترۆڵ ده‌رچوونی دۆخه‌كه له‌ناو ده‌چن.
هه‌ولێر یه‌ك كات ڕاده‌په‌ڕێت كه هیچ ده‌رفه‌تێك له به‌رده‌می دادپه‌روه‌ریی و نیشتمانپه‌روه‌ریی و ئازادی‌دا نه‌مێنێت.
له دووماهیدا ده‌ڵێم، ئه‌و لایه‌ن و گرووپانه‌ی له دژی پارتی دژایه‌تی هه‌ولێر ده‌كه‌ن، وایان كردووه هه‌ولێر و پارتی پتر و پتر هاوكاری یه‌كتر بن، ئه‌گه‌ر هه‌ولێر دژی گه‌نده‌ڵی و نایه‌كسانیش بێت، به‌ڵام بڕوا ناكه‌م له‌به‌ر شێوازی دیماگۆگی و ناوچه‌گه‌ریی و شێوازی تێڕوانی ئه‌و گرووپانه بۆ سیاسه‌ت و دواڕۆژی هه‌رێمی كوردستان، بتوانن متمانه‌ی هه‌ولێر به‌ده‌ست بێنن. دوژمنه‌كانی پارتی ڕۆژ به‌ڕۆژ هه‌ولێر ده‌كه‌نه سه‌نگه‌رێكی به‌هێزتری پارتی دیموكراتی كوردستان.