20 مه‌رجه‌كانی سەرۆک

AM:11:53:03/04/2017 ‌
مه‌رجی یه‌كه‌م:
سه‌رۆك ده‌بێ بتوانێت بڵێ: (من ده‌بینم چی، چۆن رووی داوه‌ هه‌ندێ جار له ‌كوێ؟! چۆنیش، چی، كه‌ی ڕوو ده‌دات هه‌ندێ شت بۆ لە هەندێ شوێن!؟).

مەرجی دووەم
(زەمەن، پێش هەموو شتێک ئامرازە نەک ئامانج. وایە؟
وایە.
کەواتە سەرۆک زەمەنی کوردییە
بۆ؟
چونكه‌ ده‌بێ زه‌مه‌نی كوردی له ‌ده‌ست سه‌ر‌ۆكدا بێت نه‌ك له‌ ده‌ست هیج كه‌سێكی تری میله‌ته‌كه.
شوێنی هەڵکەوتنی هەر نەتەوەیەک، واتە جیۆگرافیای تاکە کەسێکیش (بە دۆخ و چۆنیەتی و ئەخلاق و بیر و چارەنووسی نەتەوە و تاکیشەوە) واتە لە کوێ هەڵکەوتووە نیشتیمانەکەی، یان تاکەکە خۆی، لە کوێ لەدایک بووە، لە کام شوێنی جیۆگرافی پەروەردە؟ چەند جار و چۆن، چەند ژیاوە لە کوێ؟ هەموو ئەمانە باندەست و ڕۆڵیان هەس.
بەپێچەوانەی ئەو فەیلەسووفانەی ڕایان وایە فاکتەری سیاسی و دینی و ئابووری، یان نازانم فاکتەری چی و چی دەکەنە هۆکار بۆ درۆستکردنی مێژوو, من ڕام وایە زۆر زۆر زۆر بەتایبەت (فاکتەری جیۆگرافی) توخمی هەرە بنچینەیی بووە بۆ دروستکردنی مێژووی بەشەر لەسەر زەوی و جۆری شارستانیەکانی، چونکە ڕۆڵێکی جێگیر و "هەتا هەتایی" هەیە ئەم فاکتەرە ساماندارەی جیۆگرافیا (هەڵکەوتی جیۆگرافی). 
بەڵگەیەکی ترم بۆ بەڕاست گەڕاندنی قسەکانم ئەوەیە کە دادڕاستیی ئەم فەلسەفەیەی شوێن کە من ناوم ناوە "فەلسەفەی فیزیایی شوێن"، وەک فەلسەفەی یەزدانی مەزن، زۆر زۆر دادپەروەرە. ئەمەش لەوەم نێزیک دەکاتەوە بڵێم بڕ و ڕێژەیەکی زۆری هێزی خودا لەناو خۆڵدا هەیە.
بە دیدی من, هەمان ئەم ڕۆڵە جیۆگرافییە "هەتا هەتاییە"ش بەرەنجامێکە, بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم پرسیارانەی پێوەند بە شوێنەوەن ئەوا بەپلەی یەکەم دەبنە هێز و فاکتەر و هۆکار.  
دەگۆڕدرێن و دەشگۆڕن, بەپێی شوێنی هەڵکەوتنی ئەستێرەکەی خۆی و دووریی لە ئەستێرەی تر و "چەندێتی و چۆنیەتیی" کات لەوێ و سروشتی کات لەوێ و چۆنیەتیی تێگەیشتنی خەڵک لە کات لەوێ دەگۆڕێن و باندەستیان دەبێت بەسەر گۆڕینی شتەکان بەپێی چۆنیەتیی بەکارهێنانێکی حەکیمانە بۆ "زەمەنە نەتەوەییەکە", بۆیە سەرۆک دەبێ بتوانێ هەموو ئەم شتانە بزانێت تا بتوانێت کۆنتڕۆڵی زەمەنی نەتەوەیی بکا, حەکیمانە کۆنتڕۆڵکردنی زەمەن و بەرنامەڕێژیکردن بۆ زەمەنی نەتەوەیی لەلایەن تاکە سەرگەڤاز یان سەرۆک و بلیمەتەکانی گەلەوە، پێویستە.

