ڕادیكاڵیزمی ئیسلامی به هه‌ردوو باسكی شیعه (حه‌شدی شه‌عبی) و باسكی سوننه (پاشماوه‌كانی داعش)، له عێراقدا به‌ره‌و به‌هێزبوون ده‌چن. ئه‌م دوو باسكه‌ی ئیسلامی ڕادیكاڵ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دوژمنی سه‌رسه‌ختی یه‌كترن و ڕۆژانه شه‌ڕی یه‌ك ده‌كه‌ن، به‌ڵام دوژمنی هاوبه‌شیشیان هه‌یه كه ئه‌مه‌ریكایه و هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره له ئه‌مه‌ریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له عێراق و ناوچه‌كه ده‌كه‌ن. هاوكات هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ ئاسایشی ناوخۆیی عێراق و دۆخی ئه‌و وڵاته هه‌ر رۆژه و زیاتر به‌ره‌و ناسه‌قامگیری ده‌به‌ن. ئه‌م هه‌ردوو لایه‌نه ڕادیكاڵه، دژایه‌تییه‌كی قووڵی كورد و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كه‌ن و له هه‌وڵی له‌باربردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردن له عێراقدا.
هۆكاره‌كان و چۆنیه‌تی ته‌شه‌نه‌كردنی ڕادیكاڵیزمی ئیسلامی له عێراق بۆ مێژوویه‌كی درێژخایه‌نی شێوه و چه‌مكی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌و وڵاته ده‌گه‌ڕێته‌وه كه تا ساڵی ٢٠٠٣، به به‌رده‌وامی كه‌مینه‌یه‌كی سوننه له‌سه‌ر زۆرینه‌ی شیعه و كورد ده‌سه‌ڵاتدار بوون، له‌وكاته‌یشه‌وه تا ئه‌مڕۆ به پێچه‌وانه‌وه شیعه ده‌سه‌ڵاتداره. له ژێرخانی هزری ئه‌م دوو پێكهاته‌یه‌دا تایفییه‌ت و شۆڤێنیزم به چڕی ده‌بینرێت. تایفییه‌ت دژ به یه‌كتر و شۆڤێنیزمیش له‌لایه‌ن هه‌ردوو پێكهاته‌وه دژ به كورد پێڕه‌و كراوه.
بۆیه كه سوننه له ده‌سه‌ڵاتدا بوون، ڕادیكاڵیزمی شیعی وه‌ك كاردانه‌وه په‌ره‌ی ده‌سه‌ند، ئێسته‌یش كه شیعه له ده‌سه‌ڵاته، ڕادیكاڵیزمی سوننه ڕه‌وایه‌تی پێ ده‌درێت. هیچ كاتێك هاوسه‌نگی و دیموكراسی له شێوه‌ی ئیداره‌دانی ئه‌م دوو پێكهاته‌دا قووڵ نه‌بووه‌ته‌وه و هه‌ر ئه‌وه‌ش زه‌وینێكی هه‌میشه‌یی بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ڕادیكاڵیزمی ئاینی و تایفی له‌و وڵاته دروست كردووه.
سه‌رباری ئه‌وه، ده‌ستێوه‌ردانێكی هه‌میشه‌یی له ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی له عێراقدا، مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه و ئه‌وه‌ش زه‌وینه‌ی ناكۆكی و شه‌ڕی تایفی قووڵتر كردووه‌ته‌وه.
له‌م قۆناغه‌ی دواییدا ڕێژه‌ی جموجووڵ و چالاكی و هێرشی چه‌كدارانی داعش له عێراق و به‌تایبه‌تیش له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، زۆر زیادی كردووه. به‌پێی ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، له مانگی نیسانی رابردوو ٤٨ هێرشی چه‌كداری و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی دژ به هێزه ته‌ناهییه‌كان هه‌بووه. بێگومان ئه‌مه زه‌نگی مه‌ترسییه و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندان جار هۆشداری داوه. بۆیه ده‌بێ هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش بكه‌ین.
