برایم محێدین
مرۆڤ و زانست دوو بوونی ڕاسته‌وانه‌ن، واته تا مرۆڤ بوونی هه‌بێت، زانستیش پێویسته، یا تا ته‌مه‌نی مرۆڤایه‌تیی درێژ بێت، زانست و زانیاری به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌چن و داهێنانی نوێ ده‌كه‌ن، له‌پێناو پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی و كه‌لێنه‌كانی ژیان، له‌گه‌ڵ فراوانبوون و هه‌ڵكشانی رێژه‌ی دانیشتووان، پێویستییه‌كانی ژیانیش زیاتر ده‌بێت، بۆیه مرۆڤ هه‌میشه عه‌وداڵی په‌یداكردنی خۆشگوزه‌رانی زیاتر و به‌رده‌وامی به‌گژداچوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ئارامی و هه‌وڵی جێگیری باری ته‌ندروستی ده‌دات. لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه مادام مرۆڤ گه‌شه ده‌كات و خواستی زۆر ده‌بێت، گه‌یشتن به دوا مه‌نزڵ و ترۆپكی زانست بوونی نییه و هه‌میشه دروستكراوی نوێ ده‌بینین، چونكه پێداویستی ژیان تا دێت زیاتر ده‌بێت.
به‌گشتی خۆشگوزه‌رانی ژیان و كه‌متر جووڵان و ئاسان به‌رده‌ستبوونی پێداویستییه‌كان، هاوكات زۆر خواردن و چالاكی كه‌م، هاوكێشه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی ته‌ندروستی مرۆڤه، چونكه داهێنانه‌كانی بواری ژیانی ڕۆژانه له جووڵه‌ی مرۆڤ و كاردا، هێز و بازوومان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه زۆری و بۆری خواردن و خوشگوزه‌رانی بێ وه‌رزش، نه‌خۆشی درێژخایه‌ن و كورتخایه‌ن دێنێته ئاراوه، ئه‌مه‌ش دژی خۆشه‌ویستی مرۆڤه بۆ به‌رده‌وامی ژیان.
ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گریشه به‌كارهێنانی ڕۆژانه‌ی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیش كاتێكی زۆری تاك به تاكمان ده‌بات و به‌شێكی زۆری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی داگیر كردووه كه دووباره جگه له داگیركردنه‌كه، زه‌بری گورچكبڕی له ته‌ندروستی مرۆڤ داوه.
تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی تا ئاستێكی باش بوونه‌ته مینبه‌ری خێرای گه‌یاندنی هه‌واڵ و دهنگوباسی سیاسی و ده‌ربڕینی بۆچوونی سیاسیی و ته‌نانه‌ت كه‌ناڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی وتاریش. خوێنه‌ران لێره له ژماره‌ی خوێنه‌رانی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان زیاترن، به‌هۆی ئاسانی به‌كارهێنان و گه‌یشتن به‌هه‌موو تاك و كۆیه‌كی كۆمه‌ڵگه.
ئه‌گه‌ر گه‌یاندنی په‌یامه‌كان وه‌ك خۆی بێت، تا ئاستێك جگه له گرفتی ته‌ندروستی ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی خوێنه‌ر، سوودی مه‌عریفی زۆر ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام له كاتی به‌لاڕێدابردنی ڕاستییه‌كان و ئاراسته‌كردنی رووداوه‌كان، گرفتی ده‌روونیش بۆ تاك و كۆمه‌ڵ ده‌نێته‌وه، چونكه له‌گه‌ڵ باشییه‌كانی كه باسمان كرد، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یشی ره‌خساندووه كه گرووپ و لایه‌نه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاری بێنن و بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك بگۆڕن، له‌وكاته‌ی ڕاستییه‌كان به‌لاڕێدا ده‌به‌ن.
سه‌ره‌نجام نه‌وه‌یه‌كی بێ ئاگا و مه‌دا ته‌سكی بیركردنه‌وه و ناهۆشیار به‌رانبه‌ر وڵات و خاك و داوده‌زگاكان دێنێته ئاراوه، چونكه له ئێسته‌وه زۆربه‌ی كه‌ناڵ و سایته ئه‌لیكترۆنییه‌كان به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه و دژ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا كار ده‌كه‌ن و هه‌ست ناكه‌ی شتێك مابێت كورد له‌سه‌ری كۆك بێت، بۆیه ده‌بینین باشترین ده‌ستكه‌وت و گرنگترین رووداوه وه‌ك خۆی ناگات، به‌ڵكو هه‌ر گرووپ و لایه‌نێك به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ئاراسته‌ی ده‌كات.
ئه‌م لادانه له به‌ها گشتییه‌كان و پێچه‌وانه‌بوونی به‌رژه‌وه‌ندی وای كردووه، زۆر ناونیشانی قه‌به و جۆری بڵاوكردنه‌وه‌ی هێرشاوی ده‌خه‌نه به‌رچاوت، به‌ڵام كه بابه‌ته‌كه ده‌خوێنیته‌وه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ناونیشانهكهیه و زانیارییه‌كانیش گرنگ نین و زۆریشی دروست كراون بۆ به‌رژه‌وه‌ندی، یان جۆرێكی تر له سه‌رلێشوان په‌یدا بووه هه‌ر له‌م میدیا سه‌رده‌مییه‌وه كه ناونیشان ته‌نیا بۆ ڕاكێشانی سۆزی خوێنه‌ر بووه بۆ بابه‌ته‌كه و هیچیتر نییه. ئه‌مه‌ش به‌لاڕێدابردنه به مه‌به‌ست بێت یا چه‌واشه‌كردنی ڕاستی.
زۆر له خوێنه‌رانی سایته‌كانی تووشی ڕه‌شبینی و سه‌رلێشوان ده‌بن، چونكه له ڕووی ده‌روونییه‌وه هه‌ست ده‌كه‌یت زۆرن ئه‌وانه‌ی ده‌روونیان به‌هۆی خوێندنه‌وه‌ی سایته‌كان یان چاودێری به‌رده‌وامی سۆشیال میدیا یاخۆ ئاراسته‌كردنی روداوه‌كان كه خۆیان تێگه‌یشتنیان نییه بۆی، به‌رده‌وام شڵه‌ژاون یان ورووژاون، به‌تایبه‌تی مرۆڤه ساویلكه و بیر ته‌سكه‌كان، چونكه توانای شیكردنه‌وه‌ی خۆیان و ڕاستی بینینی ڕووداوه‌كانیان نییه و به شنه‌بایه‌كی هه‌واڵ ته‌زووی گه‌رم و سارد به بیریاندا گوزه‌ر ده‌كات، واته ئاگایان له كرۆكی رووداوه‌كان نییه و تێناگه‌ن چی ده‌گوزه‌رێ.
به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی كورد چونكه گه‌لێكی بێ زانست و كه‌م زانیارین، ده‌رفه‌ته ئه‌و دۆخه پێچه‌وانه بكه‌ینه‌وه و ئه‌قڵانییه‌كانی ئه‌م وڵاته سۆشیال میدیا به‌و ئاراسته‌یه ببه‌ن كه كه‌سایه‌تیی ورد و پته‌و دروست بكات، چونكه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو به‌هێز، تاكی به‌هێز و خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی و بیركردنه‌وه دروستی ده‌كات.