دوو سیفه‌تن دهلكێنه كه‌سایه‌تیی مرۆڤه‌كانه‌وه، هه‌میشه دژی یه‌كن له پێڕهوكردندا، هه‌رگیز هه‌ردووكیان له یه‌ك مرۆڤدا كۆ نابنه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی، چونكه پێكه‌وه هه‌ڵناكه‌ن. ڕه‌نگه جاروبار به‌پێی قۆناغه‌كانی ژیان، كه‌سایه‌تییه‌ك هه‌رجاره‌ی یه‌كێك له ڕه‌وشته‌كانی تێدا كه‌م و زۆر ڕه‌نگ بداته‌وه، به‌ڵام یه‌كێك كه هه‌ڵگری هه‌میشه‌یی ره‌فتاری گیریی بێت، به ئاسانی ناگاته لووتكه‌ی ده‌ستبڵاوی، به‌ڵام به‌پێی به‌رزی و نزمی باری ئابووری تاك، په‌روه‌رده و پێكهاته‌ی كه‌سه‌كان، ڕێژه‌كه ده‌گوڕێت.
هه‌رگیز كه‌سایه‌تییه‌ك ناتوانێت به ڕێژه‌یه‌كی زۆر هه‌ردوو سیفه‌ته‌كه پێڕه‌و بكات، چونكه دوو ئاراسته‌ی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یه‌كن، هه‌ردوو سیفه‌ته‌كه باشی و خراپیی خۆیان له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیی هه‌ڵگری سیفه‌ته‌كان هه‌یه، به‌ڵام زۆرتر ده‌ستبڵاوی كه دیوه‌كه‌ی تری سهخێتییه، ده‌چێته خانه‌ی سیفاته باشه‌كانی مرۆڤه‌وه، ده‌وروبه‌ر سوودی لێ ده‌بینن.
مه‌رج نییه سیفه‌ته‌كان وه‌ك یه‌ك كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كان هه‌بێت، چونكه لكاندنی ئه‌م سیفه‌تانه به كه‌سایه‌تیی مرۆڤه‌كانه‌وه، ڕێژه‌ییه و به‌پێی كات و باری گوزه‌ران ده‌گۆڕێت، زۆربه‌ی كات ڕه‌نگه یه‌كێكیان كێرڤی باشییه‌كانی هه‌ڵكشاوتر بێت به هاوتاكردنی له‌گه‌ڵ خراپییهكانیدا، وه‌ك له سیفه‌تی دهستبڵاویدا ده‌رده‌كه‌وێت. بارته‌قای لایه‌نه باشه‌كانی له لایه‌نه خراپییه‌كانی زیاتره، یان به دیوێكی تردا، ڕووناكییه‌كانی باشیی سیفاتی ده‌ستبڵاوی بۆ ڕووناككردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وروبه‌ر و هه‌ندێ جار زیانگه‌یاندن به هه‌ڵگری سیفاتهكه خۆی، شه‌وق ده‌داته‌وه. ئه‌گه‌ر سنووری ئاسایی ببڕێت و بچێته ده‌ره‌وه‌ی سنوور، زیاتر ئه‌وكاتانه سوودی زیاتره له زیان، كه‌سه‌كه باری ئابووری باش بێت و یارمه‌تیی هه‌ژار و نه‌داره‌كانی ده‌وروبه‌ری بدات، له سنوورێكی شیاوی بێ سه‌روبه‌ره‌ی ده‌ستبڵاوی ژێر گه‌مارۆیه‌كی ئابووری سه‌ختدا.
به‌ڵام گیریی له دوو سه‌ره‌وه زیانی زیاتره له سوود، سه‌رێكی بۆ هه‌ڵگری سیفاتهكهیه و ئه‌ویتر خه‌ڵكانی ده‌وروبه‌ری هه‌ڵگری سیفاتهكه، جاریش هه‌یه گیریی ده‌بێته مایه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی كه‌سه‌كان، له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری كۆتایی لووتكه‌ی پێڕهوكرنی ئه‌م دوو سیفاته، زیانی زۆرتره له سوودگه‌یاندن. زۆرتر ده‌ستبڵاوی نوشستی ئابووری ده‌نوێنێت، زۆر گیربوونیش تهریكت ده‌كات له خه‌ڵك و ده‌وروبه‌ر.
پێویسته مرۆڤ له ناوه‌ڕاستی ڕاستههێڵهكهدا بێت، سه‌رێكی ده‌ستگرتنه به گیرییهوه و سه‌رێكی ته‌خشان و په‌خشانی ده‌ستبڵاوییه، تا له چه‌قدا بمێنێته‌وه به‌هیچ لایه‌كیاندا زۆر نه‌شكێته‌وه. ده‌توانین بڵێین باشترین دۆخی سیفه‌ته‌كان ئه‌وه‌یه مرۆڤ هه‌ڵگری تێكه‌ڵه‌یه‌كی هه‌ردوو سیفاتهكه بێت، به هاوسه‌نگی زۆر نهشكانهوه به‌هیچ لایه‌كدا به‌پێی كات و شوێن. بێ زیاد و كه‌می، پێڕه‌وكردنی سیفاتێكیان به‌سه‌ر ئه‌ویتردا، واته نه هێنده گیر بێ تاموچێژ له ژیان نه‌بینێت، نه هێنده‌یش ده‌ستبڵاو بێ كه هه‌میشه گیرفان به‌تاڵ بێت و باری ئابووری خراپ بێت.
له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا مرۆڤ ناتوانن ببنه هه‌ڵگری ته‌واوی هه‌ردوو سیفاتهكه له یه‌ك كاتدا، هه‌میشه هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه زیان و سوودی هه‌یه، كاتێك هیچ سیفاتێكیان به توندی له كهسایهتییهكهدا ڕه‌نگی نه‌دایه‌وه، واته كه‌سایه‌تییه‌كه هاوسه‌نگه له پێڕه‌وكردنی هه‌ردوو سیفاتهكهدا، به مه‌رجێك كاریگه‌ری له‌سه‌ر بنیاتی ئاسایی مرۆڤ نه‌بێت.
هه‌رچه‌نده لكاندنی ئه‌م سیفاتانه به‌توندی و پێڕه‌وكردنی له مامه‌ڵه‌ی له كه‌سه‌كاندا و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له ناو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵدا، زۆرتر پێوه‌ندیی به پێكهاته‌ی بنیاتی تاكه‌وه هه‌یه. زۆر كه‌س هه‌ر به پێكهاته‌ی بنیاتی گیرن و له ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌ده‌ره، ناتوانن به‌ته‌واوی دیارده‌كه بنبڕ بكه‌ن و دۆخی ده‌ستكراوه‌یی به خۆیانه‌وه ببینن، به‌ڵام ڕه‌نگه له ئه‌نجامی تانه‌وته‌شه‌ری خه‌ڵك و دۆخێكی دارایی باش، بتوانن جاروبار كۆنترۆڵی گیربوونی خۆیان بكه‌ن و ده‌ستیان كه‌مێك واڵا بكه‌ن بۆ خزمه‌تی ده‌وروبه‌ریان، به‌ڵام هه‌ر له ژێر سێبه‌ره گشتییه‌كه‌ی گیریدا ده‌مێننه‌وه كه پێكهاته‌ی كه‌سه‌كه به‌و شێوه گیرییه په‌روه‌رده بووبێت، ئه‌سته‌مه به‌ته‌واوی ده‌رباز بێت له خهسڵهتهكه، بێگومان خێزان، كۆمه‌ڵ، په‌روه‌رده، باش و خراپی باری ئابووری، ڕۆڵی كاریگه‌رییان هه‌یه له زیاتر ڕه‌نگدانه‌وه سیفاتی گیربوون له كه‌سه‌كاندا، یان پێچه‌وانه‌كه‌ی كه كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی گیرییه له‌و كه‌سانه‌دا كه گیربوونیان زۆر كێرڤی هه‌ڵكێشاوه.
ده‌ستبڵاوی زۆرتر پێوه‌ندیی به دۆخی خێزان و په‌روه‌رده و كۆمه‌ڵ و دۆخی دارایی باشه‌وه هه‌یه، یاخۆ به دیوێكی تردا خێزان و كۆمه‌ڵ و په‌روه‌رده، ڕۆڵی گه‌وره‌یان له پێڕه‌وكردنی سیفاتی دهستبڵاویدا هه‌یه له‌سه‌ر تاك. زۆرتر ئه‌و منداڵ و كه‌سانه‌ی له ناز و نیعمه‌تی زۆردا گه‌وره بوون، پشتیان به په‌یداكردنی ماده‌وه نه‌یه‌شاوه، دایك و باوكیان باری ئابوورییان باشه و ماده‌ی زۆر ده‌خه‌نه به‌رده‌ستیان، ده‌ستبڵاون. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه نایه‌ت كۆی ئه‌ندامانی خێزانه ئابووریباشهكان ده‌ستبڵاو بن.
دیارده‌كه به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها نییه و ڕێژه‌ییه، جار هه‌یه له په‌روه‌رده‌ی خێزانی خۆشگوزه‌راندا تاكی گیر دروست ده‌بێت، لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ڵكه‌وته‌ی پێكهێنانی كه‌سه‌كان ڕۆڵی كاریگه‌ریی هه‌یه، تاك هه‌یه به سروشت له منداڵییه‌وه گیره و ڕه‌نگه پێوه‌ندیی به بۆماوه‌ییه‌وه هه‌بێت، به‌ڵام له هه‌موو بواره‌كاندا خێزان و په‌روه‌رده و هه‌تا وڵاتیش له ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ردوو سیفاتهكه له بنیاتی كه‌سه‌كاندا ڕۆڵیان هه‌یه. بێگومان ئه‌و وڵاتانه‌ی سه‌رمایه‌ی تاك تێیدا زۆر نزمه و باری ئابوورییان خراپه یان پێچه‌وانه‌یه، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتن و نه‌بوونی ئه‌م سیفه‌تانه له‌سه‌ر مرۆڤه‌كان هه‌یه.
به دیوێكی تردا، له پۆلێنكردنی نێوان ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه‌دا له ڕووی ئابوورییه‌وه له‌ناو ناوه‌نده ئابوورییه نزمه‌كاندا، زۆرترین كه‌سانی گیر باری ئابوورییان باشتره له پێچه‌وانه‌كه‌یان، چونكه ئه‌وه‌ی خه‌رجی ده‌كه‌ن كه‌متره له‌وه‌ی ده‌ستیان ده‌كه‌وێت، هه‌میشه بیریان لای پاره و چۆنیه‌تیی كۆكردنه‌وه‌ی ماده‌دایه. به پێچه‌وانه‌وه دهستكراوهكان هاوكێشه‌كه به‌دیوه‌كه‌ی تردایه، جاریش هه‌یه قه‌رزار ده‌بن، چونكه ئه‌وه‌ی خه‌رجی ده‌كه‌ن زۆرتره له‌وه‌ی ده‌ستیان ده‌كه‌وێت، ئیتر وا ڕاهاتوون، تاك تاك كه‌سانی گیریش هه‌ن بۆ خۆیان خۆش ده‌ژین و ده‌ستكراوه‌ن، به‌ڵام له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا گیرن و كه‌س سوودیان لێ نابینێت. له‌گه‌ڵیدا ده‌وڵه‌مه‌ندی پله‌باڵاش هه‌ن، هیچ سوود له ههبوونهكهیان نابینن و هه‌ر به‌گیری ده‌مێننه‌وه و كۆی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌م كه‌سه گیرانه له‌و جۆره كه‌سانه ئه‌ژمار ده‌كرێن كه گیرییهكهیان زۆرتر پێوه‌ندیی به بنیاتی كه‌سه‌كه‌وه هه‌یه و كه‌متر ده‌توانن لێی ده‌رباز بن. مرۆڤێكی هه‌بوون بۆ خۆی ده‌ستی تێنه‌چێت خۆش بژی، ده‌بێت به‌های ژیان به‌لایه‌وه چی بێت، هه‌روه‌ك دوای خۆیان، ماده‌كانیان ده‌مێنێته‌وه بۆ نه‌وه‌كانیان و جار هه‌یه كێشه‌ی گه‌وره‌یشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
به‌گشتی ژیان لای كه‌سه دهستكراوهكان ئاسووده‌یی زیاتره، چونكه خه‌م له نه‌بوونی ناخۆن و چی‌یان هه‌یه خه‌رجی ده‌كه‌ن و خۆشیش ده‌ژین، به‌ڵام كه‌سه گیرهكان كه تووشی زیان بوون له مامه‌ڵه‌دا، خه‌م دایانده‌گرێ و ئاسووده نین، هێنده بیر له ماده‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه چۆن له ده‌ستیان داوه، هه‌میشه له خه‌و و خه‌یاڵی ژمارهیهكدان پێی بگه‌ن و كێبه‌ركێی گه‌یشتن به توانای دارایی له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانیان ده‌كه‌ن.
