شه‌ماڵ نووری
تڕه‌مپ به گرتنه‌به‌ری ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئێسته‌یه‌وه ده‌سه‌ڵات و هه‌یمه‌نه‌ی بۆ ئه‌مه‌ریكا گه‌ڕانده‌وه، به‌مه‌ش دنیا له چاوه‌ڕوانیی وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌دایه كه گه‌لی كوردستانیش تا ئاستێكی واقیعی ئامانجی له‌سه‌ر هه‌ڵچنیوه. سه‌ره‌تاكانی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه سه‌روه‌ختی جه‌نگی دووه‌می كه‌نداو یان ڕۆژانی دیاریكردنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین ده‌هێنێته‌وه پێش چاومان.
هه‌میشه ئه‌و ڕاستییه سه‌لمێنراوه كه نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان ئه‌گه‌ر بزانن گه‌مه‌كارێك زیره‌ك بن و تاكتیكه‌كان له‌پێناو وه‌دیهاتنی گۆڕانكاری بقۆزنه‌وه، ئه‌وه له وه‌رچه‌رخانه گه‌وره‌كاندا چانسێكی زیاتریان بۆ گه‌یشتن به ئامانجی ستراتیجی زیاتر ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه به‌خێر بشكێته‌وه به‌سه‌ر ژیانیاندا و ئومێدیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی بێنێته دی.
ته‌نیا له كاتێكدا گه‌لی كوردستان به‌خت یاوه‌ری ده‌بێت كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ سوود و قازانجه ستراتیجییه دوورمه‌وداكانی زلهێزه‌كانی دنیا یه‌ك بگرێته‌وه، ئه‌م چاوه‌ڕوانی و ئومێده هه‌روا له‌خۆڕا نه‌هاتووه، ته‌نیا به‌هۆی جووڵاندنی كه‌شتیگه‌لی سه‌ربازیی و فڕۆكه‌ی B52ی مووشه‌كهاوێژی ئه‌مه‌ریكاوه ڕووه و كه‌نداو و له هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ له ئاغاكانی ئێران هه‌ڵنه‌تۆقیوه، هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازیی ئیمپراتۆریی ئه‌مه‌ریكا و گه‌مارۆ و جه‌نگی ئابووری و دارایی و بۆ سه‌ر كۆماری شیعه و ده‌ستوه‌داره‌كانی ده‌رهاویشته‌ی بیركردنه‌وه و ستراتیجیی تره‌مپ و دیدی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكایه بۆ دنیا.
هێنری كیسنجه‌ر له گوته به‌ناوبانگه‌كه‌یدا باسی لێوه ده‌كات به‌وه‌ی (له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكادا نییه ته‌نگژه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌و ته‌نیا خوازیاره سه‌ری داوه‌كانی به‌ده‌سته‌وه بێت)، ئێرانییه‌كانیش هێشتا هه‌ر له‌سه‌ر فتوا و گوته به‌ناوبانگه‌كه‌ی ڕابه‌ره‌كه‌ی پێشوویانن كه له سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌ر حوكم له گوتارێكدا ساڵی 1979 گوتی: ئێمه بۆ ئه‌وه نه‌هاتووین دابنیشین، به‌ڵكو ده‌بێ په‌یامی شۆڕشه‌كه‌مان بگاته هه‌موو دنیا.
ئیتر له‌و كاته‌وه ئێران به ناردنه ده‌ره‌وه‌ی شیعه‌گه‌رێتی و ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچه‌كه و به لاسارییه‌كانیان له به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌یاندا، پاساوێكی نێوده‌وڵه‌تی باشیان به ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی داوه، بۆیه جه‌نگی ئابووری و گه‌مارۆكانی ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا سه‌ره‌تایه‌كه و وه‌ك ئه‌سپه‌كه‌ی ته‌ڕواده وایه، ئابووری ئه‌و وڵاته‌ی پێ داده‌ڕمێت و هه‌بوونێكی درێژخایه‌نی ئه‌مه‌ریكایی له ناوچه‌كه‌دا به‌هێزتر ده‌كات.
