دوای نزیكه‌ی چوار مانگ خۆپێشاندانی بێبڕانه‌وه له ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، هه‌روه‌ها تێپه‌ڕبوونی زیاتر له دوو مانگ له ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له پۆسته‌كه‌ی و دوای بێنه و به‌ره‌یه‌كی زۆر، سه‌ره‌نجام كه‌سایه‌تییه‌ك به‌ناوی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ هاتووه‌ته راسپاردن.
له‌م پرۆسه‌یه‌دا چه‌ندان ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی چ له ناوخۆ و چ له ده‌ره‌وه له ململانێ و قۆڵبادان و یه‌كترشكاندن و هه‌ندێ جاریش یه‌كتر ڕازیكردندا بوون. ئه‌و دۆخه ئێسته‌یش هه‌یه و به‌رده‌وامیش ده‌بێت. گرنگ تێگه‌یشتنی ڕۆڵی ئه‌م لایه‌ن و ئه‌كته‌رانه‌یه تا ئێسته و بۆ قۆناغی داهاتووش. به‌ڕاستی كێ براوه‌یه؟ ئایا براوه هه‌یه؟ ئاراسته‌ی گۆڕانكارییه‌كان له‌مڕۆ به‌دواوه به‌ره‌و كوێن؟
ئه‌كته‌ره‌كان:
خۆپێشاندان و خۆپێشانده‌ران، ئه‌و ڕه‌وته‌ی توانی ببێته قورساییه‌كی گه‌وره و هه‌موو كه‌سێكی ڕاچڵه‌كاند. هه‌ژانێكی گه‌وره‌ی له‌ناو سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات و كۆی سیستمی سیاسیی عێراقدا دروست كرد. حكوومه‌تی ناچاری ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه كرد و وه‌ك ئاوێنه‌یه‌كی گه‌وره دۆخی خراپی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و سیاسیی عێراقی به دنیا پێشان دا، هاوكات كاریگه‌ریی زۆر گه‌وره‌ی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان دانا.
خۆپێشانده‌ران له‌م پرۆسه‌یه ناڕازین و ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام یه‌كه‌مین ده‌ره‌نجامی ڕاسپاردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ، دووكه‌رتبوونی ده‌نگی خۆپێشانده‌رانه له مه‌یدانه‌كان. ئه‌وه له كاتێكدایه له‌و چوار مانگه‌ی رابردوو سه‌ره‌ڕای هه‌وڵ و به‌ڵێنی گه‌وره، هیچ لایه‌نێكی سیاسی نه‌یتوانی ئه‌و ده‌نگه پارچه بكات یان بێ كاریگه‌ریی بكات.
مه‌رجه‌عییه‌ت
تا ماوه‌یه‌ك له نێوان حكوومه‌ت و خۆپێشانده‌راندا هاتوچۆی ده‌كرد، دواتر به‌لای خۆپێشانده‌راندا شكایه‌وه و به‌شێك بوو له گوشار بۆ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی حكوومه‌ت. به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌و چوار مانگه‌ی مه‌رجه‌عییه‌ت، ده‌كرێ بگه‌ینه ئه‌نجامێكی وه‌ها كه مه‌رجه‌عییه‌ت خواستی گۆڕانكاری له سیستمی ده‌سه‌ڵات و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیی عێراق هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م خواسته هێنده‌ی داواكاریی خۆپێشانده‌ران ڕادیكاڵ نییه. به‌ڵكو فۆرمێكی مامناوه‌نده له ڕازیكردنی لایه‌نه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی به‌شێك له پێویستییه‌كانی خه‌ڵك.
مه‌رجه‌عییه‌ت داكۆكی له پرۆسه‌یه‌ك ده‌كات كه هه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان و هه‌م خۆپێشانده‌ران، بتوانن یه‌كتر ڕازی بكه‌ن، بۆیه پشتگیریی ئه‌و قۆناغه ده‌كات تا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت.
لایه‌نه سیاسییه‌كان
پێش هه‌موو شتێك كورد و سوننه خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یه ڕاگرتووه و به وردی چاودێری ده‌كه‌ن، ئه‌م هه‌ڵوێسته به‌تایبه‌تی بۆ كورد، به‌پێی هه‌لومه‌رجی سیاسیی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی گونجاوه.
به جیاوازییه‌كی كه‌مه‌وه، هه‌موو لایه‌نه سیاسییه شیعه‌كان به‌رپرسن له‌و دۆخه‌ی عێراقی تێكه‌وتووه، زۆربه‌یان به ڕواڵه‌ت له مه‌یدان كشاونه‌ته‌وه و له ژێره‌وه‌یش مشتومڕی ئاستی كاریگه‌ریی خۆیان له قۆناغی داهاتوو ده‌كه‌ن، واته پێ ده‌چێت زۆربه‌یان جۆرێك ڕه‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر ئه‌م كه‌سایه‌تییه و حكوومه‌تی نوێ هه‌بێت.
موقته‌دا سه‌در و لایه‌نگرانی
له نووسینی پێشوومدا چۆنیه‌تیی به‌شداریی ئه‌م ڕه‌وته‌م له‌م قۆناغه‌دا شرۆڤه كرد. محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی كاندیدی موقته‌دا سه‌دره، یارییه‌كه‌ی سه‌در به‌مشێوه‌یه بوو: چه‌ند رۆژێك له گۆڕه‌پانی خۆپێشاندان كشایه‌وه، ئه‌مه‌ش گڵۆپی سه‌وز بوو بۆ سه‌ركوتی خۆپێشانده‌ران له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه و حكوومه‌تیش به‌و كاره هه‌ستا و گوشاری زۆری كرد.
به‌مشێوه‌یه سه‌در به خۆپێشانده‌رانی گوت ئه‌گه‌ر ڕه‌وته‌كه‌ی من نه‌بێت، ئێوه ناتوانن به‌رگه بگرن، به حكوومه‌ت و لایه‌نه سیاسییه‌كانیشی گوت ده‌توانم ئه‌و خۆپێشاندانه كۆنتڕۆڵ بكه‌م، به‌و مه‌رجه‌ی ئێوه ڕازی بن به كاندید و به‌رنامه‌ی من بۆ حكوومه‌تی داهاتوو. گه‌ڕانه‌وه‌یشی بۆ مه‌یدانی خۆپێشاندانه‌كان، به ئامانجی پارچه‌كردنی ڕیز و هه‌ڵوێستی خۆپێشانده‌ران بوو و ئه‌وه‌ی ڕووی دا، ئه‌مه‌یه.
ئێران
داڕێژه‌ری سیناریۆی هاتنه پێشه‌وه‌ی ڕه‌وتی سه‌دره، موقته‌دا سه‌در ده‌موچاوی نوێی ئێرانه بۆ قۆناغی داهاتووی عێراق.
ئه‌مه‌ریكا
له‌م قۆناغه‌دا ئه‌مه‌ریكا له عێراق ته‌نگاو كراوه، له‌ژێر ئه‌و بیانووه‌ی كه ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی عێراق ناكات، به‌وه ڕازییه حكوومه‌تی نوێ دروست بێت و پشتگیریی خۆی بۆ عه‌لاوی ده‌ربڕیوه. به‌ڵام پشتگیریی ئه‌مه‌ریكا بۆ خۆپێشانده‌ران چوارچێوه‌ی چاودێری و چه‌مكی مافی مرۆڤی تێنه‌په‌ڕاند، بۆیه پێ ده‌چێت ئه‌مه‌ریكایش وه‌ك مه‌رجه‌عییه‌تی شیعه، لایه‌نگری گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی و ڕادیكاڵ له عێراق نه‌بێت.
ئاماژه‌كان پێمان ده‌ڵێن، عه‌لاوی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌یه كه ئه‌م قۆناغه به‌ڕێوه ده‌بات، ته‌نیا ئاسته‌نگی له‌لایه‌ن خۆپێشانده‌رانه‌وه دێت كه دیار نییه به‌و دۆخه‌ی ئێسته‌وه و به‌و شێوه مامه‌ڵه‌كردنه‌ی سه‌در و ڕه‌وته‌كه‌ی، بتوانن مه‌رجه‌كانیان بسه‌پێنن یان نا.
به‌مشێوه‌یه له حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ره‌وه بۆ حكوومه‌تی ڕاگوزه‌ر، كابینه‌ی عه‌لاوی /ئه‌گه‌ر دروست ببێت/ ته‌مه‌نی كورت ده‌بێت و چه‌ند كار و ئه‌ركێكی دیاریكراوی ده‌بێت وه‌ك په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ 2020، ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته. هاوكات عه‌لاوی هه‌ندێ به‌ڵێنی وه‌ك دژایه‌تیی گه‌نده‌ڵی، ڕێكخستنه‌وه‌ی كارگێڕی و.. تاد داوه.
ئاشكرایه ته‌مه‌نی كابینه‌ی ڕاگوزه‌ر كورت ده‌بێت و به‌شی جێبه‌جێكردنی مه‌یدانی ئه‌و به‌ڵێنانه ناكات، خۆ ئه‌گه‌ر بتوانێ چه‌ند یاسا و پڕۆژه‌یه‌ك له‌و بوارانه‌یشدا ده‌ربكات، ئه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئه‌رێنییه، به‌ڵام عێراق و ده‌ستوور و یاساكانی، به‌ره‌و دیموكراسیی یاسایی و ئیداری و سه‌ركاغه‌ز و چه‌ند هه‌نگاوێكی تر به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌چێت.
ئه‌مه دیارده‌یه‌كی ناسراوه له عێراقدا كه یاسا و پڕۆژه‌ی یاسایی زۆر جوان و دیموكراتی ده‌رده‌كرێن، هه‌ركه‌سێك فیز و نازی پێوه ده‌كات و وه‌ك ده‌ستكه‌وت به خه‌ڵكی ده‌فرۆشێته‌وه، به‌ڵام كێ و كه‌نگێ و چۆن جێبه‌جێیان ده‌كات؟ دیار نییه.
له وه‌ها دۆخێك‌دا، مه‌یدان بۆ موقته‌دا سه‌در كراوه ده‌بێت و هه‌وڵ ده‌دات به جیاوازییه‌كی زۆره‌وه هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بباته‌وه. ڕه‌نگه ئێرانیش هێزه لایه‌نگره‌كانی خۆی زیاتر ئاراسته‌ی ڕه‌وتی سه‌در بكات، ئه‌وه‌ش گریمانه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كی سیاسیی گه‌وره‌تری لێ ده‌كرێت كه سه‌در پێشه‌نگایه‌تی بكات.
پێم وایه كورد له‌م دۆخه‌دا ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌نده ده‌بێت كه پێوه‌ندی و ڕێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا بپارێزێت و ئه‌گه‌ر بواری هه‌بێت به‌ره‌وپێشه‌وه‌یان ببات. هاوكات به‌رده‌وامیدان به‌و هه‌ڵوێسته گونجاوه‌ی تا ئێسته‌یش، زۆر گرنگه.