جاشی ڕووت و قووت

PM:12:31:29/05/2020 ‌
ئێوە كەسێكتان بینیوە خۆی ڕووت بكاتەوە و عەورەتی خۆی دەربخات تا ڕەوشتی باوانی بڕووشێنێت، ئەی كەسێكتان بینیوە هەموو ڕۆژێك ژەهراو بنۆشێت تا بە خەم و حەسرەت دایكی مردارەوە بكات، ڕێك ئەم جاشانەی بەغدان كە لە لایەن خەڵكی كوردستانەوە ڕەوانەی پایتەختی عروبە كراون تا بە پێی ئەو دەستوورەی بە ڕەزامەندی هەردوو گەلی كورد و عەرەب بۆ پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانە داڕێژراوەتەوە؛ خزمەت بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بكەن، كەچی هەندێك لەمانە لە بەغداوە بوونەتە جاشی ڕووت و قووت و پارێزەری مافی زۆرینەی عەرەبن و دژ بە مافەكانی نەتەوەی خۆیان دەجووڵێنەوە.

بە ناوهێنانی ئەو جاشە ڕووتانەوە زاتێكی وەك (فرانس فانون) هاتەوە یادم كە لە ساڵی 1961 كتێبێكی بەناوی (ئەشكەنجه‌دراوانی سەر زەوی) نووسی، ئەو پزیشكە نۆرۆلۆژیكە ڕەشپێستە لە زەمانی داگیركاریی فەرەنسیدا و لە كەناراوەكانی مارتینیكی دەریای كاریبیەوە هات و لە جەزائیردا گیرسایەوە، لە شاری بلێدە پۆستی سەرۆكی پزیشكانی نەخۆشیە دەروونیەكانی وەرگرت، وازی لە فەرەنساوی بوونی خۆی هێنا و پێوەندی بە شۆڕشگێڕانی جەزائیریەوە كرد، لەوە بەدوا فانون توێژینەوەی لەسەر پێوەندی نێوان كەسایەتی ژێردەستەی داگیركاران دەست پێكرد و، بەشێكی گرنگی توێژینەوەكەی بریتی بوو لە كاریگەرێتی داگیركەر بەسەر كەسانێكەوە كە خاوەنی ڕاستەقینەی خاك و نیشتمانن.

سەبارەت بە دیاردەی بە پیرۆز تەماشاكردنی داگیركەر و ڕق لە خۆبوونەوەی هەندێك لە جەزائیریەكان و تف كردن لە نیشتمانیان و خۆ دۆزینەوەیان لە باوەشی داگیركارانیاندا، فانون چەند شرۆڤەیەكی ئەنجام دان، لەو شرۆڤانەیدا وشەكانی(خائین و خۆفرۆش)ی  كە ئێمە پێیان دەڵێین (جاش) خستە ژێر نەشتەری توێژینەوە مەیدانیە دەروونشیكاریەكەی خۆیی و تێیدا شرۆڤەی بۆ چۆنیەتی بیركردنەوە و دروست بوونی مەیلی خۆفرۆشی و نیشتمان فرۆشیی هەندێك لە جەزائیریەكانی دەكرد، لە هاوشێوەی ئەم چەند ئەندام پەرلەمانەی كە ئێستا لە بەغداوە بۆ نیشتمانیان چاڵ هەڵدەكەنن.

