گرتنی رێیەكانی گەندەڵی

PM:02:51:06/07/2023 ‌
هەرچەندە گفتوگۆ و قسەكردن لەسەر گەندەڵی لە كوردستان ئاسان نییە، دیاردەكە فراوانە و هەوڵیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سنووردارە. لێرە لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئومێدی زۆر بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پرۆسەی چاكسازی دروست بوو.

پڕۆژەكانی ئەم حكوومەتە چووە ناو چوارچێوەیەكی دیاریكراو بۆ چاكسازی و یاسای ماف و ئیمتیازاتەكانی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ دەرچوو، تا ئێرە روونە، بەڵام ئەوەی لای خەڵكی كوردستان پرسیارە، ئەوەیە لە چاكسازیدا چی كرا و چی گۆڕا؟ ئەوە ئەركی سەرەكی حكوومەتە بۆ رای گشتیی روون بكاتەوە، بەڵام رەنگە هێشتایش پەیامەكە لەوبارەیەوە بە ڕوونی نەگەیشتبێ‌. 

ئەوەی دەمەوێ‌ سەرەنجی بخەمە سەر ئەو دیمانەیەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستانە كە پێنجی ئەم مانگە لە میدیاكان بڵاو كرایەوە، هەموو ئەو پرسیارانەی لەلایەن ئامادەبوانەوە ئاراستەی كرا لەلایەك، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجی من بوو، بەپێی ئەوەی لەناو دامەزراوەیەكی تایبەتمەندی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا كار دەكەم، ئەو پرسیارە بوو كە لەبارەی گەندەڵكاران كرا. 

لە دیدارەكەدا، كچە شەهیدێك دركی بەوە كردووە كە لە هەرێمی كوردستان گەندەڵی هەیە، سەرنجی خستووەتە سەر ئەو پرسیارە كە حكوومەت چی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كردووە؟، ئەوەی هەستی پێكرا و خۆیشی ئاماژەی پێ كرد، وەڵامدانەوەی پرسیارەكە بۆ مەسروور بارزانیش قورس بوو، بەڵام دەرگایەكی تری بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كردەوە ئەویش رێگری بوو لە گەندەڵی نەك لێكۆڵینەوە لەگەندەڵی، بۆ ئەوەی كەسی دوای گەندەڵەكە، لەسەر هەمان رێگەی پێشوو نەڕوات.

خۆم چەند جارێك ئەوەم لە سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان بیستووە كە پێی وایە، پێویستە ئاستی هۆشیاری بۆ گەندەڵی نەكردن بەرز بكەینەوە، تا خەڵك مەترسییەكانی بزانن، بێگومان لە پاڵ ئەو لێكۆڵینەوانەی كە لە دۆسییەی گەندەڵییە رووداوەكاندا دەكرێ‌.

ئەوەی مەسروور بارزانی گوتی، كۆتایهێنان بە گەندەڵی لەگەڵ بە سزاگەیاندنی گەندەڵی، دوو شتی جیاوازن. بەڵێ‌ جیاوازە، چونكە ڕوونە ئەوانەی لە رابردووی كوردستاندا لە گەندەڵییەوە گلاون، ئەوانەن كە ئەگەر خۆیشیان زەبەلاح نەبووبن، ئەوانەی لە پشتیانن زەبەلاح بوون. بۆیە تێكشاندنی ئەوانە قورسە، لەبەرئەوەی گەندەڵ ئەوەندە لە خێر و بێری ئەو وڵاتەیان خواردووە، ئێستە باكیان بەهیچ نییە، شەڕ، تێكدانی كۆمەڵگە و دەیان مەترسیی تر، كەواتە دەبێت بگەڕێینەوە سەر ئەو خاڵەی كە دەبێت رێگاكانی گەندەڵی بگرین.

ئاراستەكە با بەو جۆرە بگۆڕین، رێ لە گەندەڵی بگرین، هێشتا درەنگ نییە و دەتوانین نەوەیەكی باشتر بۆ داهاتوو لەسەر ئەو رێگەیە ڕابێنین.

رەنگە ئێستە پرسیاری ئەوە دروست بێ‌، گرتنی رێگەكانی گەندەڵی چۆن دەكرێ‌؟.

ئەوەیش ئاسان نییە، لێرەدا چەند نموونەیەكی زۆر ئاسان دەخەمە ڕوو كە چەندان جار لە رۆژنامەی "وشە" لە رابردوودا بە مانشێتی سەرەكی بڵاو كراوەتەوە، كێ‌ ڕێ لە لیژنەی كڕینی فەرمانگەكانی حكوومەت بگرێ‌؟ لە هەموو فەرمانگەیەكی حكوومەتدا لیژنەی كڕین هەن، هەرچەندە لیژنەكان سێ‌ مانگ جارێك یا زیاتر گۆڕانكاریان تێدا دەكرێ‌، بەڵام ئەوەی جێی بە دواداچوونە، زۆرینەیان هاوڕان لە كڕینی كەرەستە و پێداویستییەكان لە یەك شوێن، جگە لەوەی ئێستە لە بازاڕەكانی كوردستان وەسڵی حسابات راستەوخۆ چاپ دەكرێ‌ و چەندت بوێ‌ بۆت دەنووسن، ئەوە راستە شتێكی سەرەتاییە، بەڵام كۆنترۆڵكردنی دەتوانێ‌ رێیەكی فراوان دابخات. 

كێ‌ رێَگەی گەندەڵی ئەو لیژنانەی قایمقامیەت و شارەوانی و دەیان فەرمانگەی تر بگرێ‌؟ كە ئامادەن بە وەرگرتنی بڕێكی كەم بەرتیل كارئاسانی بۆ سەرپێچی و زیادەڕۆیی یان كەرەستەی خراپ و ژەهراوی بكەن! ئەو لیژنانە خۆیان پێویستیان بەوەیە لەژێر چاودێریدا بن.

یەكێكی تر لەو رێیانەی پێویستە دابخرێن، وەرگرتنی بەرتیل و رۆتین و خزخزمێنەی ناو فەرمانگەكانە، هەموو ئەوانە بە بوونی سیستمی تاكپەنجەرە لە فەرمانگەكاندا چارە دەبن، هەروەك پڕۆژەی "هەژماری من" هەنگاوێكی گەورەیە و سەرباری گرنگییەكەی رێی زۆر لە گەندەڵی جۆراوجۆر دادەخات. 

جگە لەوانەی باسم كردن، بە سەیركردنی شەش فەرمانگەی خزمەتگوزاری كوردستان و بەداواچوون دەتوانرێت زیاتر لە 10 رێگەی فراوانی گەندەڵی بگیرێت. 

كەواتە ئەوەی سەرۆكی حكوومەت دەیڵێ دەست پێكە و كولتوورسازیی دەوێت، بەڵام قورس نییە، لە پاڵ هەڵمەتێكی چڕی چاودێری و لە رێی لیژنەیەكی تایبەتمەندی حكوومی یان دامەزراندنی سیستمێكی وردبینی، ئەو ڕێیانەی گومانی كردنەوەی دەرگای گەندەڵیان لێ‌ دەكرێ‌، دادەخرێن. بۆیە ئەوەی دەیڵێم رۆتین و وردە گەندەڵین كە كاریگەریی گەورەیان هەیە، بە مانایەكی تر، ئێمە دەبێت بیركردنەوەمان نیشتمانیی بێت و تاك بە تاكمان دژی گەندەڵی بین، ئەوكاتە گەندەڵ نەماوە.