به پێچه‌وانه‌وه دهستبڵاوهكان گوێ به زیانی دنیا ناده‌ن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پشتیان به په‌یداكردنی ماده‌وه نه‌یه‌شاوه، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یانه خه‌رجی ده‌كه‌ن و بیریان به لای به‌یانیدا ناچێت چی ڕوو ده‌دات، كاتێك بۆشاییه‌كه پڕ بێته‌وه. به‌ڵام كه‌سانی هه‌ڵگری ئه‌م سیفاتانه ڕێژه‌یین، هه‌رگیز له‌ناو كۆی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵدا ژماره‌كان وه‌ك یه‌ك نابینرێن. لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی توندی گیریی له هه‌ندێ ئه‌ندامانی خێزاندا، پێوه‌ندی به سیفاتی بۆماوه‌ییه‌وه هه‌یه، وه‌ك هه‌ندێ جار دیارده‌كه له منداڵییه‌وه له مناڵاندا ده‌رده‌كه‌وێت، منداڵێك زۆر گیره و شتی خۆی به كه‌س نادات و چاوی له‌سه‌ر شتی منداڵانی تریشه له خێزانه‌كه‌ی خۆیدا، هه‌رچه‌نده به‌گشتی منداڵ شتی خۆی لا خۆشه‌ویسته، به‌ڵام دیارده‌ی گیریی له هه‌ندێكیاندا به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نه‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌و منداڵانه‌ی دایك، باوك یا هه‌ردووكیان گیرن و سیفاتهكهی له یه‌كێكیانه‌وه وه‌رگرتووه، هه‌روه‌ك جاریش هه‌یه كۆی ئه‌ندامه‌كانی خێزانێك گیرن، له تاكه‌كانی نه‌وه‌كانیاندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.
خێزان هه‌یه چه‌ند ئه‌ندامێكیان گیره، یان له نه‌وه‌ی خێزانێكدا زۆرترین ژماره‌ی كه‌سانی گیر هه‌ن، ئه‌مه‌یش به‌و مانایه نایه‌ت كه كه‌سی ده‌ستبڵاو له‌و خێزانه‌دا په‌یدا نابێت، دیسان دیارده‌كه ڕێژه‌ییه، به‌ڵام بوونی زۆرترین ژماره‌ی كه‌سانی گیر له خێزانێكدا كه به نه‌وه‌كانیانه‌وه دیاره، پێوه‌ندی به سیفاتی بۆماوه‌یی كه‌سه‌كانه‌وه هه‌یه.
ڕه‌نگه له نێوان دوو برادا یه‌كێكیان گیر و ئه‌ویتر ده‌ستبڵاو بێت، سیفه‌ته‌كه به كهسایهتییهكهیهوه لكاوه و كه‌سه گیرهكهیش ناتوانێ سیفاتهكهی به ته‌واوی بنبڕ بكات، چونكه به كه‌سایه‌تییه‌وه لكاوه. ئه‌گه‌ر به‌راورد له نێوان هه‌ڵگری هه‌ردوو سیفه‌ته‌كه و ده‌وروبه‌ری كه‌سانی هه‌ڵگری هه‌ردوو سیفه‌ته‌كه بكه‌ین، زیان و باشییهكانیان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه وه‌ك یه‌ك نین. كه‌سانی ده‌ستبڵاو ئه‌گه‌ر باری ئابوورییان باش بێت، ده‌توانن جگه له خۆیان سوود به كه‌سانی هه‌ژار و ده‌ستكورتیش بگه‌یه‌نن، تا ئاستێك ڕێژه‌ی چینی مامناوه‌ند به‌رز بكه‌نه‌وه، به‌ڵام كه‌سه گیرهكان به پێچه‌وانه‌وه ده‌بینرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سوود به كه‌س ناگه‌یه‌نن، خۆیشیان ده‌خه‌نه دۆخێكی ناله‌باره‌وه سوود له ههبوونییهكهیان نابینن، به پێچه‌وانه‌وه زۆرترین ژماره‌ی گیر له شوێنێكدا كه كه‌س سوودیان لێ نه‌بینێت، به مانای زیادبوونی كه‌مده‌رامه‌ته‌كانه.