جوان به‌كر مه‌عرووف
ساڵی ٢٠٠٨ له گۆڤاری (ئه‌ستێره) له سلێمانی كارم ده‌كرد، ئه‌وكات هه‌ر خۆیشم به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینه‌كه‌ی بووم و به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ڕیپۆرتاجێك له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی (مامۆستایانی ئاینی) له‌گه‌ڵ چه‌ندان مامۆستا كاتی چاوپێكه‌وتنم دیاری كردبوو.
هه‌موو ئه‌و مامۆستایانه‌ی چوومه دیدار و چاوپێكه‌وتنه‌وه له‌گه‌ڵیان (گوتارخوێنی مزگه‌وته‌كانی ناوشار بوون)، ڕۆژێكیان له‌گه‌ڵ یه‌كێكیاندا من زووتر له كاتی دیاریكراو چووم و بینیم، مامۆستا خه‌ریكی ده‌ستنوێژگرتن بوو، یادی به‌خێر لێره‌دا ناوی مامۆستاكه و مزگه‌وته‌كه ناڵێم چونكه باسی ساڵه‌كه‌م كردووه ئه‌گه‌ر به دواداچوونی بۆ بكرێت به روونی ده‌ناسرێته‌وه، بۆیه لێره‌دا پێویستمان به ناوی نییه.
به‌هه‌رحاڵ هه‌ر له دووره‌وه چوومه ناو مزگه‌وته‌كه‌وه و چیم بینی؟ هه‌ی هاوار، به ئه‌سته‌م سڵاوم بۆ كرا و چاوم زه‌ق بوو، گیانیشم كه‌وته له‌رزه و په‌شۆكام له تاو جوانی. ده‌ست و قاچی مامۆستا ده‌تگوت گڵۆپی شیرییه درێژه‌كانه "شه‌معه" ڕووناكی ده‌دایه‌وه، سپی سپی، پڕ و ماسولكه به‌هێز.
زوو زوو ده‌ستنوێژی هه‌ڵده‌گرت و به‌ده‌م ورتهورتێكی ده‌كرد لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتم، ته‌نیا به‌حاڵ وه‌ڵامی سڵاوه‌كه‌ی منی دایه‌وه و كه له ده‌ست و ده‌موچاو شووشتن ته‌واو بوو، كه‌وته شووشتنی قاچه‌كانی و شه‌رواڵه‌كه‌ی تا كه‌مێك خوار ئه‌ژنۆی هه‌ڵكردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ڕ نه‌بێت.
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی دڵۆپه ئاو باوه‌شی كرد به قاچ و پووزی مامۆستادا و هێواش هێواش مووه‌كانی سه‌ر پێستی نه ڕه‌ش نه قاوه‌یی له‌گه‌ڵ ئاوه‌كه‌دا له‌سه‌ر پاوپووزی ده‌ستی یه‌كیان گرت و سه‌مایان ده‌كرد له‌به‌رچاوم، نه‌مده‌زانی فریای ته‌ماشاكردنی كامیان بكه‌وم، جوانیی بازووه‌كانی یان پووز و پێی، جا چونكه نه‌هامه‌تی و سه‌رما و گه‌رمای ڕۆژگاری نه‌بینیبوو، هه‌ر له به‌یانی له‌ناو خانووی مزگه‌وته‌كه‌دا له‌به‌ر كه‌شوهه‌وای دڵخوازی خۆیدا ژیانی كردبوو، بۆیه ده‌ست و پێستی ده‌تگوت توێی ئاوه، هێنده جوان بوون.
به‌بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌كی زیاتر له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ین، من له‌و كاته‌دا پله‌ی گه‌رمام چووبووه سه‌ر، نازانم له‌وانه‌یه سه‌رووی تای ئاسایی بووبێ. دڵم هێنده به خێرایی لێدانه‌كانی تۆمار ده‌كرد ئه‌گه‌ر له‌وكاته‌دا (ڕینیهلینك) كه پزیشكێكی فڕه‌نسایی بوو بۆ یه‌كه‌م جار ئامێری پشكنینی لێدانی دڵی دروست كرد له‌وێ بووایه، هه‌رگیز به‌م یاسایانه‌ی ئێسته هه‌یه دروستی نه‌ده‌كرد، چونكه لێدانی دڵم و حه‌ز و ئاره‌زووم بۆ مامۆستا هێنده به‌هێز بوو نه‌ك له خوله‌كێكدا (٧٢) جار، بگره زۆر زۆرتر لێی ده‌دا و بۆم نه‌ده‌هاته ژماردن.
