پەروەردەی سێكسی چییە؟

PM:01:54:20/10/2023 ‌
پەروەردەی سێكسی ئەو بابەتەی لە كۆمەڵگەكەماندا بە شتێكی عەیبە دانراوە یان لە ژێر پەردەدا شاراوەتەوە و باس ناكرێت. یەكێكە لە گرنگترین جۆرەكانی پەروەردە، وەك چۆن پەروەردەی كەسایەتیی هەیە، پەروەردەی منداڵ و خێزان و تاكمان بایەخدارن، ئەمیش جۆرێكە لە پەروەردە و گرنگە تاكێكی تەندروست ئاشنای بێت و بزانێت چۆن ڕەفتار بكات، بۆ ئەوەی بێ كێشە و بەشێوازێكی دروست بژی و كۆمەڵگەیەكی بێ كێشە و ساخڵەم بنیات بنێین.

  هەروەها دایك و باوك بزانن چۆن وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە كە دێنە پێشیان بەپێی قۆناغەكانی تەمەنی منداڵەكەیان لە بچووكییەوە تا گەورەبوون، بەتایبەت ئێستە بەهۆی پێشكەوتنی بەرچاوی تەكنەلۆجیا و زیادبوونی بڵاوكراوەی نەشیاوی ڕێكلام و ڕاگەیاندنەكان بە شێوازێكی زۆر خێرا، وادەكەن ئەم بابەتە جێی خۆی لە  فكر و هزری منداڵدا بكاتەوە، یان نیشانەی پرسیاریان لا دروست ببێ لەبارەی هەندێ پرس، بۆیە بووەتە گرفتێك كە دایك و باوكان نازانن چۆن بە دروستی وەڵامی منداڵەكەیان بدەنەوە لە كاتی پرسیارە لە ناكاوەكانیان؟ هەروەها وەڵامێكی شایستە بدەنەوە كە گونجاو بێت لەگەڵ قۆناغی تەمەنی منداڵەكە و گرفتی هزری و جەستەیی و فسیۆلۆجی بۆ دروست نەكات! چونكە زۆرجار دایك و باوكان پەنا دەبەن بۆ وەڵامی ناڕاست یان بەتووڕەیی وەڵامی منداڵەكەیان دەدەنەوە، بەزوویی بابەتەكەیان پێ پەردەپۆش دەكەن و پێیان دەڵێن عەیبە و نابێت قسە بكەی لەبارەی ئەم بابەتە كە ئەمە زیانێكی زۆر دەگەیەنێت بەمنداڵەكە، وادەكات ەڵامی پرسیارەكان بە گرێدراوی بمێنێتەوە لە مێشكیاندا، ئەمەش گرفتی دەروونی دروست دەكات یان وا دەكات منداڵەكە پەنا ببات بۆ كەسانی هەڵە لە چواردەورەكەی و وەڵامێكی ناتەندروستی دەست بكەوێت لێیان، بۆیە باشترین ڕێ ئەوەیە دایك و باوك خۆیان هۆشیار بكەنەوە و زانیاریی زیاتر بزانن لەبارەی هونەری مامەڵەكردن لەبارەی ئەو پرسە لەگەڵ منداڵەكانیان .

 كەواتە دەبێت بزانین چی بكەین بۆ ئەوەی نەوە و تاكێكی تەندروست گەورە بكەین و خۆی پێ قبووڵ بێت، لە ژیان و قۆناغەكانی داهاتووی تەمەنیدا شارەزا و سەركەوتوو بێت؟

* پەروەردەی سێكسی 
بریتییە لە قبووڵكردنی ڕەگەزی تایبەتی خۆی وەك تاكێك، هەروەها شانازی پێوە بكات و تێبگات سیفاتەكانی ڕەگەزی خۆی چییە و لە كۆمەڵگەدا وەك ڕەگەزی خۆی چ پایەیەكی هەیە و چی لێ چاوەڕوان دەكرێت، تا بتوانێت ئاسوودە بژی و تاكێكی تەندروست بێت لەڕووی سێكسییەوە، هەروەها لە قۆناغەكانی داهاتووی ژیانی و لە ژیانی هاوسەریشدا كێشەی بۆ دروست نەبێت. هەموو ئەمانە پێویستیان بە زانیاریی ورد و قووڵ هەیە كە پێویستە دایك و باوكان بەتەواوی شارەزای بن. 

زۆرجار منداڵەكانمان پرسیاریان لا دروست دەبێت و بەهەڵە وەڵامیان دەدرێتەوە، یان دایك و باوكەكە بەتەواوی تووشی سەرسوڕمان دەبن و نازانن چ وەڵامێك بە منداڵەكەیان بدەنەوە. بۆیە تێگەیشتنی ڕاست و دروست زۆر گرنگە تا وەڵامێكی تەندروستیان بدەینەوە، لەبەرئەوەی لەهەر قۆناغ و كاتێكدا پێویستیان بەجۆرێك لە وەڵام دەبێت كە زیان نەدات لە تەندروستیی كەسیی منداڵەكە. 

پەروەردەی سێكسی دەبێت لە كات و شوێن و جێی خۆیدا بێت، دایك و باوك باشترین سەرچاوەیە تا بەشێوازێكی ڕاست و دروست و بێ زیانگەیاندن بە داهاتووی منداڵەكانیان، پەروەردەیەكی باش پێشكەش بە منداڵەكانیان بكەن، هەروەها گرنگیشە لە ناوەندەكانی خوێندندا زیاتر گرنگی بدرێت بەو بابەتە و بەشێوازێكی زانستی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدرێتەوە كە پێویستە منداڵ فێری ببێت، گرنگە وەك وانەیەكی سەرەكی زیاد بكرێت یان لە وانەی ئاین و بایۆلۆجی و تا جیۆگرافیاش ئەگەر مامۆستایەكە زیرەك و لێهاتوو بێت، ڕوونی بكاتەوە و بەرنامەی زۆر جوان دابنێت و بیبەستێتەوە بەو پرسە و ڕۆڵی سەرەكی ببینن لە پێگەیاندنی نەوەیەكی تەندروست، چونكە ئەم جۆرە پەروەردەیە كۆمەڵێك ئامانجی هەیە و گرنگە بۆ دروستكردنی تاكێكی ڕۆشنبیر .

* ئەم پەروەردەیەش وەك پەروەردەكانی تر كۆمەڵێك ئامانج لەخۆ دەگرێت كە ئەمانە بەشێكن لێی : 

١- وادەكات منداڵ زانیاریی پێویستی لەبارەی هەموو قۆناغەكانی پێش خۆی هەبێت و لە كاتی هەر گۆڕانكارییەكی جەستەیی یان دەروونی، تووشی شڵەژان و خەمۆكی نەبێت. 

٢-  فێربوون و شارەزابوون لە پەروەردەی سێكسی، وادەكات تاك ڕۆشنبیرانەتر و كەسایەتی بەرزتر دەربخات، بەتایبەت فێربوونی ناوە زانستییەكانی ئەندامەكانی زاوزێ، تاك دوور دەخاتەوە لەو جوێنە ناشیرین و بەدڕەوشتانەی كە دەیگرنە یەكتر بەتایبەت لەناو كورد كە لە كۆمەڵگەدا بە بەرچاوڕوونی دەیبینین و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بە ئاشكرا هەستی پێ دەكرێت، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتریش تاكی عێراقی، ئەم جۆرە جوێنانە زۆرە و لەكاتی تووڕەبوون یان شەڕدا، یان بۆ كەمكردنەوەی بەرانبەر، ناوی ئەندامەكانی زاوزێ بەكار دەهێنن وەك جوێن، هۆكارەكەی نەبوونی ئەم جۆرە پەروەردەیەیە.

٣- وادەكات منداڵمان بۆچوونی پۆزەتیڤی هەبێت لەبارەی ڕەگەزی بەرانبەری و بەشێوازی ڕێزەوە سەیری ڕەگەزی بەرانبەری بكات، وەك چۆن ئافرەت ناوی بە زەعیفە چووە و خەسڵەتی پیاوسالاری باوە .

٤- هەبوونی ئەم جۆرە پەروەردەییانە وادەكات كۆمەڵگەیەكی تەندروست پێك بهێنێت و دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ڕووداوەكانی دەستدرێژی و سێكسی، كە بە داخەوە ئێستە زۆر ڕێژەكەی بەرز بووەتەوە، بەتایبەتی ڕووداوەكانی خیانەتكردنی هاوسەران لە یەكتر، دەستدرێژیی نێوان مامۆستا بۆ قوتابی، پێوەندیی خۆشەویستی بۆ مەبەستی سێكس ... هتد.

٥- ئەم پەروەردەیە فێری هەرزەكاران و گەنجەكانمان دەكات كە چۆن كۆنترۆڵی غەریزەكانیان بكەن و چ شتێك یارمەتیدەریان دەبێت بۆ كەمكردنەوەیان، لەوانەش لە ڕێی وەرزشكردن و گۆرانی و هونەر و وێنەكێشان... هتد . 

٦ - تێگەیشتن لە پەروەردەی سێكسی، دەبێتە هۆی شانازیكردنی تاك بە ڕەگەزی خۆی و بەتەواوی خۆی پێ قبووڵ بێت، ئەمەش وادەكات دیاردەی ڕەگەزگۆڕین نەمێنێت .

٧- پەروەردەی سێكسی تێمان دەگەیەنێت كە جیاوازی نییە لە نێوان كچ و كوڕ . هەروەها پیاوسالاری شتێكی بێمانایە و بە كاڵاكردنی ئافرەت و بە زەعیفە سەیركردنی، كردارێكی بێ بنەمایە و تاوانە بەرانبەر مرۆڤایەتی .

٨- ڕۆڵی هەیە لە كەمكردنەوەی كێشەی خێزانیی نێوان ژن و مێرد و دروستكردنی خێزانێكی تەندروست .

٩-  وەك هەموو ئاینەكان باس لە بەردەوامیدان بە ژیان دەكەن بە زاوزێ، ئەم جۆرە پەروەردەیە بەتەواوی تەواوكەری پەرەپێدانی مرۆڤایەتییە . 

١٠- یەكێك لە گرنگترین خاڵەكان ئەوەیە دەبێتە هۆی نەمانی هاوڕەگەزبازی كە لە دنیای ئەمڕۆدا كاری لەسەر دەكرێت، بۆ كەمكردنەوەی مرۆڤایەتی و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە و لەڕێی ئەمانەوە، نەوەیەكی زۆر ناتەندروست بەرهەم دێت لەڕووی ئەقڵی و دەروونی و.. هتد . 

* چۆن ئەم پەروەردەیە بگات بە كۆمەڵگە و تاك : 

١- لە ڕێی  تێكەڵكردنی بە پرۆگرامی خوێندنەوە، دەتوانرێت كاریگەریی بكاتە سەر نەوەكانی داهاتوو و كۆمەڵگە .

٢- سەردانی باخچەی ئاژەڵان وادەكات وەڵامی زۆر پرسیاری منداڵان بداتەوە و بەشێوازێكی تەندروست دەستی بكەوێ .

3- میوانداریی كەسانی پسپۆڕ بكرێت لە قوتابخانەكان و قسەكردنیان بۆ قوتابی و هەرزەكاران .