له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا دادگای فیدراڵی عێراق، بووه‌ته سه‌نگه‌رێك بۆ دژایه‌تیكردنی هه‌رێمی كوردستان و مافی خه‌ڵكی كوردستان، له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه چه‌ندان بڕیاری له دژی كورد و سوننه ده‌ركردووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بڕیارێك له دژی شیعه‌كان ده‌ربكات، كه ئێسته سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌و كێشه و گرفته سیاسی و مه‌زه‌وی و كۆمه‌ڵایه‌تی و داراییانه‌ن كه له عێراقدا بوونیان هه‌یه.
ئه‌گه‌ر تا ئێسته كه‌سانێك له هه‌رێمی كوردستان هه‌بن، پێیان وابێت له‌وه‌ی دادگا به‌شێوه‌یه‌كی ده‌ستوورییانه كاره‌كانی ده‌كات، ئه‌وا به‌وردبوونه‌وه‌مان له‌و سكاڵا و دادبینییانه‌ی له به‌رده‌ستیه‌تی، هیچ گومانێك له‌وه نامێنێته‌وه كه ئه‌م دادگایه، له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كات و مه‌به‌ستیه‌تی ورده ورده، ئه‌م هه‌رێمه له ڕووی سیاسی و یاسایی و ئابوورییه‌وه، بچووك و بێ هێز بكات، تا سه‌ره‌نجام به دیفاكتۆ ببێته‌وه به‌شێك له عێراق.
بێگومان دوای هه‌ڵپه‌ساردنی كاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، پێویستییه‌كی یاسایی و سیاسی هاتووه‌ته پێشه‌وه كه ده‌بێ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت، كه‌چی سكاڵایه‌كی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌وه له دادگای فیدراڵی، پێ ده‌چێت گرفتێكی گه‌وره‌ی به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن بێت له كوردستان. دوو مانگه دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی ئه‌و سكاڵایه‌وه دادبینی نه‌كردووه و بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی نه‌داوه، به‌ڵكو هه‌فته دوای هه‌فته، به پاساوی نایاسایی و به ئه‌نقه‌ست و به‌مه‌رامێكی سیاسی دیاریكراو، ئه‌و دانیشتنه دوا ده‌خات. دوێنێش ده‌بوو بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه بدات، دیسان دوای خست.
هه‌ڵبه‌ته چه‌ند وردبینی له یاساكه‌ش دوا بكه‌وێت، ئه‌وه‌نده‌ش وا ده‌كات به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان دوا بكه‌وێت. هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به یاسا كۆنه‌كه كه یه‌ك بازنه‌یه، هیچ گرفتێكی نییه و ڕاستییه‌كه‌ی یه‌ك بازنه‌یی له‌ڕووی هوشیاری سیاسی و هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان به كاندیده‌كان، زۆر گونجاوتره له فره بازنه‌یی كه ده‌نگه‌كان په‌رت ده‌بن و له زیانی حزبه بچووكه‌كانه، كه ناتوانن به‌پێی بازنه‌كان ده‌نگی پێویست بێنن، به‌ڵام له یه‌ك بازنه‌ییدا، ده‌نگه‌كان به‌گشتی به‌پێی یه‌ك بازنه‌یی و ده‌نگه‌وه هه‌ژمار ده‌كرێن.
حزبه بچووكه‌كانی ئێمه، ده‌توانن له ڕێی سیستمی یه‌ك بازنه‌ییه‌وه هیچ نه‌بێت كورسییه‌ك و دوو كورسی په‌رله‌مان ببه‌نه‌وه، به‌ڵام ناتوانن له فره‌بازنه‌ییدا، كورسییه‌كیش مسۆگه‌ر بكه‌ن، چونكه ده‌نگه‌كانیان ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و ناوچه جیۆگرافییه هه‌ژمار ده‌كرێت كه ده‌نگدانی تێدا كراوه. بۆیه یه‌كێتی ده‌بێ ڕه‌چاوی ئه‌و لایه‌نه‌ش بكات و ده‌رفه‌ت بۆ حزبه‌كان به‌گشتی بڕه‌خسێنێ، كه نوێنه‌ری خۆیان له په‌رله‌مانی كوردستان هه‌بێت و هاوكات یان سكاڵاكه‌ی بكێشێته‌وه، یاخۆ فشار بكات بۆ ئه‌وه‌ی دادگا به خێرایی ئه‌و كه‌یسه یه‌كلا بكاته‌وه، بێگومان ده‌توانێ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بكات، به‌ڵام ناتوانێ ئه‌وه‌ی دووه‌میان بكات.
ئه‌جێنداكانی ئه‌م دادگایه له‌وه ڕوونترن بشارێنه‌وه، مه‌رامی سه‌ره‌كی له‌و جۆره گوتاره، له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم و لكاندنه‌وه‌یه‌تی به به‌غدا. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تا به بێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی داوده‌زگا ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم مه‌یسه‌ر نابێت. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، قه‌واره‌ی هه‌رێم و دۆزی كورد له عێراق كۆتایان دێت؟ ڕاستییه‌كه‌ی كێشه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا، كێشه‌ی دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاوازه، له ڕووی زمان، خاك، مێژوو، كولتوور و فه‌رهه‌نگ. ئێمه هیچمان له عێراقی عه‌ره‌بی ناچێت، ته‌نانه‌ت به جیۆگرافیا و خاك و خۆڵیش.
سه‌رنج بده‌ن كه هه‌موو باشووری عێراق چیایه‌كی لێ نییه، هه‌موو كوردستان بیابانێكی لێ نییه، كێشه‌ی ئێمه، كێشه‌ی دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاوازن له یه‌كتر كه ده‌بێ هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌ن ماف و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی خۆی بێت، ئه‌زموونه‌كانی ڕابردوو ده‌ریانخستووه جگه له‌و جۆره پێوه‌ندییه، هیچ كاتێك به‌غدا ناتوانێت مافه‌كانی ئێمه بدات. ئێمه به‌شێك نین و نابین له عێراق. هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌نجامی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا و حكوومه‌تی عێراق نییه، ئه‌وان ئه‌و قه‌واره‌یه‌یان دانه‌مه‌زراندووه، تا كه‌ی مه‌به‌ستیشیان بوو هه‌ڵیبوه‌شێننه‌وه.
هه‌رێمی كوردستان به‌ری ده‌یان ساڵ خه‌بات و تێكۆشان و ڕووبارێك خوێنه. ئه‌م هه‌رێمه ڕه‌وایه‌تییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی و كارگێڕیی و یاسایه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی جیاواز له عێراق مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. ئه‌م هه‌رێمه له ژێر چه‌تری بڕیارێكی نێوده‌وڵه‌تیدایه، ڕاسته پێوه‌ندییه‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ ناوه‌ند، له‌سه‌ر بنه‌مای فیدراڵییه‌ته، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان تایبه‌تمه‌ندی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی له ڕووی زمان و فه‌رهه‌نگ و شوناسی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هه‌یه.
ئه‌مانه‌ش ئه‌م واقیعه ده‌سه‌پێنن كه ده‌بێ به‌غدا، وه‌ك پارێزگایه‌كی تری باشوور سه‌یری هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌كات. مێژوو ده‌ریخستووه، لۆجیكی هێز له‌گه‌ڵ كورد له عێراقدا، پێشتر 100 جار تاقی كراوه‌ته‌وه تا ئاستی جینۆساید و سڕینه‌وه‌ش چووه، ئیتر ده‌بێ هه‌م دادگای فیدراڵی و هه‌م حكوومه‌تی عێراقیش، له‌و ڕاستییه گه‌یشتبن و كه‌مێك مێژوویان خوێندبێته‌وه.