ئه‌مه‌ریكا زلهێزه و له زۆربه‌ی شوێنه‌كانی دنیادا ڕه‌قیب و نه‌یاری هه‌یه. زۆرینه‌ی ئاڵۆزی و ناكۆكییه‌كانی دنیا راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندییان به ئه‌مه‌ریكاوه هه‌یه. ناكۆكی و هه‌وڵی سه‌پاندنی هێز و هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا له دنیادا، سه‌رجه‌م بواره‌كانی سه‌ربازی، ئابووری، زانست و ته‌كنۆلۆجیا، سیاسی و دیپلۆماسی و كولتووری، ده‌گرێته‌وه. رووسیا، چین، یه‌كێتی ئه‌وروپا، هیندستان، كۆمه‌ڵێك وڵاتی ئه‌فریقی، ئاسیایی، ئه‌مه‌ریكای لاتین و به كورتی له زۆرینه‌ی ڕه‌های جیۆگرافیای دنیادا، ئه‌مه‌ریكا خاوه‌نی هێز و ستراتیجی تایبه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌تی.
خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یه‌كێك له گرنگترین گۆڕه‌پانه‌كانی ده‌ستێوه‌ردان و به‌رژه‌وه‌ندی و هاوكات چه‌قبه‌ستوویی ئه‌مه‌ریكایه. به لایه‌نی كه‌مه‌وه له ساڵی ١٩٩١ واتا شه‌ڕی كه‌نداوه‌وه تا ئه‌مڕۆ، له هه‌موو ئاستێكی سیاسی، سه‌ربازی، دیپلۆماسی، ئابووری، له‌م ناوچه‌یه‌دا بوونی هه‌یه. عێراق ناوه‌ند و چه‌قی مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێكده‌هێنێت.
ئه‌و عێراقه‌ی ئه‌مه‌ریكا چه‌ندان تریلیۆن دۆلاری تێدا خه‌رج كردووه، به ده‌یان هه‌زار سه‌ربازی تێدا كوژراون، له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه وه‌ك ناوه‌ندی سیاسه‌تی خۆی له ناوچه‌كه‌دا حیسابی بۆ ده‌كرد، ئه‌وا چه‌ندان وه‌خته بۆ ئه‌مه‌ریكا و هێزی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی، بۆ دیپلۆماسی و ناوه‌نده سیاسییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری ئه‌مه‌ریكی، بۆ هاووڵاتییانی ئه‌مه‌ریكی، بۆ دۆست و هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا، وه‌ك مۆته‌كه‌ی مردنی لێ هاتووه. له كه‌ركووك، له ئه‌نبار، له سنووری سعوودیه، له به‌غدا، له هه‌ولێر و له به‌سره، سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی دیپلۆماتی ئه‌مه‌ریكی، بازرگان و به‌ڵێنده‌ری ئه‌مه‌ریكی، كاروانی لۆجستی ئه‌مه‌ریكی و هاووڵاتی ئاسایی ئه‌مه‌ریكی، شوێنی سه‌ربازی و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و باڵوێزخانه، له‌لایه‌ن گرووپی چه‌كداری شیعه‌ی توندڕه‌وه‌وه كه زۆرینه‌یان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتگیری و ئاراسته ده‌كرێن، ده‌كرێنه ئامانج. ئێسته له‌وانه‌یه عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا مه‌ترسیدارترین شوێن بێت له دنیادا.
با ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت كه شیعه و ڕێكخستنه چه‌كداره تایفییه‌كانی شیعه كه ئێسته وه‌ك گه‌وره‌ترین نه‌یاری ئه‌مه‌ریكان له ناوچه‌كه‌دا، ته‌نیا به عێراقه‌وه سنووردار نین، به‌ڵكو له هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه دژ به ئه‌مه‌ریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی چالاكی ده‌كه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌قینه‌ن له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا. هه‌موویشیان له یه‌ك سه‌رچاوه‌وه ئاراسته ده‌كرێن، ئه‌ویش ئێرانه. به‌تایبه‌تی له عێراقدا زیاتر له ساڵێكه به بڕیاری په‌رله‌مان و بگره تا شه‌ڕی چه‌كداری و مووشه‌كباران و چالاكی جه‌ماوه‌ری و چه‌ندان شێوازی تر، ته‌نگیان به ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵچنیوه.
له‌م سه‌روبه‌نده‌دا هه‌رێمی كوردستان و هه‌ولێر، له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌دا خۆی له‌و ململانێیه تایفییه به‌دوور گرتووه. بۆ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانیش وه‌ك تاكه شوێنی ته‌نا و ئارامی لێ هاتووه كه خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمیش، پێشوازی له بوونی هێزی ئه‌مه‌ریكی له كوردستان ده‌كه‌ن.
له عێراق، ئێران، سووریا، یه‌مه‌ن، لبنان و چه‌ندان شوێن و ناوچه‌ی تر، تاكه شوێنی ئارام بۆ ئه‌مه‌ریكا هه‌رێمی كوردستانه. له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له‌به‌ر لووتبه‌رزی یان هه‌ر هۆكارێكی تر، زۆر به ڕاشكاوی ددان به‌م ڕاستییه‌دا نه‌نێن، به‌ڵام له واقیع و كرده‌وه‌دا بابه‌تێكی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه هه‌ولێر بۆ ئه‌مه‌ریكا زۆر گرنگ و حه‌یاتییه. كه به‌م دیده‌وه سه‌یری مووشه‌كبارانه‌كه‌ی هه‌ولێر و ئاستی كاردانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و جیهانی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكه‌ین، ئه‌و راستییه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه. له‌وه‌ش گرنگتر، وڵامدانه‌وه‌ی به په‌له و خێرای ئه‌مه‌ریكا بوو بۆ ئه‌و هێرشه.
یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی كرداری ئیداره‌ی بایدن بۆ ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه، به ده‌نگهاتنی له‌سه‌ر هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان بوو. ئه‌مه له‌ناو هاوكێشه‌ی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا كۆمه‌ڵێك واتا و په‌یامی گرنگ له‌خۆ ده‌گرێت. بێگومان دیارترینیان، پێگه و گرنگی هه‌رێمی كوردستانه بۆ ئه‌مه‌ریكا، كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی پێویسته و ده‌كرێت ببێته هه‌وێنی په‌ره‌سه‌ندنی قۆناغێكی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ هه‌رێمی كوردستان.
ڕێك له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌شدا دیدگای شۆڤێنی و تایفی له عێراق و كۆی ناوچه‌كه‌ش، چاویان به‌و قورساییه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵنایه‌ت و ئه‌گه‌ری جووڵه‌ی نه‌یارانه به ئامانجی تێكدانی ئه‌و پێگه‌یه‌ی هه‌رێمی كوردستان زۆر زیاتر ده‌بێت. ئه‌مه‌ش خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕاستی پێویسته و هاوكات ده‌بێ هۆشیار و ئاگاداری ئه‌م ئه‌جێندا دواكه‌وتووه‌ش بین.