کێشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا کێشەی عەقڵییەتە

تەرازوویەک بێننە پێشچاو. ئەوەی ئامێری کێشانەکردن یان پێوانی قورسایی یان کێشە کە هەموو شتێکی پێ کێشانە دەکرێت. کۆمەڵێک پێوانی دیاریکراوی هەن، ئەوانە لە تایەکی تەرازوو دادەنرێن و تایەکەی تری هەر شتێکی لێ دابنرێت، بەپێی پێوانی دانراو, کێشەکەی دیار دەبێت. 

پێوانەکان لە بچووکەوە بۆ گەورە, واتا لە گرامەوە بۆ ١٠٠ گرام و یەک کیلۆ و یەک تۆن و...تاد. واتا تایەک پێوانەکەیە (بۆ نموونە یەک کیلۆ) و تایەکەی تریش هەرچی بێت, (بۆ نموونە خوێ، خوری، تەماتە، گەنم، ئاسن). بێگومان هەموو کەسێک تەرازووی بینیووە، کاری پێکردووە و پێوانەکانیشی دەناسێت. من بەم نموونە سادەیەی زۆربەی خەڵک لە ژیانی رۆژانەیاندا دەیبینن، مەبەستمە سەرنج بخەمە سەر دیاردەیەکی گرنگ و کێشەیەکی گەورە لە نێوان باشووری کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراق.

پێوانی کێشانەکردن کە هەمیشە دەبێ لە تایەکی تەرازوودا جێ بگرێت، لە دێرزەمانەوە جێگیر و دیاریکراوە و بەشێوەیەکی ڕەها نەگۆڕە. واتا لەو کاتەوەی مرۆڤایەتی گەیشتووه‌تە ئەو پێوانەیە، تا ئێسته‌یش وەک خۆیەتی. لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە هەروەک ئەو پێوانەیە, کۆمەڵێک چەمک و جۆری بیرکردنەوە و بگرە کرداریش هەن تا نها نەگۆڕاون و لە هەر قۆناغێکدا بە ڕه‌نگ و جلێکی جیاوازەوە خۆیان دەردەخەنەوە. 

"شۆڤێنیزمی عەرەبی" لە عێراقدا هێشتا زۆر زەق و زاڵە. لەوانەیە لە هەندێ قۆناغدا تۆزێک پاشەکشەی کردبێت، بەڵام ئێسته‌یش لە ژێرخانی بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵگا و سیستمی سیاسی عەرەبی عێراقیدا، ڕیشەی داکوتاوە و هەرکەی بە پێویستی بزانێت دەردەکەوێت و خۆی دەسەپێنێت.

بابەتیتر "چەمک و ئایدۆلۆجیای تایفییەتە" کە دوو لە باڵە بەهێزەکانی لە عێراقدا بە ڕەهایی پێڕەو دەکرێن و دەسەپێنرێن. دید و چەمکی تایفییەتی شیعە و سوننە. هەردووک ڕادیکاڵن و ماڵوێرانکەرن, بوونەتە بەڵا بەسەر نەک تەنیا عێراقه‌وه‌، بەڵکو بۆ هەموو دنیا.
 
ڕادیکاڵیزمی سوننە لە کەسایەتی ئەلقاعیدە و دواتریش داعش و سەرجەم لقوپۆپەکانی, عێراقیان کردووه‌تە مەڵبەندی دەرکەوتن یان گەورەبوون و هەر لێرەیشەوە شەڕی سەرجەم سیستمی سیاسی رۆژئاوایان کردووە. کە سەیری شێوەی چالاکی و کردەوەکانی ئەم گرووپانە دەکەین، لە کوشتن، ئازار و ئەشکەنجە، کوشتنی بە کۆمەڵ، ڕفاندن، بە کۆیلە و جاریەکردنی ژن و کچ (بەتایبەتی ژن و کچی ئێزیدی)، تەقاندنەوە و دەست نەپاراستن لە هیچ کەس و لایەنێک و تەمەنێک، وێرانکردن، ئەتککردنی مرۆڤ، تیرۆر و سڕینەوەی گشت بەهاکانی مرۆڤایەتی و...تاد. دەبینین دڕندانەترین و وەحشیترین ئاکار و کردارن کە مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیویەتی.

"ڕادیکاڵیزمی شیعە"یش لە عێراقدا، ئەمڕۆ بە فیت و ئاراستەی ئێران شەڕی ئەمەریکا و رۆژئاوا و سەرجەم بەهاکانی دیموکراسی و چەمکەکانی پێکەوەژیان و ئاشتی و تەبایی گەلانی عێراق و ناوچەکەیش بەگشتی دەکات. کار و کرداری شیعە دژی کورد و سوننە, هیچی کەمتر لەو دیاردانەی سەرەوە نییە ئەگەر زیاتر نەبن. بۆی بکرێت وەک ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکات، بودجە و قووتی تاک بە تاکی کورد دەبڕێت، بە زۆرینەی ڕەها و بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک یاسای دژ بە کورد دەردەكات.

کە سەردەمی بەعس وەک سەردەمی لوتکەی شۆڤێنیزمی عەرەبی یان تێکەڵەیەک لە شۆڤێنییەتی عەرەبی و چەمکی تایفییەتی دژ بە کورد و پێکهاتەکانی عێراق بەبیر بێنینەوە, لە ئەنفال و کیمیاباران و گرتن و کوشتنەوە بگرە تا نکۆڵیکردن لە هەرچی بەهای مرۆیی کۆمەڵگای کورد و پێکهاتەکانی تری عێراق؛ زۆر زیاتر لە سەردەمی داعشی کردووە.

