ئه‌مه هاوكێشه‌یه‌كی سه‌یره؛ كورد له دوو قۆناغدا ناڕێك، ناته‌با، نایه‌كگرتوو، په‌رته‌وازه، بێ ته‌گبیر و... تاد ده‌بن. له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان ئه‌زموونی ئه‌م دیارده‌یه‌مان هه‌یه. كامه‌ن ئه‌و دوو قۆناغه و چۆن؟
یه‌كه‌م؛ ئه‌و قۆناغه‌ی كه ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی داگیركه‌ری كوردستان لاوازه یان ڕووخاوه. لاوازی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر (هه‌ركامه له‌و چوار ده‌وڵه‌ته‌ی ئێران، عێراق، توركیا و سووریا)، به‌واتای هه‌لێكی زێڕینه بۆ كورد كه بتوانێ چه‌ند هه‌نگاوێك له ماف و ئازادییه‌كانی نزیك بێته‌وه. بێگومان له وه‌ها كاتێكی زێڕیندا پێویسته كورد له‌ڕووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه یه‌كگرتوو بێت و به یه‌ك گوتار و یه‌ك هێزه‌وه خۆی به‌سه‌ر واقیعه‌كه‌دا بسه‌پێنێت. ئاشكرایه په‌رته‌وازه‌ییش ئه‌نجامی زۆر قورس و كاره‌ساتباری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و چه‌ندان ده‌رفه‌تی له‌بار بردوون كه هه‌ندێكیان سه‌ده‌یه‌ك جارێك دووباره نابنه‌وه.
له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان؛ له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا دووجار ڕژێمی په‌هله‌وی ئێران لاواز بووه و گۆڕانكاری جۆریی به‌سه‌ردا هاتووه. هه‌ردوو جاریش واتا - سه‌رده‌می كۆماری مه‌هاباد و شۆڕشی ١٩٧٩ له ئێران – نایه‌كگرتوویی و ناته‌بایی و فره‌گوتاری كورد، گرنگترین هۆكاری له ده‌ستچوونی ده‌رفه‌تی زێڕین بوو بۆ كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان. بێگومان ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه ئێسته زۆر فراوانتر و زه‌قتر له‌و دوو قۆناغه‌ش هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه.
له باكوری كوردستان؛ له ماوه‌ی ٤٠ ساڵی رابردوودا هیچ كاتێك شاهیدی نزیكبوونه‌وه و یه‌كگوتاری هێزه سیاسییه‌كانی ئه‌و به‌شه نه‌بووین. له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا هه‌ندێ هه‌وڵدان هه‌بوون، به‌ڵام ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆیان لێ شین نه‌بووه.
له رۆژئاوای كوردستان؛ ئه‌وه نزیكه‌ی ١٠ ساڵه ڕژێمی سووریا له قه‌یراندایه و كۆنتڕۆڵی ٩٠%ی خاكی سووریای له‌ده‌ست دابوو. به‌ڵام ئێسته نزیكه‌ی ٩٠% كۆنتڕۆڵ كردووه‌ته‌وه. ئیداره‌یه‌كی كوردیش له‌و به‌شه دروست بووه. چه‌ندان هێزی نێوده‌وڵه‌تیش له ناوچه‌كه ته‌راتێن ده‌كه‌ن. كه‌چی هێزه سیاسییه كوردییه‌كان (كه نموونه‌یان زیاد بێت له هه‌ژمار نایه‌ن) هێشتا هه‌ر ناته‌بان و په‌رته‌وازه‌ن و نه‌یانتوانیوه گوتارێكی هاوبه‌شیان هه‌بێت.
له باشووری كوردستان؛ ئه‌م ئه‌زموونه به هه‌ردوو دیودا هه‌یه. هه‌رچی یه‌كگرتوویی و ته‌بایی و یه‌كگوتاری له كۆمه‌ڵێك قۆناغدا (قۆناغی به‌ره‌ی كوردستانی، قۆناغی ڕێككه‌وتنی ستراتیجی یه‌كێتی و پارتی و.. تاد) مایه‌ی خێر و ده‌ستكه‌وت بووبێت بۆ خه‌ڵك و بۆ نیشتمان؛ ئه‌وا پێچه‌وانه‌كه‌شی كاره‌ساتی زۆر گه‌وره‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه. ئه‌م بابه‌ته له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا وه‌ك نه‌خشێكی ناشیرین به ناوچاوانی سیاسه‌تی كوردییه‌وه دیاره.
