شه‌ماڵ نووری
له زه‌مه‌نی سه‌دامه‌وه تا عه‌بادی، چه‌ندان جار و به‌زۆر شێواز پرسه ئابوورییه‌كان له عێراقدا له‌لایه‌ن حوكمڕانه‌كانه‌وه وه‌ك چه‌كێك بۆ دژایه‌تی گه‌لی كوردستان به‌كار هێنراون، ته‌نانه‌ت له ریفراندۆمدا به روونی ئه‌و بۆچوونه سه‌لمێنراو بینیمان چۆن پایته‌خته‌كانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ كاریان له‌سه‌ر خنكاندن و فشار خستنه‌سه‌ر كوردستان ده‌كرد و به رێی گه‌مه‌كردنێكی موخابه‌راتی كارتی ئابوورییه‌وه، گه‌مارۆ و سزای دارایی گه‌لی كوردیان دا و بودجه و مووچه و سنوور و ئاسمانیان له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان بڕی.
ئه‌مڕۆ گه‌لی كوردستان چاوه‌ڕوانی حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدییه تا بزانن له ئه‌رزی واقیعدا تا چه‌ند توانای جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌رنامه باش و تێورییه‌ی هه‌یه كه بۆ متمانه‌دان به حكوومه‌ته‌كه‌ی رای گه‌یاندبوو، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له‌و به‌رنامه‌یه‌دا ئاماده‌یی حكوومه‌ته‌كه‌ی ده‌ربڕیبوو كه به‌پێی ده‌ستوور و یاسا دانوستاندن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات.
به‌رنامه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران له رووی تێورییه‌وه زۆر ورد و باشه و له هه‌موویشی گرنگتر بۆ جێبه‌جێكردنی زۆر له بابه‌ته هه‌نووكه‌یییه‌كان و چاره‌سه‌ره‌كان ماوه‌ی زه‌مه‌نی ده‌ستنیشان كردووه. عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌ك كه‌سێكی شاره‌زا له ئابووری بۆ ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه‌ی به‌رنامه‌كه‌ی سوودی له راپۆرت و نیشانه‌كانی گه‌شه و په‌ره‌پێدانی مرۆیی وه‌رگرتووه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئاژانس و رێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه بڵاو كراونه‌ته‌وه و زۆر دووپات له هاووڵاتی و مافه‌كان ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئایا ئه‌م حكوومه‌ته‌ی عێراق ده‌رفه‌ت و هه‌لی به‌رده‌وامی هه‌یه تا هه‌موو ئامانج و چاره‌سه‌ره‌كان جێبه‌جێ بكات، به‌تایبه‌تی كه شه‌قامی شیعه و سوننه چیتر توانای چاوه‌ڕوانییان نه‌ماوه و ئه‌گه‌رێكی زۆری هه‌یه دوای تێپه‌ڕبوونی سێ مانگ خۆپێشاندانه‌كان له شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و به‌سڕه ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه، له ترسی ورووژاندنی شه‌قامیش زۆر له پرسه هه‌نووكه‌ییه‌كانی گه‌لی كوردستان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له قۆناغی یه‌كه‌مدا ده‌ستی بۆ نابات، ئه‌م بۆچوونه هه‌روا له‌خۆڕا نه‌هاتووه، به‌ڵكو له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه نه‌ك حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، به‌ڵكو هیچ حكوومه‌تێك له دنیادا ئه‌و توانایه‌ی نییه له‌م ماوه كه‌مه‌دا كه خه‌ڵكی چاوه‌ڕوانن، بتوانێ چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵی و ده‌ست بۆ ئه‌و هه‌موو كێشه ئاڵۆز و هه‌ستیاره ببات كه كه‌ڵه‌كه بوون.
چاره‌سه‌ركردنی كێشه بۆماوه‌یییه‌كانی حكوومه‌ته گه‌نده‌ڵ و شكستخواردووه‌كانی رابردوو له پرسه‌كانی دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ گه‌نجان، كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری، باشكردنی كه‌رته‌كانی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و خزمه‌تگوزارییه‌كان، خه‌ونێكی محاڵه له وڵاتێكدا كه هه‌رسێ به‌شه به‌زۆر لكێنراوه‌كه‌ی ژێرخانه‌كه‌ی و ئابوورییه‌كه‌ی به‌ده‌ست ده‌یان په‌تا و مافیاوه ده‌ناڵێنێت، ئه‌م هه‌موو كێشانه نه‌ك به چه‌ند مانگێك، به‌ڵكو به چه‌ند حكوومه‌تێكیش راست ناكرێنه‌وه، به‌تایبه‌تی له غیابی ئه‌و حزبانه‌ی به‌رپرسیارێتی هه‌ڵده‌گرن و له پاڵ ئه‌و هه‌موو ئۆپۆزسیۆن و حزبه پۆپۆلیستییه‌ی كه به قسه‌ی باق و بریق و به ورووژاندنی شه‌قام خه‌ریكی ده‌جه‌لن و كردوویانه‌ته به‌شێك له میتۆد و بۆچوونی فه‌ریكه كادره‌كانیان تا بێ توانایی خۆیانی پێ داپۆشن.
هه‌رچی پێوه‌ندی به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه هه‌یه، راسته عادل عه‌بدولمه‌هدی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان هه‌یه و لایه‌نی كوردیش ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه بۆ پشتیوانیكردنی ئه‌م حكوومه‌ته، به‌ڵام وه‌ك له به‌رنامه حكوومییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت، كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و عێراقی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باس كردووه و ورده‌كاریی و میكانیزمی جێبه‌جێكردنی تێدا نییه، به‌مه‌ش له ستراتیج و زانستی پلاندانان دوور ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌مه‌ش به روونی ده‌رده‌كه‌وێ كاتێك ده‌ڵێت: (به‌پێی ده‌ستوور و یاسا ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر ده‌كرێن..) له كاتێكدا چه‌ندان جاری تریش ئه‌م به‌ڵێنانه دراون و ده‌ستوور ده‌یان شیكاری و خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆری بۆ ده‌كرێت و هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك ماده و بڕگه ده‌ستوورییه‌كان له دژی ئه‌ویتر به ویست و مه‌رامی خۆی راده‌كێشێت، به‌ڵام ئاخۆ دانوستانه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له كوێدا سازش ده‌كرێت و له كوێدا وه‌رده‌گرین، چونكه خۆی له خۆیدا سروشتی (دان و ستاندن) هه‌ر وایه.
كه‌واته چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕێچاره‌سه‌ری گونجاو بدۆزرێته‌وه بۆ ئه‌و هه‌موو كێشه هه‌ڵپه‌سێراو و قووڵ و ئاڵۆزه؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره پێوه‌ندی به عه‌قڵی پشت په‌رده‌ی شاراوه‌ی عێراقه‌وه هه‌یه به‌رانبه‌ر گه‌لی كورد، ئه‌و عه‌قڵه‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستانی 17% كرده 12.67% و گه‌مارۆی خسته‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كان و سنووره‌كانی ناوخۆ و له‌گه‌ڵ ئێران‌دا له‌سه‌ر هاووڵاتییانی كوردستان داخست، فێڵ و ته‌ڵه‌كه و مینه شاراوه‌كانی به‌رده‌م لیژنه‌كانی دانوستاندن چییه؟ پێ ده‌چێت ئه‌مجاره‌ش له زۆر پڕۆژه و یاسا و هه‌نگاودا هیچ حیسابێك بۆ مافه ده‌ستووری و یاسایی و ئابووری و دارایییه‌كانی كوردستان ناكه‌ن و هه‌موو ماده و بڕگه‌كان له په‌رله‌مانی زۆرینه و بێ سه‌روبه‌ری ناوماڵی كورد و كابینه‌ی سێ وه‌زیری كورد به‌رانبه‌ر 20 ده‌نگی عه‌ره‌ب به زۆرینه تێپه‌ڕ ده‌كه‌ن!
كێشه‌كه هه‌ر له پشكی بودجه‌ی كوردستاندا نییه، به‌ڵكو خزاوه‌ته ناو به‌رنامه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدیشه‌وه كاتێك باس له هه‌مواركردنه‌وه‌ی زۆر له ماده ده‌ستووری و یاساكان ده‌كات، له كاتێكدا هێشتا ماده‌ی ده‌ستووریی وه‌ك 140 جێبه‌جێ نه‌كراوه. باشه له كاتێكدا بڕگه سیادییه‌كانی ناو بودجه بۆ زیاتر له 111 بڕگه زیاد ده‌كه‌ن و كورد هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له كۆنتراكته‌كانی پڕچه‌ككردنی سوپای عێراق و گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و بانكی ناوه‌ندی و هه‌موو جومگه هه‌ستیاره‌كانی تری نه‌بێت كه به ملیاران دۆلار گه‌نده‌ڵی تێدا ده‌كرێت، ئه‌ی ئه‌مه پێوه‌ندی به به‌شێك له داهاتی كوردیشه‌وه نییه؟.
له ساڵی یه‌كه‌می حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدیدا جۆره هێوربوونه‌وه و باشبوونی تا ئاستێكی ئابووری ده‌بینین، به‌تایبه‌تی كه هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رزی پێوانه‌یی به‌های به‌رمیلێك پێترۆڵ له سه‌رووی 80 دۆلاره‌وه و سازشكردنی زۆربه‌ی حزبه كوردستانی و عێراقییه‌كان، ئه‌مه‌ش بۆ گه‌شه‌ی ئابووری و بازاڕ گرنگه، چونكه ئابووری سه‌قامگیری پێویسته و سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێش كه خۆی شاره‌زایییه‌كی باشی ئابووری هه‌یه، باوه‌ڕی به‌و بیردۆزه‌یه كه گه‌شه‌ی ئابووری سه‌قامگیری سیاسی ده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌و بێده‌نگییه‌یه كه پێش ره‌شه‌بایه، چونكه دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێك، ئه‌سته‌مه چاره‌سه‌ری خه‌له‌لی هه‌یكه‌له‌ی ئابووری تێكدراوی هه‌موو حكوومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق بكات و گه‌نده‌ڵی و مافیاكانی سیاسه‌ت كه خۆیان له‌ژێره‌وه سیاسه‌ت و ئابووری وه‌ك بووكۆڵه گه‌مه‌ی پێوه ده‌كه‌ن.
*ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سه‌ندیكای ئابووریناسانی كوردستان