له‌و ساته‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی دروست بووه، دوور نه‌بووه له سه‌ركێشی و هه‌ڵه‌كردن، هه‌ڵه به‌شێكه له ژیانمان و شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه و مرۆڤ ده‌بێت هه‌ڵه بكات، به‌ڵام له ماوه‌ی ژیانیشماندا ده‌رفه‌تی چاكسازیمان پێ دراوه تا بتوانین گۆڕانكاری دروست بكه‌ین.
ولیام جه‌یمس ده‌ڵێ، مرۆڤ به گۆڕینی هه‌ڵوێسته ناوه‌كییه‌كانی خۆی، ده‌توانێ گۆڕانكاری له لایه‌نه ده‌ره‌كییه‌كانی ژیانی بكات.
به سه‌رنجدان له‌م گوته‌یه ده‌زانین كه هزر و بیروباوه‌ڕمان هۆكاره بۆ ده‌رخستنی جۆری ئه‌و ره‌فتاره‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، هه‌روه‌ها ئه‌و كار و كرده‌وانه‌ی ده‌ستی بۆ ده‌به‌ین، بیركردنه‌وه و ئایدۆلۆجیای مرۆڤ پاڵنه‌ری سه‌ره‌كین و هۆكارن بۆ ئه‌م ره‌فتارانه، به‌ڵام به‌زۆری مرۆڤ لاوازی و شكسته‌كانی خۆی به هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، له كاتێكدا راستی ئه‌وه‌یه هه‌موو ئه‌و هۆكار و پاڵنه‌رانه‌ی كه واده‌كه‌ن مرۆڤ تووشی لاوازی و شكست بێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ كه‌سه‌كه خۆی ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
ئه‌مه یاسایه‌كی نه‌گۆڕ و حاشاهه‌ڵنه‌گره پێوه‌ندی دنیای ناوه‌وه‌ی مرۆڤ و ژینگه ده‌رده‌خات .
چاكسازی له خۆتدا ده‌بێته هۆی دروستكردنی مرۆڤایه‌تی و هه‌موو به‌ها جوانه‌كان، چونكه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌یری ده‌وروبه‌رمان بكه‌ین و ورد ببینه‌وه، ده‌زانین ئامۆژگاریی زۆرن له كتێب و ده‌وروربه‌رمانه‌وه، به‌ڵام مرۆڤ ده‌بێت زۆر بجه‌نگێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ هه‌ست بكات، چونكه به ئاسانی ناگاته ئه‌و قۆناغه‌ی بتوانێ په‌ی به‌هه‌ڵه‌ی خۆیدا ببات و هه‌وڵی چاككردن و گۆڕانكاری بدات، بۆیه كاتێك توانی گۆڕانكاری له خۆیدا بكات، ئه‌وكات هه‌ست به‌مه‌زنی و ئاسووده‌یی ڕۆحی و هه‌ست ده‌كات به‌خته‌وه‌رترین مرۆڤی كه‌ونه.
مرۆڤ كه گه‌یشته ئه‌م قۆناغه و توانی هه‌ست بكات و په‌ی ببات به‌و هه‌سته، ئیتر هه‌وڵی گۆڕینی هه‌موو لایه‌نه نه‌رێنییه‌كانی ده‌دات به‌ره‌و ئه‌رێنیبوون، به شێوازێكی زۆر هێمن و له‌سه‌رخۆ بێ توندوتیژی.
مرۆڤ له ژیانیدا رووبه‌ڕووی چه‌ندان كێشه و رووداوی ناخۆش ده‌بێت كه زۆرجار ده‌بنه هۆی ئازاری قووڵ بۆی، ئه‌م ئازارانه‌ش ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی ئه‌زموون و په‌ند بۆ كه‌سه‌كه و پاشان وا ده‌كه‌ن هه‌وێنی گۆڕانكاری گه‌وره له ژیان و دیدگاكانیدا بچه‌سپێنێ، لێره‌دا ده‌توانین ئه‌م جۆره ناو بنێین خواستی گۆڕانكاری و سه‌ره‌تایه‌كه بۆ ده‌ستنیشانكردنی كه‌موكورتییه‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان به پڕۆژه و به‌رنامه‌ی ئاره‌زوومه‌ند.
گۆڕانكاری جۆر و هۆكاری زۆره، زۆرجار كاتێك مرۆڤ بێزار ده‌بێت له ناشیرینی و ئیغراییه‌كانی دنیا و دووڕوویی، هه‌وڵ ده‌دات گۆڕانكاری بكات به تایبه‌ت مرۆڤی بیركه‌ره‌وه و رۆشنبیر به‌دڵنیایی هه‌وڵی گۆڕانكاری له شێوازی ژیانیدا ده‌دات. كه‌واته گۆڕانكاری له بیركردنه‌وه و هزرماندا، هه‌روه‌ها له حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانمان، هاوكات ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی هه‌مانه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ر و باشتركردنی سیستمی ژیانمان و دنیابینیمان، حه‌تمییه و پێویسته هه‌میشه له نوێكردنه‌وه‌ی ژیاندا بین، به‌م شێوه‌یه له رواڵه‌تگه‌رایی و پووچگه‌رایی و ئه‌و بیرۆكه چه‌قبه‌ستووانه‌ی كه هه‌ڵه بوون و له سووڕانه‌وه به ده‌وری هه‌ندێ كه‌س و شتی بێ‌مانا، ناشایسته‌ن رزگارمان ده‌بێت و ده‌گه‌ینه رێ راسته‌كه.
ئه‌م گۆڕانكارییانه له خۆماندا، ئاراسته‌مان ده‌كات به‌ره‌و خاڵی گونجاو و به‌ها به‌رزه‌كان .
به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێك له مرۆڤه‌كان كوشته‌ی ئه‌و ترسه‌ن كه پاڵیان پێوه ده‌نێت و واده‌كات له گۆڕانكاری بترسن و نا‌وێرن ئه‌نجامی بده‌ن له ژیانی خۆیاندا، ته‌نانه‌ت نا‌وێرن شوێنی نیشته‌جێبوون بگۆڕن و كارێكی ترت تاقی بكه‌نه‌وه، ئه‌مان ناتوانن بیركردنه‌وه‌یش بگۆڕن، هه‌روه‌ها ناتوانن گۆڕانكاری له ژیانیاندا بكه‌ن و ستایلی ژیانیان بگۆڕن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده و مه‌ترسیدار كه ده‌بێت زاڵ بن به‌سه‌ر ئه‌و هه‌سته‌دا و به باشی و بێ ترس بڕیار بده‌ن، چونكه مرۆڤ به‌رده‌وام له نوێبوونه‌وه‌دایه، هه‌ر ئه‌م نوێبوونه‌وه‌یه وایكردووه به‌رده‌وام بێت له ژیان، كاتێك ئازیزێكی ده‌مرێ یان له ده‌ستی ده‌دات ته‌نانه‌ت نزیكترین كه‌سیشی بێت، له یادی ده‌كات، چونكه له رووی بایۆلۆجییه‌وه مێشك به‌رده‌وام له تازه‌گه‌ریدایه، ئه‌مه واده‌كات كه‌سه ئازیزه‌كانی كه له ده‌ستمان داون له بیریان بكه‌ین و ژیان به‌رده‌وام بێت.
كه‌واته لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه گۆڕانكاری له ژیانماندا پێویسته نه‌ك حه‌ز، كاتێك منداڵێك نۆ مانگ له سكی دایكی‌دا ده‌بێت و دواتر دێته دنیاوه، ئه‌م گۆڕانكارییه حه‌تمییه و پێویسته روو بدات، چونكه هیچ دایكێك ناتوانێ ڕێ له نه‌هاتنه دنیای ئه‌م كۆرپه‌ڵه‌یه بگرێت، ئه‌م نموونه‌یه شتێكی گرینگمان بۆ ده‌ره‌خات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه مرۆڤ له سه‌ره‌تای بوونیه‌وه ترسی له گۆڕانكاری هه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت ئه‌م گۆڕانكارییه گه‌یشتنه به ئامانجێك و ده‌ستپێكی ڕێیه‌كی تازه‌یه، به پشتبه‌ستن به‌وه‌ی كاتێك ئه‌م منداڵه له دایك ده‌بێت ده‌گری، چونكه ژینگه‌كه‌ی گۆڕاوه و به‌رپرسیارێتی زیاتر بووه، بۆیه وا هه‌ست ده‌كات كه له‌و شوێنه پارێزراوه‌ی لێی بووه نه‌ماوه و ترساوه له‌و گۆڕانكارییه، چونكه پێش ئه‌وه‌ی له دایك بێت هه‌ر دایكی خواردنی پێ ده‌دا و هه‌ناسه‌ی بۆ ده‌دا و هه‌موو ئه‌ركه‌كانی له‌جیاتی ئه‌و جێبه‌جێ ده‌كرد و ده‌یپاراست، به‌ڵام كاتێك دێته دنیاوه، ئیتر ده‌بێت به ته‌واوی پشت به‌خۆی ببه‌ستێت و خۆی هه‌ناسه بدات و خواردن بخوات، ئه‌مه گۆڕانكارییه‌كی نوێیه و سه‌ره‌تای ئامانجێكی تازه‌یه بۆ ئه‌م منداڵه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هه‌ست به‌ترس ده‌كات و ده‌گری، له كاتێكدا ئه‌م گۆڕانكارییه پێویسته و ده‌بێ روو بدات، چونكه ئه‌گه‌ر له دایك نه‌بێت و له سكی دایكی‌دا بمێنێته‌وه، ئه‌وكات ده‌بێته هۆی مردنی خۆی و دایكیشی، ئه‌مه‌ش یاسای سروشت رێی پێ نادات.
ئێمه‌ی مرۆڤ زۆر كات كه له قۆناغێكه‌وه ده‌چین بۆ قۆناغێكی تر، هه‌ست به ناڕه‌حه‌تی و نیگه‌رانی ده‌كه‌ین و ده‌ست ده‌كه‌ینه گریان، به‌ڵام بێ ئاگا له‌وه‌ی ئه‌مه گرینگه و سروشتی ژیان پاڵت پێوه ده‌نێت بۆ زیاتر هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی.
كاتێك ئێمه خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ین، ده‌گرین یان نیگه‌ران ده‌بین، خۆزگه ده‌خوازین كات بگه‌ڕێته‌وه و لای هاوڕێكانمان بین دووباره، له كاتێكدا ده‌چینه قۆناغێكی به‌رزتر له جاران و نازناوێك بۆ سه‌ر كه‌سایه‌تی زیاد كردووه كه ڕه‌نگه مامۆستا، دكتۆر، ئه‌ندازیار.. هتد بێت.