(سوودی پێڵاوێكی ته‌سك چییه له دنیایه‌كی به‌ریندا) ئه‌مه‌یان و تهزایهكی دێرینه‌ی تره و له پێناوی خه‌ڵاتكردنی پێڵاودا ده‌گوترێته‌وه، پێڵاوێك پێیه‌كانی ئه‌و كه‌سه بپارێزێت كه به دوای حه‌قیقه‌تدا وێڵه، له ناو باخچه‌كانی مه‌عریفه‌دا ڕاوچییه.
ڕه‌نگه ئه‌م وتهزایهیان پڕ به واتای خۆی گه‌وهه‌ری لێ بڕژێت و له‌گه‌ڵ دیمه‌نی ڕه‌شپۆشانه‌ی ئه‌و دایكانه‌دا بگونجێت كه له ناو دنیای به‌ریندا ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان هه‌نجن هه‌نجن كردوون، ماڵه‌كه‌یان خستوونه‌ته سه‌ر حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی ماڵانی دراوسێ، به پێچه‌وانه‌ی وتهزاكهی محه‌مه‌د ماغووتێك كه لایه‌نگرێكی توندڕه‌وی پارتێكی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی بووه، ڕۆژێكیان بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئاهێك و بۆ وه‌بیرخستنه‌وه‌ی ویژدانیی به ئازاری خۆی گوتی ((هیچ شتێك به‌م خاكه‌وه نامبه‌ستێته‌وه، پێڵاوه‌كه‌م نه‌بێت.))
به‌ڵام چ كاتێك ماغووت ئه‌م قسه‌یه‌ی كردووه، ئه‌و كاته بوو كه وه‌ك قوڕبهسهرێكی سه‌رلێشێواو، به‌سه‌ر قهڕهوێڵهیهكی هۆتێلێكی به‌یرووته‌وه له‌سه‌ر سك لێی پاڵ كه‌وت و ڕۆبه خورییه‌كه‌ی سه‌ر شانی لێ فڕێ دا، پێڵاوه‌كانیشی به ههڵهوهگێڕاوهییهوه له سووچێكی ژووره‌كه‌وه ته‌ماشای تووڕه‌یی خاوه‌نه‌كه‌یان ده‌كرد، ئیتر له‌به‌ر تینی سۆپایه‌كی گه‌رمدا په‌خشانێكی نووسی كه ئه‌م وته‌زایه‌ی تێدا بوو، له‌و كاته‌دا ماغووت ڕێزی خۆی له ده‌ست دابوو، له خاكی باب و باپیرانی خۆی كه شاری حومای سووریایه، دوور خرابووه‌وه و له هه‌ڵچوونێكی سۆزدارانه‌ی كوێردا سته‌می ڕژێمه سه‌ركوتكاره عه‌ره‌بییه‌كانی له‌گه‌ڵ پیرۆزی خاكه‌كه‌یدا تێكه‌ڵاو كرد و به‌و شێوه‌یه بێزاری ڕۆژانه‌ی خۆی به خاك و نیشتمانه‌كه‌ی ڕشت.
پێڵاوه‌كانی ماغووت، پێڵاوی ئه‌و ده‌یان هه‌زار كورده ئه‌نفالكراوانه‌ی ناو بیابانه‌كانی عێراق نییه كه له پێی خاوه‌نه‌كانیان نه‌ده‌بوونه‌وه و هه‌ر به‌و پێڵاو و جلوبه‌رگ و كڵاو و جامانانهی سه‌ریانه‌وه، له‌به‌ر كوردبوونیان له ناو لمدا زینده‌به‌چاڵیان ده‌كردن.
هه‌مان پێڵاوی ئه‌دیداسی خوێناویی ئه‌و پێشمه‌رگانه نییه كه له ساته‌وه‌ختی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یاندا له به‌رانبه‌ر خاك داگیركارانی كوردستان، شه‌هید ده‌كران و هه‌ر به پێڵاوی پێیانه‌وه ده‌نێژران.
له ماوه‌ی 20 ساڵی پێشوودا زۆر كه‌سی له خشته‌براوی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراو، به نالۆجیكانه و له به‌رانبه‌ر بێزاربوونی ڕۆژانه‌یاندا، چ له‌به‌ر بێكاری بووبێت یان له پێناوی ژه‌مێكی نانهسكیدا، چ به‌هۆی لاوازی هۆشیاری نیشتمانییه‌وه بووبێت یان هه‌ر بۆ تانه‌وته‌شه‌ر، ئه‌م وته‌زایه‌ی ماغووتیان ئه‌زبه‌ر كردبوو، هه‌ر ئه‌و وه‌رگێڕ و ئه‌دیبه كوردانه‌ی كه ڕێبازی پووچگه‌رایی فێری قسه‌ی باق و بریقی سۆزدارانه‌ی كردبوون، ئیتر وتهزاكهیان ته‌رجه‌مه‌ی كوردی كرده‌وه و مایكیان خسته پێشی كه‌سانێكی بێزار و گه‌مه‌یان به هۆش و ئیراده‌یان ده‌كردن و وه‌ك تووتی قسه‌كه‌ی ماغووتیان پێ ده‌وتنه‌وه، مخابن هه‌رگیز باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد كه‌سایه‌تییه‌كی به‌ڕێزی وه‌ك (شێرزاد حه‌سه‌ن) له‌م ڕۆژانه‌دا ئه‌م وته گێڕ و گهلۆرهی ماغووت له دانیشتنێكی ئه‌ده‌بیدا بجوێته‌وه.
