زۆربه‌مان له ساتێ له ساته‌كان حه‌زمان له دیمه‌نێك كردووه، چێژمان له شێوه‌یه‌ك بینیوه، به‌ڵام هه‌ندێ حه‌ز هه‌ن ده‌بنه حه‌زی گشتی، حه‌زێكی گشتگیر و به‌رفراوان رووبه‌ری سنووره‌كان ده‌بڕێت و ده‌چێته ئاستێكی تره‌وه، له‌و ئاسته ده‌رده‌چێ كه بۆی دیاری كراوه. دیاریكردنی ئه‌م جۆره حه‌زانه پێوه‌ندییه‌كی سروشتی و ده‌روونیی هه‌یه، هه‌ندێ جار زۆربه‌مان له یه‌ك شت‌دا هاوڕاین، هه‌موومان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ده‌ین دیمه‌نێك له دیمه‌نێكی تر زۆر به‌چێژتره.
دیاره حه‌زه‌كان له سه‌رده‌مێكه‌وه بۆ سه‌رده‌مێكی تر جیاوازییان به‌سه‌ردا هاتووه، هه‌روه‌ها له سنوورێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر به‌رفراوانتر بووه. ئاشقبوون به سروشت، ته‌كنه‌لۆژیا، رۆح سێ مه‌ودان ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی ژیان ده‌ستنیشانی پێوه‌ندییه‌كانی مرۆڤ به ده‌وروبه‌ره‌وه ده‌كه‌ن. حه‌ز و چێژی ئه‌مڕۆ ره‌گی له مێژوودا داكوتاوه، جوانترین و به‌چێژترین شته‌كان هه‌میشه بۆ لای خۆیان رامانده‌كێشن.
هه‌موومان له‌وه‌دا به‌شدارین كه یه‌ك شێوه رووخسارمان خۆش بوێ، ده‌موچاو و سیما و له‌شولاری ئافره‌ت و پیاو به‌پێی سه‌رده‌م گۆڕاوه، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا روانین بۆ رووی ده‌ره‌وه‌یش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ زیاتر باوه فۆرمی سێگۆشه‌یه، رووخساری سێگۆشه‌یی ئافره‌ت، واته چه‌ناگه باریك و روومه‌تی ته‌خت و گۆنای ده‌رپه‌ڕیوو له‌مڕۆدا زیاتر جێگه‌ی سه‌رنجه له چه‌ناگه‌ی خڕوخه‌پان و روومه‌تی گۆشتن و سیمای خڕوخه‌پان.
میدیا له كلۆسئاپه‌كانیان ئه‌و ژن و كچانه دێننه پێشه‌وه كه زۆر گۆشتن نین، ئه‌و له‌شولارانه‌ی باریك و سێگۆشه‌یین ده‌بینن تا خڕ و بازنه‌یی. شوێنه‌كانی راهێنانی له‌شجوانی و جلوبه‌رگ و مۆده و شۆ، گرنگی به‌م شێوه‌یه ده‌ده‌ن، ئه‌م باره چووه‌ته نێو بواره‌كانی پزیشكی و نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه، ده‌كرێ ئه‌مه جۆرێك بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ حه‌زه‌كانی مرۆڤ. ئه‌گه‌ر بڕوانینه زۆربه‌ی زۆری ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه ئیستاتیكیا و جوانكاری پیشانی ده‌ده‌ن، سێگۆشه كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌یه، ئه‌مڕۆ سێگۆشه‌ی رووخساری ژن، له‌شی ژن، نیوبازنه‌كان زیاتر جێی سه‌رنجن.
ده‌ڵێن بازنه هی سه‌رده‌مه دێرینه‌كان بووه، له دێریندا ژنانی گۆشتن و خڕوخه‌پان جێی سه‌رنج بوون، ئه‌گه‌ر سه‌رنجی گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كانیش بده‌ین، تێبینی ده‌كه‌ین تا ئه‌م سه‌رده‌مه‌یش له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ئه‌و پێداهه‌ڵدانه به خڕوخه‌پانی و گۆشتن هه‌ر ماوه‌ته‌وه، بۆیه ده‌بینین له كۆمه‌ڵگه ترادیسیۆنه‌كان ژنی خڕوخه‌پان، زیاتر جێی سه‌رنجه تا ره‌ق و باریك. ئه‌مه چۆنیه‌تیی روانینی سایكۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ ژن، ئه‌م جۆره روانینه دیسان ده‌مانباته‌وه بۆ پره‌نسیپی بازنه و سێگۆشه. ته‌نانه‌ت هێمای ده‌ربڕینی بێ ده‌نگی بۆ له‌شی ئافره‌ت بریتی بووه له كێشانی سێ بازنه‌ی بچووك و گه‌وره و بچووك. مۆده‌ی بازنه‌یی له دنیای ئه‌مڕۆدا روو له كزی ده‌كات، میدیا و رێكلام و ورده‌كارییه‌كانی ژیانیش روویان كردووه‌ته پیشاندانی مۆده‌ی سێگۆشه‌یی، ته‌نانه‌ت له رۆژنامه و گۆڤاره‌كان ئه‌و وێنانه‌ی ده‌كرێنه به‌رگ و یه‌كه‌مین لاپه‌ڕه، ئه‌و ژن و پیاوانه‌ن كه خاوه‌نی رووخساری ناگۆشتن و روومه‌تده‌رپه‌ڕیو و فۆرمی سێگۆشه‌یییان هه‌یه، ئه‌مانه زۆرتر ده‌كرێنه دیمه‌ن بۆ جوانی و كێشكردنی چاو. له تیڤیدا ئه‌وانه‌ی به زۆری ده‌بنه پێشكه‌شكار و رووی سپی شاشه‌كان، ئه‌و رووخسارانه‌ن كه تایبه‌تمه‌ندی سێگۆشه‌یییان تێدایه.
ئه‌گه‌ر بۆ تابلۆ و نیگاره كلاسیكییه‌كان بگه‌ڕێینه‌وه، ده‌بینین زۆربه‌ی ئه‌و پۆرترێتانه‌ی تایبه‌تن به ئافره‌ت، وێنه‌ی ئافره‌تگه‌لی گۆشتن و خڕوخه‌پانی تێدایه وه‌ك كاره‌كانی لیۆناردۆ داڤینشی و رامبرانت و مۆنێت و روبنس و كارافاجیو، به‌ڵام شێوه‌ی رووخساری فۆرمی سێگۆشه‌یی، لای هه‌ندێك له هونه‌رمه‌نده مۆدێرنه‌كانی وه‌ك ماتیس و لاوتریس ده‌بینرێ كه ئه‌مان زیاتر سه‌ربه سه‌رده‌مێكی جیاوازترن له كلاسیكییه‌كان. ئه‌گه‌ر بڕوانینه شیعری كلاسیكیش، دیسان وێنه‌كردنی ئه‌و ئافره‌تانه مۆده‌یه‌كی سه‌رده‌م بووه، بازنه‌یی و ئه‌شق پێوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌یان پێكه‌وه هه‌بووه، ئه‌وه‌ی بازنه‌یی له سێگۆشه‌یی جیا ده‌كاته‌وه، سروشتێتی و ده‌ستكردییه، له بازنه‌ییدا شته‌كان به گشتی سروشتی له دایك ده‌بن، خۆیان وان كه هه‌ن، به‌ڵام له فۆرمی سێگۆشه‌ییدا كۆمه‌ڵێك پرۆسێسی گرنگ هه‌ن به‌شدار ده‌بن، وه‌ك ماكیاج و نه‌شته‌رگه‌ری و وه‌رزش و سیسته‌می خۆراك. بۆیه له‌م سه‌رده‌مه‌دا رووكردنه فۆرمی سێگۆشه‌یی له‌لایه‌ن ئافره‌تان، بووه به مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی، رۆڵی میدیا له‌م كاره‌دا زۆر گه‌وره‌یه، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌وانه‌ی ئه‌م كاره ده‌كه‌ن، كه‌م تا زۆر له‌ژێر كاریگه‌ریدان.
