ئێمە و فەرهاد پیرباڵ

AM:10:09:16/09/2019 ‌

لە وڵاتانی ئەوروپادا و بەتایبەت لە شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆم, هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان کارێکم نەکردووە ئەڵمانیه‌ک یان ئەوروپایيه‌ك لێم بێزار بێت. ڕێزێکی زۆریان دەگرم تا ئه‌و ئاسته‌ی هەرگیز لە ناو دەرگادا لە پێشیانەوە ناڕۆم و دەرگا نادەمەوە بەڕوویاندا, لەسەر شۆستەی شەقامەکان ئەگەر ڕێڕەومە بۆ یەک کەس یان دوان بێت ڕێگەیان بۆ چۆڵ دەکەم و ڕێ دەدەم ئەوان لە پێشمەوە بڕۆن. ئەگەر ئەوانيش ڕێگە بۆ من چۆڵ بکەن, سوپاسیان دەکەم. زۆر جێگە و زۆر شتی تریش ئەوان پێش خۆم دەخەم.


بە بەهانەی ئەوەی نیشتمانی خۆیانە و من لێرە ڕێگەپێدراوم مافی ئەوە بەر لە من لەم وڵاتەدا رێزی بگیرێت و نامەوێ نائاسوودەيی دەروونیان بۆ دروست بکەم و ڕای ناشیرینیان لەسەرم هەبێت, بەڵام وەی بەحاڵی ئەو کەسەی ئازارم پێدەگەیەنێت یاخؤ قسەی تاڵ بەرانبەر نەتەوەکەم دەکات. هەرگیز لێی خۆش نابم. وەک شێوازی گوتنەکەی خۆيشی وەڵامی دەدەمەوە ئەگەر ئارام بێت ئارام و تووند بێت تووند دەبم. جا باجەکەيشی چی بێت ئامادەم بەرگە بگرم به‌س لە مافی خۆم خۆش نابم.

کات هه‌بووە ڕەخنە لە مۆدێرنبوونی کۆمەڵگه‌کەم گیراوە و منیش زۆر بە ئارامی هەرچی هەڵەی خۆیانە پێم گوتوونەتەوە, هەڵبەت ئەگەر ئامانج لە گوتەکەیان بە کەم بینینی کۆمەڵگه‌ی من بووبێت. لەناو ڕەخنەکانمدا لە ئەڵمانەکان ئەوەم داوەتەوە بە چاویاندا کە بێڕێزیان بە نووسەرانی خۆیان زۆر کردووە لە کاتی خۆیدا, بۆ نموونە (نێتچە).

هەر بۆیە لەوە تێگەیشتووم کوشتن و ئازاردان و گرتنی نووسەران و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر, بۆ مێژوومان پەڵەیەکی ناشرینە و ڕۆژێک دێت وەک ئێسته‌ی من کەسێک لە کورد ڕاست دەبێتەوە و ئەم هەڵانەمان بە چاودا دەدەنەوە.


بۆیە هەوڵی ئاشتەوایی بۆ کەسایەتیەکی ناسراوی وەک (دکتۆر فەرهاد پیرباڵ) لەپێناوی ناو و ناوبانگی نەتەوەییدا ئەرکێکی نیشتمانی دەبینم.


پێوەندی نێوان دکتۆر و ماڵی وەفايی

ئەم بەڕێزانە پێکەوە کاریان کردووە و ناچێتە باوەڕی منەوە شتێک هەبێت بە ناوی (ڕقی کەسيی) لە نێوانیاندا پاڵپشت بەوەی خۆم لە پێوەندی دەنگی لە ڕێگەی ماسنجەرەوە قسەم لەگەڵ (کاک سۆرانی ماڵی وەفايی کرد) واتێگەيشتم ئەمانیش خۆشحاڵ نین بەم ڕووداوە و خۆشحاڵیش دەبن کێشەکەیان زوو چارەسەر بکرێت, منیش هاوخۆزگەیانم.

وەک بەڕێزانی (ماڵی وەفايی) زیانی داراییان بەرکەوتووە و خاوەن ماڵ و منداڵن و مافی خۆیانە ماڵەکەیان چاک بکرێتەوە. ماڵی وەفايی ئاگاداری ئاڵۆزی دەروونی دکتۆر هەن و پێشیان ناخۆشە و پێم وایە تا ئاستێكیش بێدەنگی لە زۆر مافی خۆیان دەکەن لەبەر ئەو بارەی دکتۆری تێکەوتووە


دکتۆرو مافەکانی

دکتۆر فەرهاد خۆی بە مافخوراو دەزانێت و ڕەخنەی لە یاساکانی (کۆپی ڕایت هەیە لە کوردستان) و دەڵێ مافم خوراوە .

لە نێوان دکتۆر و ماڵی وەفايی نابێت لایەنگری بکەین و ئەرکە لەپێناوی ناو و ناوبانگی کۆمەڵگه‌کەمان و مافی هەردوولایاندا, دەستی ئاشتەوایی ڕابکێشین و ئەوەی هەردوولا خۆیان بە مافخوراو دەزانن پێویستە گوێیان بۆ بگرین و هاوکار بین چارەسەری کێشەکە بکرێت, چونكه‌ من تا آاستێكی زۆر کەسیان بە تاوانبار نازانم و کێشەکە نەبوونی یاسایە لەو بارەیەوە.


دەستەڵات و دکتۆر فەرهاد پیرباڵ

بەهیچ شێوەیەک دکتۆر دژی دەسەڵات نییە، تەنيا ئاگایی بەرزی دکتۆر وای کردووە کۆمەڵگه‌ی کوردی لە زمان و شێوازی قسەکردنەکانی بە ئەستەم تێبگەن و لە بیری نەکەین لەو کۆمەڵگه‌ی خۆمان گوتەیەکمان هەیە دەڵێین (گڵۆڵەم کەوتە لێژی, کەس باشەم نایەژی).

دکتۆر دژی یاساکانی بەڕێوەبردن و بیرۆکراتيیە. به‌ڵام له‌ناو دکتۆردا شتێک نییە بە ناوی ڕق. ئامانج لێی ئەو بەڕێوەبردنە خاو و خلیچکەیە کە ئەگەر داوایەکت هەبێت دەیانجار لە ڕووی یاساییەوە بچۆرە بەردەم دادگا, یاسا بۆ تۆ ناگۆڕن. بۆیە دکتۆر بۆ فشارخستنە سەر یاساکان و حکوومەت ناچار بەم کردەوەی بوو.


ئەو کەسانەی دکتۆر هاواریان لێ دەکات و لێیان تووڕە دەبێت

دکتۆر بەهیچ شێوەیەک ڕقی لەم کەسانە نییە و تەنيا ڕەخنەی لە شێوازی کاری بەڕێوەبردنیان هەیە و دەیەوێ حکوومەت بە ئاگا بکاتەوە لە سیستمە مۆدێرنەکانی جیهانی ئەمڕۆ.

ئەگەر دکتۆر هاوار دەکات دەڵێ چاکی بکەن ناڵێ من ڕقم لێتانە ئەم شێوازە تووندەی دکتۆریش لەو فەلسەفەیەوە دێت, چونکە بە ئاگایە لەو شاخە بەستەڵەکەی کۆمەڵگه‌کەمان و دەیەوێت بە پیک دایڕمێنێ و سەرلەنوێ دایڕێژنەوە, بۆ ئەمەش لە کۆمەڵگه‌یەک بەتەنيا تاکە ئۆپۆزسيۆنە نە خاکی فرۆشت و نە کەسی بە کوشت دا و نە سەربە میت و ئیتڵاعاته‌.


دکتۆر و هەژاريی

باوەڕناکەم مرۆڤێکی كورد هه‌بێت هەژاری نەدیبێت, دکتۆر بێتەوە ئەوروپا و تەنيا وێنە دروست بکات و بیانفرۆشێتەوە, باشترین گوزەران دەکات. بەڵام دکتۆر لە کوردستانە چونکە ژانی نەتەوەيی گرتوویەتی.

دەزانی ژانی نەتەوەیانی چی؟ نا تا دوور نەکەویتەوە و نەتەوەکانی تر نەبینیت نازانی دڵنیام. کورد دەڵێ تا (مەی نەبینی مەیخانە بە یاد ناکەیت).


پارتی و دکتۆر

بە بڕوای من ئێسته‌یشی لەگه‌ڵ بێت پارتی ئامادەیە باشترین بودجەی هونەری بخاتە بەردەست دکتۆر بۆ کاروباری هونەری, بەڵام ئۆپۆزسیۆنبوونی دکتۆر هێزی زیاترە لە هونەر لەناویدا, بۆیە خۆئازاردانی هەندێک لایەنگری پارتی و کۆمەڵگه‌كه‌ی تێنەگەيشتنە لە ئامانجەکان و زمانی دکتۆر, ئەگەرنا دکتۆر هەم شارەکە و هەم دەستەڵاتەکەی بۆ گرنگە.


دکتۆر و ماڵی وەفايی و حکوومەت

ئیدارەی زۆنی زەرد بە ڕاستی لەم نێوەندەدا گیری خواردووە, بەپێی یاسا و لەسەر داوای داواکاری گشتيی دکتۆر فه‌رهاد لە زیندانە, چونکە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و خەڵک ڕەخنەیان هەیە و دەڵێن دکتۆر و نووسەر مامۆستای دیاری کورد لە زنیندانە و نابێت و ناکرێت و مافی خوراوە و دەستەڵات دیکتاتۆرە!

ئەگەریش دەستەڵات وەڵامی سکاڵاکەی ماڵی وەفایی نەدایەتەوە, هەموومان دەمانگوت شار بێ خاوەنە و کەس بە کەسە و یاسا سەروەر نییە و ستەم هەیە و ستەمکار لە دەرەوە دەسووڕێتەوە.

هەر بۆیە لە ڕووی یاساییەوە دەستەڵات ئەرکێتی دکتۆری زیندانی کردووە, بەڵام هاوکات ئەرکێتی کێشەکەيشی چارەسەر بکات و بەدەم ماف و داواکاريیەکانیه‌وه‌ بڕوات. یاسایەکی گشتگیریش بۆ دووبارەنەبوونه‌وەی ئەم کارانە دابنێت.

بەهیچ شێوەیەک دەستەڵاتیش بەم ڕووداوە خۆشحاڵ نییە و بەوەش خۆشحاڵ نییە دکتۆر لە زینداندایە و هەمووان خەمی ئەوەیان هەیە دکتۆر باری دەروونی و تەندروستی ناجێگير بێت بۆ ناو و ناوبانگی بەڕێوەبردنیان جوان نییە, بۆیە خوازیارن زوو کێشەکە یەکلا بێتەوە.


دکتۆر و نیشتمان

تاکە مرۆڤێکە لە ژیانم بینیبێتم وشەی (بە قوربانتبم) وەک خۆی پڕاکتیزە بکات, دکتۆر هەموو ناز و خۆشگوزەرانی ئەوروپای بەجێهێشتوە بۆ کۆمەڵگه‌کەی و بە کردار خۆی کردووه‌تە قوربانيی ڕاستەقینە, کەچی خەڵکی کۆمەڵگه‌کەی پێی دەڵێن با بگەڕێتەوە بۆ (پاریس)! ئای چەندە بە ئازارە ئەو ئازاری ئێمە هێناوێتیه‌وە بۆ کوردستان و ئێمەيش پاڵی پێوە دەنێینەوە بۆ ئاوارەيی.

چ میللەتێکی سەیرین ئەدی فەرهاد کوڕی کام نیشتمانە؟ کوردستان یان فڕەنسا. ئەی ئەو خاکە بۆ لە فەرهاد حەرامە هەی بێ ئاگا؟ وای لەو میلەتەی خەمخۆرانی خۆی وەدەر دەنێت.


بۆچی دکتۆر داوای مافەکانی خۆی لە دادگا ناکات؟

چونکە ئه‌و ڕەخنەی زۆری لەو دادگایانە هەیە و (میزی کردووە بە دیواری دادگا)دا وەک بیرۆکەیەکی فەلسەفی نەدەکرا بچێت, هەرچەندە لەو بڕوایەدان ئەمجارە کێشەی هەبێت بەهۆی ئەم زیندانیکردنەوە پەنا دەبات بۆ دادگا بەهەموو ڕەخنەکانیه‌وە, نەک ناچار بێت ئەو ناچار بەهیچ نییە هێندە ئاگایی لە باڵادایە, ئەو تەنيا پەیامی خۆی دەگەیەنێت.

لە بیرمان نەچێت چیای ئاسنینی دواکەوتوويی و کەڵەکەبووی ئێمە, بە پەڕی مەل ناڕمێت بە فەرهادەکان دەڕووخێت.


کێ مافی ڕەخنەگرتنی هەیە؟

ئەوەمان ڕۆژێک لە ڕۆژانە خاکمان نەفرۆشت, دژی ئەو دەستەڵاتە نەبووین کاتێک سنوورەکانی بۆ دەپاراستین, لە کاتێکدا دەستەڵات بەهۆی کێشەی هەرێمی و ناوخۆییەوە کەوتە ئەوجی نەهامەتی, ئەوەمان ئاڵامان پیرۆز ڕاگرت, ئەوەمان پێشمەرگەمان لا پیرۆزە.

فەرهاد ئەمە, هەربۆیە مافی خۆیەتی ڕەخنە بگرێت و باشترین نووسەرە کە شایەنی بەرگری لێکردن بێت, چونکە لە یەککاتدا نیشتمانییە و ئۆپۆزسيۆنیشە و فرۆشیاریش نییە.


سەبارەت بە هەوڵی کەمپین و کۆکردنەوەی پارە بۆ دکتۆر

خۆشبەختانە کۆمەڵگه‌ی کوردی زۆرینەی سەروەت و سامانن بۆ دکتۆر و ئاماده‌یشن ببه‌خشن له‌پێناویدا به‌پێی توانای خۆیان، به‌ڵام دکتۆر بە هیچ شێوەیەک ڕازی (نییە) بە کۆکردنەوەی پارە بۆی, خؤی و ماڵباته‌كه‌ی لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان چارەسەری دارايی کێشەکەی ماڵی وەفايی بکەن.

دکتۆر و ئێمە و ماڵی وەفايی و دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆن, هەموو لەو کۆمەڵگه‌یە بەشێک لە حەقیقەتمان هەڵگرتووە و هەموومان قوربانین, بە بۆنەی بۆشاییە یاساییەکانەوه‌.