شیعه له عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه زۆرینه‌ن، به‌ڵام تا ساڵی ٢٠٠٣ هه‌ر په‌راوێز خرابوون و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سوننه‌وه ده‌چه‌وسێنرانه‌وه. زۆربه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس، لایه‌نه سیاسییه شیعه‌كان ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێم بوون و له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه‌ی كورد له هه‌مان به‌ره‌ی دژایه‌تی به‌عسدا، دۆست و هاوپه‌یمان بوون.
دوای ڕووخانی سه‌دام، شیعه‌ی عێراق وه‌ك زۆرینه جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان كه‌وته ده‌ست. ئه‌ڵبه‌ت عێراقی نوێ خاوه‌ن سیستمێكی فیدراڵییه و له ده‌ستووردا مافی كورد و پێكهاته‌كانی تر، گره‌نتی كراوه. به‌ڵام ئاشكرایه نه سیستمه سیاسییه‌كه به ئاراسته‌ی فیدراڵیزم رۆیشتووه و نه عه‌قڵ و باری ڕۆشنگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیش توانیویه‌تی كولتووری دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیان هه‌رس بكات. بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌یبینین سێ گۆشه‌یه‌كی ناڕێك و نادیموكراتییه، به‌مشێوه‌یه:
گۆشه‌ی یه‌كه‌م
شیعه‌یه‌كی زۆرینه و له لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتێك كه هه‌ر رۆژ زیاتر به‌ره‌و تایفییه‌ت و شۆڤێنیزم ده‌ڕوات، له سازان په‌شیمانه، له فیدراڵیزم په‌شیمانه، له هه‌بوونی ده‌ستووری ئێسته‌ی عێراق په‌شیمانه، تا سه‌ر ئێسك نوقمی گه‌نده‌ڵی و تاڵان بووه، هه‌موو ده‌رفه‌تێك بۆ له‌ناوبردن و بێ كاریگه‌ركردنی سوننه به‌كار ده‌هێنێت و تا ئێسته‌یش ناوچه و شار و گونده‌كانی بۆ ئاوه‌دان نه‌كردوونه‌ته‌وه و دۆخێكی گونجاوی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی شه‌ڕی داعش نه‌ڕه‌خساندووه.
له به‌رانبه‌ردا كوردیش له ٢٠١٤ه‌وه له‌ڕێی بڕینی بودجه و قووتی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه سیاسه‌تێكی شۆڤێنی پێڕه‌و ده‌كات و له نوێترین هه‌ڵوێستدا به ئاشكرا هه‌وڵی له‌باربردن و تێكدانی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات، بێگومان دۆخی پێكهاته‌كانی تریش له كورد و سوننه باشتر نییه.
یه‌كسه‌ر ئه‌وه به مێشكماندا دێت ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌موو هه‌ڵاواردنه ده‌كرێت و ناوچه‌كانی سوننه وه‌ك كاول و وێرانه‌ن و بودجه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان بۆ خه‌رج ناكرێت، هاوكات ئه‌وه چه‌ند ساڵه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش نادرێت، كه‌وابێت ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی شیعه له ناوچه شیعهنشینهكاندا به‌هه‌شتێكی دروست بكردایه و ئاستی خزمه‌تگوزاری زۆر به‌رز بێت. كه‌چی دۆخی عێراق سه‌داسه‌د پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت و خۆپێشندانهكانی ساڵی رابردوو سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ن كه نه‌ك به‌هه‌شت، به‌ڵكو دۆزه‌خ بۆ خه‌ڵكی شیعه‌یش دروست كراوه. ئه‌ی ئه‌م هه‌موو سامانه بۆ كوێ ڕۆیشتووه و ده‌ڕوات؟ به‌دڵنیاییه‌وه وڵامه‌كه‌ی زۆر ئاسان و كورته و ئه‌ویش: ده‌دزرێت.
گۆشه‌ی دووه‌م
سوننه‌ی عێراقه. دوای ٢٠٠٣ وه‌ره‌قه‌یان هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه و به‌تایبه‌تی دوای شه‌ڕی داعش زۆربه‌ی ناوچه‌كانیان وێران بوون و له‌ڕووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریشه‌وه بێ كاریگه‌ری كراون.
گۆشه‌ی سێیه‌م
هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كۆی دۆزی كورد له عێراق كه له ده‌ستووردا به دوو شێوه پێناسه كراوه. قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان كه هه‌ردووكیان خاوه‌نی گره‌نتی ده‌ستوورین. به‌ڵام ماده‌ی ١٤٠ جێبه‌جێ نه‌كرا و پێناچێت هه‌ر بشكرێت و ئه‌و ناوچانه كه نزیكه‌ی نیوه‌ی خاكی كوردستانن، دوای ١٦ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ ڕووبه‌ڕووی دۆخێكی ئێجگار مه‌ترسیدار بوونه‌ته‌وه. هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ر رۆژ به‌شێوازێك له‌لایه‌ن به‌غداوه ته‌نگاو ده‌كرێت و بیانووی جیاوازی پێ ده‌گرن. ئێسته قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووری هه‌رێم له مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینه‌دایه.
