به‌شی یه‌كه‌م
په‌روه‌رده چه‌ق و سه‌نته‌ری گۆڕانكارییه‌كانه، به یه‌كێك له پرسه هه‌ره گرنگ و هه‌ستیاره‌كانی كۆمه‌ڵگه داده‌نرێت، به جۆرێك پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌ر وڵات و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك پێوه‌سته به ئاستی پێشكه‌وتنی بواری په‌روه‌رده‌كه‌یه‌وه.
هه‌ر كۆمه‌ڵگه و وڵاتێكی پێشكه‌وتوو، له‌ڕووی ئابووری، ته‌كنه‌لۆجیا، ڕۆشنبیری، زانستی، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، سیستمێكی په‌روه‌رده‌یی باش و پێشكه‌وتوو و تۆكمه له پشتیه‌وه‌یه‌تی. به‌واتایه‌كی تر، كۆمه‌ڵگه‌ی پێشكه‌وتوو، به‌رهه‌می په‌روه‌رده‌ی پێشكه‌وتووه.
به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه هه‌موو ئه‌و وڵات و كۆمه‌ڵگانه‌ی بواری په‌روه‌رده پشتگوێ ده‌خه‌ن و بایه‌خی پێ ناده‌ن، له وڵاته دواكه‌وتووه‌كانن، ئه‌و وڵاتانه‌ی پڕن له كێشه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و فكری، ئه‌و وڵاتانه‌ی پڕن له شه‌ڕ و ئاژاوه و فیتنه و ئاشووب و ئاڵۆزی، وڵاتگه‌لێكن هه‌رگیز ئارامی و ئاسایش و ئۆقره‌یی به‌خۆیانه‌وه نابینن.
ئه‌و جۆره وڵاتانه‌ی گرنگی به په‌روه‌رده ناده‌ن و لای لێ ناكه‌نه‌وه و خه‌می په‌روه‌رده‌یان نییه و هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ڕوونی په‌روه‌رده‌ییان نییه، هه‌میشه له په‌راوێزی دنیای مۆدێرن و پێشكه‌وتوون، یان هه‌میشه پاشكۆ و له پاشن.
په‌روه‌رده پرۆسه‌ی به مرۆڤكردنه. ده‌توانین بڵێین پرۆسه‌ی ئاماده‌كردنی مرۆڤه بۆ ژیان و بۆ ناو كۆمه‌ڵگه، بۆ ئه‌وه‌ی توانای خۆگونجاندنی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر، بۆ به‌هێزكردنی توانا تاكه‌كه‌سییه‌كانه، بۆ پێگه‌یاندنی مرۆڤێكه سوودی بۆ خۆی و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی هه‌بێت.
په‌روه‌رده پرۆسه‌یه‌كه بۆ په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆڤ، په‌ره‌پێدان له‌ڕووی جه‌سته‌یی و ژیری و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی.
په‌روه‌رده پێناسه و ڕاڤه و شیكردنه‌وه‌ی جۆراوجۆری بۆ ده‌كرێت، هه‌ریه‌كه و له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه و به‌پێی دنیابینی و تێگه‌یشتن و بیروباوه‌ڕه سیاسی و ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی، لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كات. ته‌نانه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر، له توێژێكه‌وه بۆ یهكیتر، له قۆناغێكه‌وه بۆ قۆناغێكی تر، شیكردنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر چاوێك به فه‌رهه‌نگه كوردییه‌كاندا بخشێنین، بۆ زانینی ڕه‌گوڕیشه‌ی وشه‌ی په‌روه‌رده، ده‌بینین به‌م شێوه‌یه ڕاڤه‌ی بۆ كراوه:
له فه‌رهه‌نگی (خاڵ)دا وشه‌ی په‌روه‌رده به‌م واتایه دێت كه هه‌ر شتێك به ڕه‌نج و كۆشش به‌رهه‌م هێنرابێت. به‌م منداڵه، یان ئه‌م دره‌خته، یان ئه‌م گوڵه، ده‌گوترێ په‌روه‌رده كراوه. به واتای به‌رهه‌مهێنانیش هاتووه.
هه‌روه‌ها له فه‌رهه‌نگی (كوردستان)دا به‌م شێوه‌یه هاتووه: به‌خێوكراو، ڕه‌نێوهێنراو، گیاندار یان هه‌ر جۆره ڕووه‌كێك، به ڕه‌نج و كۆشش به‌رهه‌م هێنرابێت. هه‌روه‌ها به واتای پێگه‌یشتن، به‌خێوبوون، به ڕێچوون، به‌رهه‌مهاتن، پێگه‌یاندن، پێڕاگه‌یاندن و به‌رهه‌مهێنان هاتووه.
له فه‌رهه‌نگی (هه‌نبانه بۆرینه)یشدا به واتای به‌خێوكردن و ڕاهێنان هاتووه.
ئه‌م پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردنه، بێگومان ده‌بێت له منداڵه‌وه ده‌ست پێ بكرێت. كاریگه‌رترین و هه‌ستیارترین قۆناغیش بۆ په‌روه‌رده‌ی منداڵ، قۆناغی به‌ر له چوونیه‌تی بۆ قوتابخانه. كه‌سایه‌تی منداڵ له‌م قۆناغه‌دا دروست ده‌بێت و مێشكی گه‌شه ده‌كات، لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی منداڵ هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا ڕێڕه‌وی خۆی ده‌دۆزێته‌وه. له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت زۆر به وریایی و ئاگایی و زانینه‌وه چاودێری بكرێن. وه‌ك چۆن ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت نه‌مامێكی تازه بڕوێنین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مدار بێت، جوان و ڕازاوه بێت، خه‌ڵك له سایه و سێبه‌ری بحه‌سێنه‌وه، ده‌بێت له سه‌ره‌تاوه خزمه‌ت و چاودێری بكرێت و هه‌موو پێداویستییه‌كانی بۆ دابین بكرێت، له ئاو و خاك و كه‌شوهه‌وای گونجاو. به‌هه‌مانشێوه منداڵیش هه‌ر له سه‌ره‌تاكانی ته‌مه‌نییه‌وه پێویستی به چاودێری و ئاگالێبوونه، پێویستی به خه‌ملێخواردنه، بۆ ئه‌وه‌ی به ڕێكی گه‌شه بكات و تووشی لادان و لاساری نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش و پرشنگداری هه‌بێت.
له‌به‌رئه‌وه‌ی قۆناغی منداڵی بناغه‌ی كه‌سایه‌تی مرۆڤه، ده‌روازه‌یه‌كه بۆ هه‌موو پێشكه‌وتن و گۆڕان و گه‌شه‌سه‌ندنێك. منداڵ دوای ئه‌وه‌ی له دایك ده‌بێت و چاوی به دنیا هه‌ڵدێنێت، هیچ ئه‌زموون و زانین و زانستێكی نییه له‌باره‌ی ژیان و چۆنیه‌تی ژیانكردن له‌م هه‌ساره‌یه. بۆیه منداڵ به په‌روه‌رده‌كردن فێری ژیان ده‌بێت، فێری ڕه‌وشت و داونه‌ریت ده‌بێت. بۆیه ده‌ڵێین، په‌روه‌رده‌یه مرۆڤ ده‌كات به مرۆڤێكی ڕاسته‌قینه.
په‌روه‌رده مرۆڤ دروست ده‌كات. مرۆڤێكی ئازاد و ئازا، مرۆڤێكی تێگه‌یشتوو و پێگه‌یشتوو، مرۆڤێكی بیركه‌ره‌وه، چوست و چالاك، مرۆڤێكی ژیاندۆست و ژینگه‌دۆست، ده‌ستپاك، دڵسۆز، مرۆڤێك كه نیشتمان و وڵاته‌كه‌ی خۆش بوێت، مرۆڤێك مرۆڤایه‌تی خۆش بوێت.
په‌روه‌رده مرۆڤێك به‌رهه‌م دێنێت كه هه‌ڵپه‌ی پێشكه‌وتن و زانین و خۆ ڕۆشنبیركردنی بێت، مرۆڤێك بڕوای به خۆی و تواناكانی هه‌بێت، هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانینی لا نه‌بێت، به‌گشتی په‌روه‌رده مرۆڤێكی باڵا دروست ده‌كات.