16 ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر دوایه‌مین جار بوو كاتێك شێرزاد حه‌سه‌نم له به‌رده‌م باڵوێزخانه‌ی نه‌رویج بینییه‌وه، به‌یانییه‌كی پڕ له زوقم و سارد و سڕی ناو تاران بوو، من و منداڵه‌كانم له‌به‌ر قاپی ده‌ره‌وه‌ی باڵوێزخانه‌كه‌دا به مه‌به‌ستی مامه‌ڵه‌كردن بۆ وه‌رگرتنی ڤیزه‌ی نهروێج، چاوه‌ڕوان بووین و له سه‌رمادا هه‌ڵده‌له‌رزین، ئه‌و به‌یانییه به ڕێكه‌وت شێرزادیش بۆ كاروبارێكی ڕۆتینی خۆی له نۆره‌دا بوو، له‌و ڕۆژانه‌دا هه‌ر له باڵوێزخانه‌ی نه‌رویجی هه‌موو كاروباری هاووڵاتییانی وڵاتی فینلهندیشیان له‌و شوێنه‌دا ڕایی ده‌كردن، چونكه چه‌ند ڕۆژێك پێشتر باڵوێزخانه‌كانی دانیمارك و فینله‌ندا، له‌لایه‌ن خۆپێشانده‌رانی سوپای قودسه‌وه وه‌به‌ر شووشه‌ی نه‌فتالین درابوون، ئه‌وه‌ش وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك به‌رانبه‌ر كاریكاتێریستهكهی كه وێنه‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامی كردبوو، ئیتر هه‌ر ئا له‌وێدا به‌سه‌ر بۆنیتی ماشێنێكی پهیكانهوه، شێرزاد حه‌سه‌ن هاوكارییه‌كی كردین، باشم به بیرم دێت كه به ده‌م پڕكردنه‌وه‌ی ئهنسۆكانێكهوه پێم گوت:
((ئای مامۆستا گیان.. ئه‌گه‌ر بێ ده‌وڵه‌تی و بێ ئاڵایی نه‌بێت، بۆچی من و تۆ ئێسته وا كڵۆڵانه بۆ وه‌رگرتنی ڤیزه‌ی وڵاتێك لێره‌دا ههڵدهگورمێین، له ناو پایته‌ختی داگیركارێكی خاكه‌كه‌مانه‌وه نۆره بۆ ڤیزه‌یه‌ك ده‌گرین، ئه‌وه‌تا له‌م سه‌رما و سۆڵه‌یه‌دا هه‌ڵده‌له‌رزین و په‌نجه‌كانمان به قه‌ڵه‌مه‌كه‌وه گۆ ناكه‌ن و قاپی باڵوێزخانه‌ش به ڕووماندا ناكرێته‌وه.))
ئه‌ویش به خه‌نده‌یه‌كی ته‌وس ئامێزه‌وه له وه‌ڵامدا گوتی: ((ئیتر ئێمه‌ی كورد نه‌گبه‌تین، ژێرده‌ستی بێگانه‌ین، له‌سه‌ر خاكی خۆمان بێگانه كراوین.))
ئه‌ی كه‌واته به‌ڕێزم.. كه‌سێك ژێرده‌سته‌ی قه‌وم و قیله‌ی تر و خه‌ڵكانێكی داگیركه‌ر بێت، چ پێویسته ته‌نیا پێڵاوه‌كانی به خاكه داگیركراوهكهیهوه بیبه‌ستێته‌وه، ئه‌ی ویست و دڵ و هه‌ست و هۆشیی چ واتایه‌كیان بۆ ده‌مێنێته‌وه!
ئه‌ی یه‌كه‌مین قیژه‌ی دایكت كه وه‌ك كۆرپه‌ڵه ساوایه‌ك تۆی له دامێنه‌وه خسته سه‌ر ئه‌م خاكه، خۆ كه‌مێك وه‌فا و ڕێزت بۆ خاكه‌كه‌ت لا ده‌مێنێت!
دڵنیام ماغووت كاتێك ئه‌و وته‌زا شێتانه‌یه‌ی له زار ده‌رچووه، وه‌ك كه‌مترین كه‌ره‌سه‌ی مرۆڤ كه له نزمترین شوێنیدایه كه پێیه‌تی، ته‌ماشای پێڵاوی كردووه، وه‌ك واتایه‌كی مه‌جازی به‌كاری هێناوه‌ته‌وه، له‌و كاته‌دا پێڵاو به لای ئه‌وه‌وه، هه‌ر هێنده به‌های هه‌بووه، به پێچه‌وانه‌ی شارستانییه‌ته پێشكه‌وتووه‌كانی مرۆڤایه‌تی كه وا پێڵاویان خۆش ده‌وێت، له خاوێنكردنه‌وه‌ی ددانه‌كانی ناو ده‌میان باشتر خاوێنی ده‌كه‌نه‌وه.
پێڵاو به‌شێكه له كولتووری مرۆڤ، ماغووت ده‌ڵێت "من ڕقم له گه‌ڕانه‌وه‌یه به‌ره‌و ماڵه‌وه، وه‌ك چۆن بێزم دێته‌وه له گه‌ڕانه‌وه بۆ كولتوور".
به‌ڵام شێرزاد گیان خۆ تۆ كه سه‌ره‌تای گیرسانهوهت بوو له وڵاتێكی ئه‌وروپاییدا، بیرت دێت ئێواره‌یه‌كیان پێوه‌ندیت به ستۆدیۆی ته‌له‌ڤزیۆنی گوڵانه‌وه كرد و له به‌رنامه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆدا له ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه به كوڵ گریایت، ده‌زانیت بۆچی گریایت، له پێناوی ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێیته‌وه سه‌ر خاكی كوردستان و چاوێكت به‌و خاك و كانیاوانه‌ی كوردستان بكه‌وێته‌وه، كه‌واته كه به‌ڕێزێكی وه‌ك تۆی به ویقار و دڵسۆز بۆ كوردستان، ڕقت له ماڵه‌وه‌ت نابێته‌وه و له هه‌ندێك په‌ره‌گرافی چیرۆكه‌كانت بۆنی ئه‌شق و ئه‌وینی خاكیان لێ بڕژێت، ئیتر بۆچی ئه‌و وته‌زا ناگونجاوهی ماغووتێك به گوێی كڵۆڵه‌كانی سه‌ربه نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاك زه‌وتكراوی بێ ده‌وڵه‌تدا دهچڕیتهوه.
ماغووتێك كه پاسپۆرت و ناسنامه‌ی وڵاتی خۆی له چاویلكه‌كانی باشتر ده‌پارێزێت و له ده‌ربڕینه‌كانیدا شتی تر ده‌ڵێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕاست ناكات، تۆ بۆچی و به چ مه‌به‌ستێكه‌وه وتهزایهكی بازاڕییانه‌ی ئه‌و ده‌ئاخنیته ناو قسه‌كانته‌وه.؟
ماغووت له‌و پهخشانهیدا ده‌ڵێت، "شتێك نییه به‌م خاكهوهم ببه‌ستێته‌وه پێڵاوه‌كانم نه‌بێت. شتێك نییه به‌م باخچانهوهم ببه‌ستێته‌وه سروه‌ی بای شه‌ماڵێك نه‌بێت، كه به ڕێكه‌وت پێیدا ڕاگوزه‌ر بووم.. ئه‌وه‌ی په‌نجه‌ش بۆ گوڵێكی به‌رێت، په‌نجه‌ی له دڵم چه‌قاندووه. )
وته‌ی كه‌سایه‌تیی سه‌ربه نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێت كه ماغووت ئه‌ندامی یه‌كێك له‌و نه‌ته‌وانه‌یه و سه‌ربه پارتێكی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی توندڕه‌وی ئه‌وان بووه، ئه‌وانی داگیركا‌ر كه ده‌یان هه‌زار په‌نجه‌ی شایه‌تمانیان به پیتكه‌ی تفه‌نگدا ناوه و به درێژایی مێژوو ملیۆنێك منداڵی كورد (كه ته‌مه‌نیان له ته‌مه‌نی گوڵدا بوون)، له خوێنی خۆیاندا گهوزاندوویانن؟.
تكایه كاتێك ماغووتی براده‌رت بینی لێی بپرسه و پێی بڵێ، "سه‌یدی ئه‌گه‌ر مرۆڤت له خاكه‌كه‌ت خۆشتر ده‌وێت، بۆچی به دێڕه شیعرێكیش باس له‌و زۆرداری و خوێنڕێژییانه ناكه‌یت كه له به‌رانبه‌ر منداڵانی بێتاوانی نه‌ته‌وه‌ی كورددا ئه‌نجام دراون؟".