پێوه‌ندی چاو و وێنه‌كان، پێوه‌ندییه‌كن له دوو ئه‌نجامی سروشتی و ناسروشتییه‌وه له دایك ده‌بن. كاریگه‌ریی سایكۆلۆژی وای له زۆربه‌ی زۆری ئێمه كردووه، روانینمان بۆ جوانی بگۆڕێت، ئه‌گه‌ر ئه‌شق شتێكی سروشتی بێت و له ئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌كی ده‌روونیدا له دایك بێت، ئه‌وه كاریگه‌رییه‌كانی میدیا و رێكلام و چۆنیه‌تی مۆده‌ی ژیان وای كردووه، هه‌وڵدانێك هه‌بێت بۆ یه‌كخستنی حه‌زه‌كان له یه‌ك به‌رگدا.
ئه‌م هه‌وڵانه بۆ به‌یه‌كتریكردنی حه‌زه‌كان بووه، زۆر جار چه‌واشه‌كردنی حه‌ز و چێژ نیشانه‌ی خۆی ده‌پێكێ. هه‌وڵێكی ئابووری و سیاسی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی رێڕه‌و و روانین له چێژ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك بڕوات. زۆرێك له چه‌واشه‌كاری له چۆنیه‌تیی كۆكردنه‌وه‌ی تواناكان و به‌رپاكردنی زه‌وقه‌كان له یه‌ك ئاست و یه‌ك ریتمدا، بۆیه شێوه‌ی بازنه ده‌بێته سیمبولی بیرێكی كۆن یان هی سه‌رده‌مێكی جیاواز له سه‌رده‌مه‌كانی تر، ئه‌م هه‌وڵه تا ئه‌و ئاسته‌ی ئاماژه‌مان كرد، به‌رنامه‌یه‌كی مه‌به‌ستداره.
شێوه‌ی بازنه‌یی به پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌دا ده‌ڕوات هه‌موو به‌شه‌كانی له‌ش ده‌گرێته‌وه، رووخسار، باڵا، ران، كه‌فه‌ڵ، لێو، قژبڕین، كه‌مه‌ر تا نووكی په‌نجه، له كه‌مه‌ره‌وه تا شان، مه‌مك ده‌ركه‌وتنی بۆ ده‌ره‌وه ده‌بێ له شێوه‌ی سێقوچكه‌یی. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، مۆده‌ی جلوبه‌رگ زۆرجار له‌و ئاستانه دروست ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای دیوی ده‌ره‌وه‌ی شتومه‌كه‌كانی ئافره‌تانی مۆدێرن بكه‌ین، زۆر له شێوه بازنه‌یه‌كان دوور ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌مه بێ له‌وه‌ی شێوه‌ی روانین بۆ دیمه‌نه‌كان جیاوازی هه‌یه.
كاریگه‌ریی سێكسی هۆی سه‌ره‌كی ئه‌م جۆره روانینانه‌ن، روانینه‌كان له ناوچه و مرۆڤێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر ده‌گۆڕێن، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی كه‌م تا زۆر بۆ ئه‌و مه‌ودانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌مه‌كردن به مه‌وداكانی حه‌ز و روانین، واته شێوه‌ی گۆڕینه‌وه و بیركردنه‌وه‌كان. ئه‌مڕۆ سێكسوالیتی گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی هه‌موو بواره‌كانی گرتووه‌ته هه‌ر له دیكۆری ئۆتۆمۆبێله‌وه تا بیناسازی و پیشه‌سازییه‌كانی كۆسمه‌تیكا و ئارایشت و به‌رهه‌مه‌كانی جلوبه‌رگ.
سه‌ڵاح حه‌سه‌ن پاڵه‌وان