وتارێك لەبارەی داهاتووی بەشەریەت

AM:10:48:30/05/2017 ‌
فەرهاد پیرباڵ

ئەمە دیتنی منە كە مێژووی داهاتووی مرۆڤایەتییە: 
ئێمە كەسمان ئینسان نین! 
بە ئینسانبوون هەرە قورسترین كارە و مرۆڤ كەس نازانێت كەی، یان ئەسڵەن هەر پێی دەگات؟! 
خەریكم بڵێم گەیشتن بەو ئاستەی بتوانیت بڵێیت (من ئینسانم و گەیشتوومەتە ئاستی ئینسانبوون) موستەحیلە!
 ئاخرین ئاخرین ئاخرین ئاخرین ئاخرین قۆناغی كەماڵ كە هیچ كەس لە خودا زیاتر نازانێت ئەو ئاخرین قۆناغەی پێشكەوتنی ئینسان كامەیە، ئەوكاتەیە كە لەناو هەموومانەوە سەربژاردەیەكی ساڵیحات و ساڵیحینی زانا و عاقڵ و پاك و ڕاست و سەر ڕاستەكان "بەهێز و سەركەوتووەكان" دەمێننەوە؛ 
ئەمانەن (ئینسان) بە ڕای من، ئەو ئینسانەی خودا دەیەوێ و دەستی ناكەوێ لەسەر گۆی زەوی (تەنیا دە دوازدەیەكی وەك من نەبێ!) من بەمتمانە و دڵنیاییەوە ئەم قسەیە دەكەم.
بۆیە هاوڕا نیم لەگەڵ ستیڤن هاوكینگ كە زەندەقی چووە و دەڵێ: مرۆڤ لە داهاتوودا خۆی و گەردوونیش لەناو دەبات. نەخێر مرۆڤایەتی لە كۆتادا سەری خۆی ناخوات و خۆی خۆی لەناو نابات چونكە خودا هەیە. (خۆ ئەگەر ستیڤن هاوكینگ استغفراللە سكرتێری خودا بێت كە خۆیشی باوەڕی پێی نییە، ئەمە شتێكی ترە).
ئیتر وەك لە شانۆنامەیەكمدا باسم كردووە بەناونیشانی (مرۆڤ لە دوورەوە. بەرەو ئێرە هەنگاو دەنێ). لەو سەردەمەی داهاتووی دووردا كاتێ ئینسان دێت، گەیشتووەتە ئاستی زانایی و بلیمەتی و سووفییەكی هێند لەناو ئیمانی بە خودا، خۆی لێ دەبێت بە (هەموو زان) اسغفراللە، خۆی لێ دەبێتە خۆ بە خودا زان لەسەر زەوی! 
كە ئەوكاتەش مانای وایە تا ئاستێك گەیشتووەتە خودا! خوداش ئەمەی پێ ناخۆش نییە، فەرموو بڕوانە: 
سوورەتی (ترازان)
بەناوی خوای دلانڤانی دلۆڤان

ئاسمان چوو شەقی برد
ئینجا ملی كەچ بۆ یەزدانی.
 شایستەیە خۆ هەر واش بێ!
زەمین ڕۆیی ڕێك ڕاخرا 
لە هەرچی هەیبووی خۆ بەتاڵ
ئینجا ملكەچ بۆ یەزدانی.
 شایستەیە خۆ هەر واش بێ!
ئەی ئینسان، سا
تۆش ڕەنجی خۆت و خەباتت بۆ خودای خۆت كە برد
 ئینجایە تۆ
"گەیشتوو بە خودا" !
١-٦