دووه‌م؛ ئه‌و قۆناغه‌ی كه ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی داگیركه‌ر به‌هێزه و كورد به په‌رته‌وازه‌یی ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ت، له‌و كاته‌شدا كورد پێویستی به یه‌كگرتوویی هه‌یه كه‌چی (نه جارێك و نه دووان، نه شوێنێك و نه دوو، له زۆربه‌ی قۆناغه‌كاندا) پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕوو ده‌دات. ئه‌وه‌تا ده‌بینین؛ له سووریا به‌شار ئه‌سه‌د خه‌ریكه به‌هێز ده‌بێته‌وه و تاقه‌تی به‌به‌ردا ده‌كه‌نه‌وه، كه‌چی كورد ئێسته‌ش په‌رته‌وازه‌یه و یه‌ك نییه. شیعه‌ی عێراق به هه‌ردوو چه‌مكی تایفی و شۆڤێنی زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان قۆرخ كردووه و ئه‌جێندایه‌كی دژ به هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد پێڕه‌و ده‌كه‌ن، كه‌چی كورد و ناوماڵی كورد یه‌ك نییه و ناته‌بایی زۆر قووڵ بووه‌ته‌وه.
به‌و پێوه‌ره‌ی كه یه‌كگرتوویی و ته‌بایی یان له‌كاتی لاوازبوونی دوژمن‌دا له‌پێناوی سه‌ركه‌وتنت یان له‌كاتی لاوازبوونی خۆت له به‌رانبه‌ر نه‌یاردا له پێناوی خۆپاراستنت، ئه‌ركێكی گرنگ و حه‌یاتییه؛ كه‌چی له ئێمه‌ی كورددا له‌و هه‌ردوو كاته هه‌ستیارانه‌دا زیاتر په‌رته‌وازه ده‌بین و ئه‌وه‌ش زۆربه‌ی جاره‌كان مایه‌ی ماڵكاولیمان بووه.
له عێراق و باشووری كوردستاندا؛ شه‌ڕێكی ڕاسته‌قینه‌ی كورد له‌گه‌ڵ سیستمی سیاسیی عێراق له ئارادایه بۆ پاراستنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه به خوێن و ئاره‌قه‌ی میله‌ت به‌دی هاتوون. ئه‌وه‌ی زووتر له ئه‌نجامی شه‌ڕی سه‌ربازی له ده‌ستمان داوه با بمێنێت، ئێسته شه‌ڕی یاسایی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ماوه، زۆر به قورسی به‌ڕێوه ده‌چێت.
ده‌بێ له‌وه دڵنیابین كه شیعه‌ی عێراق هه‌م یه‌كه، هه‌م به‌هێزه، هه‌م هه‌رێمی كوردستانی پێ زیاده‌یه و بۆ سڕینه‌وه‌ی یان بێ كاریگه‌ركردنی ئه‌م قه‌واره‌یه، كارێكی رژد و درێژخایه‌ن ده‌كات. له‌وانه‌یه یاسای بودجه‌ی ٢٠٢١ كه ئێسته له په‌رله‌مانه، یه‌كێك له وێستگه گرنگ و حه‌یاتییه‌كانی ئه‌م شه‌ڕه بێت. بۆ كورد كات كاتی یه‌كهه‌ڵوێستییه، كۆده‌نگییه. هه‌رچی ده‌نگی جیاواز هه‌بێت، له‌ژێر هه‌ر ناونیشانێكدا بێت، ئێسته زیان به پرسی نیشتمانی ده‌گه‌یه‌نێت. نابێت په‌رته‌وازه‌یی ئێمه بوێری به نه‌یار بدات. هه‌ر ده‌نگێكی جیاواز له‌و قۆناغه‌دا ڕێك وه‌ك ئه‌وه وایه كه له گه‌رمه‌ی شه‌ڕدا له به‌ره‌یه‌ك پاشه‌كشه به هێزی له‌شكری بكه‌یت.
نامه‌وێ باسی ئه‌گه‌ری ده‌ست و ئه‌جێندای ده‌ره‌كی بكه‌م كه له‌و قۆناغه‌دا په‌رته‌وازه‌یی كورد له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌بینن و په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ن. پێم وایه ڕێی ڕاست ئه‌مه بێت؛ كۆی نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا به حكوومه‌تی هه‌رێم بڵێن، ئێمه له به‌غدا له‌و قۆناغه‌دا ئۆپۆزسیۆن نابین و هه‌ڵوێستی جیاوازمان نابێت و له‌گه‌ڵ ئێوه و پێكه‌وه شه‌ڕی مافه ده‌ستوورییه‌كانمان ده‌كه‌ین؛ به‌ڵام له ناوخۆی هه‌رێم بۆ كۆی كایه‌ی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، ئۆپۆزسیۆنێكی ڕادیكاڵ و سازنده ده‌بین و چاودێری حكوومه‌ت ده‌كه‌ین بۆ چاكسازی و شه‌فافییه‌ت و دادپه‌روه‌ری. حكوومه‌تیش به‌ده‌م داواكاری و بۆچوونی سه‌رجه‌م نوێنه‌رانی كورده‌وه بچن و له ئه‌جێندای كاری خۆیان جێی پێویستیان بۆ بكه‌نه‌وه كه له‌و پرۆسه‌یه‌دا هه‌م ڕۆڵیان هه‌بێت و هه‌میش به‌شدارییان پێ بكرێت.
ده‌نگ و هه‌ڵوێستی تر هه‌رچی بێت و هه‌ر پاساوێكی هه‌بێت، له‌و قۆناغه‌دا زیان به كۆی پرسه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت.