له ڕێكه‌وتی ١٩/٥/٢٠٢٠ بینه‌ری كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانی بووین له نێوان پارێزگاری كه‌ركووك به وه‌كاله‌ت ڕاكان جبووری و به‌رپرسی مهڵگرتوو كه‌ركووكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان محه‌مه‌د عوسمان. تێیدا محه‌مه‌د عوسمان ڕای گه‌یاند كه له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی هه‌ستاون به ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ١٧٦ كه‌س له ڕ‌اگیراوانی عه‌ره‌ب به ئیداره‌ی كه‌ركووك كه به تاوانی تیرۆر پێشتر له كه‌ركووك گیراون. ئه‌م هه‌نگاوه ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماند كه چۆن كه‌سانێك به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی یاساییان هه‌بێت، ڕێ به خۆیان ده‌ده‌ن به ناوی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و حكوومه‌ته‌وه ڕه‌فتار بكه‌ن. پرۆسه‌ی راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاگیراوانه نایاساییه و پێشێلكردنی ده‌ستوور و هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌یه كه له عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا پێڕه‌و ده‌كرێن. لێره‌دا ئاماژه‌یان پێ ده‌كه‌ین:
1-به‌ر له هه‌موو شتێك ئه‌وه ڕوونه ئه‌و ڕاگیراوانه هی ئه‌و قۆناغه‌ن كه كه‌ركووك له بنده‌سه‌ڵاتی لایه‌نه كوردییه‌كاندا بووه، واته پێش ١٦ ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ گیراون. لێره‌دا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا له‌م سێ ساڵه‌دا ئه‌و ڕاگیراوانه له كوێ بوون؟ ئه‌گه‌ر له گرتووخانه فه‌رمییه‌كاندا بوون، ئه‌ی بۆچی تا ئێسته نه‌دراونه‌ته دادگا؟ ئه‌گه‌ر له گرتووخانه‌ی حزبیشدا بوون، ئه‌وا حزب به چ یاسایه‌ك ده‌بێ گرتووخانه‌ی هه‌بێت؟ ده‌بێ ئه‌وه‌مان لا ڕوون بێت كه لێره ده‌مانه‌وێ به زمانی یاسا قسه بكه‌ین و لێكدانه‌وه‌ی یاسایی بۆ ئه‌م دۆخه بكه‌ین. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ده‌ستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ (كه ده‌ستووری دایكه و له سه‌رووی هه‌موو یاساكانی وڵاته)، ده‌رده‌كه‌وێت له به‌شی مافه شارستانی و سیاسییه‌كان و له ماده‌ی ١٩دا باس له مافه دادوه‌رییه‌كانی هاووڵاتییان ده‌كات. به‌پێی ماده‌ی (١٩/ سێیه‌م) له ده‌ستووری عێراقی، مافی په‌نابردنه به‌ر دادگا مافێكی پارێزراو و دابینكراوه بۆ هه‌مووان. هه‌روا به‌پێی بڕگه‌ی شه‌شه‌می هه‌مان ماده "هه‌موو كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به دادپه‌روه‌رانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت له ڕێكاره دادوه‌ریی و كارگێڕییه‌كاندا". جگه‌له‌مه‌ش، به‌پێی بڕگه‌ی 12ی هه‌مان ماده، گلدانه‌وه (حجز) قه‌ده‌غه‌یه و نابێت هیچ كه‌س به‌ند بكرێت یا بگیرێت ته‌نیا له‌و شوێنانه‌ی نه‌بێت كه ته‌رخان كراوه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، به‌پێی یاسای گرتووخانه‌كان كه چاودێریی ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یگرێته‌وه و ملكه‌چه بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وڵه‌ت. هه‌روا ده‌بێ په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی پێشكه‌ش بكرێت بۆ دادوه‌ری تایبه‌تمه‌ند له ماوه‌یه‌ك كه له 24 سه‌عات تێپه‌ڕ نه‌كات له كاتی گرتنی تۆمه‌تبار و نابێ درێژ بكرێته‌وه بۆ زیاتر له یه‌كجار و بۆ هه‌مان ماوه.