جاشه‌كان ڕقه‌كه‌یان ته‌شه‌نه‌ ده‌كات بۆ بێزلێبوونه‌وه‌یان له‌ كوردستان و نه‌ته‌وه‌ی كورد و ئه‌و ماڵه‌ی تێیدا له‌ دایكبوون و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی خاك و نیشتمانی خۆیان خۆش ده‌وێت
فانون ئەوانەی بە كەسە ڕق لەخۆهەڵگرتووەكان ناو لێناون، واتە كەسانێك كە گرێی ڕق لە خۆبوونەوەیان تێدا هەیە، مەترسی گەورەی ئەوانەش تەنیا لەو ڕقەیان نییە كە بەرانبەر كەسایەتی خۆیان هەیانەو بەوەشەوە ناوەستن، بەڵكو ڕقەكەیان تەشەنە دەكات بۆ بێزلێبوونەوەیان لە كوردستان و نەتەوەی كورد و ئەو ماڵەی تێیدا لە دایك بوون و تۆڵە كردنەوە لە هەموو ئەو كەسانەی خاك و نیشتمانی خۆیان خۆش دەوێت، بەو شێوەیە ڕەفتاری خیانەتكاری بە تف كردنەوە لە كوردستان و ڕەخنەگرتنی كوێرانەی هەموو شتێكی ناو ماڵی خۆ تەواو دەبێت، تا ئەو ئاستەی لە دوا قۆناغی ڕق ڕشتنیاندا دەست بۆ چەك دەبەن تا هەر هاونیشتمانیەكی دڵسۆز بە قەوارەی نەتەوە و خاكی خۆیان لەناو بەرن.

وەك وتم ئەم حاڵەتە لە ناو ئێمەدا بە جاش ناو دەبرێت، جاشە فانونیەكانی كوردستان بە هەڵگرتنی نەشتەری ژەهراوی داگیركارانەوە ڕووبەڕووی هاو زمان و هاو نیشتمان و هاو گەڕەك و هاو ڕەگەزی خۆیان دەبنەوە، سەرەتا تا قەرەبووی ئەو وێرانیەی ناو ناخی خۆیان بدەنەوە بە داشۆرینی هەرچی جوان و پیرۆزە دەست پێدەكەن لەو بارەیەوە(ئەریك ماریا ڕیمارك) بۆچوونی سەبارەت بەو كەسانە وایە كە ڕق كوێریان دەكات، ڕق جۆرێكە لە ترشەڵۆكەكانی كە دەروون دادەڕزێنێت، كەسی ڕقاوی تەنیا زیان بە خۆی ناگەیەنێت، بەڵكو ڕقی بەسەر ئەوانەشدا دەڕژێنێت كە ڕێز لە خۆی و نیشتمانەكەی و بەها باڵا مرۆڤایەتیە جوانەكانی ناو ماڵەكەی خۆی دەگرن.

سەرەكیترین ئاكاری جاش، بریتیە لە ئاكاری متمانە بەخۆ نەكردن، ئەوەش بە هۆی ناڕێكی لە پەروەردەی خانەوادەیی و دەوروبەرەوە دروست دەبێت، ئاكارێكی تری جاشایەتی بریتیە لە بڕواهێنانی جاشەكە بەوەی موستەهەقی هەموو شتێك بووە كە حەزی لێی بووە بەڵام لە تافی منداڵێتیدا نەیتوانیوە وەدەستیان بهێنێت، بۆ نموونە ڕەنگە بە مناڵی زۆر حەزی بە پارەخەرجكردن بوو بێت، بەڵام ئەو پارەیەی پێی دراوە كەم بووە و ئاواتەكانی تێر نەكردووە، بۆیە هەوڵ دەدات لە ڕێی داگیركارانی خاك و ماڵی خۆیەوە مشتێك پارەی چنگ بكەوێت، هەمیشە كەسایەتی جاش خەسڵەتی هەڵمەت بردن بۆ سەر ئەوانی تری تێدایە، جاش هەمیشە بەو بڕوایەوە پەلاماری ئەوانی تر دەدات گوایە بەرگری لە ڕووتێتی خۆی دەكات.

