وه‌ك چۆن پاش ڕووخانی دیواری به‌رلین له ساڵی ١٩٩١ كه هێمای جه‌نگی ساردی نێوان بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا بوو، قۆناغێكی نوێ له دنیادا ده‌ستی پێ كرد و سه‌رده‌می جه‌نگی سارد كۆتایی هات و دنیا بۆ دوو قۆناغی پێش و پاش ڕووخانی دیواری به‌رلین (جه‌نگی سارد) دابه‌ش كرا. ئێسته‌ش پێ ده‌چێ پاش هاتنی په‌تای كۆرۆنا، ئیتر مێژووی دنیا بۆ دوو قۆناغی پێش كۆرۆنا و پاش كۆرۆنا دابه‌ش بكرێت. له دنیای ئه‌مڕۆدا وا هه‌ست ده‌كرێ بایۆلۆجیا به‌سه‌ر ئایدۆلۆجیا و ته‌كنۆلۆجیادا سه‌ركه‌وتووه. كاتی خۆی ئانیشتاین گوتبووی چه‌كی ئه‌تۆمی هه‌موو شتێكی گۆڕیوه، جگه له شێوازی بیركردنه‌وه‌ی ئێمه، به‌ڵام پێ ده‌چێ هێزی كۆرۆناڤایرۆس وایكردبێت جگه له گۆڕینی هه‌موو شتێك، بیركردنه‌وه‌ی ئێمه‌ش گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتبێت. ئێسته‌یش مرۆڤایه‌تی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی ته‌نگژه‌یه‌كی جیهانییه و ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین ته‌نگژه‌ی وه‌چه‌ی ئێمه بێت. ئه‌و بڕیارانه‌ی كه ئه‌مڕۆ له لایه‌ن ده‌وڵه‌تان و تاكه‌كانه‌وه ده‌درێن ڕه‌نگه دنیای داهاتووی ئێمه به شێوازێكی تر دابڕێژنه‌وه.
له‌م ڕۆژانه‌دا كه كۆرۆناڤایرۆس دنیای ئێمه‌ی ته‌نیوه‌ته‌وه، ئه‌م پرسیاره زیاتر له هه‌ر كاتێكی تر مێشكی مرۆڤی به خۆیه‌وه خه‌ریك كردووه، ئاخۆ دنیای پاش كۆرۆنا چۆن ده‌بێت؟ مرۆڤ و چاره‌نووسی مرۆڤ له‌سه‌ر گۆی زه‌وی به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟ ئایا جارێكی تر بینه‌ری دنیایه‌ك ده‌بین به دوور له ترس و هه‌ڕه‌شه‌ی كۆرۆناڤایرۆس؟ ئایا كۆرۆنا وه‌ك شمشێره‌كه‌ی دامۆكلس بۆ هه‌میشه به‌سه‌ر دنیای مرۆڤایه‌تیدا سێبه‌ر ده‌كات؟ ئه‌و سیستم و به‌ها و شارستانییه‌ی كه مرۆڤ بنیاتی ناوه به‌ره‌و چ ئاراسته‌یه‌ك ده‌ڕوات؟ ئه‌مه و ده‌یان پرسیاری تر كه مێشكی جه‌نجاڵی مرۆڤی به خۆیه‌وه خه‌ریك كردووه.