ئه‌و ڕاگیراوانه هه‌رچی بن و هه‌ر تۆمه‌تێكیان ئاراسته بكرێت، ئه‌وا مرۆڤن و به‌پێی ماده‌ی (١٩/ چواره‌م) مافی به‌رگریی له خۆكردنیان هه‌یه وه‌ك تۆمه‌تبار كه ده‌بێ پارێزراو بێت. ئایا پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه، ئه‌وانه بۆ چاره‌نووسیان له ڕووی یاساییه‌وه یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه؟ به‌ده‌ر له‌وه‌ش، گرتووخانه‌كان ئه‌و شوێنانه‌ن كه ده‌بێ له‌ژێر چاودێریی ده‌سه‌ڵاته فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌تدا بن، كه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌و لایه‌نه وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و له لای حكوومه‌تی عێراقیش وه‌زاره‌تی داده. ئیتر ده‌سه‌ڵاتێكی حزبی به چ یاسایه‌ك ئه‌و مافه به خۆی ده‌دات كه گرتووخانه‌ی هه‌بێت و خه‌ڵك به‌ند بكات یا ڕاده‌ستی بكاته‌وه.
وه‌ك بینیمان لایه‌نی به‌شدار له‌و پرۆسه‌یه ئیداره‌ی كه‌ركووكه كه پارێزگاری به وه‌كاله‌تی كه‌ركووك نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات، به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه ئه‌و كه‌سه تا چه‌ند له ڕووی یاساییه‌وه ددانپێدانراوه، به‌ڵام به هه‌رحاڵ به‌شێكه له ده‌سه‌ڵاته فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌ت و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایشی پارێزگایه. به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووك به چ سیفه‌تێك له‌و پرۆسه‌یه به‌شداره؟
٢- ئه‌م بابه‌ته ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنێ كه به‌ده‌ر له یاسا و ڕێسا ڕێپێدراوه‌كان، حزب له هه‌رێمی كوردستان گرتووخانه‌ی هه‌یه و خه‌ڵكی تێدا ڕاگرتووه، ئه‌مه‌ش به پێشێلكردنی ترسناكی ده‌ستوور و یاسا به‌ركاره‌كان داده‌نرێت و جێی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه. به‌ده‌ر له‌مه‌ش، پرسیارێكی تر ده‌ورووژێنێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌و تۆمه‌تبارانه تا ئێسته دراونه‌ته دادگا یا نا؟ كه به‌پێی ده‌ستوور ده‌بێ هه‌ر تۆمه‌تبارێك له ماوه‌ی ٢٤ سه‌عات په‌ڕاوه‌كه‌ی بخرێته به‌رده‌ستی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه.
٣- تا نووسینی ئه‌م بابه‌ته، به‌داخه‌وه لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان له هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته هیج ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كیان نه‌داوه، كه ئه‌م بێده‌نگییه‌ش جێی نیگه‌رانییه.
٤- به‌پێی ماده‌ی ٥٣ له یاسای بنه‌ماكانی دادگاییكردنی سزایی ژماره ٢٣ ساڵی ١٩٧١، تایبه‌تمه‌ندیی لێكۆڵینه‌وه به‌و شوێنه دیاری ده‌كرێت كه تێیدا هه‌موو تاوانه‌كه یا به‌شێكی یا هه‌ر كردارێكی ته‌واوكه‌ر یا ئه‌نجامه‌كه‌ی تێیدا ڕووی دابێت، یان كردارێك كه به‌شێك بێت له تاوانێكی لێكدراو یاخۆ به‌رده‌وام، یان یه‌ك له دوای یه‌ك یا تاوانه ئاساییه‌كان، هه‌روا ئه‌و شوێنه‌ی كه تاوانلێكراوی تێیدا دۆزرابێته‌وه، یان ئه‌و سامانه‌ی تێدا دۆزرابێته‌وه كه تاوانه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نجام دراوه، پاش گواستنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌نجامده‌ره‌كه‌ی یا كه‌سێك كه لێی ئاگاداره.
