زۆر بەڕێز، وەزیری داد

PM:12:06:19/02/2017 ‌
خوێنێکی درۆزنیان دا لە کراسەکەی.
سوورەتی یووسف. ئایەتی ١٨

من لە هیوومەن ڕایتس وۆچ کار ناکەم, بەڵام چونکە خۆم جارێک لە ئەستەنبۆڵ، جارێک لە دیمەشق، جارێک لە ئورمێ، دوو جاریش لە هەولێر، "لەسەر کوردبوون" بەندیخانە و زیندانبوونی بە ناحەقم دیووە و دەزانم "موسیبەتی کوردبوودەن" چیە، بۆیە لە ڕۆژی خۆشەویستیدا ئەم ڕوونکردنەوەیەتان ئاراستە دەکەم. 

جەنابی وەزیر: کوردێکی بێتاوان، ڕۆژهەڵاتی، بە ناوی "مەحموود عبدوڵا حەسەن نیعمەتی"، تەمەن ٦٠ ساڵ - بەپێی ژمارەی تەمەنیشی مانای وایە ئەگەر هەروا بە ناحەق و بێ دادگایی كردنیشی لە گرتووخانه‌ بیهێڵنەوە بەرەو ناپاكی یان خڵەفان دەڕوا، خاوەن خێزانە، لە شوعبەی بەناو یاساکەتان لای کاک ئاریان، خاوەن دۆسیەی ژمارە (بیست. لەسەر پەنجا- بیست و یەک)، کەچی نۆزدە جار سکاڵامان بەرز کردووه‌تەوە وەڵامتان نەبووە، بۆیە چووم خۆم لە بەردەم دادگا ڕووت کردەوە، چونکە سێ ساڵ زیاترە لە زیندانی هەولێر گیراوە بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێت. 

دواین سکاڵامان لە ڕۆژی دووی نۆی ٢٠١٦ پێشکەشی بێ وەڵامتان کردبوو. سوپاس ئەگەر وەڵامی ئەم نامەیەم بەنووسین بدەنەوە. خۆشم قسەم لەگەڵ گیراوه‌كه‌ کردووە تا ئەم دەقیقەیەش پارێزەریشی نییە لە من زیاتر.

مۆڵەتی خۆپیشاندانمان لە ئێستاوە، لە نەوزاد هادی پارێزەری هەولێریش وەرگرتووە، ١٩ کەس لە کەسایەتییە هەرە کوردە ڕۆژەڵاتییە سەربڵندەکانی هەولێر لەگەڵ کەسوکاری ئەو گیراوه‌ کە ئێستا هاتوون و لە هەولێرن، لەگەڵ سەتان پێشمەرگە و مەلا و ڕۆژنامەنووس و خوێندکارەکانیشم، پێیان ڕاگەیاندووم کە ئەگەر تا کاتژمێر ١١ و ١٩ دەقیقە لە ڕۆژی (١٩)ی ئەم مانگی شوباتە شوومە ئازاد نەکرێت، هەر هەموو هەولێر لە بەردەم قونسوڵگه‌ی ئێران هەڵدەستێننەوە و بریاریان داوە كونسوڵگه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر بە دەردی دادگای هەولێر خراپتریش ببەن بەدەست فەرهاد پیرباڵەوە، کە منم و بەڵێنم پێداون لەگەڵەڵیان دەبم لە ڕۆژی (١٩)ی مانگی ئەم شووباتە شوومەدا.

خودا نامە و حوکم و پێغەمبەرایه‌تیی دابێتە هەر بەشەرێک؛ نابێ بێ بڵێتە بەندان "ببنە بەندەی من لەباتی سەر بە خودا" بەڵکو دەبێ بێ بێژیت "خودایی بژین". چونکە ئێوە خۆ خۆتان وانەی ئەو نامە یەزدانییە دەڵێنەوە، خوێندووشتانە خۆ. 

فەرمانتان پێ نادا تەنانەت فریشتە و پێغەمبەرەکانیش بکەنە "ڕەهبەر"ی خۆتان خودا: پاش مسوڵماندنتان بڵێی بێ لە ڕێتان وەرگەڕێنێ؟.

سووره‌تی (بنەماڵەی عمران) ئایەتی ٧٩ و ٨٠
..
فه‌رهاد پیرباڵ