هه‌رچه‌ند خه‌لافه‌تی ئیسلامی داعش كۆتایی پێ هێنرا و سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازی له به‌رانبه‌ر داعش مسۆگه‌ر بوو، به‌ڵام تێپه‌ڕینی كات پێمان ده‌ڵێت فیكری داعشی و ڕادیكاڵیزم كۆتایی نه‌هاتووه و به‌داخه‌وه ١٠% شه‌ڕی سه‌ربازی، كاری هزری له به‌رانبه‌ر ئه‌م چه‌مك و عه‌قڵه‌دا نه‌كراوه. بۆ ئه‌وه كۆمه‌ڵێك هۆی گرنگ هه‌ن بۆ دووباره سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش، له‌وانه:
.. چه‌مك و عه‌قڵی تایفی و كاردانه‌وه‌ی سوننه‌ی عێراق له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی شیعه، له لووتكه‌دایه.
.. له شه‌ڕی دژ به داعشدا، حه‌شدی شه‌عبی ناوچه سوننه‌كانی عێراقی كۆنتڕۆڵ كرد و به تێڕوانینی تایفی، وێرانكاری و قه‌ڵاچۆكردن و پێشێلكاری و گۆڕینی دیموگرافی، له‌و ناوچانه پێڕه‌و كرد.
.. دوای شكستی داعش، حكوومه‌تی عێراق له ناوچه ڕزگاركراوه‌كاندا گرنگی به خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانكردنه‌وه و فه‌راهه‌مكردنی زه‌وینه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان نه‌داوه.
.. خۆپێشاندانه‌كانی عێراق، بۆشایی سیاسی و یاسایی و نه‌بوونی حكوومه‌ت، كێشه‌ی كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانی و ئاڵۆزی دۆخی ته‌ناهیی و ناكۆكی و ململانێی لایه‌نه سیاسییه‌كان.
.. قووڵبوونه‌وه‌ی ململانێی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا له عێراق.
.. كه‌مبوونه‌وه‌ی سه‌رنجی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر شه‌ڕی داعش.
.. بۆشایی ته‌ناهیی و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له ناوچه‌كانی هێڵی ته‌ماس.
.. خۆلادان یان خۆدزینه‌وه‌ی هێزی ته‌ناهیی عێراق له هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌و ناوچانه.
"حه‌شدی شه‌عبی" كه به‌ڕواڵه‌ت له به‌رانبه‌ر داعش دروست بوو، ئێسته ته‌نیا هێزێكی سه‌ربازی و میلیشیایی نییه، به‌ڵكو هه‌ژموونی سیاسی خۆی له‌سه‌ر كۆی ده‌سه‌ڵاتی عێراق سه‌پاندووه. گه‌وره‌بوون و سه‌رچاوه‌ی ڕه‌وایه‌تی حه‌شدی شه‌عبی یه‌كه‌م مه‌رجه‌عییه‌ت و دووه‌میش شه‌ڕی دژ به داعش بوو. هه‌ر له‌به‌ر شه‌ڕی داعش، ئه‌مه‌ریكا چاوی له گه‌وره‌بوون و ئاستی كاریگه‌ری حه‌شد پۆشی. له به‌رانبه‌ردا ئێران ئه‌و بۆشاییه‌ی به باشی قۆسته‌وه و خۆی خزانده ناو حه‌شد و كۆنتڕۆڵی كرد.
حه‌شدی شه‌عبی ئێسته یه‌كه‌م ڕۆڵی جێبه‌جێكردنه‌وه‌ی ئه‌جێندای ئێرانه له عێراقدا، دووه‌م، ئه‌جێندایه‌كی دژه ئه‌مه‌ریكایی پێڕه‌و ده‌كات و سێیه‌میش ئه‌جێندای تایفی دژ به سوننه و شۆڤێنی دژ به كورد وه‌ك ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆی ده‌بینێت.
دوای كوژرانی قاسم سلێمانی و مه‌هدی موهه‌ندیس، هه‌رچه‌نده چالاكییه‌كانی دژ به ئه‌مه‌ریكا زیادی كردووه، به‌ڵام له‌ڕووی پێكهاته‌ییه‌وه وه‌ك جاران یه‌كده‌ست نین و به‌سه‌ر دوو باڵی حه‌شدی مه‌رجه‌عی (سه‌ربه مه‌رجه‌عییه‌تی سیستانی) و حه‌شدی وه‌لانی (سه‌ربه ویلایه‌تی فه‌قیهی ئێرانه و له لووتكه‌ی ڕادیكاڵیزمدایه) دابه‌ش بوونه.
پێ ده‌چێت باڵی مه‌رجه‌عی خۆی یه‌كلا بكاته‌وه و به‌شداری هێزی ته‌ناهیی حكوومه‌تی عێراق ببێت كه له‌ڕووی ڕێژه‌ییه‌وه له نیوه زیاتری كۆی حه‌شدی شه‌عبی پێكدێنن.
ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له عێراق له‌لایه‌ن هه‌ردوو هێزی داعش و حه‌شدی شه‌عبیه‌وه وه‌ك داگیركه‌ر ده‌بینرێن. ئه‌مه له حاڵێكدایه ئه‌مه‌ریكا له یه‌ك كاتدا شه‌ڕی ئه‌م دوو باسكه‌ی نه‌كردووه. له قۆناغی شه‌ڕی داعشدا ڕێی بۆ به‌هێزبوونی حه‌شدی شه‌عبی كرده‌وه و دواتریش كه شه‌ڕی میلیشیا شیعه‌كانی كرده به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كی خۆی، ته‌ركیزی له‌سه‌ر شه‌ڕی داعش كه‌م بووه‌وه، ئه‌وه‌ش زه‌وینه‌ی بۆ به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش فه‌راهه‌م كردووه. به‌ڵام به ڕاستی دیار نییه ئه‌مه سیاسه‌تێكه كه ئه‌مه‌ریكا پێڕه‌وی ده‌كات یان هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیجییه و تووشی بووه.
جموجووڵ و چالاكی داعش به زۆری له پارێزگاكانی دیاله، سه‌ڵاحه‌دین و كه‌ركووكه. زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه كوردستانین و به ناوچه‌ی ماده‌ی ١٤٠ ده‌ناسرێن. داعش دوژمنی كورده و به‌تایبه‌تی دوژمنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه، چونكه پێشمه‌رگه تێكیشكاند. له‌لایه‌كی تره‌وه سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق كه له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و ئێرانه‌وه ئاراسته ده‌كرێت بۆ ئه‌و ناوچانه، جێی سه‌رنجه.
دوای ١٦ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، بۆشایی ته‌ناهیی له‌و ناوچانه دروست بووه، هێزی عێراقی مۆڵه‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه نادات و هاوئاهه‌نگی پێویستیشی له‌گه‌ڵ ناكات. هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه ئه‌و ناوچانه كوردستانین و به ئه‌نقه‌ست بۆشایی ته‌ناهیی لێ دروست ده‌كه‌ن.
چه‌مكی تایفی و شۆڤێنی شیعه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ناوچانه به ده‌ستی داعشه‌وه بن باشتره تا به‌ده‌ستی كورده‌وه بن. به‌مشێوه‌یه له سه‌نگ و هێزی كورد كه‌م ده‌كه‌نه‌وه. له‌ڕووی سه‌ربازیشه‌وه، هێزی عێراقی هه‌ر ئه‌وه‌نده سه‌رنج له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه داده‌نێ كه داعش له سنوورێكی دیاریكراودا بهێڵنه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك نه‌توانێت وه‌ك رابردوو ببێته‌وه به خه‌لافه‌ت. هاوكات حه‌شدی شه‌عبی له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و ئیداریشه‌وه گوشار له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
بێگومان ململانێی تایفی له عێراقدا باكگڕاوندێكی قووڵی مێژوویی هه‌یه. تاكه ڕێیش كه ئه‌م شه‌ڕه تایفییه كه‌م بكاته‌وه و به‌ره‌و نه‌مانی ببات، ئه‌وه‌یه پێكهاته‌كانی شیعه و سوننه له ده‌سه‌ڵاتی عێراقدا هاوسه‌نگ بكرێن.