ده‌روێش یا سۆفی كه‌سێكی ساده‌ی ڕێبازی ڕۆحیی نێوان خۆی و شێخه‌كه‌یه‌تی، زۆرتر به رۆح پێوه‌سته به مه‌به‌ست و سه‌رگه‌رمییه‌كه‌ی، شێخه‌كه‌ی به پردی پێوه‌ندی خواناسین و ئاسووده‌یی ده‌روونی ده‌بینێ.
ده‌روێشه‌كان زۆرتر مرۆڤی ساده و ساكار و بێ فڕوفێڵن، به‌ڵام ئێمه لێره‌دا ده‌روێش و سۆفی ڕۆحیی جێده‌هێڵین و مه‌به‌ستم ده‌روێشی حزبییه كه سه‌ر له شێخه حزبییه‌كه‌ی ده‌شێوێنێ، ڕاستییه‌كان ئاوه‌ژوو ده‌كات و شێخه‌كه‌ی چی بڵێ ئه‌م سه‌ر ده‌له‌قێنێ و ستایشی كاره‌كانی ده‌كات و به وێناكردنی وێنه‌ی نه‌شیاو ده‌ڵێ شیاوه و شێخه حزبییه‌كه‌ی ده‌باته كه‌ناری ئارامییه‌كی ساخته، هه‌ر ئه‌م ده‌روێشه له هه‌مان كاتدا به‌كاره چه‌وته‌كانی شێخه حزبییه‌كه‌ی ده‌ڵێ ڕاسته و ته‌واوه.
ده‌روێشی حزبی لێره‌دا ئه‌و كادر و سیاسییانه ده‌گرێته‌وه كه وه‌ك تووتی شته‌كان ده‌ڵێنه‌وه و ڕاستی نابینن و ناشیرینییه‌كانی حزب ده‌كه‌ن به جوانی و ده‌سكه‌وتی خۆیان و شێخه‌كه‌یان، تا حزبه‌كه‌شیان به هه‌ڵدێردا ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی قۆستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌واڵی نابه‌جێ و ناڕاست و دوور له واقیع و گوێزانه‌وه‌ی بۆ گوێی شێخه حزبییه‌كه‌ی له‌و ڕوانگه‌وه كه به دڵی لێپرسراوه حزبییه‌كه‌ی بێت، بێ گوێدانه ڕاستی بابه‌ته‌كه، هاوكات ئه‌م ده‌روێشه به ڕه‌ش و سپیی لێپرسراوه حزبییه‌كه‌ی ده‌ڵێ سپی، چونكه ڕه‌ش له به‌رنامه‌ی ده‌روێشی حزبیدا نییه و ڕووه‌كان ساف و بێگه‌ردن لای ئه‌و، خۆ ئه‌گه‌ر به ڕه‌شه‌كان بڵێ ڕه‌شن، لای سه‌رداره حزبییه‌كه‌ی كاره‌كه به ئاسایی ده‌ڕوات و وێنای هه‌ڵه ناكات، زۆریش ئاساییه حزب كادری دڵسۆز و كارامه و ڕاستگوی هه‌بێت و پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان به لێپرسراوه‌كه‌یانه‌وه هه‌بێت، به‌ڵام زانیارییه دروست و ڕاسته‌كان بگوازنه‌وه و شته‌كان وه‌ك خۆی بگه‌یه‌نن و زانیاری هه‌ڵه نه‌ده‌ن، تا لێپرسراوه‌كان وه‌ك خۆی بڕیار بده‌ن و سه‌نگی خۆیان و واقیعی دۆخی حزبه‌كه ببینن و له ناو ئاپۆره‌ی میله‌تدا به‌پێی سه‌نگی مه‌حه‌كی حزبه‌كه بڕیار بدات، له كه‌م و زیادی ئاستی جه‌ماوه‌ری حزبه‌كه‌ی ئاگادار بێت.
بێگومان كادره به‌توانا و زیره‌ك و حه‌قبێژه‌كان نابنه ده‌روێش و وه‌ك كادر ده‌مێننه‌وه، له به‌رده‌وامی حه‌قبێژییاندا تووشی كێشه و سزاش ده‌بن، به‌ڵام ده‌روێشه‌كانی حزب له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان و نواندنی دڵسۆزی بۆ شێخه حزبییه‌كه‌یان، ده‌بنه ده‌روێشی حه‌ی حه‌ی و ئه‌و لێپرسراوانه‌یشی ته‌نیا گوێ بۆ ده‌روێشه حزبیه‌كه ده‌گرن، كادره دڵسۆزه‌كان پشتگوێ ده‌خه‌ن، ئه‌ویش ده‌بێته شێخی حزب و وا ده‌زانێ ته‌نیا زانیاری ده‌روێشه‌كه‌ی ڕاسته، بۆیه گوێ له كادره دڵسۆزه‌كانی حزب ناگرێت. ئه‌م پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیه به‌رده‌وام ده‌بێت تا حزبه‌كه ده‌گه‌یه‌ننه هه‌ڵدێر، چونكه شێخ و ده‌روێشی حزبی زیان به خۆیان و حزبه‌كه‌یان و ته‌نانه‌ت وڵاتیش ده‌گه‌یه‌نن، چونكه بینا له‌سه‌ر دیواره بێ بناغه‌كان داده‌نێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كی باشیش ده‌روێش له به‌رهه‌می گواستنه‌وه‌ی زانیارییه هه‌ڵه‌كانی بخوا، دواجار ڕۆژێ ڕاستییه‌كان ئاشكرا ده‌بن و ده‌روێشه حزبییه‌كه ڕوو ڕه‌شیی بۆ ده‌مێنێته‌وه و شێخه حزبییه‌كه‌یشی په‌شیمانی، حزبیش كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی جه‌ماوه‌ری، چونكه ڕاستگۆیانه وه‌ك خۆی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا نه‌كردووه و ئاوێنه‌ی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕاستییه‌كانیان لا نه‌بووه.
خۆ ئه‌گه‌ر ده‌روێش و شێخه حزبییه‌كان زوو به هه‌ڵه‌ی كاره‌كانیان زانی، ده‌توانن تا ئاستێك ڕابردوو بسڕنه‌وه و زۆر حزبه‌كه‌یان له‌كه‌دار نه‌كه‌ن، چه‌واشه‌كارییه‌كان به هێڵێكی ڕاستدا بگه‌ڕێننه‌وه مه‌داری ئاسایی خۆی، به‌ڵام كه كار له كار ترازا، په‌شیمانی داد نادات، چاره‌نووسی شێخ و ده‌روێش و حزبه‌كه‌یش ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی جه‌ماوه‌ریش به‌رده‌وام ده‌بێت، تا په‌شێوی و پاشاگه‌ردانی دروست ده‌بێت و سازدانی كۆنگره و نوێبوونه‌وه‌ی حزب دێته ئاراوه و وه‌ك پێویستییه‌كی مێژوویی حاشا هه‌ڵنه‌گر، له كۆنگره‌دا ده‌موچاوه‌كان ده‌گۆڕێن به هی تازه‌تر، حزب به‌رگێك ده‌گۆڕێ، به مه‌رجێك ده‌موچاوه تازه‌كان نه‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌مان ڕێچكه‌ی پێشووی چه‌وت.
كه‌واته چاره‌نووسی حزب له‌سه‌ر به‌راوردی نێوان ژماره‌ی سه‌ركرده و كادره ڕاسته‌قینه و دڵسۆزه‌كان و ده‌روێش و شێخه‌كانی حزب وه‌ستاوه، ئه‌گه‌ر ژماره‌ی كادر و سه‌ركرده دڵسۆزه‌كان زیاتر بن له ژماره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیخوازان و چاكسازی ڕاسته‌قینه بكرێ، ڕه‌نگه قه‌یرانی مه‌ترسیدار ڕوو نه‌دات و حزب بتوانێ شێخ و ده‌روێشه‌كانی سڕ بكات و بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئاراسته‌یه‌كی ڕاست و به‌رده‌وامی پڕه‌نسیپی سه‌ركرده و كادر، تا سازدانی كۆنگره یا پلینیۆمێكی ئاسایی، به مه‌رجێك كه‌سه یه‌كه‌مه‌كانی حزب دژی دیارده‌ی ده‌روێشی بن و چاكسازی به‌رده‌وام بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ده‌روێش و به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌كان هه‌ر خه‌ریكی خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و سیمای ملكه‌چی ده‌روێشی بن و به گواستنه‌وه‌ی زانیاری هه‌ڵه به‌رده‌وام بێ خه‌وشه‌كانی ناو حزب بگۆڕێن بۆ ستایشی سه‌رانی حزب، گوایه كه هیچ دیارده‌یه‌كی دزێو بوونی نییه و دۆخی دنیای حزب شامی شه‌ریفه، ئه‌وكات چاره‌نووسی كادره باشه‌كانی حزبیش به‌ره‌و نادیار خلۆر ده‌بێته‌وه، كونگره‌ش حزب ڕزگار ناكات و بچووكبوونه‌وه‌ی لێ دێته به‌رهه‌م.
هه‌ندێ جار بچووكبوونه‌وه‌ی حزب له كۆنگره‌دا و وه‌لاخستنی به‌رژه‌وه‌ندیخواز و پاكبوونه‌وه‌ی حزب له ده‌روێش و شێخه هه‌لپه‌رسته‌كان، قۆناغی فریادڕه‌سییه و حزب ده‌ژێته‌وه، به‌ڵام زۆر جار حزب به ئاستێك ئالووده و تووشی شێخ و ده‌روێشه به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌كان بووه، ته‌واوی كادره‌كان ترازاونه‌ته دۆڵی گه‌نده‌ڵییه‌وه كه ڕزگاربوون مه‌حاڵه به كۆنگره‌ش، چونكه كه دۆخه‌كه گه‌یشته ئه‌م ئاسته، له منداڵدانی گه‌نده‌ڵانی حزبه‌وه ئه‌ندامی تازه دێته ئاراوه له‌سه‌ر زه‌وییه‌كی فراوانی گه‌نده‌ڵانی، كادر و سه‌ركرده‌ی پاك و چاكسازی حزب ده‌بێته مه‌حاڵ، مه‌گه‌ر گۆڕینی ته‌واوی كاربه‌ده‌ستانی بچووك و گه‌وره‌ی حزبی لێ بكه‌وێته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له مه‌حاڵ، چونكه گۆڕینی هه‌مو ئه‌ندامه كۆنه‌كانی حزب له كۆنگره حزبییه‌كاندا كه‌م ڕوو ده‌دات، مه‌گه‌ر حزبی تازه به فۆڕمی تازه‌وه له سه‌ر لاشه‌ی حزبی پێشوو له دایك بێت، له‌م حاڵه‌ته‌شدا به ده‌گمه‌ن روو ده‌دا.