پڕۆفیسۆر جۆزف نای باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی زانیاری ئه‌مه‌ریكا له ساڵی ٢٠٠٧ چوار وێنه‌ی بۆ دنیا له ساڵی ٢٠٢٠ پێشبینی كردووه كه بریتین له یه‌كه‌م: دنیایه‌كی ئابووری ته‌وه‌ر له ڕێی به‌جیهانیبوون به‌تایبه‌ت به‌جیهانیبوونی ئابووری به ئاماده‌بوونی چڕی ئاسیا، دووه‌م: دنیایه‌كی ئه‌مه‌ریكا ته‌وه‌ر به پێشڕه‌وایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، سێیه‌م: دنیایه‌كی خه‌لافه‌ت ته‌وه‌ر به په‌ره‌سه‌ندنی توندڕه‌ویی ئاینی و جه‌نگه ناوخۆییه‌كان، وێنه‌ی چواره‌م: بریتییه له دنیایه‌كی ترس ته‌وه‌ر كه تێیدا هێزه‌كانی دژ به گلۆبالیزه‌یشن ئاسایشی دنیا ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خه‌یاڵی وه‌ك ئه‌وه دروست ده‌كه‌ن كه جۆرج ئۆرڤیل له كتێبی ١٩٨٤ باسی لێوه ده‌كات، واته دنیایه‌ك كه له‌لایه‌ن سیستمێكی پاوانخوازه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت. به‌ڵام پێ ده‌چێ هیچ یه‌ك له‌و سیناریۆیانه وه‌ك خۆی به‌دی نه‌هاتبێت و دنیای ئه‌مڕۆ تێكه‌ڵه‌یه‌ك بێت له هه‌موو ئه‌و سیناریۆیانه.
بێگومان كۆرۆناڤایرۆس كاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر دنیا داده‌نێت و وه‌رچه‌رخان له ژێرخان و بنچینه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگه له بواره‌كانی ئابووری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕۆشنبیری، ئاین، وه‌رزش، پزیشكی، ئه‌خلاق، بازرگانی و ته‌كنۆلۆجیا و هتد، دروست ده‌كات. ئیتر له‌وانه‌یه گۆڕانێك له جۆری پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تی و تایبه‌تییه‌كانی مرۆڤیش‌دا دروست ببێت، كه مرۆڤ پیش‌تر بیری لێ نه‌كردبووه‌وه. هه‌ڵبه‌ت مێژووی مرۆڤایه‌تی ئه‌وه‌ی پێشان داوه كه مرۆڤ ده‌توانێ خۆی له‌گه‌ڵ وه‌رچه‌رخانه بنچینه‌ییه‌كاندا ڕابێنێت و خۆی له‌گه‌ڵ دۆخه نوێیه‌كاندا بگونجێنێت و خۆی له‌ژێر باری قورسی گۆڕانكارییه‌كان ڕزگار بكات. ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ی مرۆڤیش نهێنی مانه‌وه‌ی مرۆڤ بێت له به‌رده‌م كاریگه‌ریی هه‌موو ئه‌و كاره‌سات و پێشهات و گۆڕانه قووڵ و قورسانه‌ی كه به درێژایی مێژوو به‌سه‌ریدا هاتوون. وه‌ك چۆن (لی ئیدلكورت) پسپۆڕی پێشبینی ڕه‌وته‌كان ده‌ڵێت، "بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ده‌بێته هۆی داڕمانێكی گه‌وره‌ی جیهانی كه تا ئێسته تاقی نه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له كۆتادا ڕێ به مرۆڤایه‌تی ده‌دات سه‌رله‌نوێ به‌هاكانی خۆی ڕێك بخاته‌وه".
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له ده‌یه‌ی نه‌وه‌تی سه‌ده‌ی ڕابردوو، پرۆسه‌ی به‌جیهانیبوون بووه هۆی خوڵقاندنی سیستمێكی نوێی جیهانی، پێ ده‌چێ كۆرۆناڤایرۆس كه ئێسته بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سه‌رووی سنووریی ببێته هۆی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تان پتر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان له چوارچێوه‌ی سنووره نیشتمانییه‌كانیان له‌به‌رچاو بگرن، ئه‌مه‌ش پرۆسه‌ی گلۆبالیزه‌یشنی خستووه‌ته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه و هه‌ڕه‌شه، كه له ئه‌نجامدا ئاره‌زووی ئه‌وانه به‌دی ده‌هێنێت كه باوه‌ڕیان به سنووره داخراوه‌كان هه‌بووه. به‌ڵام به‌وحاڵه‌ش كه‌سانی وه‌ك (كیشوه‌ر مه‌حبووبانی) توێژه‌ر له ده‌زگای توێژینه‌وه ئاسیاییه‌كان له زانكۆی نیشتمانی سه‌نگافووره له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه كۆرۆناڤایرۆس هه‌رگیز ناتوانێ ڕه‌وتی ئابووری جیهانی بگۆڕێت، به‌ڵكو ده‌بێته هۆی خێراتربوونی گوزه‌ر له گلۆبالیزه‌یشنی ئه‌مه‌ریكاته‌وه‌ر بۆ گلۆبالیزه‌یشنی چین ته‌وه‌ر.
كۆمه‌ڵناس و نووسه‌ری ناسراو (یوڤال نووح هه‌راری) ده‌ڵێت، زریانه‌كه تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و بژاردانه‌ی كه ئێسته هه‌ڵیده‌بژێرین، له‌وانه‌یه له ساڵانی داهاتوودا ژیانی ئێمه بگۆڕێت. مرۆڤ به‌سه‌ر ئه‌م زریانه‌دا سه‌رده‌كه‌وێت و خه‌ڵك به زیندوویی ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام له دنیایه‌كی جیاوازدا ده‌ژین.
(ستیڤان واڵت) پڕۆفیسۆری پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له زانكۆی هارڤارد ده‌ڵێت، "ئه‌م نه‌خۆشییه گشتگیره ده‌بێته هۆی خێراتربوونی ڕه‌وتی گۆڕان له ئاستی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستڕۆیی و گواستنه‌وه له ڕۆژئاواوه بۆ ڕۆژهه‌ڵات".
هه‌روا له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م دۆخه نوێیه، له‌وانه‌یه ناسیۆنالیزم به‌هێزتر ببێت و ده‌وڵه‌ته نیشتمانییه‌كان به‌هێزتر ببن و ئایدیای گلۆبالیزه‌یشن لاوازتر ببێت و خه‌ڵك پتر پشت به ده‌وڵه‌ته نیشتمانییه‌كان ببه‌ستن. له‌وانه‌یه ده‌وڵه‌ته‌كان هه‌وڵ بده‌ن كه به پشتبه‌ستن به تواناكانی خۆیان، قۆناغی گۆشه‌گیریی ئابووریی سه‌رده‌می كۆرۆناڤایرۆس تێپه‌ڕێنن و گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو سنووره‌كان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه، كه ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش ببێته ئاڵنگارییه‌كی نوێ بۆ هاوكارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له ئاكامدا بزووتنه‌وه ناسیۆنالیست و ته‌نانه‌ت پۆپۆلیسته‌كانی دژ به جیهانگه‌رایی به‌هێزتر ده‌بن.
پرسیارێك كه لێره‌دا سه‌ر ده‌ردێنێ ئه‌وه‌یه، ئایا مرۆڤ ده‌بێ به‌و به‌ها و ده‌ستكه‌وته شارستانی و مرۆییانه‌ی خۆیدا بچێته‌وه كه به درێژایی ده‌یان ساڵی ڕابردوو به‌تایبه‌ت پاش جه‌نگی دووه‌می دنیای بنیاتی ناوه و بووه‌ته به‌شێك له به‌ها و كولتوور و شارستانێتی ئه‌مڕۆی مرۆڤ كه هه‌میشه به شانازییه‌وه باسی لێوه ده‌كات؟ یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كاره‌ساته‌كان ڕه‌نگه ئه‌وه بێت كه سیستمه دیكتاتۆریی و پاوانخوازه‌كان، باڵاده‌ستیی خۆیان له ئیداره‌دانی كاره‌ساته‌كان به‌سه‌ر سیستمه دیموكراتییه‌كاندا بسه‌پێنن. ئایا مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و دواوه ده‌گه‌ڕێته‌وه؟