سه‌رژمێری دانیشتووان له هه‌ر وڵاتێك گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، چونكه ده‌رده‌كه‌وێت قه‌باره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی وڵاته‌كه چه‌نده و گه‌شه‌ی ساڵانه و داهاتی تاك و خێزان چه‌نده، گه‌شه‌ی ئابووری وڵات چۆنه و له چی ئاستێكدایه و بودجه‌ی ساڵانه‌ی وڵات به گه‌شه‌ی ڕێژه‌ی دانیشتووان داده‌نرێت. ئایا زۆرینه‌ی دانیشتووانی وڵات ئاستی بژێویان چۆنه و له چی ئاستێكدایه و ژماره‌ی دانیشتووان هه‌ر پارێزگایه‌ك و شار و شارۆكه‌كان و دێیه‌كان چه‌نده، چه‌ند له ناوه‌ندی پارێزگاكان و شارۆكه‌كان و شارده‌ێیه‌كان ده‌ژین، واتا ڕێژه‌ی سه‌دی ئه‌وانه‌ی له ناوه‌ندی پارێزگاكان و شارۆكه‌كان و شارده‌ێیه‌كان و ڕێژه‌ی سه‌دی ئه‌وانه‌ی له دێیه‌كان ده‌ژین چه‌نده، وڵات له ڕووی ته‌مه‌نه‌وه چۆنه، ئایا وڵات به وڵاتێكی لاو یان پیر داده‌نرێت، ئه‌وانه هه‌موو پێوه‌ستن به ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی سه‌رژمێریی دانیشتووان.
بۆ یه‌كه‌م جار پرۆسه‌ی سه‌رژمێریی دانیشتووان له دنیادا، له شانشینی یه‌كگرتوو له ساڵی (1066ز) ئه‌نجام دراوه، دواتر له ساڵی (1790ز) له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و له ساڵی (1834) له فڕه‌نسا، له ساڵی (1846ز) له به‌لجیكا و له ساڵی (1861) له ئیمپراتۆریی ژاپۆن، له ساڵی (1871ز) له ئه‌ڵمانیا و له ساڵی (1897ز) له ئیمپراتۆرییی ڕووسیای قه‌یسه‌ری، له ساڵی (1881) له نیمچه دوورگه‌ی هیند، پاكستان، بنگلادیش، نیپاڵ، بۆتان، سریلانكا ئه‌نجام دراوه.
پاش ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق دامه‌زرا، له ڕێكه‌وتی (11_تشرینی دووه‌م_1920) به سه‌رۆكایه‌تی نه‌قیب ئه‌بو عه‌بدولڕه‌حمان گه‌یلانی كه ئه‌وه‌ش له ژێر سه‌رپه‌رشتی ئیداره‌ی به‌ریتانیدا بوو، دواتر به‌پێی كۆنگره‌ی قاهیره‌ی ساڵی (1921) شا فه‌یسلی یه‌كه‌م (1921_1933) له ڕێكه‌وتی (23_هه‌شتی ئۆگستس_1921) كرایه شای عێراق، له پاش ئه‌وه‌ی به‌ریتانییه‌كان عێراقیان له هه‌ردوو ویلایه‌تی به‌غدای زۆرینه كورد و ویلایه‌تی به‌سره‌ی زۆرینه عه‌ره‌ب دروست كرا، دواتر له ساڵی (1926) ویلایه‌تی مووسڵ_هه‌رێمی كوردستانی زۆرینه‌ی ڕه‌های كورد خسته‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراق، له ڕێكه‌وتی (سێی_ئۆكتۆبه‌ر_1932) سه‌ربه‌خۆیی وڵاتی عێراق به ناوی شانشینی عێراق له ئیمپراتۆریی به‌ریتانیا ڕاگه‌یه‌نرا.
له ساڵی (1885) ژماره‌ی دانیشتووانی عێراق واتا هه‌ر سێ ویلایه‌تی (مووسڵ_هه‌رێمی كوردستان ، به‌غدا، به‌سره) بریتی بوو له (1.650.280) كه‌س كه ئه‌وكاته هێشتا عێراق به‌شێك بوو له ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌كان. پاشان عێراق وه‌ك هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی تری ئه‌م دنیایه بڕیار درا 10 ساڵ جارێك سه‌رژمێری دانیشتووانه‌كه‌ی بكرێت، بۆیه بزانرێت ژماره‌ی دانیشتووانی چه‌نده. كه بۆ یه‌كه‌م جار له مانگی ئه‌پریلی ساڵی (1920) ده‌سه‌ڵاتدارانی ئینگلیز له عێراق به هه‌رێمی كوردستانی ئێسته‌وه سه‌رژمێریی دانیشتووانی كرد كه ژماره‌ی دانیشتووانی عێراق به هه‌رێمی كوردستانه‌وه نزیكه‌ی (2.849.282) كه‌س بوو. ئه‌وكاته عێراق له ڕووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه به‌م شێوه‌یه بوو: كورد 45.5%، عه‌ره‌ب 42.5%، كلدۆئاشوور 6%، جوو 3.7% و توركمان 2.3%..
له ساڵی (1927) بڕیار درا بۆ جارێكی تر سه‌رژمێریی دانیشتووانی عێراق بكرێته‌وه كه یه‌كه‌م سه‌رژمێری بوو كه عێراق خۆی ئه‌نجامی دا، ژماره‌ی دانیشتووانی عێراق نزیكه‌ی (2.986.054) كه‌س بوو، له سه‌رژمێری ساڵی (1934) ژماره‌ی دانیشتووان بووه نزیكه‌ی (3.213.173) كه‌س، له سه‌رژمێری ساڵی (1947) ژماره‌ی دانیشتووان بووه نزیكه‌ی (4.816.185) كه‌س، له سه‌رژمێری ساڵی (1957) ژماره‌ی دانیشتووان بووه نزیكه‌ی (6.536.109) كه‌س، له سه‌رژمێری ساڵی (1965) ژماره‌ی دانیشتووان بووه نزیكه‌ی (8.261.527) كه‌س، له سه‌رژمێری ساڵی (1977) ژماره‌ی دانیشتووان بووه نزیكه‌ی (12.000.497) كه‌س، له سه‌رژمێری ساڵی (1987) ژماره‌ی دانیشتووان بووه نزیكه‌ی (16.335.199) كه‌س، بۆ دواجار له ساڵی (1997) سه‌رژمێری دانیشتووان له عێراق كرا و ئه‌و سه‌رژمێرییه ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی كوردستانی نه‌گرته‌وه، واتا نزیكه‌ی (23) ساڵ پرۆسه‌ی سه‌رژمێری له عێراق ئه‌نجام نه‌دراوه، هه‌روه‌ها دوا سه‌رژمێری له هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ (1987)، واتا نزیكه‌ی (33) ساڵ ده‌بێت، ئه‌و پرۆسه‌یه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام نه‌دراوه، ژماره‌ی دانیشتووانی وڵاتی عێراق بێ هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته نزیكه‌ی (19.184.543) كه‌س، ئه‌گه‌ر به پێی بڕیاری 10 ساڵ جارێك سه‌رژمێری دانیشتووانی عێراق بكرایه، ده‌بوو له ساڵه‌كانی (2007ز) و (2017) ئه‌و پرۆسه‌یه ئه‌نجام بدرایه، به‌ڵام تا ئێسته ئه‌و پرۆسه‌یه ئه‌نجام نه‌دراوه و بڕیاره له كۆتاییه‌كانی ساڵی (2020) پرۆسه‌ی سه‌رژمێری دانیشتووانی عێراق به هه‌رێمی كوردستانه‌وه بكرێت، به‌ڵام ته‌شه‌سه‌ندنی په‌تای كۆرۆنا له عێراقدا به خێرایی، بڕیار دراوه ئه‌و پرۆسه‌یه بۆ كۆتایی ساڵی (2021) دوا بخرێت.
به‌پێی پێشبینی ده‌سته‌ی ئاماری عێراق بۆ ساڵی (2020) بۆ ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی به هه‌رێمی كوردستانه‌وه نزیكه‌ی (40،412.299) كه‌س ده‌بێت، هه‌روه‌ها به‌پێی پێشبینی ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌ی دانیشتووانی پێشبینیكراوی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی (2020) نزیكه‌ی (6.171.083) كه‌س ده‌بێت، واتا ڕێژه‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 15.3%ی دانیشتووانی عێراق ده‌بێت.