سه‌ره‌كیترین ئاكاری جاش متمانه‌به‌خۆنه‌كردنه‌ و ئه‌وه‌یش به‌هۆی ناڕێكی له‌ په‌روه‌رده‌ی ماڵبات و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی دروست ده‌بێت
ئێستا ئەم جاشە ڕووتانە بە تەنیا ئامادە نین خاك و ماڵ و وڵاتیان بە داگیركەر بفرۆشن بەڵكو بەو ڕقە كوێرانەیانەوە لە هەوڵدان سەری بەشێك لە دڵسۆزانی وڵاتیش پان بكەنەوە، كەم نین ئەو جاشانەی كە ڕقیان لە باوكیان دەبێتەوە لەبەرئەوەی باوكیان خەباتگێڕی ڕێبازێك بووە و تۆڵەی ئەوە لە باوكیان دەسێننەوە كە ڕۆژگارێك بە چیاكانەوە پێشمەرگە بووە و بە بێنازانە ئەمی بەجێهێشتووە، كەم نین ئەو جاشانەی تۆڵە لە دایكیان دەكەنەوە و هەنجەت بۆ ئەو تۆڵە كردنەوەیەیان بەوە دەگرن گوایە دایكیان فەرق و جیاوازی لە نێوان ئەم و خوشك و براكانیدا كردووە، جاشە ڕووتەكان نەفرین لە كەسوكاریان دەكەن و هەموو هاریكاریەك لە نزیكەكانیانەوە ڕەت دەكەنەوە، هەموو شتێكی جوانی ئەوانی تر بە سوكی تەماشا دەكەن و خەون و ئاواتی هەموو كەسێك تێكدەشكێنن، تەنانەت ئاواتی ئەو كەسانەش كە بیانەوێت چاكسازی لە هەڵەكانی پێشووی نیشتمانەكەیان بكەن، جاش هەمووانی پێ گەمژەن، گومان دەخاتە سەر پرۆژە و نیەتی كەسانی دڵسۆز بە بەها مرۆڤایەتیەكان.

جاشی ڕووت كەسێكە نایەوێت بەرگی هاوبەشایەتی لە كاری چاكەدا بپۆشێت، ئامانجی بنەڕەتی جاشی ڕووت بریتیە لە بڵاوكردنەوەی ڕقەكەی تا ئەوی بەرانبەری پێ تێك بشكێنێت، جاشی ڕووت زۆرجار بۆ ئەوەی ڕقەكەی خۆی لە بەرزترین لووتكەوە بەسەر ئەوانی تردا بڕژێنێت، جار هەیە ساڵانێك خۆی ماندوو دەكات تا بڕوانامەیەكی بەرز یان پۆستێكی باڵا بە دەست بهێنێت و ئیتر لەوێوە بتوانێت زۆرترین كاریگەرێتی بەد و بەدفەڕانەی خۆی بەسەر ئامانجە ڕووخێنەرەكەی خۆیدا هەبێت، ئەم ڕقە دەگشتێنێ بەسەر بەرانبەرەكەید او لە هەوڵیشدا دەبێت زۆرترین لایەنگر بۆ ڕشتنی ئەم ڕقەی لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە و هەمووان وەك خۆی ڕووت بكاتەوە.

جاشەكانی جاران فەوجیان دادەنا و زۆرترین چەكیان لەسەر دەوربەریان دابەش دەكرد، جاشە ڕووتەكانی ئێستا لە پایتەختی وڵاتی داگیركارەوە بۆ زۆرترین جاشی وەك خۆیان ڕووت ئاسا بانگەواز دەكەن تا ناو ماڵی خۆیان بەقەرەبرووت بكەن و لە ژێر كۆمەڵێك دروشمدا كە خۆیشیان بڕوایان پێی نییە تەڕ و وشكی شار و گەڕەك و نیشتمانی خۆیان پێكەوە بسووتێنن، بێگومان ئاگرە سوورەش هەر لە خۆیان دوورە، پێویستە ئەو جاشە ڕووتانە پەراوێز بخرێن، بەڵام ئەگەر لە پەراوێز بوونیشدا سامناكایەتیان زیاتر بوو باشتر وایە بە تەواوی لەگەڵیاندا پێوەندی دابپچڕێنرێن، هەموو ئەو كەسانەی كە بۆ كێشەكانی خۆیان یەخەی كەسانی تر دەگرن، هەمیشە ئەو كەسانەن ئەگەر داگیركاران بچنە بن كڵێشەیانەوە زۆر بە ساناتر دەبنە جاشی ڕووت، ئەگەر تۆ خاوەنی ئیرادە و كەسایەتی سەربەخۆی خۆتی، مەهێڵە جاشێك وەك خۆی ڕووت و قووتت بكاتەوە.