مەرجی سێیەم
ئایا زەمەن ئامرازە؟ بێگومان ئامرازێکی نەتەوەییە زەمەن, بۆیە هەر میلەتێک زەمەنی نەتەوەیی خۆی هەیە, زەمەنیش بۆیە دەبێ لە دەست سەرۆک بێت. ئەو گەنجەی دەیەوێ ببێتە سەرۆک لە هەر بەستێنێکی ژیاندا، پێویستە بتوانێ زەمەن بناسێت پاشان کۆنتڕۆڵی بکات، وەک ئامرازێک بەکاری بێنێت لە قازانجی خۆی و نەتەوەکەیدا.
ئەورووپا لەچاو خەڵکی ئیسلام، یان بڵێم (ڕۆژئاوا) لەچاو ڕۆژهەڵات، زۆر زووتر دەرەقەتی بەسەر ئەوەدا شکا بتوانێت زەمەن بناسێت و تێی بگات ئنجا کۆنتڕۆڵی بکات, بۆیە لە سەدەی 12 بەملاوە ئەوڕووپا "لەدایک بووه‌وە. چەند شاناز بە ڕێنسانسە ناودارەکەیان" کەچی ئیسلام 700 ساڵ درەنگتر، لە سەدەی 19مدا لەگەڵ عبدولره‌حمان الکواکبی، ڕێنسانسی تێدا بەرپا. 
ئەمە مانای وایە ڕاستە ئێمە بە مێشک و خوداناسی و مەدەنیەت 700 ساڵ لەپشتەوەی ئەوڕووپا ژیاوین. کەواتە ڕاستیشە ئەگەر بڵێین زەمەنێکی ئینگلیزی هەیە و زەمەنێکی بەحرێنیش, بۆیە دەبینین ڕیتمی ژیانیشمان جیاواز.

مەرجی چوارەم
زەمەنی کوردی، دەستێکی بە نووکی، بەرەو ئایندە، پێیەکیشی دەتگەڕێنێتەوە بۆ تامی "خێزان"، بۆنی ترێی سپی، لەگەڵ دۆشناوی خۆشی مێگەلی جافان بەناو ڕەشمارەکانی چاوی شین شین چەپی خۆی، کە بە لای ئاسوودەیی و میهرەبانی و لەگەڵ یەکتر کۆک بوون چەند خۆشە.. ئەی یەزدانی مەزن! ئەوەی دەیەوێت ببێت بە سەرۆک ئاگری برین و تێکشکانەکانی ڕابردوو دەبێت بتوانێت لەبیر بکات, تەنیا بیر و چێژی لە ئەمڕۆ.. ئاوەزی بۆ ئایندە بەکاربهێنێت. ئایندەت تۆیت نەک ئەمڕۆت.

مەرجی پێنجەم:
من خۆم هەندێک جار لە ئەفکاری خۆم دەترسێم! ئەویش دەبێ وابێ. گەنجی سەرگەڤاز دەبێ وا بێ, خۆی لە ئەفکاری خۆی بترسێ هەندێ جار.

مەرجی شەشەم:
تەماشای چی زۆر هەر بکەی و لەسەر چی هەر ڕژد و قووڵتر ببیتەوە و قوربانیشت بۆی دابێت.. تەنیا ئەو شتانە دێن و دێنەوە ناوت و دەبنە توخم و خاسیەتەکانی کەسایەتیت و چ پێکهاتنی بۆیە، بە ڕێی من، ڕیشەی هەبوونی توانای سەرۆک بوون و سەرۆکایەتیکردن گەلەک جاران (بۆماوەیی) ویراسییە. 
بەڵێ لە بەشی یەکەمیشدا نووسیبووم, زۆربەی سەرۆک و سەرکردە و سەرگەڤاز و پاشا، میرەکانی میدیا و هەموو ئێرانیش بورجیان شێرە! چونکە ئەوانەی بورجیان شێرە یان لە بورجی شێر نزیکن یان کوڕی شێرن، هەروەها ئەوانەی لەگەڵ شێر نیوە بەنیوەن, مەرج و خاسیەتەکانی خۆیان، خودایان تێدا زیاتر پاڵیان پێوە دەنێن بەرەو حەز لە سەرۆک بوون و "هونەری سەرکردایەتی" کردن ". 

مەرجی حه‌وته‌م
بەو سیستەمەی خودی فەیلەسووف خۆی دایدەنێت بۆ خۆی، بەپێی لۆژیکی تایبەت بە خۆی و بەگوێرەی سیستەمێکی بیرکردنەوەی خۆڕسک، یان والێهاتووی تایبەت بە خۆی، هەر بەو سیستەمە و بەپێی ئەو سیستەمەی خۆی ڕادێت بژی. دنیاشی هەروا پێ لێکدەداتەوە. ئەوە خودایە وایدەبینێ وا بێت نەک (پێغەمبەر).
فەیلەسووف فەرقی لەگەڵ پێغەمبەر چیە؟ فەرقی سەرۆک لەگەڵ فەیلەسووفیش هاوئەندازە. بەو سیستەمەی کە خودی سەرۆک بۆ خۆی دایدەنێت بۆ چارەنووس و داهاتووی نەتەوەکەی، بەپێی لۆژیکی تایبەت بە حەز و ئیرادەی گەل و دۆخی نیشتیمانەکەی، هەروەها بەپێی سیستەمێکی بیرکردنەوەی شێرانە = حەکیمانەی تایبەت بەخۆی، هەر بەو سیستەمە و بەپێی ئەو سیستەمە ڕادێت بژی.
سیستەم چییە؟ خەڵکت لەسەر شتێک ڕاهێنا (بۆ نموونە ئەگەر خەڵکت وردە وردە بەوە ڕاهێنا بەناو جەنگێکدا بیانبەی، یان برسییان بکەیت، یان جاهیلیان جێ بێڵیت..) ئیتر دووای ئەمە خەڵک بۆخۆیان ڕادێن بەم ڕەوشەیان -هەر چۆن و چی بێ- دەبێتە سیستەمی ژیان و قەدەریان! ئەم حەقیقەتە سامناکە، دەبێ سەرۆک بیزانێت!, ئەگینا میلەتەکە خۆیان "گوێیان لێ نیە" دەتوانن تا هەتایە، بە حزب و پەرلەمانتارانیشەوە، هەر بەو شێوەیە بژین مەڕ مەڕ، کەڕ کەڕ (وەک چۆن ئەولیا چەلەبی لە سیاحەتنامەکەیدا باسمان دەکات دەڵێ: "گوناحن کورد ئەگەر بازنەیەکی بەدەوردا بکێشیت؛ ئیتر بە حەیاتی لێی نایەتە دەرەوە, ئیلا مەگەر کەسێک بێت بازنەکەی بۆ –یان لێ– تێک بدات".
من شەخسی خۆم یەکەمجار زۆر پێکەنیم (چونکە خۆشم وابووم)، بەڵام بەهۆی ئەم تاکە پەیڤەی ئەولیا چەلەبیی سەدەی ١٧م، کە لە ساڵی وابزانم ١٩٨٩ لە پاریس خوێندمەوە، بووە هۆی ئەوەی کوردم ناسی و زانیم من لەسەرم پێویستە چی پکەم بۆ ئەو میلەتەی کە باڵێکی منی بە شێت تێگەیشت و هەندێک بەغداچی و عیراقچییە کۆنە "کۆمەرە"کانیش بە  منی کوردستانییان گۆت "سەرشێت"!
ئەگەر لە سیستەم (کە بۆتە ئەخلاق پاشان) خەڵک لابدەن؛ خۆیان خۆیان، پێ عەنتیکە دەبێت و باوەڕ ناکەن، "زۆر زەحمەت و مەترسیدار و پڕ جەربەزەییە یاخیبوون و خۆبوون" چونکە ئەگەر هەر یەکێک لە فەردەکان، لابدەن؛ وەک فەرهاد پیرباڵیان بەسەر دێ! بۆیە لەبارەی من دەڵێن "دەوێرێ!". قسەی قۆڕ.
ئەمە "خۆ بەستنەوەیە" کە ئێوە ناوی دەنێن سیستەم و پرەنسیپ. بۆیە جێی منی تێدا زۆر نابێتەوە, ئەخلاقیش وا, وەک سیستەمەکە دروست بووە! لەگەڵ مامۆستا و قوتابی و ڕۆشنبیر هەردەم لەپێشەوەی خۆپیشاندانەکان، شازدە شوبات زیاترە (لە ١٩٩٤ هاتمەوە هەولێر) تا ئەمڕۆ.. هەر هاوار دەکەم: (حکوومەت سیستەمی پەرلەمان و پرەنسیپەکانی حوکمڕانیی خۆی، کۆمپلێت، بە سیستەمی هەر هەموو وەزارەت و زانکۆکانیشەوە دەبێ بگۆڕێ). 
بەڵام من ئەمڕۆ، بە خۆشم و بە هەموو ئەو ریفۆرمخوازانە پێکەنینم دێ چۆنە کە ناتوانن ئەوەڵجار بێن بە خۆیان دەست پێ بکەن، سەرەتا بێن سیستەمی خۆیان واتە سیستەمی ڕۆتینی کۆنی ژیانی خۆیان و عەقڵی "سائیدی" خۆیان بگۆڕن؟

مەرجی هه‌شته‌م
لە تاڵترین سوێریی شەوەکاندا ئەگەر تاریکایی، هیچ پەنجەرەیەکیشی، نەما, ئیرادە و ئومێد و ئیمان بەرهەم بهێنێت دەبێ؛ سەرۆک!

مەرجی نۆیه‌م
ڕووبەڕووی خۆتت دەکاتەوە ئایندە بۆیە ئەوەی لە داهاتوو بترسێت نەک دەترسێت، بەڵکو لە خۆی دەترسێت. گەنجێک بیەوێ ببێت بە سەرۆک، دەبێ خۆی وا حسێب بکات کە لە مەسعوود بارزانیش زۆر گرنگترە, یان مەسەلەن وا لە خەیاڵی خۆیدا دابڕێژێت کە دەتوانێت ببێتە ئەندازیاری ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داهاتوودا! بەرپرسیاریەتی ئاشتی و ئازادیی بۆ نموونە دەرەوەی هەرێمیش هەر لەسەر شانی ئەو.. "وا هەست بە خۆی بکات دەبێ". 
بۆیە دەبێ دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمیش –بۆ زانیاریتان– زۆر زۆر زۆر زیاتر بکرێت, چەند دەسەڵاتی سەرۆک زیاتر ببێت شکۆی نەتەوەییمان زیاتر، هەروەها تاکەکەسیش، سەربڵندی و سوودی زیاتر پێ دەگات.
پێویسته‌ له‌شكرێكى نه‌ته‌وه‌،‌ ئاماده‌باش، له‌ كاتى ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر خاكى (کوردستان) مافى ئه‌وه‌ى هه‌بێت سەرۆک -لە دەستووردا- ئه‌گه‌رچى بۆ سه‌ر یه‌ك ماڵه‌ جووتیاری كوردیش بێت, وه‌ڵامى توندی ده‌بێت.


مەرجی 10
بتوانێت نرخی عەرزە و عەقاراتی نیشتیمانەکەی خۆی، بەرز بکاتەوە!
هەروەها دەبێ قەدر و بەهای نەتەوەیی سامانە سروشتییەکانمان بزانێت (بە ڕووەک و گیانەوەران و ئاو بەتایبەت –تۆ تەماشای ئاوڕاکێشانەکەی سەنحاریب پاشای ئاشووری بکە بۆ هەولێر– لەو زەمانەدا).
چۆنیش بزانێت بتوانێت بەشێوەیەکی یەکسان هەموو هاووڵاتییەک خێری لێ ببینن, چۆنیش بۆیە پێویستە هەموو "منداڵەکانی خۆی" لەم ڕاستییانە تێ بگەیەنێت و لە هەرچی پلەیەک بن، دەبێ پابەند بن بە قانوون و دەستوور.

مەرجی 11
بە هەر ئامرازێک بێ، بگاتە ئامانج! بە هەر ئامرازێک واتە ئەگەر لەسەر حیسابی هەر سەرۆکێکی هاوشکۆی خۆیشی بێت، یان لەسەر حیسابی هەر حزب و گرووپ و کەسێک کە ببێتە لەمپەڕ لەبەردەمی, بۆیە زۆربەی ئەم جۆرە کەسایەتییە کاریزمایانە بورجیان شێرە!
بە هەر ئامرازێک واتە پێش ڕاگەیاندنی هەر جەنگێک سەرۆک دەبێ ئاشتیخواز بێت، ژیرێکی ئەوتۆ بێت بتوانێ ئاوەزی لەپێناو ئاشتی و دیپلۆماسیەت و گفتوگۆ بەکار بێنێت و بڵێ: پەنجا ساڵ گفتوگۆی ئاشتیانە باشترە لە ڕۆژێک جەنگ. ئەگەر بەهیچ شێوەیەک چارە نەما ئنجا پەنا بباتە بەر شەقێکی بچووک لە سەرەتادا.. پاشان جەنگ!

مەرجی 12 
لەسەر حەقبوون و خوداناس بوون. کاتێ دەڵێین (بە هەر ئامرازێک بێت بگەیتە ئامانج)، ئامانج واتە چی؟ "ئامانج" لە هونەردا واتایەک لە خوداناسیدا واتایەکی تر. لە سیاسەتدا، ئەگەرچی حزبایەتی دەچێتە ناوی, بەڵام ئامانج پێویستە باڵا، واتە هەڵگری پەیامێکی یەزدانی بێ! (بەڵام نابێ ناوی خودا بەکار بێت بۆ سوودی هیچ حیزبێک).
سەرۆک ئەو سەرگەڤازەیە بیر دەکاتەوە, خودا حەقی وایە چ پکا بۆ ئادەمیزاد, "ئەو" ئەوە دەکات بۆ نەتەوەکەی! خودا پێی خۆشە بەنی ئادەم ئەوەندە بەهێز و دڵسۆز بێ بۆ قەومی خۆی, سەرۆک دەبێ خوداناس و حەقبێژ و دلۆڤان بێت بۆ ئەوەی لە هێزی و ژیریی یەزدانی، هەروەها لە میهرەبانی و باوکایەتی (بۆ گەل) بەهرەمەند بێ! 

مەرجی 13
سەرۆک دەبێ هەستێکی مۆسیقایی بەرزی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو هەموو دەنگە دەنگ و سەدا و بزاڤەی دەوروبەری، نەک تەنیا بناسێتەوە بەڵکو وەک ئۆرکسترایەک بتوانێ ڕێبەریی بکا.

مەرجی 14:
دەبێ ڕۆحییەت و توانای جۆراوجۆری پلان و نەخشەدانانی هەبێت و بشتوانێ جێبەجێ؛ پیاوی بەڵێن بێ! دەبێ لە جەربەزەیی نەترسێ، بە دەردی فارس دەڵێن: دل بە دریا بزند! بوێرێ!
بتوانێت ئیرادەی ئەوەی هەبێت بەڵێن بداتە گرووپێک یان هاوڕێگەلێک تا خۆی پێ ببەستێتەوە, بشزانێ بتوانێ چۆنیش بەجێی بگەیەنێت, ئەمەیە گەنجی سەرگەڤاز, کەواتە؛ کەسێکە دڵی هەموو وڵات بەجارێک خۆش دەکات بێ جیاوازی.

مەرجی 15
سەرۆک خاسیەتێکی گەنجانەی هەیە, پێش هەموو شتێک دێ، هێزە پەرتەوازەکانی خۆی و هێزە بڵاوەکانی نەتەوەکەی خۆی کۆ دەکاتەوە, چونکە لە هەموو گەردووندا هێز لە یەک شوێن کۆنەبووه‌تەوە، پرژوبڵاوە.
گەنجی سەرگەڤاز ئەگەر بیەوێ ببێتە سەرۆک، دەبێ هەوڵ بدا جڵەوی هەموو هێزەکانی خۆی و دەوروبەری خۆی لەدەست خۆی بگرێ. هەر هێزێک و نەختە هێزێکی سەرۆک، لە شوێنێکی جیاوازە. دەبێ بتوانێ جڵەوی هەموو هێزەکانی ناو نیشتمان و زۆربەی دەرەوەیشی لەدەست بگرێ.
هەر هێزێک و نەختە هێزێکی گەل و نیشتمانەکەی، لە شار و شارۆکە و شوێنێکی جیاوازە، کەواتە دەبێ هەر هەموویان لەژێر ئاڵای خۆیدا کۆ بکاتەوە "بە هەرچی ئامرازێک بێت ئامانج!
گەنجی کورد، لە کاتی هەرەسهێنانی عاتیفی یان لەکاتی داڕووخانی شەخسیدا چ پکا؟ هەر هێزێک و نەختە هێزێکی تۆ لە شوێنێکی جیاوازە، کەواتە دەبێ هەموویان کۆ بکەیتەوە. ئەوکاتە مێشک ئۆتۆماتیکی داوات لێدەکا (ئەگەر داواشی لێت نەکرد، خۆت مێشکت هەبێ تەرکیز بکە, لەپێشەوەترین شتێک بۆ تۆ چیە؟ چی پێویستە بۆ تۆ بەزووترین کات؟ هەستانەوە! 
کەواتە یەکەمین شت چ پکە؟ 
بجووڵێ! 
چونکە هیچ مادەیەک ئەگەر نەجووڵێ، هێزی تێدا نایەتە وجوود.

مەرجی 16 
سیستەم ئەگەر نەبێ، ئیرادە دروست نابێ لەناو تاکدا و بۆ تاک. چونکە سیستەم واتە ڕاهاتنێکی ڕێکوپێک لەڕووی تەنانەت زەم-کاتیشەوە.
یان بەشێوەیەکی تر, لە وڵاتانی بێ سیستەم، مرۆڤی بێ ئیرادە بەرهەم دەهێندرێ. بێ سیستەمی، سەر لە مرۆڤ و ئیرادەشی تێکدەدا, بۆ نموونە لە وڵاتانی بێ سیستەمدا نازانیت ئایا ئاخۆ تۆ گەرەنتیت هەیە لە کاتژمێر دە و نیو دەگەیتە فڵان شوێن یان نا؟ ئیرادەی تاک لە وڵاتانی بێ سیستەمدا دەمرێ، بۆیە دەبینین ئیرادە تەنانەت بەهرەش لە وڵاتانی سیستەمداردا، سەرگەڤازترە.
سیستەم پێویستە هەبێ, ئەمەش بۆ کۆکردنەوەی هێز و بەش و ڕێکوپێکی و پارچە ئیرادە کەوتووەکانی تاک.. لە کۆتایدا کەوتنە سەر سککەیەک. کەواتە، تۆ زۆر بە ئاسانی وات بەسەر هاتووە کە تۆ خۆت، بەدەست و ژیری و ئیرادەی خۆت هەتە، خۆت لەناو سیستەمێکی تەنگدا کە سیستەمی کۆمەڵە گایە و بەسەر تۆشیدا سەپاندووە؛ وای لێت کردووە هەمان سیستەمی دەرەوە بەسەر خۆتی تایبەتیشدا ڕابهێنیت.
یان بەپێجەوانەوە لەوکاتەشدا خەڵک دەڵێن فڵان سیستەمێکی تایبەتی بۆ خۆی دروست کردووە.


مەرجی 17
ئەو شوێنەی، زەمان بەناویدا -بەڕێکوپێکی- دەڕوا.   واتەSystem  سیستەم 
ئەمەی وتم شیعر نییە، بەڵکو ئەوە دەگەیەنێت کە سیستەم  و بیرۆکەی دامەزراندنی سیستەمیش بۆ یەکەمجار لە مۆسیقاڕێکەوە لەدایک بووە بە نەزەری من، چونکە هەموومان دەزانین، ئەگەر هەرچی جادەی ئیسکان هەیە، بکەونە گیان و هاواری یەکتر چی دەقەومێ؟ مۆسیقاڕ لە هەموو کەسێک زووتر پێ حەسیاوە و هاتووە نیزامێکی بۆ دەنگی شتەکان و هاوار و هەرای کۆمەڵگا دۆزیووەتەوە. کەواتە، سیستەم، واتە ڕاهاتنێکی ڕێکوپێک لەڕووی تەنانەت مووزیک و زەم-کاتیشەوە.

مەرجی 18
شاعیر کاتێ دەنووسێ (خودا نوست) یان پاشان کە مەلایەک لێی هەڵدەستێتەوە و پێی دەڵێ ئەمە کوفرە چونکە (خودا نانوێ). بە ڕای من بەلاش خۆیان تووشی کێشە کردووە لەگەڵ یەکتر ئەم دوو سەنگەرە, چونکە هەردووکیان بە زمانی مەجاز قسە دەکەن و هەردووکیشیان لەسەر حەقن. چۆن؟ شاعیرەکە مەبەستی ئەوەیە بڵێت: هەندێ لە هێزی خودا کاتێ لە شوێنێک دەنیشێتەوە و ئارام دەگرێ "بۆ نموونە ڕەشەبا، شۆڕشی مرۆڤ، باران.."، ئەوا "هەندێ هێزی تری خودا" لە شوێنی دیکەدا بێدار! مەنتیق بۆیە لای شاعیرانە لەم شەڕەدا, بەڵام پشتی مەلا کرێکار دەگرم لەوەی کە لە دژی کابرای قوڕئانسووت هاتبووە قسە‌! 
سەرۆک, کەواتە هەندێ جار، دەبێ بتوانێ نەنوێ، چونکە ئەو دەبێ ڕۆژانە بیر بکاتەوە. 
سۆنیا لە ڕاسکۆڵنیکۆف دەپرسێ: "شەوان لە ماڵەوە بە تەنیا چی دەکەی؟".
"بیر دەکەمەوە" دەڵێ.
 ئەو کەسەی پلان دادەڕێژێت، سەرۆک, دەبێ هەوڵ بدات بە ئەندازەی خودا خۆی بە بەرپرسی خێزان و شار و نیشتمانی خۆی، ئنجا بەرامبەر هەموو مرۆڤایەتی، بزانێت.
خودا، یان دەسەڵاتی خودا، بە هەندۆکەیی یان وەک عارەب دەڵێن بەشێوەیەکی جوزئی، لە هەموو شتێکدا و لە هەموو کەسێکدا، لەناو هەموو کەسێکدا و لەناو هەموو شتێکدا.. هەیە! 
فەلسەفەی زەمەنی کوردی، ڕووی لە ئایندەیە. فەلسەفه‌ی زەمەنی عەرەبی، ڕووی لە ڕابردوو. ئەمەیە جیاوازیی کورد و عەرەب. -بەڕای من.

مەرجی 19 
سەرۆک دەبێ بە چاوێکی فراوانی باوکانە تەماشای کوڕ و کچەکانی خۆی بکات، نەک لەسەر بناغەی ئیستیحقاقاتی حزبی. بۆیە ناچارە کارێ بکات کە هەموو کوردستان دڵیان پێی خۆش دەبێت! چۆن؟ 
سیستەمێکی پەرلەمانتاریی کراوەی ئەنتی حزبی، لەسەر بناغەی ئیستیحقاقاتی حزبی حوکم نەدات, بەڵکو لەسەر بناغەی "ڕێژەی نەتەوەیی و دینی و چینوتوێژی کۆمەڵگە لیست دابمەزرێت, "ڕێژەی گەنج و کرێکار، ڕێژەی ئازایەتیی جووتیاری کوردستان تاقی دەکەینەوە! ڕێژەی منداڵ، توانای ژن، هێزی مامۆستا كارا دەکەین یان تاقی دەکەینەوە, لەناو پەرلەمان ڕۆڵیان دەبێت. ئەمە جگە لە ڕێژەی تورکمان و ئێزیدی و کلدۆ-ئاشوور و جوولەکە و شیعە و هتد.
ئەمەش حزب دەسڕێتەوە لە کوردستان باشترین چارەیە (بەم کارەش سەرۆک زیرەکانە بەڕێوەبردنی وڵات دەکاتە سیستەمی دامودەزگایی و ڕێکخراوەیی. بەمەش ڕۆڵی دەزگا و ڕێکخراوە مەدەنی و پیشەییەکان. دەبووژێنینەوە و دەسەڵاتیان لەجیاتی حزب و حکوومەت دەبێت. ئەمەیە مەدەنیەت.

مەرجی 20
دەسەڵاتی سەرۆک، تەنیا لە ئاراستەکردنی ڕێبازە ڕاستەکەی ئەوان –سیاسەتە دەرەکییە حەکیمانەکەی- خۆیان بە ڕاستی دەزانن؛ بەرپرسیارن!
واتە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەوە دەگەیەنێ کە (ئەگەر ئێرە – ئەمڕۆ بکەینە نموونە)
پێویستە وەزارەتی ناوخۆش یەک بخرێت لەمسەر تا ئەوسەری کوردستان واژوو بکات.
هەروەها هێزی پێشمەرگە، تەنیا بە فەرمانی ئەو – بۆ هەر مەبەست و کوێیەک بێ- جووڵەی پێ دەکرێ.
لەڕووی سیاسیەوە بۆ نموونە ئەمڕۆ سەرۆک دەبێ دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت ئەگەر حزبێک، گرووپێکی مەزەوبی، یان هەر پارێزگایەکی هەرێم، ئەگەر ویستی خۆی لە کوردستان واتە لە هەولێری پایتەخت دابڕ بکات، بە تاوانی خیانەت لە کوردستان، سزای بدرێ (کوڕی هەر کەسێک بێت سەرۆک دەبێ ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی پێ بدرێ)
لەمەش گرنگتر, سەرۆک ئەمڕۆ دەبێ دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت لە کۆماری عیراق جودا ببێتەوە, پاشانیش بۆی هەبێت نەخشەی "سنووری سیاسیی" هەرێم، بە خەباتی دیپلۆماسییانە، یان ئەگەر پێویستبوو بە خەباتی چەکداری دژی داعش, فراوانتر بکات.
لە بەندێکی گرنگتیشدا لە دەستوور دەبێ قەید بکرێ, له‌ كاتێكدا هاوارى ئینسانى, ئاشتیخوازانه‌ به‌رز ببێته‌وه‌ له‌ ده‌ست زوڵمى Racism یان لەدەست سته‌می حكوومه‌ت دژى "كه‌مایه‌تیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان"ی ناو دەولەتانی دراوسێ، یان دژى ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى به‌هۆى ئیمانیان به‌ خودا له‌ ڕێگه‌ى هه‌ر دینێكه‌وه‌ بێت, بچه‌وسێندرێنه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكى دراوسێى سنوورى سەرۆک, ئه‌گه‌ر ئه‌م هاواره‌ ویژدانى سەرۆکی جووڵاند تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ى كه‌ جه‌نگێك ڕابگه‌یه‌نێ بۆ پاراستنى ئەوان و سنوورى هەرێم, ده‌بێت مافى پێ بدرێت.

فه‌رهاد پیرباڵ