ئاو یه‌كێكه له سه‌رچاوه گرنگه‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی و به یه‌كێك له پێداویستییه زۆر گرنگه‌كانی ژیان داده‌نرێت، هه‌موو ئاینه‌كانیش له دنیادا گرنگییان به پاراستنی ئاو و ده‌ست پێوه‌گرتنی داوه، هه‌روه‌ها به‌پێی سه‌رچاوه‌ی زانستییه‌كان مرۆڤ ، ته‌نیا چوار ڕۆژ ده‌توانێت بێ ئاو بژیت .
به‌داخه‌وه ئێسته مرۆڤایه‌تی تووشی چه‌ند كێشه‌یه‌كی كه‌میی ئاو و پیسبوونی ئاو بووه‌ته‌وه، كێشه‌كانیش له دنیادا به ته‌نیا وڵاتێك چاره‌سه‌ر ناكرێ، چونكه كێشه‌یه‌كی تایبه‌ت نییه به شوێنێكی دیاریكراو یان وڵاتێك، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی جیهانییه و پێویستی به هاوكاریی هه‌موو وڵاتان هه‌یه .
پێشبینی كراوه له سه‌ده‌ی 21دا ئاو ببێته جێگره‌وه‌ی نه‌وت و گاز، به‌پێی توێژینه‌وه‌كان له ساڵی 2040دا زۆربه‌ی وڵاتان، ئاوی پێویستیان نامێنێ بۆ كاروباری ڕۆژانه‌یان، له‌به‌ر زۆریی ڕێژه‌ی دانیشتووان و زیادبوونی به‌كارهێنه‌رانی ئاو و نه‌پاراستنی ئاو و كه‌مبوونه‌وه‌ی بارانبارین ... هتد .به‌داخه‌وه ئه‌م كێشه‌یه عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه، چونكه ئێسته ته‌نیا 41%ی دانیشتووانی عێراق ئاوی پاك و شیاویان ده‌ست ده‌كه‌وێت بۆ به‌كارهێنانی ڕۆژانه‌یان، هه‌روه‌ها 38%ی كه‌متر له پێداویستی ڕۆژانه‌یان ده‌ست ده‌كه‌وێت و 21%ی ڕێژه‌ی دانیشتووان ئاوی پاكیان هه‌ر به‌رده‌ست نییه بۆ خواردنه‌وه و كاروباری ڕۆژانه به‌پێی ستانداردی جیهانی .
به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به باشووری عێراق باشتره، 50%ی ئاوی هه‌رێم له سه‌رچاوه‌كانی خاكی خۆیه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، هه‌روه‌ها بارانبارین باشتره، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێسته به‌شێكین له عێراق، ئه‌و كێشانه‌ی تووشی ئه‌وان ده‌بێت، ئێمه‌ش به‌شێكین لێی .
به‌پێی ئاماره‌كان و زانیارییه‌كان، پیسبوونی سه‌رچاوه ئاوییه‌كان ئێسته له باشووری عێراق سه‌ری هه‌ڵداوه، به‌تایبه‌ت له به‌سره كه هه‌موو سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی پیس بوونه و شیاو نین بۆ به‌كارهێنانی مرۆیی و كشتوكاڵی، ئه‌مه‌ش ده‌ستپێكی كاره‌ساتێكی گه‌وره به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێ .
عێراق خاوه‌نی سامانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی ماسییه كه زیاتر له 10 جۆر ماسی له‌خۆ ده‌گرێت، به‌ڵام ساڵانه به‌هۆی پیسبوونی ژینگه‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆری ماسی له هه‌ردوو ڕووباری دیجله و فورات و زۆنگاوه‌كانی باشوور و ڕووباره بچووكه‌كاندا مردار ده‌بنه‌وه. یان له ده‌شتی هه‌ولێر ئێسته به‌هۆی زۆری پیسبوونی ئاو و ته‌نانه‌ت خاكیش چاندنی كشتوكاڵی تێیدا زه‌حمه‌ت بووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌رچاوه ئاوه‌ڕۆكانی و پیسییه‌كانی شاره‌كه، ده‌ڕژێته خوارووی شاره‌كه‌وه، له كاتێكدا ده‌كرێت به‌ڕێی ڕیسایكلین ئاوی ئاوه‌ڕۆكان خاوێن بكه‌ینه‌وه و به‌كاری بهێنین بۆ كه‌رتی كشتوكاڵ، به‌ڵام هه‌میشه مرۆڤ ده‌ستی باڵای هه‌یه له پیسبوونی ژینگه‌دا .
له بابه‌تێكی رۆژنامه‌ی هه‌ولێردا هاتووه، ئاوی ئاوه‌ڕۆكان به‌هۆی میكرۆبی زیانبه‌خش و هه‌ندێ جۆری به‌كتریا پیس ده‌بن، له‌مه‌شیان مرۆڤ هۆكاری سه‌ره‌كییه، چونكه هه‌ندێ وڵات ئاوه‌ڕۆكانیان راسته‌وخۆ له‌ناو رووبار و ده‌ریاچه‌كان ده‌كه‌ن، یان له شوێنی نزیك له ئاوی ژێرزه‌وی كه دوای ماوه‌یه‌ك ئاوی بیره‌كان پیس ده‌كه‌ن، پاشان پاشماوه‌ی پیشه‌سازی به گرنگترین هۆكاری پیسبوونی ئاو داده‌نرێ، كه پاشماوه‌ی خۆراكی و ریشاڵی پیشه‌سازی و پاشماوه‌ی كیمیایی ده‌رچوو له كارگه‌كان ده‌گرێته‌وه، ئه‌و پاشماوانه به هۆی رۆن و خوێن و بۆیه و ماده‌ی كیمیایی و نه‌وت و هه‌ڵێنجراوه‌كانی، له‌گه‌ڵ هه‌ندێ خوێی ژه‌هراوی وه‌ك زه‌رنیخ و جیوه، ئاو پیس ده‌كه‌ن، ماده تیشكده‌ره‌كان له ترسناكترین و توندترین جۆره‌كانی پیسكه‌ری ئاون، ترسناكترینیشیان پاشماوه‌كانی وێستگه‌ی ئه‌تۆمی و كووره‌كان و تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌تۆمین كه ده‌گه‌ن به ئاو و پیسی ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له ناو سندووقی قوڕقوشمی دابنرێن و بخرێنه ناو ئاوه‌وه، به‌ڵام سه‌ریان به باشی قه‌پات نه‌كرابێت، ئه‌وكات دزه ده‌كه‌ن و ئاو پیس ده‌كه‌ن.
دوا ار قڕكه‌ری مێرووله‌كانیش ده‌بنه هۆكاری پیسبوونی ئاو، چونكه ئه‌و قڕكه‌رانه له‌گه‌ڵ ئاوی ئاوه‌ڕۆكان ده‌چنه ناو ئه‌مباری ئاوی ئاودان و ئاوه‌كه پیس ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش به‌شێكی زۆری زینده‌وه‌ره‌كانی ناو ئاو له ناو ده‌به‌ن، به‌تایبه‌تی ماسی، هه‌روه‌ها پاشماوه‌كانی مرۆڤیش كه له‌رێی كرده‌وه‌كانی مرۆڤه‌وه ده‌رده‌چن و ئاو پیس ده‌كه‌ن .
به پشتبه‌ستن به‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌بێت مرۆڤایه‌تی زیاتر هۆشیار ببێته‌وه و ده‌ست بكه‌ین به پاراستنی ئاو، هه‌روه‌ها گرتنه‌به‌ری چه‌ندان ڕێ و میكانیزم بۆ باشتركردنی ئاسایشی ئاو، تا بتوانین دۆخی ئاسایشی ئاو باشتر بكه‌ین كه ئه‌مانه‌ش له‌ڕێی حكوومه‌ت ده‌كرێت، به پله‌یه‌ك دواتر ڕێكخراوه‌كانیش ده‌توانن ڕۆڵێكی باش ببینن.
ئه‌و شتانه‌ی پێویسته بكرێن بریتین له :
١ - به‌ده‌ستھێنانی سه‌رچاوه‌ی نوێی ئاو له ڕێی وه‌به‌رھێنان له بواری به‌نداوه‌كان و پرۆسه‌ی ڕاكێشانی ئاوه‌وه .
٢- پشتبه‌ستن به پرۆسه‌ی دووباره به‌كارھێنانه‌وه‌ی ئاو له بواره جیاوازه‌كان .
٣- گرنگیدان به ھۆشیاركردنه‌وه‌ی زیاتری ھاووڵاتییان و دروستكردنی تێگه‌یشتنی زیاتر بۆ گرنگی و بایه‌خی ئاسایشی ئاوی .
٤- پاككردنه‌وه‌ی ده‌ریاچه و ئاوه پیسه‌كان و پاراستنیان .
٥- نابێ ده‌ست ببه‌ین بۆ ئاوی ژێرزه‌وی و پێویسته وه‌ك یه‌ده‌گ هه‌ڵیبگتییتی٦٧رین .
٦- توندوتۆڵكردنی یاساكانی سه‌رچاوه‌ی ئاو و دانانی سزای توند له‌سه‌ر پیسكردنیان .
۷- پاككردنه‌وه‌ی ئاوڕۆی شاره‌كان و دووباره به‌كارهێنانه‌وه‌یان بۆ كه‌رتی كشتوكاڵ .
٨- دواجار نانۆته‌كنه‌لۆجی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا په‌ره‌ی زۆری پێ دراوه و سوودێكی زۆری به مرۆڤایه‌تی گه‌یاندووه كه یه‌كێك له‌و سوودانه‌ی هه‌یه‌تی، به‌كار دێت بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی ده‌ریا و زه‌ریاكان و ده‌توانین به‌كاری بهێنین له ژێر چاودێریی پسپۆڕی ئه‌و بواره .
٩- كۆچكردنی به لێشاوی هاووڵاتییانی باشووری عێراق، هۆكاره بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی كوردستان و پێویسته ڕێگری بكه‌ین له مانه‌وه‌یان و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانی تایبه‌ت به ژینگه هه‌ڵوێسته و پێشنیاریان هه‌بێت، هه‌روه‌ها ئێمه‌ش وه‌ك كورد، بۆ پاراستنی وڵاتمان هۆشیاریمان هه‌بێت و هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین.