سیمبوڵیزم و ماتماتیک لە سوورەتی ئەشکەوتدا

AM:10:04:04/05/2017 ‌

لەناو هەموویاندا؛ ئینسان زۆرترین دەمەقاڵیی بەرپا کرد!
ئایەتی (٥٤)

فەلسەفەی (سوورەتی ئەشکەوت) قەیرانی تاکەکەس (فەرد) تاوتوێ دەکا. کۆمەڵ یان گڕووپێک لەناو چیرۆکەکەدا هەن هوشیارن یان هوشیاربوونەتەوە، بەڵام لەناو هەموو ئەم بێداربووانەدا "تاکەکەس"، واتە قارەمانێک بتوانێت ببێتە ڕێبەریان تا کۆتایی سوورەتەکەیش هێشتا دەرنەکەوتووە دەورێک بگێڕێت خودا حەز بکات بۆ دەربازبوون (لەم ئەشکەوتەیان!) و لەم دۆزەخە زەمینییە. 

فەلسەفەی سوورەتەکە، کورت دەکەمەوە لەناو یەک هەڤۆک: (جیهان لە قەیراندایە و پێویستی بە پێغەمبەرێکە!) مادام محه‌مه‌د کۆتاپێغەمبەرە، کەواتە جیهان پێویستی بە تاکێکی یان چەند تاکێکی قارەمانی وەتۆیە بتوانن جێی ئەو سەربڵندانەی پێشمەرگەکانی خودا بگرنەوە.
چیرۆکی ئەشکەوت پێمان دەڵێ: ڕاستە هەندێک یان دەستە دەستە بەشەری بەهێز و خوداناس هەن هوشیارن، بەڵام ئەم گەردوونە تەنیا بە سووفیزمی ئەو برادەرانەی ئەشکەوت و بێداربوونەوەکەیان نایەتە گۆڕان, بەڵکو پێویستیان بە کاریزمای کەسێک هەیە بە کردەوە بێتە مەیدان و جیهان ڕزگار بکا.

ئەشکەوت پێمان دەڵێ: گەردوون لە مەترسیدایە! ڕاستە, ڕەنگە پێنج شەش "کەسێک" دڵسۆزی میلەت و بەشەر، لەم جیهانە وەحشییەی ئەمڕۆ پەیدا بکرێن، خودا هیوای جیهانگۆڕینی بەوان حەزکردبێت بسپێرێ! (بۆیە ئەو شەش حەوت کەسەی لە خەوی غەفڵەتی پاش "نامرۆڤبوون" بێدار کردووه‌تەوە) بەڵام هیچ یەکێک لەو سێ چوار تا هەشت كه‌سه‌، خوداناس و لەخەو ڕابووە، سەرەڕای هێزی تۆبەکردن و هوشیاربوونەوەیان، حەیف, بە کردەوە نەیانتوانیوە –کە پێویستە بێن- جیهان بگۆڕن. 

گەردوون ئەمڕۆ پێویستی بە تاکەکەسێکی وەک پێغەمبەرێکە کە بتوانێت –بۆ نموونە وەک نووح، سلێمان، مووسا، محه‌مه‌د- دنیا بگۆڕێت بەرەو باشە و خێر. 
کەواتە سوورەتی ئەشکەوت دان بەمەدا دەنێت کە چەند كه‌سایه‌تییه‌كی خوداناس و دادپەروەر لە جیهاندا هەن, بەڵام هیچ کامیان -هێندەی خودا بەپێویستی دەزانێت- هێز و ئیرادە و هۆشیان نییە خودا بەو ئەندازەیە لێیان ڕازی بێت هێزی پێغەمبەرانە بداتە ئەوەیان، یان هیچ نەبێت ئەم تاقە چەند خودالێڕازییانە، بێن پێغەمبەرانە کردار و ڕەفتار و بیر دەرببڕن.
وەک دەبینین سوورەتەکە خۆیشی بەم داخراوەییەی شڕۆڤەی دەکەم کۆتای دێت و کەس نابینین لەناو (٣ تا ٨) برادەرەکە، بێت تاکڕەوانە دەربکەوێ، کردارێکی تاکڕەوانەی هەبێت، یان دیدێکی تاکڕەو و جیاوازی -لەچاو ئەوانی تر- هەبێت و جەربەزەییەکی بەرهەمدار بێنێتە جۆش -وەک نووح و مووسا بۆ نموونە-، هیچ نەبێ بەشێکی بەشەرییەت بکا ڕزگار!

چەپکێک سوورەتی ئەشکەوت
بەناوی خوای دلانڤانی دلۆڤان
سوپاس بۆ ئەو خودایەی ئەم کتێبەی بۆ بەندەی خۆی، بێ هیچ خوارییەک هەناردە خوار
پایەدار بکات سزا
ترس وەبەر بهێنێ تا 
مزگێنی بداتە باوەڕداران 
بەرامبەر کاری چاکەیان چاوەڕێی پاداشتێک 
بحەسێنەوە تا هەتایە تێیدا
باگا بهێنێت وان کەسانەش گۆتیان "کوڕێکی هەڵبژاردووە بۆ خۆی خودا".
١-٤

ئەوانە، نە خۆیان، نە ئەژدادیان، لەو زاراوە زەلامانەیان خۆ هیچیش نەزانی کە لە زاریان درۆزن درۆزن زا
بۆیە مخابن؛ لەدەست ئەوانەی بڕوایان بەم پەیڤانە ڕام نابێ؛ ڕەنگە تێ بچیت تۆ.
...
هەرچییەکی سەر زەمین هەبوو کردمان بە خۆیدا زێروەشان
لەناو زەنبەرییەکەیدا تا
زینەتدار بکا 
هەر کەسێکی چاکەی کرد.
هەر خۆشمان، بە هەرچی لەسەریشەوەی، تەخت و تاراجی دەکەینەوە.
٥- ٨

تۆ چما واتدەزانی برادەرانی ئەشکەوت و ڕەقیم، بە فشە لەناو ئایەتەکانماندا باس؟ وەختێ وان کوڕ و کاڵانی تاریک ڕوویان کردە ئەشکەوت و گۆتیان: "یا ڕەب 
ڕووناکیی ڕەحمەتێکت 
با پێمان بکات
بەرەو  ڕاستە ڕێگای ڕزگاربوونمان"!
...
ئەوە بوو ئێمەش ساڵگارێکی بێشومارمان لەناو ئەشکەوت بە گوێچکەیاندا بژارد. 
ئنجا بێدارمان کردنەوە تا
بزانین کام لەم دوو دەستەیە
ماوەی خەوتنی خۆیان باشتر لەبیر؟!
٩-١٢

ئێمە چیرۆکی ئەوانتان ڕاست:
کۆمەڵێک کوڕ و کاڵ بوون، باوەڕیان 
بە پەروەردگاری خۆیان گەیشت 
ئێمەش بۆیە ئیمانی ئەوانمان 
تژی لە نوور؛ 
دڵی ئەوانیشمان هێبد پڕ جەسارەت ڕاپەڕینێک بکەن بەرپا تا، چریکاندیان: 
پەروەردگاری ئێمە  پەروەرگەری هەموو ئاسمانەکان و زەمین
هیچ ناپەرستین جگە لە خۆی
هەرچیشمان پێشتر گۆتبوو؛ گشتی: 
قسەی 
قۆڕ !
١٣-١٤

دێ بڵێن "سێ لاو بوون، چوارەمیان سەگ. هەندێکیش دەڵێن پێنج بوون بە سەگەکەیانڕا شەش؛ گولە بە تاریکییە. هەیشن دەڵێن حەفت بوون و بە سەگەکەوە هەشت". 
تۆ ئەوکاتە بڵێ:
"پەروەردگارم بە ژمارەیان زاناترینە، چونکە کەس بە ژمارەیان ناتوانێت ببا پەی: 
مەگەر کەمێک".
٢٢

ئێمە لەناو ئەم قوڕئانەدا بۆ خەڵک نموونەی هەموو شتێکمان شڕۆڤە کرد؛ 
لەناو هەموویاندا ئینسان 
زۆرترین دەمەقاڵیی بەرپا کرد.
٥٤
....

ئەمە هێمای چی دەگەیەنێت کە سوورەتی کەهف کەوتووه‌تە ناوەڕاستی قوڕئان؟ بۆچی هەر لەناو هەمان سوورەتیشدا چەقی قوڕئان، وشەی (ل ی ت ل گ ف)، هەلکەوتووە و وشەی ناوبراویش (ل ی ت ل گ ف) کەوتووه‌تە ناو ئایەتی ژمارە (١٩)؟ 
هەروەها بۆچی سوورەتی ئەشکەوت سوورەتی ژمارە هەژدەمینە، واتە بۆچی دەکەوێتە پێش سوورەتی ژمارە (١٩) کە سوورەتی مریەمە و بە کهیعص دەست پێ دەکات و کەس تێی ناگا (هێندە نەبێ بتوانین بڵێین ڕەنگە ئەم نیشانەیەش کهیعص  هەر پێوەندیی بە مەسیحیەت و خەڵکی مەسیحییەوە هەبێت) و ڕەنگە لەڕووی کڕۆنۆلۆژییەوە پاش بێداربوونەوە حەپەساوەکەی برادەرەکانی ئەشکەوت ئەو مەسیحییەتە سەری هەڵدابێ! ئەمەش هەر بێگومان خودا پێی زان و هەمووزان! 

بۆیە، ئەگەر ڕۆژێک دابێت زانا تێگەیشتن کهیعص واتای چیە، ڕەنگە ببێتە کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگاکانی ئاشتی لە گەردوون و لێکترحاڵیبوونی مەسیحی و مسوڵمانان لە جیهاندا و چیتر خوێنی یەکتر نەڕێژن و زەمین بەردەوام وەک ئەمڕۆش هەر دەیبینین، لە خۆشیان و لە یەکتریش پیس نەکەن.
سەرنج بدەن؛ کۆی چەند جار ناوهاتنی برادەرەکان (گەنجانی ناو ئەشکەوت): ٣ و ٥ و ٧ دەکاتە (١٥)، بە ناوهاتنی سەگەکەشیانەوە کە ٣ جار ناوی دێت، دەکاتە (١٨). 
واتە کۆی گەنجەکان ١٥ و سەگەکە ٣ دەکاتە (١٨) کە لەچاو ژمارە (١٩) نوقسان و ناکامڵ دەرەدەکەوێت و ناتوانێت ڕۆڵی دادوەر ببینێت و پێوەر بێت. "چونکە وەک د. ڕەشاد خەلیفە لە (قوڕئان و عەقڵی ئەلکترۆنی)دا سەلماندوویەتی, ژمارە (١٩) ژمارەیەکی تەرازووئاسا و سەرچاوەییە لەناو قوڕئاندا جونکە پێوەرە، جارانی هەر ژمارەیەکی سێ خانەیی" بکەیت دەردەچێت ژمارەی بەکارهێنانی یەکێک لە پیته‌كان لەناو سوورەتێکی ناو قوڕئاندا.
سوورەتی کەهف کەوتووه‌تە ناوەڕاستی قوڕئان، هێمای ئەوە دەگەیەنێت کە لە یەکێک لە ناوەڕاستەکانی مێژووی ئادەمیزاد دا کە بەشەر ناوی لێناوە قۆناغە ئینتیقالییەکان لە مێژوودا، مرۆڤایەتی پشوویەکی بیرکردنەوە دەدات لەپێناو ڕینسانسێک، لەپێناو دووبارە خودا هێنانەوە ناو بەشەر. 
قوڕئان ئەگەر بریتی بێت لە هەموو جیهانان، هێمایە بۆ بیری مرۆڤایەتیش کە ناوه‌ڕاستەکەی بریتیە لە بیرکردنەوە. بۆیە ئەشکەوت سیمبوڵی بیرکردنەوەیە، هێمایە بۆ پشوودان و بە ئارامی بیرکردنەوە لە دوێنێ و خودا، بیرکردنەوە لە خۆ و لە داهاتوو. چونکە مرۆڤ بە غەریزە ئارەزووی ئەوەی هەیە ژیان بگۆڕێت، حەز بە گۆڕینی ژیان و ڕێکخستنی ژیان و ڕێکخستنەوەی خۆی و پێوەندییەکانی خۆی دەکات بە خەڵکی ترەوە. 

ئەشکەوت، کەواتە؛ باشترین شوێن و گونجاوترین نیشانەیە بۆ بەشەر بانگهێشتکردنە سەر بیرکردنەوە، بیرکردنەوە و لە خودا خودا و خاک و خەڵک و چۆنیەتیی بەڕاستگەڕاندنی خەونەکانی! 
گەلێک سوورەت هەن لا بەلا باسی زەمەن (کات)ی تێدا کراوە، یان بەراوردکردنی کاتی خودای کردووە بە کاتی مرۆڤ، بەڵام سوورەتی ئەشکەوت لەو سوورەتانەیە، تەرخان تەرخان بە کێشەی کات, ڕووی بیری فەیلەسووف بە ناچاریش بێت بەرەو کردنەوەی گرێکوێرەکانی پێوەندیدار بە کات و پێوەندیی کاتی مرۆڤ بە کاتی خوداوە پەلکێش دەکا. 
ئەمەش بەشێوەیەکی ئەوتۆ منی گەیاندە ئەوەی بیرم بۆ ئەوە بچێت بڵێم ئەگەر شوێنی (تەسەلسولی) سوورەتی ئەشکەوت لە شوێنی هەر سوورەتێکی دیکە دابنێیت –استغفراللە-، ئەوا بەپێی فەلسەفە ماتماتیکییەكه‌ی قوڕئان، کە د. ڕەشاد خەلیفە بۆ (قوڕئان و عەقڵی ئەلکرتۆنی) کردوویەتی، هەروەها بەپێی ئەو دیدە ئەندازیارییەی ماتماتیک بۆ شوێن و کات لەناو قوڕئاندا بەپێی حەڕفەکان دامەزراوە، ئارشیتێکتووری سیستەمەکە هەر هەمووی لەنگ دەبێت یان خواریی تێدەکەوێت. بۆیە دەبینین هەر لە سەرەتاوە ئاماژە بەمە دەدات کە قوڕئان کتێبێکە هیچ خواری و لەنگییەکی تێدا نیە: 

سوپاس بۆ ئەو خودایەی ئەم کتێبەی بۆ بەندەی خۆی، بێ هیچ خوارییەک هەناردە خوار
 قوڕئان بەگشتی و سوورەتی ئەشکەوت ئەندازیارییەکی گەردوونی و ئارشیتێکتتێکوورێکی یەزدانیی فەلسەفەی خودای تێدایە، لەڕێگای زمانی ژمارەیی هەڤۆک و پیتەکانەوە و لەڕێگەی ڕەهەندی نووسینانەی ژمارەکان و ماناخوازیی ژمارەکانەوە، خۆی دەردەبڕێت. 
واتە لە کۆتاییدا قوڕئان بەکورتی، تەنیا چەند حەڕف و هێما و ژمارەیەکە، خۆیان دەردەبڕن؛ لەسۆنگەی لەیەکترئاڵان و مانا پەیداکردنی کاتی پێکەوەهاتنیانە کە خۆیان پیرۆز دەکەن دەبنە نووسین، دەبنە کتێب، دەبنە قوڕئان.
سوورەتی ئەشکەوت لەڕووی هەڵکەوتن و یەک بەدووای یەک هاتنی بەگوێرەی سوورەتەکانی تر، بایەخێکی ئەندازیاریی گرنگی هەیە لەڕووی پێوەندی دروستکردن لە نێوان واتای ژمارەکان بە فەلسەفەی خودا و واتای (کات) بە ماتماتیکی ڕەخنە لێگیراوی مرۆڤ لەناو سوورەتەکەدا؛ عەینەن ژمارە (١٩) سوورەتی ئەشکەوت لە ناوەڕاستی فوڕقاندا دەیەوێ ئەم لە خەو بێداربوونەوەیەی مرۆڤ تەرازوویەک و هێزێک بەڵکو بداتە دەستی تا بتوانێت هەڵبستێتەوە فریای شێتخانەکەی مرۆڤ بکەوێت.