دڵپاك محه‌مه‌د جه‌لال
هۆی ئه‌وه‌ی ژیانی كارگێڕی و جۆری پێوه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك و فه‌رمانگه‌كان و ناو فه‌رمانگه‌كان، چه‌قبه‌ستووه و داوده‌زگای كوردستان به‌رهه‌مهێنه‌ر نین، یان زیاتر بوون به ئامێر و كات پڕ ده‌كه‌نه‌وه و رۆتین باشترین ده‌رهاویشته‌ی ئه‌م دۆخه‌یه كه هه‌موو به‌رپرسانی هه‌رێمه‌كه ددانی پێدا ده‌نێن، نه‌بوونی پرۆسه‌ی (فیدباك)ـه وه‌ك پڕۆژه و سیستمی كاری كارگێڕی، بۆیه به‌رده‌وام ئه‌وه ده‌بینین و رووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه كه هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی كوردستان و فه‌رمانبه‌ر و هاووڵاتی، سه‌ره‌ڕای پێشێلكردنی مافه‌كانیان، وه‌ك مرۆڤیش نابینرێن.
به ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌م وڵاته هه‌ر له دامه‌زراوه‌كه‌ی خۆیه‌وه تا بچووكترین بنكه و دامه‌زراوه‌ی حكوومه‌تی، رۆژانه سووكایه‌تییان پێ ده‌كرێت، به‌ڕێوه‌به‌ر ده‌م ده‌كاته‌وه له خه‌ڵك نیگه‌رانتره، فه‌رمانگه ده‌ڵێی ئاوی ساردی به‌سه‌ردا رژاوه و مات و بێ به‌رهه‌م، چونكه هاندان یان سزا نییه و هه‌موو كه‌س كات به‌ڕێ ده‌كات، پێشێلكاری له حاڵه‌تدا نه‌ماوه و خه‌ریكه دیارده‌یش تێپه‌ڕێنێ، ده‌یان گله‌یی و سكاڵا هه‌ن، به‌ڵام نه شوێنێك هه‌یه به‌ده‌نگ مافه‌كانه‌وه بێت، نه دامه‌زراوه‌یه‌ك به به‌رپرسیارێتی خۆی ده‌زانێت داوده‌زگای حكوومه‌ت بكات به به‌رزترین به‌های وڵات و ده‌ستی حزب و چه‌ته‌كانی یان بانده كارگێڕییه‌كانی ناو فه‌رمانگه‌كان كورت بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر زیاده‌ڕۆییه‌كیشیان كرد له به‌رده‌م یاسادا ملكه‌چیان بكه‌ن، تا مرۆڤی ئه‌م نیشتمانه هه‌ست بكات شوێنێك یاخۆ یاسایه‌ك هه‌یه له‌گه‌ڵ ماف و پاراستنی شكۆی ئه‌ودایه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه بۆ فه‌رمانبه‌ر خۆیشی هه‌ر وایه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ سیستمێك نییه ئاستی پێوه‌ندی و سنووری هه‌ڵسوكه‌وتی كه‌سه پله جیاوازه‌كانی ناو فه‌رمانگه‌یه‌ك دیاری بكات، میزاجی به‌رپرسی یه‌كه‌م یان به‌ڕێوه‌به‌ر حوكم ده‌كات، نه‌ك ده‌قێكی نووسراوی روون.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه ببڕین و ژیانی به‌رپرسیارانه و دامه‌زراوه‌یی ده‌ست پێ بكه‌ین، گرنگه پرۆسه‌ی كاردانه‌وه (فیدباك) بكرێت به بابه‌تێكی كارگێڕیی جێگیر له نێوان هاووڵاتی و فه‌رمانبه‌ر و به‌رپرسیارێتی هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێك. واته ئه‌م پرۆسه‌یه‌ك بكرێت به به‌شێك له كاری پیشه‌یی و مانه‌وه‌ی به‌رپرس له پۆسته‌كه‌ی، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر هیچ سوودی نه‌بێت، ئه‌و به‌ڕه‌ڵایی و دزی و بێڕێزییه‌ی كاربه‌ده‌ستان كه‌م ده‌بێته‌وه و سڵ ده‌كه‌نه‌وه له‌وه‌ی ده‌زگه‌یه‌ك هه‌یه چاودێرییان ده‌كات، ئه‌وه‌یش لایه‌نی كه‌می ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات كه هه‌م به‌رپرسه‌كه بۆ مانه‌وه‌ی خۆی به‌پێی میزاج و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كلایه‌نه هیچ حوكمێك نادات، هه‌م فه‌رمانبه‌ر و هاووڵاتی ئاستی ئه‌رك و مافه‌كانی خۆیان ده‌ناسن و دڵسۆزتر رۆڵ ده‌بینن له ژیانی گشتیی و كارگێڕیدا، بێگومان به‌ڕێوه‌به‌ریش وه‌ك خزمه‌تكار له‌ناو یه‌كه كارگێڕییه‌كاندا باشترین ده‌خاته ڕوو له‌پێناو گه‌شه‌كردنی و به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی خه‌ڵك و فه‌رمانبه‌ران. له‌لایه‌كی تریشه‌وه فه‌رمانبه‌ر و هاووڵاتی دڵنیا ده‌بن له پاراستنی مافه‌كانیان.
له وڵاتانی پێشكه‌وتوو كه ئێمه‌یش به دروشم ده‌مانه‌وێ له‌وان بچین و له كرداردا هه‌نگاوی بۆ نانێین، هه‌موو پێوه‌ندییه‌كی هاووڵاتی به داوده‌زگا و ته‌نانه‌ت فه‌رمانبه‌رانی پرسگه و ئه‌وانه‌ی ته‌له‌فۆنی خه‌ڵك وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه، دواتریش جۆری هه‌ڵسوكه‌وتی به‌ڕێوه‌به‌ر و ئه‌وانه‌ی كاری فه‌رمانگه‌كه هه‌ڵده‌سوڕێنن، به یاسا رێكخراوه و هیچ كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه زیاده‌ڕۆیی بكاته سه‌ر كاری ئه‌ویتر یان سووكایه‌تی پێ بكات یاخۆ كاری هاووڵاتییه‌ك به سه‌رپێی وه‌ربگرێت یانیش ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی به لاوه‌كی وه‌ربگرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو كاروباری ئه‌م ئاسته جیاوازانه به یاسا و رێنوێنی روون نووسراونه‌ته‌وه و فه‌رمانبه‌ر پێی ئاشنایه و دڵنیایشه پشتگوێی بخات یان زیاده‌ڕۆیی بكات، كاردانه‌وه‌ی توندی به‌رانبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر تا ئاستی له‌ده‌ستدانی كاره‌كه‌ی، له هه‌ر پۆستێكدا بێت. هه‌ر ئه‌مه هۆی پێشكه‌وتنه‌كه‌یان و ئه‌و سیستمه‌ی وه‌ك سه‌عات كار ده‌كات و بوون به نموونه بۆ مرۆڤایه‌تی.
له كوردستانیش ده‌توانین ئه‌مه بكه‌ین و توانای مرۆییش هه‌یه، ته‌نیا ئه‌وه‌مان پێویسته لایه‌نێك به به‌رپرسیارێتی هه‌ستێت و به یاسا ده‌سه‌ڵاتی لێپرسینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌مووانی هه‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌كان وه‌رده‌گرێت له‌باره‌ی هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك و ستاف و به‌ڕێوه‌به‌رانی. له پرۆسه‌ی (فیدباك)دا زۆر گرنگه له‌پێناو پاراستنی مافی گشتی، ئاستی پێوه‌ندی هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ر و فه‌رمانبه‌رێك، هه‌ر فه‌رمانبه‌ر و سه‌ردانكه‌رێك "موراجیع" به خاڵ بنووسرێت و ده‌سته‌ی وه‌رگر و سه‌رپه‌رشتیاریش ستافێكی بێلایه‌ن بن له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك، خۆ ده‌كرێ ئه‌و تیمه نهێنیش بن و له‌ناكاو بڕیار بده‌ن بۆ راسته‌ڕێكردنی هه‌ر فه‌رمانگه یان به‌رپرسێك، دوای ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی پێویست كۆ ده‌كه‌نه‌وه. بۆ ئه‌مه گرنگه راسته‌وخۆ پێوه‌ندار بن به سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ت تا بڕیاره‌كانیان ره‌ت نه‌كرێته‌وه و مافیای كارگێڕی و به‌رژه‌وه‌ندیخواز كۆسپیان بۆ دروست نه‌كات.
(فیدباك) بۆ چاككردن و گۆڕینی به‌رپرسیارێتی هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێك له درۆ و دووڕوویی و ساخته‌چێتی و له‌كارخستنی ده‌سه‌ڵاته كارگێڕییه‌كانی له هه‌ر كاتێكدا هه‌ڵسوكه‌وتی پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما ئه‌خلاقی و مرۆییه‌كان بوو، یاخۆ ماف و به‌ها پیرۆزه‌كان و نرخی كه‌سایه‌تیی ئه‌وانه‌ی ژێرده‌ستی خۆی پێشێل كرد .
پرۆسه‌ی (فیدباك) به‌گشتی جێبه‌جێ بكرێت به‌سه‌ر هه‌ر به‌رپرسێك كه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ (مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی شارستانی و ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانی سه‌ربازی و هه‌ر هاووڵاتییه‌ك) ده‌كات كه مافی هاووڵاتیبوونی له‌م وڵاته پێ درابێت. ئه‌وكات ده‌توانین به‌ردێكمان خسته سه‌ر كه‌لاوه‌ی كارگێڕیمان به‌ره‌و بنیاتنان.