هه‌روا به‌پێی ماده‌ی ٥٥ له هه‌مان یاسا، ئه‌گه‌ر ناكۆكی له‌سه‌ر شوێنی تایبه‌تمه‌ند له نێوان دوو لایه‌ن یا زیاتر هاته ئاراوه، ئه‌وا بابه‌ته‌كه ده‌خرێته به‌رده‌م دادگای پێداچوونه‌وه بۆ دیاریكردنی لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند. گواستنه‌وه‌ی داواش له تایبه‌تمه‌ندیی دادوه‌رێكی لێكۆڵینه‌وه بۆ دادوه‌رێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی تر به فه‌رمانی وه‌زیری داد یان بڕیاری دادگای پێداچوونه‌وه یاخۆ دادگای تاوان ده‌بێت له چوارچێوه‌ی ناوچه‌كه‌ی خۆی، ئه‌گه‌ر دۆخی ئاسایش وا بخوازێت یان گواستنه‌وه‌كه یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ده‌ركه‌وتنی ڕاستی.
ئه‌و تۆمه‌تبارانه بێگومان له سنووری پارێزگای كه‌ركووك گیراون، به پله‌ی یه‌كه‌م دادگاكانی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و پارێزگایه لایه‌نی تایبه‌تمه‌ندن بۆ لێكۆڵینه‌وه له كێشه‌كانیان. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا كاتی خۆی كه ئه‌و تۆمه‌تبارانه گیراون، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ دروست كراوه و خراونه‌ته به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ند، ئه‌گه‌ر وایه به بڕیاری كام یه‌ك له‌و لایه‌نه تایبه‌تمه‌ندانه‌ی كه له سه‌ره‌وه باسمان كرد، گواستراونه‌ته‌وه بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی و تا ئێسته ڕێكاره‌كانی لێكۆڵینه‌وه یا دادگاییكردنیان به كوێ گه‌یشتوون؟
٥- له‌باره‌ی ڕێكاره‌كانی ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ش، ئه‌وا ده‌بێ دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌ركووك له ڕێی مه‌رجه‌عی كارگێڕی خۆی كه دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی كه‌ركووكه، ئه‌ویش له ڕێی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری باڵای عێراق داوای ڕاده‌ستكردنه‌وه‌یان بكات له ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان، پاش ئه‌نجامدانی ڕێكاره دادوه‌ری و كارگێڕییه‌كان، ئینجا ڕاده‌ست ده‌كرێنه‌وه. له هیچ شوێنێك یاسای بنه‌ماكانی دادگاییكردنی سزایی عێراقی كه له هه‌رێمی كوردستانیش جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئاماژه به ڕۆڵی حزب نه‌كراوه له پرۆسه‌یه‌كی له‌و جۆره‌دا.
خۆتێهه‌ڵقورتاندنی حزب له بابه‌تێكی له‌و جۆره‌دا، ئاماژه‌یه‌كی ترسناكی سه‌روه‌رنه‌بوون و پێشێلكردنی یاسایه. دیاره هه‌ر جۆره كارێكی له‌و جۆره‌ش به ڕێككه‌وتنی حزبی ناكرێت و ئه‌وه كاری دامه‌زراوه یاساییه پێوهندیدارهكانه كه ده‌بێ بڕیار له‌وباره‌یه‌وه بده‌ن. ئه‌م بابه‌ته و چه‌ندان ڕووداوی تری هاوشێوه‌ی ئه‌مه، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان به ده‌ست ته‌نگژه‌ی نادامهزراوهییبوونهوه ده‌ناڵێت، تا ئێسته‌ش هێزی حزب له ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانه‌وه بڕیار ده‌دات، بێگومان ئه‌مه‌ش زیانی زۆر گه‌وره‌ی به هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندووه.