هه‌ر مرۆڤێكی نیشتمانپه‌روه‌ر، زمانی نه‌ته‌وه‌ی خۆی خۆش ده‌وێت و شانازیی پێوه ده‌كات. ئه‌م دیارده‌یه له‌ناو زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كاندا به‌ڕوونی به‌دیار ده‌كه‌وێت، به‌ڵام له ناو هه‌ندێك له نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كاندا به‌هۆی داگیركارییه‌وه، ئه‌م خۆشه‌ویستییه لاواز بووه و گه‌لانی بنده‌ستی دووچاری جۆرێك له نه‌خۆشیی بێباوه‌ڕی به زمان و كولتووری نه‌ته‌وه‌ی خۆیان كردووه‌ته‌وه.
زمان ته‌نیا شتێك نییه كه ئامرازی پێوه‌ندی مرۆڤه‌كان بێت، به‌ڵكو له‌م سه‌دانه‌ی دواییدا، هه‌ڵگری مێژوو، فه‌لسه‌فه، كولتوور و هه‌موو پاشخانی ئاخێوه‌رانی زمانه‌كه واته نهتهوهكهشه. داگیركه‌رانی كوردستانیش هه‌ر به‌م هۆیه به‌رله هه‌موو شتێك، په‌لاماری زمانی ئێمه‌یان داوه تا گرنگترین به‌شی پێناسه‌كردنی ئه‌و گه‌له بسڕنه‌وه.
ئه‌گه‌ر مرۆڤ پیاسه‌یه‌ك به‌ناو یه‌كێك له‌م شاره كوردییانه‌دا بكات، سه‌رنجی تابلۆی دوكانه‌كان بدات له هه‌ولێر یان سلێمانی یان هه‌ركام له شاره‌كان، هه‌ست ده‌كات كه له به‌غدا بێت یان ئه‌نكه‌ره یان شارێكی ئه‌وروپی، ته‌نیا شتێك هه‌ستی پێ نه‌كات، ئه‌وه‌یه كه له كوردستاندایه له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر له ناونیشان و تابلۆكان به‌زمانی بێگانه نووسراون.
جا بڕوا ناكرێت هیچ عه‌ره‌بێك یان توركێك ئه‌وه‌ی پێ قبووڵ بكرێت كه به زمانی كوردی له‌سه‌ر تابلۆ و ناونیشانه‌كان بنووسرێ، ئه‌مه‌ش شتێكی ئاساییه چونكه وڵاتی خۆیه‌تی قبووڵ ناكا زمانی بێگانه به‌كار بهێنرێت. ئاساییه ئه‌گه‌ر له‌پاڵ زمانی دایك به‌زمانی ئینگلیزی كه زمانێكی جیهانییه بنووسرێت، به‌ڵام چۆن ده‌كرێت من كه كوردێكم ده‌چمه ناو بازاڕی شار به‌ده‌گمه‌ن تابلۆیه‌ك ده‌بینم به زمانی كوردی، ئه‌مه‌ش ناهه‌قییه و هیچ گه‌لێكی هۆشیار ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ئه‌م مافه‌ی پێ قبووڵ ناكرێت.
كورداندنی تابلۆكان ده‌كه‌وێته سه‌رشانی حكوومه‌تی هه‌رێم، جگه له وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و ڕۆشنبیری، ئه‌ركی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنیشه هه‌ڵمه‌تێك ڕابگه‌یه‌نن بۆ قه‌ناعه‌ت پێكردن و گۆڕینی تابلۆكان بۆ زمانی كوردی.
لێره‌دا دیارده‌یه‌كی تریش هه‌یه، ئه‌ویش كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنه كه ئێسته به‌شێكی زۆریان كار بۆ تێكدانی كۆمه‌ڵگا و له بیربردنه‌وه‌ی هه‌ستی كوردایه‌تی ده‌كه‌ن له ڕێی فیلمه دۆبلاجكراوه توركییه‌كانه‌وه، كه كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر تێكدانی شیرازه‌ی خێزان و له بیركردنی هه‌ستی كوردایه‌تی، چونكه ئه‌و فیلمانه وا ده‌كه‌ن كوولتوری وڵاتێكی تر بێته وڵاتهكهتهوه، ببینه له بازاڕ و شه‌قامه‌كاندا پڕن له خواردن و خواردنه‌وه و كاڵا و جلوبه‌رگی بیانی كه ئه‌مه‌ش بۆ خۆی كاره‌ساته.
كاره هونه‌رییه‌كانیش كه به‌زمانی كوردی ده‌كرێت، ئه‌وا له‌سه‌ر شێوازی بیانی و به‌كارهێنانی زمانی بیانی ده‌كرێت، ئێسته لای هونه‌رمه‌نده‌كان بووه‌ته كارێكی باش كه هه‌ڵده‌ستن ئاوازێكی بیانی دێنن له‌گه‌ڵ موزیكی بیانی و له وڵاتێكی دراوسێ كلیپێك به زمانی كوردی ده‌كه‌ن، باشه بۆ ده‌بێت له وڵاتی خۆمان به ئاوازی ئاوازدانه‌ره كورده‌كان و موزیكژه‌نه كورده‌كان كار نه‌كه‌ین!
به‌داخه‌وه خۆشمان خه‌تاباری سه‌ره‌كی ئه‌و ڕه‌وشه‌ین كه به‌سه‌ر زمانی كوردی هاتووه. دایك و باوكانی ئێمه كه‌متر هه‌وڵ ده‌ده‌ن منداڵانیان فێری زمانی كوردی بكه‌ن، گه‌نجان هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌متر له زمانی دایك كه‌ڵك وه‌ربگرن و ده‌بینرێ كه زۆربه‌ی كار و چالاكی و ژیانی ڕۆژانه‌یان به زمانی داگیركه‌ره!
دنیای مۆدێرن، به‌جیهانیبوون و ئامرازه مۆدێرنه‌كان ئه‌گه‌رچی هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر زمانی كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه ده‌توانن ببنه ده‌رفه‌تێك بۆ په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌سه‌ندنی زمانی كوردیش. تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌رفه‌تێكی باش و گونجاون كه وه‌ك قوتابخانه‌یه‌ك كه‌ڵكیان لێ وه‌ربگیرێ، له‌بری ئه‌وه‌ی نووسین به‌زمانی بێگانه دابنێین، با به‌زمانی كوردی بنووسین و هه‌وڵێكی زیاتر بده‌ین بۆ به‌ره‌وپێشبردنی زمانی كوردی.
هه‌وڵ بدرێت له تابلۆ و ناونیشان و كاره هونه‌رییه‌كان تا كه‌ناڵه ڕاگه‌یاندنه‌كانیش گرنگییه‌كی زۆر به‌زمانی كوردی بدرێت و دوور بكه‌وینه‌وه له زمانی تر. چونكه ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ی ئێسته هه‌یه به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا له داهاتوودا زمانی كوردی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه.