زامدار ئه‌حمه‌د
ناسیۆنالیزم-نه‌ته‌وایه‌تی، پڕ به‌كارهێنه‌رترین چه‌مكی سه‌ده‌ی 20 و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 21، پرسێكی گرنگ و پڕبایه‌خ و گه‌رمی دنیا كه وابه‌سته‌ی ته‌واوی گه‌لانی زیندووی سه‌رزه‌وینه. به ئامانج و مه‌به‌ستی چێكردنی یه‌كه‌یه‌كی سیاسیی جیۆگرافیی كه واتای "ده‌وڵه‌ت" ده‌گه‌یه‌نێ.
ناسیۆنالیزم Nationalism، به مانای "میله‌تگه‌رایی، نه‌ته‌وه‌په‌رستی، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی، ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی دێت". له زمانی فڕه‌نساییدا وشه‌ی: Nasionalisme به‌كار ده‌برێ و له وشه‌ی لاتینی (nascor)ه‌وه واته "من هه‌م، له‌دایك بووم، هاتوومه دنیا"وه هاتووه.
فره بۆچوونی جیاواز له‌باره‌ی مێژوو و ڕه‌چه‌ڵه‌ك و ڕیشه‌ی ناسیۆنالیزمه‌وه هه‌یه. به‌شێك له شرۆڤه‌كارانی بواری نه‌ته‌وه، مێژووی ناسیۆنالیزم ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌ره‌تای ژیان و كه‌ونارای كۆن، چونكه له سه‌ره‌تای زینده‌گییه‌وه مرۆڤ هه‌وڵی مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی داوه و فكره‌ی خاوه‌ندارییه‌تی هه‌بووه و هه‌وڵی داوه سنووری ده‌سه‌ڵاتی فراوان بكات.
ژماره‌یه‌كی تر له شاره‌زایان، مێژووی ناسیۆنالیزم ده‌گێڕێنه‌وه سه‌رده‌می ڕێنسانس و به‌تایبه‌ت دوای شۆڕشی فڕه‌نسا ساڵی (١٧٨٩) كه گۆڕانكاری فراوان به‌سه‌ر دنیادا هات و سه‌ره‌تا و ده‌روازه‌یه‌كی گه‌ش بوو بۆ سازبوونی ده‌یان ده‌وڵه‌ت. هه‌ڵبه‌ته له ئه‌وروپا ناسیۆنالیزم و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی به به‌رهه‌می مۆدێرنیته‌ی سیاسی ناو ده‌برێ. له‌دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، له ساڵی (١٩٩١) نه‌خشه‌ی سیاسی و جیۆگرافیی دنیا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و له ئه‌نجامی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و یه‌كێتییه، شه‌پۆلێكی تری دروستبوونی ده‌وڵه‌ت هاته ئاراوه.
ئارنست گیڵنه‌ر له‌باره‌ی ناسیۆنالیزمه‌وه باوه‌ڕی وایه كه پره‌نسیپێكی سیاسییه، هه‌وڵی ئالووده‌كردن و پێكه‌وه گونجاندنی یه‌كه‌ی سیاسی و یه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دا. هاوكات ناسیۆنالیزم توانای گۆڕین و داهێنان و دووباره دروستكردنه‌وه‌ی كولتووری هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌و كولتووره وه‌رده‌گرێت كه پێشتر هه‌بووه، ئه‌وجا ده‌یگۆڕێت بۆ نه‌ته‌وه، له هه‌ندێ كاتدا ئه‌و كولتووره چێ ده‌كا.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا دنیا گڵۆبالیزمی به‌خۆیه‌وه بینیوه، بۆیه ناسیۆنالیزم وه‌ك خه‌بات و به‌رخۆدان و ڕزگاربوونی ژێرده‌سته‌یی و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌ژمار ده‌كرێ. دواجار كه‌سانی ناسیۆنالیست له خه‌می دروستكردنی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆییدان، سه‌ربه‌خۆیی ناسنامه و شوناس. ناسیۆنالیزم و ده‌وڵه‌ت، رۆڵی چاره‌نووسساز و كاریگه‌ریی به‌هێزی هه‌یه، له ئاراسته‌كردنی ڕووداوه جۆراوجۆره‌كانی دنیا، وابه‌سته‌ی ته‌واوی سێكته‌ره جیاوازه‌كانه، زۆربه‌ی ڕووداو و پێشهاته سیاسی و ئابووریییه‌كان ده‌ستی ناسیۆنالیزمیان به‌ركه‌وتووه.
ناسیۆنالیزم و ده‌وڵه‌ت، گرێدراوی یه‌كن. ناسیۆنالیزم گوزارشت له ده‌وڵه‌ت ده‌كات و ده‌وڵه‌ت ئه‌نجامی ئه‌رێنی ناسیۆنالیزمه، واته هه‌موو بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناسیۆنالیستی ئامانجی دروستكردنی ده‌وڵه‌ته، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامانجه نه‌بوو، ناچێته چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه. ناسیۆنالیزم بیر و هه‌ست و ویستێكه مرۆڤ به‌شێوه‌ی جیاواز و جۆراوجۆر ده‌یدركێنن، به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی شوناس و ناسنامه‌ی خۆی، ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامی ده‌وڵه‌ته‌وه وه‌ده‌ست دێ.
ناسیۆنالیزمی كوردی
ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ناسیۆنالیزی كوردی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاعیری ناسیۆنالیست "ئه‌حمه‌دی خانی ١٦٥١-١٧٠٧"، ئه‌و به‌یه‌كه‌م كورد ئه‌ژمار ده‌كرێ كه له‌باره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و سازكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ڕێی نووسین و شیعر و داستانه‌وه دواوه و له داستانی "مه‌م و زین"دا /ساڵی ١٦٩٥ نووسراوه/ له‌ڕێی ئه‌ڤین و خۆشه‌ویستی و جوانی و پاكی، هاوكاران و دژان، باسی سه‌رده‌می خراپی خۆی ده‌كات و وێنای ده‌وڵه‌ت دروستكردن نیشان ده‌دا، ئه‌مه‌ش وابه‌سته به هه‌ستی ناسیۆنالیستی و كوردایه‌تیی و نیشتمانپه‌روه‌رییه‌وه، ئه‌م داستانه له دوای ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دانی كوردان نووسراوه.
ئه‌و هه‌سته ناسیۆنالیستییه‌ی خانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بارودۆخی سیاسی و جیۆگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌می ژیانكردنی. ئه‌و، له سه‌رده‌می كێشه و كێشمه‌كێشه‌كانی نێوان ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی و عوسمانی ژیاوه كه زۆربه‌ی كێشه‌كانیان له‌سه‌ر خاكی كوردان و ناوچه كوردییه‌كان بووه، هه‌ردوولا هه‌وڵیان داوه له‌سه‌ر حسێبی كوردان، یه‌كه‌ی جیۆگرافیی خۆیان فراوان بكه‌ن، له‌م نێوه‌نده‌دا به پله‌ی یه‌كه‌م كورد زیانمه‌ندی گیانی و مادی بووه، هیچ ده‌سه‌ڵات و پێگه‌یه‌كی له ناوچه‌كه‌دا نه‌بووه، ئه‌مه هۆی سه‌ره‌كیی و گرنگه كه ئه‌حمه‌دی خانی به‌و ئاراسته‌یه‌دا برد.
له دوای ئه‌حمه‌دی خانی، "حاجی قادری كۆیی ١٨١٦-١٨٩٧" به بیری نه‌ته‌وایه‌تی و ناسیۆنالیستی داده‌نرێ، ئه‌مه‌ش وابه‌سته‌یه به دووركه‌وتنه‌وه له وڵات و ده‌ڤه‌ر و زێدی خۆی و ئاواره‌بوون بۆ وڵاتی دژه كوردان و مه‌یلی خۆ به كه‌مزانی له به‌رامبه‌ر عوسمانییه‌كان، چونكه خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی نییه. بۆیه ده‌نووسێ:
وه‌كو بیستوومه ئه‌ی یاری نیكۆپه‌ی
له ته‌ئریخی جه‌م و ئه‌سكه‌نده‌ر و كه‌ی
به‌شیر و خامه ده‌وڵه‌ت پایه‌داره
ئه‌من خامه‌م هه‌یه، شیر نادیاره
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ:
خاكی جزیر و بۆتان، یه‌عنی وڵاتی كوردان
سه‌د حه‌یف و مخابن ده‌یكه‌ن به ئه‌رمه‌نستان.
له شیعره‌كانی حاجی قادر، ڕوون ده‌بێته‌وه كه به‌ته‌واوی ڕۆ چووه‌ته ناو هه‌ستی ناسیۆنالیزمی كوردی و ئاواته‌خواز و ئومێده‌واری ده‌وڵه‌ته بۆ كوردان.
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 20 تا كۆتای هه‌مان سه‌ده به ئێسته‌یشه‌وه، زۆر سه‌ركرده‌ی كورد له‌ڕێی بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و جووڵانه‌وه و ڕاپه‌ڕین و شۆڕش و پێوه‌ندی دیپلۆماسی له هه‌وڵی چێكردنی ده‌وڵه‌تی كوردیدا بوونه كه دابه‌شیان كردووه بۆ سنووری جیۆگرافی چوار وڵات.
گه‌لی كورد ته‌واوی فاكته‌كانی ناسیۆنالیزمی تێدایه، كێشه‌ی له ڕه‌گه‌زه‌كاندا نییه (مێژووی هاوبه‌ش، خاكی هاوبه‌ش، نه‌ته‌وه‌ی هاوبه‌ش، ڕه‌گه‌زی هاوبه‌ش، زمانی هاوبه‌ش، ئاڵای هاوبه‌ش) له سه‌رووی ئه‌مانه‌وه ئاره‌زوو و به‌تایبه‌تی ویست. چونكه ته‌واوی كورد ده‌خوازن ببنه خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆ، خاوه‌ن یه‌كه‌یه‌كی جیۆگرافی دیاریكراوی سه‌ر نه‌خشه و واقیعییانه. به‌ده‌ر له‌وه‌ی شێواز و چۆنیه‌تیی دروستكردن و میكانیزمی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته چییه و چۆنه؟.
پرسیاری گرنگ و جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه بۆچی كورد نه‌بووه به ده‌وڵه‌ت؟ هۆكاره‌كانی دروست نه‌بوونی چین؟ كێ كه‌مته‌رخه‌م و تاوانباره؟ بۆچی سوود له ده‌رفه‌ته زێڕینییه‌كان وه‌رنه‌گیراوه؟ ئاینده به‌كوێ ده‌گات؟. به‌هیوای چێكردنی ده‌وڵه‌تێكی باڵای كوردستانی، تا ببێته چه‌ترێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ته‌واوی كورده‌كان و به‌تایبه‌تی كورده ناسیۆنالیسته‌كان.