ئاخۆ دیداری سەرۆكانی ئەمەریكا و رووسیا، دنیا دەكاتە شامی شەریف؟

دنیا بە بایەخەوە چاوی لە كۆبوونەوە دووقۆڵییەكەی نێوان ڤلادێمیر پۆتین سەرۆكی رووسیا و جۆ بایدن سەرۆك كۆماری ئەمەریكا بوو. پتر لە هەزار و 200 پەیامنێر و رۆژنامەوان و میدیاكار لە سەرانسەری دنیاوە لە بەردەم هۆڵی كۆبوونەوەكەدا چاوەڕێی تەواوبوونی كۆبوونەوەكەیان دەكرد. لەگەڵ كۆتاهاتنی كۆبوونەوەكە، میدیا و راگەیاندن و ئاژانسە ناودارە هەواڵنێرییەكانی سەرانسەری دنیا، لێدوانە رۆژنامەوانییەكەی هەردوو سەرۆكیان راستەوخۆ بڵاو كردەوە. 

ناوەندە سیاسی، دیپلۆماسی و هەواڵگرییەكان و شانبەشانی ئەوان سەنتەرە ئابووری، سەربازی و كۆمەڵایەتییەكانیش، گرنگی تایبەتیان بەم كۆبوونەوەیە دا. بەگشتی دەرەنجامەكانی دانوستانی ڕووبەڕوو و ڕاستەوخۆی سەرۆكانی هەردوو وڵاتی زلهێز و جەمسەری گەورەی جیهانی، كاریگەریی ئاشكرا و بەرچاوی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی و تەناهی و ئابووری و بگرە كۆمەڵایەتی و تەنانەت پرسەكانی پێوەست بە ژینگە و مافی مرۆڤ، شەڕی سایبێری و پێشبڕكێی لە بۆشایی ئاسمانیش دەبێت.

بەلای كەمەوە دوای كۆتاهاتنی شەڕی دووەمی جیهانی، رووسیا و ئەمەریكا جڵەوی سیاسەتی نێودەوڵەتییان لە دەستدایە. هەرچەندە دوای كۆتاهاتنی شەڕی سارد و داڕمانی یەكێتی سۆڤییەت، رووسیای فیدراڵی میراتگری سۆڤییەت، بە كێشە و قەیرانەكانی ناوخۆییەوە خەریك بوو و لە ڕۆڵ و كاریگەرییە نێودەوڵەتییە نەرێتییەكەی كەم بووەوە، ئەمەریكای براوەی شەڕی سارد بۆ نزیكەی دوو دەیە تاكە جەمسەر و بلۆكی جیهانی بوو و بەبێ ڕكابەر ئەسپی خۆی تاودا، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا رووسیا بە تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە ڕاگوزەرە، توانیویەتی جارێكی تر بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانەكە و لە هاوكێشە جیهانییەكاندا سەنگ و قورسایی تایبەتی هەبێت.

پەسندكردنی دووبارەی رووسیا وەك كارەكتەرێكی بەباندۆر و یەكلاكەرەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، مایەی ڕەزامەندی ئەمەریكا نییە. بۆیە لە چەند ساڵی دواییدا زۆرجار بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكانی ئەم دوو زلهێزە لە شوێن و جیۆگرافیا و بوار و بابەتی جیاواز ڕووی داوە. ئەم ئاڵۆزی و گرژییە لە پێوەندییەكانی نێوان رووسیا و ئەمەریكا مەترسی لەسەر ئاسایش دنیا دروست كردووە، چونكە هەردوولا چەك و جبەخانەی ئەتۆمی و هایدرۆجینی و بایۆلۆجی وایان لە بەردەستە، دەتوانن لە چركەیەكدا زیانی بێسنوور و بێ گەڕانەوە بۆ ژیان و هەبوونی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە دروست بكەن. بۆیە هەر چەشنە پەرەسەندنێك لە پێوەندییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە و كۆمەڵگای جیهانی، جێی بایەخە و بە گرنگ دەبینرێت.

ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چەقی ململانێ و ڕكابەری و قۆڵبادانی ئەم دوو زلهێزەیە.


جگە لە باندۆرە جیهانییەكەیان، ئەمەریكا و رووسیا لە هاوكێشە هەرێمییەكانیشدا خاوەن ڕۆڵن و ئاراستەی گۆڕانكارییەكان دیاری دەكەن، بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانیان هەم قەیران و هەم چارەسەریش پێش دەخەن. بەتایبەتی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چەقی ململانێ و ڕكابەری و قۆڵبادانی ئەم دوو زلهێزەیە. شەڕی بە وەكالەتی ئەم هەردوو جەمسەرە لە باكوری ئەفریقاوە تا دەگاتە سووریا و عێراق و ئەفغانستان و باشووری ئاسیا و قەفقاسیا و ئاسیای ناوەڕاست، بەچڕی بەڕێوە دەچێت. شایانی باسە كە ئەم ناوچەیە چڕترین ناوچەی نیشتەجێبوونی مرۆڤە و لەڕووی ئابووریشەوە وێڕای دەوڵەمەندبوونی بە نەوت و گازی سروشتی و كانزاكانی تر، هاوكات بازاڕی هەرە گەورەشە لەسەر ئاستی دنیا بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان و بەدەستخستنی بەرژەوەندیی مادی. باڵادەستی هێز و هەژموون پێوەندی راستەوخۆی فراوانبوونی ئاستی بەرژەوەندی مادییەوە هەیە.

سەرەڕای هەموو ئەوانەش، ئاشكرایە كە دنیای ئەمڕۆ گۆڕاوە و چیتر وەك جاران یەك یان چەند زلهێزێك بەتەنیا و بە ئارەزووی خۆیان ناتوانن ئاراستەی سیاسەتی جیهانی و هەرێمایەتی دیاری بكەن. دنیای تاك یان دوو جەمسەری كۆتایی هاتووە. دابەشكاری نوێ لەڕووی سیاسی و ئابووری و هاوسەنگی هێزەوە بەدی دەكرێن. لە دنیای ئەمڕۆدا كۆمەڵێك هێز و ئەكتەری جیاواز لەڕووی سیاسی و سەربازی و ئابوورییەوە سەریان هەڵداوە. لەلایەكی تر هەرخۆی سروشتی هاوكێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان گۆڕانییان بەسەردا هاتووە. پێشكەوتنی كۆمەڵگاكان لەڕووی ئابووری و زانستی و پیشەسازییەوە، دەرگای لە بەردەم گەشەی دیموكراسی و ژیانی ئازاد یەكسانی و هاوبەشی مرۆڤ لە ئیدارەدانی پرسە گرنگەكان لەسەر ئاستی دنیا كردووەتەوە.