كرۆكی باسه‌كه
شیعه ئاینزایه‌كه له كۆی مێژوو و ته‌مه‌نیدا خۆی به سته‌ملێكراو و په‌راوێزخراو بینیوه. ته‌نیا چه‌ند قۆناغێكی كورت ده‌سه‌ڵات بووه. له‌و ئاینزایه‌دا ئیمامه‌كان هاوشێوه‌ی پێغه‌مبه‌ران پاك و بێگه‌رد (مه‌عسووم)ن. بۆیه نوێنه‌رانی ئه‌وان له ده‌سه‌ڵاتیشدا هه‌ر هه‌مان حیسابیان بۆ ده‌كرێت.
واتا ڕه‌وایه‌تی ئاینی بۆ ده‌سه‌ڵاتی شیعه له ئارادایه. ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداری شیعه (به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تی ئاینی و مه‌لا ده‌سه‌ڵاتدار بن) وه‌ك سێبه‌ری خودان كه حوكم ده‌كات و خه‌ڵك ده‌بێ به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێی ڕازی بن. نابێ گله‌یی بكه‌ن. لای ئه‌وان، ده‌سه‌ڵاتداری شیعه هه‌میشه ڕاسته و بێ گوناحه و هه‌میشه سته‌می لێ ده‌كرێت و مافی ده‌خورێت. نه‌یاری ناوخۆیشی هه‌یه و نه‌یاری ده‌ره‌كیشی هه‌یه و ئه‌وانه‌ن هۆكاری هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانن.
سه‌یركه‌ن له‌و ٤٠ ساڵه‌ی دوایدا له ئێران، له عێراق، له سووریا، له یه‌مه‌ن و لبنان ده‌رفه‌تێك بۆ پێكهاته‌ی شیعه ڕه‌خساوه كه یان له ترۆپكی ده‌سه‌ڵاتدان (وه‌ك ئێران و عێراق و سووریا)، یاخۆ كاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌یه (وه‌ك لبنان و یه‌مه‌ن و ...تاد).
كه چاوێك به دۆخی ژیانی خه‌ڵك و ئاستی خۆشگوزه‌رانی و دۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و مافی مرۆڤ و پاشماوه‌كانی شه‌ڕ ده‌خشێنین، ده‌بینین له هه‌موویاندا جۆرێك له دۆزه‌خ بۆ خه‌ڵك دروست كراوه. له دیدی ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌وه هۆی سه‌ره‌كی ئه‌م فه‌شه‌له ئیداری و سیاسی و ئابوورییه‌ی شیعه له كۆی ناوچه‌كه‌دا ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیلن.
له عێراقدا جگه له ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل، ئێسته كوردیش وه‌ك هۆی فه‌شه‌لی سیستمی سیاسیی عێراق ده‌خه‌نه ڕوو. له كاتێكدا له باشترین حاڵه‌تدا ١٧% بودجه به كورد دراوه، ئه‌ویش دوای بڕینی نه‌فه‌قاتی سیادی كه ده‌كاته یه‌ك له‌سه‌ر هه‌شتی كۆی بودجه. جگه له‌وه‌ی له ٢٠١٤یشه‌وه كێشه‌ی گه‌وره‌ی تێدا بووه. هاوكات بۆ سوننه‌یش بودجه‌ی پێویست خه‌رج نه‌كراوه.
خۆ ده‌بوو به‌و بودجه زه‌به‌لاحه‌ی عێراق ئێمه شوێنپێیه‌ك بۆ ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاری ببینینه‌وه، قه‌ینا با له ناوچه‌كانی شیعه‌یش بن، كه‌چی عێراق وه‌ك وێرانه‌یه‌كی لێ كراوه و ئه‌وه‌ی هه‌شبووه خه‌ریكه نه‌مێنێت. بۆیه ده‌بێ بزانین ئه‌م بیانووهێنانه‌وه‌یه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه‌وه و هه‌وڵی په‌رده‌پۆشكردنی شكستی ئیداری و ئابووری خۆیان و شكاندنه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل له ده‌ره‌وه و كورد و سوننه‌ش له ناوخۆدا، باكگراوندێكی قووڵی ئایدۆلۆجی و مێژوویی هه‌یه و پێوه‌ندی به واقیع و ڕاستییه‌وه نییه و نابێت. هاوكات له دنیای ئه‌مڕۆیشدا، هه‌ست ناكه‌م ئه‌م گوتار و خافڵاندنه ئایدۆلۆجییه زۆر بڕ بكات.