چی بكه‌م به‌ده‌ست خۆم نه‌بوو دڵم فڕی و ده‌مم وشك بوو. به‌ڵام هه‌رچۆنێك بوو، زۆرم له خۆم كرد تا كۆنتڕۆڵی خۆم بكه‌م، هێنده‌ی نه‌برد مامۆستا ته‌واو بوو له ده‌ستنوێژ و فه‌رمووی لێ كردم چووین له شوێنی نوێژكردن دانیشتین و منیش به‌دوایدا ڕۆیشتم، ئه‌و خواگرتووهش بۆ ئه‌وه‌ی ئاوه‌كه به قاچ و ده‌ستیه‌وه وشك ببێته‌وه و خێری زیاتری بۆ بنووسرێ، نه كراسه‌كه‌ی دادایه‌وه نه شه‌رواڵه‌كه‌ی هێنایه خواره‌وه.
ده‌ی دانیشتین و ده‌ستمان كرد به پرسیار و وه‌ڵام هێنده ماندوو بووبووم بۆی، ناچار سێ پرسیارم بۆ نووسی و گوتم مامۆستا گیان ئه‌رك نه‌بێت ئه‌م سێ پرسیاره بخوێنه‌وه و وه‌ڵامم بده‌ره‌وه. ئه‌ویش گوتی به پشتیوانی خوای گه‌وره.
ئیتر هاوارم كرد وه‌ك هاواری هه‌میشه‌یم له ڕابه‌ری ڕۆحی خۆم (حه‌لاج)ی پڕ له عه‌شق. ئه‌و چونكه كاری عه‌شق و خۆشه‌ویستییه، به یه‌ك هاوار ده‌گاته ناو دڵ و ناخت.
هات و هاواری باری خۆمم بۆ كرد و گوتم قوربان من به‌و پێیه‌ی هاومهزهوتانم ترسام ده‌ست و قاچی مامۆستا كه‌تنێكم پێ بكات. (حه‌لاج)یش به خه‌نده‌وه هات و ده‌سته‌كانی گرتم گوتی وه‌ره بڕۆین دوو كڵاو و دوو كراسی سه‌مای سۆفییه‌كانی (ڕۆمی) له‌گه‌ڵ خۆی هێنا و پێكه‌وه له‌سه‌ر ده‌ست و بازووی مامۆستا، من و حه‌لاج و كراس و كڵاوه‌كه و مووه قه‌شه‌نگه پڕ له پیاوانه‌كانی مامۆستا، كه‌وتینه سه‌ماكردن.
ئای چ سه‌مایه‌كی خۆش و چ هه‌ستێكی جوان بوو.
من له خه‌یاڵی قووڵ و سه‌مای پڕ عه‌شقدا بووم.
ئێمه هه‌موومان له‌وێ به‌ده‌م سه‌ماوه مه‌ست بووین له‌وێ له هاواری (خۆ و خودا)بووندا بووین.
له پڕ مامۆستا به قوڕگی دوو (ئحم ئحم)ی كرد.
ئێمه‌ش ده‌ستمان به‌رداو....
له دنیای حه‌لاج و مه‌ولاناوه هاتمه‌وه ناو چوار دیواره‌كه‌ی مزگه‌وته‌كه، مامۆستا ده‌ستی كرد به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان و منیش ده‌ستمم نا به تۆماره ده‌نگییه‌كه‌ی كاری رۆژنامه‌وانیمدا.
له دوای ته‌واوبوونی پرسیاره‌كان، كه‌وتمه پرسیار له‌سه‌ر (حه‌ڵاڵ و حه‌رامكردن)ی جه‌سته‌ی ژن و پیاو، مامۆستا گوتی ئه‌مه له حه‌دیسدا هه‌یه و (حهدیسهكهیش له سونه‌تی داود ژماره ٤١٠٤ حه‌دیسێكی ئاشكرایه و ده‌ڵێت (محمد رسول الله صلی الله علیه وسلم: عوره الرجل ما بین سرته إلی ركبته).