ئەوەی بە کورتی باسمان کرد, مێژووی ١٩٦٠کانە تا ئەمڕۆ. لەلایەک کورد دوو و نیو لەسەر سێی هەموو ئەو قۆناغە لەگەڵ عێراق ناکۆک بووە یان لە شەڕدا بووە (شەڕی چەکداری و سیاسی و یاسایی و ئابووری و...تاد)؛ لایەکەی تریش دەسەڵاتی ناوەندی و  بگرە میلیشیات و گرووپە ڕادیکاڵەکانی عێراقن کە هەرکامەیان (بەعس، دەسەڵاتی شیعە، ئەلقاعیدە، داعش، میلیشیاتی شیعە), خاوەن دەسەڵات بووبن، ئەوا هەر کەسە و بەپێی توانای خۆی پەلاماری کوردیان داوە و ئەوە هەتا ئەم چرکەساتەیش بەردەوامە و "هەر بەردەوامیش دەبێت". ئینجا بە چەک، بە فڕۆکە، بە غازی کیمیایی، بە گرتن و جینۆسایدی بە کۆمەڵ، بە کۆیلەکردن، بە دەبابە و هێرشی زەوینی، بە یاسا، بە دەستوور، بە زۆرینە و کەمینە، بە بڕینی بودجە و برسیکردنی خەڵک، بە دووبەرەکی خستنە ناو کورد و لایەنە سیاسییەکانی، بە تەعریب و دەیان شێوەی تر.

شۆڤێنیزمی عەرەبی و تایفییەتی ئاینی و مەزەوی لە عێراقدا و لە چەندان قۆناغدا تێکەڵاوێک لە هەردووکیان, لەم ناوچەیەدا و لە تەواوی سەدەی بیستەم و تا ئەمڕۆیش, لە کردەوەدا دژوارترین شێوەی ئەم هەردوو ڕەوتەن و کار و کردەوەکانیان بە تەواوی مانا, فاشیزم و جینۆسایدە. 

لە مێژووی زیاتر لە ٦٠ ساڵ، هەر گرووپ و چەمک و ناو و نازناوێک، لە گەورەوە بۆ بچووکترین ئاستی دەسەڵاتی خۆجێیی، هەر کەس هاتووە سەری لە ڕێ و شوێنی فاشیستی داوە بە چەندان ڤێرسیۆن. ڤێرسیۆنی چەکداری بێت یان ئابووری یان یاسایی و...تاد. ئەمە واتای ئەوەیە: لە عێراقدا دەسەڵاتی عەرەب (سەربە هەر هۆز یان گرووپێکی تایفی بێت) لە ئەنجامدا ئاراستەی شۆڤێنیزم و تایفییەت و بەرەو فاشیزم دەگرنە بەر. بێگومان ئەمە شتێکی ئاسان نییە و پێویستی بە شیکاری گرنگ و زانستی هەیە.

لە تای تەرازووەکەدا پێوەری دیاریکراو عەقڵییەت و چەمکی ڕادیکاڵی شۆڤێنیزم و تایفییەتی مەزەوی عەرەب دانراوە. لە تایەکەی تری هەرچی دابنرێت، دەبێ بەگوێرەی ئەو عەقڵییەتە نەگۆڕە پێوانە و کێشانە بکرێت. پێوەری خوێندنەوەی ئەو نەگۆڕە و ڕێک لە بەرانبەر تۆیە. تۆ دەڵێی دەستوور ئەو لای پەسند نییە, تۆ دەڵێی فیدراڵیزم ئەو باوەڕی بە ناوەندگەراییە, تۆ دەڵێی دیموکراسی ئەو بەرەو دیکتاتۆرییەت دەڕوات, تۆ دەڵێی یەکێتی ئارەزوومەندانە و پێکەوەژیان, ئەو دەڵێ زۆرینە و کەمینە, تۆ دەڵێی مادەی ١٤٠, ئەو دەڵێ تەعریب.

بۆیە ئێمەی کورد دەبێ تەنیا سەیری فڵان یاسا و فڵان دواکەتنی مووچە و تێپەڕاندنی فڵان بڕگەی فڵانە یاسا نەکەین. بەڕاستی ئەوانە هەمووی دەرەنجامن. دەرەنجامی عەقڵییەتێکی شۆڤێنیستی و تایفین هەر بەردەوامیش دەبن.

ئێمە پێویستە دەرس لەوە وەربگرین کە لە چەندان قۆناغی جیاوازدا هەر زیانیان پێگەیاندووین. بۆیە دەبێ تەگبیری درێژخایەن بكه‌ین و خۆمان لە ناچاری ئابووری و سیاسی و ئیداری حکوومەتی ناوەند ڕزگار بکەین. دەبێ خۆمان و گەلەکەمان و نیشتیمانەکەمان بگەیەنینە ئەو ئاستەی لە هەموو ڕوویەکەوە بتوانین لەسەر پێی خۆی ڕاوەستین. تای ئەو تەرازووە تەنیا بەمشێوەیە هاوسەنگ دەبێت یان بگرە بەلای ئێمەدا دەشکێتەوە. شەڕی ئەو عەقڵییەتەیش تەنیا بەمشێوەیە دەكرێت.