به‌كارهێنانی دژایه‌تیكردنی خاڵی لاوازی ئابووری ره‌یعی پێترۆڵی ئێران به شكستی ئه‌و وڵاته ته‌واو ده‌بێت كه هه‌رگیز به‌رانبه‌ر ئابوورییه‌كی به‌هێزی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتوو نابێت، به‌تایبه‌تی كه هه‌موو داتا و نیشانه ئابوورییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی و كه‌مبوونه‌وه‌ی بێكاری و زۆربوونی هه‌لی كار و به‌هێزی به‌های دۆلار و بووژانه‌وه‌ی ئابووریی ئه‌مه‌ریكایی به رێژه‌ی 5% هه‌مووی نیشانه و به‌ڵگه‌ی روونن بۆ به‌رده‌وامبوونی زلهێزه‌كه له دژایه‌تیكردنی ئێران‌دا، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی بووژانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا خولێكی تری سه‌رۆكایه‌تیی بۆ تڕه‌مپ مسۆگه‌ر ده‌كات.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه، هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه ئاڵۆزی و پشێوییه‌كانی ناوچه جیاجیاكانی دنیا به‌تایبه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست فاكته‌رێكی سه‌ره‌كین بۆ به‌هێزبوونی ئابووری ئه‌مه‌ریكا، به‌هۆی ئه‌م ئاڵۆزییه‌وه ته‌نیا به یه‌ك سه‌ردانی تڕه‌مپ بۆ لای شێخه‌كانی سعوودیه 110 ملیار دۆلاری له گرێبه‌سته سه‌ربازییه‌كانی و 400 ملیاری تری وه‌به‌رهێنانی ده‌ستكه‌وت و دواتر 20 ملیار دۆلاری تری له قه‌ته‌ر به‌دوادا هات.
له‌م هاوكێشه‌یه‌دا گوته به‌ناوبانگه‌كه‌ی تڕه‌مپ به‌بیر دێته‌وه كه گوتی: سه‌فقه‌ی دۆڕاو ئه‌وه‌یه حه‌وت تریلیۆن دۆلار له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا خه‌رج بكه‌یت و هیچ سوودی لێ وه‌رنه‌گریت، ئه‌مه چ گه‌مژه‌ییه‌ك بوو. ئه‌م دنیایه‌یش تابلۆیه‌كه سه‌فقه و دۆلار و هێز ڕه‌نگه‌كانی به هارمۆنی دیاری كردووه. ئه‌وه گرێبه‌ست و به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه ئاراسته‌ی هێزی چه‌كداریی و سوپای ئه‌مه‌ریكا ده‌گۆڕێت.
لێره‌دا كوردستان له كوێی ئه‌م تریلیۆن دۆلار و ملیار دۆلاره‌ی گرێبه‌ست و سه‌فقه نهێنییانه‌دایه؟ ئایا تێكچوونی دۆخی ئابووری ئێران و عێراق و ناوچه‌كه تا چه‌ند كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئابووری كوردستانیش ده‌بێت؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه هه‌مووان د‌رك به ئه‌گه‌ری نزیكبوونه‌وه‌ی با و زریانه سیاسی و سه‌ربازی و ئابوورییه‌كه ده‌كه‌ن.
ده‌مێكه بازاڕه‌كانی ناوخۆیی و ناوچه‌كه‌یش خۆیان بۆ پێشوازیكردن له لێكه‌وته‌كانی ئه‌و ئابوورییه ناجێگیره ئاماده كردووه. راسته ئه‌م بۆچوونه ترس و دڵه‌ڕاوكێی له‌لای فرۆشیار و كڕیار و هه‌موو چین و توێژه‌كان دروست كردووه، به‌ڵام خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌گه‌ری ته‌نگژه ئابوورییه‌كان ده‌مانخاته دۆخێكی به‌ڕێوه‌بردنی باشی ته‌نگژه‌كانه‌وه. ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته روویان دا، سوود وه‌رگرتنی كوردیش له وه‌رچه‌رخانه مێژووییه‌كان ته‌نیا به قۆستنه‌وه‌ی واقیعه‌كه و ئاماده‌كردنی هێزی سه‌ربازی و ئابووری و سه‌پاندنی سه‌قامگیری سیاسیی بنیات ده‌نرێت.
ئه‌وانه‌ی تری گه‌ڕان به‌دوای یه‌كڕیزی و ته‌بایی و یه‌كده‌نگی ناوماڵی كورد هه‌مووی ته‌حسیڵ حاسڵن و سووڕانه‌وه‌یه له‌ناو بازنه‌یه‌كی داخراوی پڕ پشێوی و بێسه‌روبه‌ری ناوخۆیی و شه‌ڕه ده‌نووكی حزبه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر و پشتێكردنی ئه‌م واقیعه تازه‌یه‌یه كه چاره‌نووسی ناوچه‌كه به‌ره‌و شێوه‌یه‌كی تر ده‌گۆڕێت، كه جگه له سه‌رقاڵكردن هیچی ترمان ده‌ست ناكه‌وێت و ته‌نیا تابلۆیه‌كمان ده‌داتێ به‌وه‌ی خۆمان بۆ وه‌رچه‌رخانه مێژووییه‌كه ئاماده نه‌كردووه .