گوتم مامۆستا به‌ڕاست؟ گوتی به‌ڵێ به ڕاست. گیرم خواردبوو، له دڵی خۆمدا ده‌مگوت خوایه گیان من له ماڵه‌كه‌ی تۆ دانیشتووم، ئاخر نابێ بێنهزاكهتی نیعمه‌ته‌كانت بكه‌م، ئێسته چۆن به مامۆستا بڵێم ئاخر وانییه، وا من وه‌خته كوێربم بۆ قۆڵ و قاچی تۆ.
جارێكی تر هاوارم كرده‌وه له حه‌لاج و هاته‌وه دیدارم گوتم پایه‌داری مه‌زه‌وی عه‌شق، من سه‌رم لێشێواوه ئێسته نازانم ئه‌م حه‌دیسه به‌ناوی سه‌روه‌رمان محه‌مه‌ده‌وه گوتراوه یان به ڕاستی خۆی فه‌رموویه‌تی؟
حه‌لاج گوتی نازدارم ئه‌گه‌ر ئه‌وه گوته‌ی محه‌مه‌د بێت، مادام تۆ هه‌یت و حه‌زت له ده‌ست و قاچی پیاوێك كردووه، كه وابێت ده‌بێ ده‌ست و قاچی ژنیش له حه‌رامكراوه‌كان ده‌ربێنن یان ئه‌وه‌تا هی پیاویش حه‌رام بكرێت. حه‌لاج زیاتریش گوتی، ئه‌گه‌ر له من ده‌پرسی ئه‌وه كفری نیعمه‌تی خوایه تۆ ته‌ماشاكردنی ده‌ست و قاچی پیاوێك به‌و جوانییه كه خودا داویه‌تی، به حه‌رامی بزانیت.
گوتم باشه مه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ری نازدار هه‌موو گوته و وهحییهكانی ناڵێن له خودا وه‌رگرتووه؟ مه‌گه‌ر خودا بیری نه‌بوو ڕۆژێك مه‌خلووقێكی وه‌ك من دروست ده‌كات؟ ئه‌ی ئه‌وه نییه من حه‌زم جووڵاوه.
حه‌لاج به خه‌نده‌وه گوتی، گوڵم ئه‌م دنیایه عه‌شق ده‌یبات به‌ڕێوه نه‌ك تێكسته‌كان، هه‌سته چی ده‌تباته‌وه ناو عه‌شقی خودا ئه‌وه گوێ لێ بگره.
من هه‌ر ده‌مگوت و حه‌لاجیش هه‌ر ده‌یگوت عاشق به. من و حه‌لاجی پڕ له عه‌شق نه‌گه‌یشتینه ئه‌نجام و نه‌مانده‌زانی من له‌بیركراوم له كاتی ئه‌و فه‌توایه‌دا، یان فه‌تواكه ڕاست نییه و بوختانه به زاتی گه‌وره‌ی محه‌مه‌د دروودی خوای له‌سه‌ر بێت.
زۆرمان گوت، حه‌لاج گوتی هه‌سته به‌سه و بڕۆ به‌رماڵی ئاگایی له دڵتدا ڕاخه و نوێژی عه‌شق بۆ خودا بكه و ڕووناكی خۆی له درزه‌كانی بوونه‌وه دێته ناوته‌وه و به حه‌قیقه‌ت ده‌گه‌یت.
منیش له‌سه‌ر داوای حه‌لاج چاوپێكه‌وتنه‌كه‌م له‌گه‌ڵ مامۆستا به كۆتا گه‌یاند و گوتم مامۆستا گیان سوپاس بۆ هه‌موو شتێك، به‌ڵام به‌ر له ڕۆیشتنم له‌سه‌ر ئه‌و حه‌دیسه‌ی كه بۆت باس كردم سوێند به خوا من ئێسته حه‌زم له گازێكی ده‌ست و مه‌چه‌كی تۆیه.
مامۆستا داچڵه‌كی و من گوتم ماڵئاوا. هێنده تاسا له گوتهكهم ده‌می داچه‌قی و ته‌نیا به ده‌ست توانی بڵێ ماڵئاوا.