له بوونه‌وه مرۆڤ هۆش و بیری به كاته‌وه خه‌ریك بووه، له هه‌ر سه‌رده‌م و كو‌لتوورێكدا پێناسه و پێوه‌ری جیاواز بۆ كات هه‌بوون. كات چه‌مكێكی فونده‌مێنتالییه و به‌شێكه له پێكهاته‌ی گه‌ردوون، بۆیه هه‌موو زانا و فه‌یله‌سووفه‌كان له قۆناغه جیاوازه‌كاندا سه‌رگه‌ردانی پێناسه و پێوه‌رێكی گونجاو بوون بۆ كات. ئه‌م كاره‌ش هێنده ئاسان نه‌بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كات واژه‌یه‌كی ئه‌بستراكته و ئێمه‌ی مرۆڤ پشتی پێ ده‌به‌ستین بۆ دروستكردنی مودێلێك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ژیان و تێگه‌یشتنی ئه‌و ڕووداو و گۆڕانكارییانه‌ی كه له ده‌وروبه‌رمان ڕوو ده‌ده‌ن. چه‌ند كۆمه‌ڵگه ئاڵۆزتر بێت، گرنگی كات ده‌بێته پێداویستییه‌كی ڕۆژانه و به‌بێ ڕه‌چاوكردنی كات كۆمه‌ڵ به‌ڕێوه ناڕوات.
هه‌ر له كۆنه‌وه مرۆڤ بۆ دیاریكردنی كات به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له ڕێگه‌ی سێبه‌ره‌وه پشتی به تیشكی هه‌تاو به‌ستووه. میسرییه كۆنه‌كان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له ڕێگه‌ی سێبه‌ره‌وه كاتیان دیاری كردووه و پاشان له‌كاتی داگیركردنی ئه‌و ناوچانه، ڕۆم و گریكه‌كان ئه‌م شێوه پێوه‌ره‌یان له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردووه و په‌ره‌یان پێ داوه. بۆ پێواندنی كاتی كورت پشت به كاتژمێری لم به‌ستراوه. دیاره مرۆڤ ویستوویه‌تی به شه‌ویش كات بزانێ و ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ی هه‌تاوه‌وه مه‌حاڵ بوو، بۆیه چرای زه‌یتییان دۆزییه‌وه، له‌و به‌شه‌ی كه زه‌یته‌كه‌ی تێدابوو، كرابوو به چه‌ند به‌شێكه‌وه و هه‌ر به‌شێك له‌و به‌شانه به یه‌كه‌یه‌كی كاتی داده‌نرا. هه‌روا میسرییه‌كان كاتژمێری ئاوییان داهێنا بۆ پێواندنی كات له شه‌واندا. ئه‌مه‌ش له جامێكی قووڵ پێك هاتبوو، كونێكی بچووكی تێدابوو، ده‌خرایه ناو حه‌وزێ یان ته‌شتێ ئاوه‌وه، ماوه‌ی پڕبوونی ئه‌و جامه به یه‌كه‌یه‌كی كات داده‌نرا.
هه‌وڵدانی مرۆڤ بۆ دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌رێك بۆ كات به‌رده‌وام بوو، تا گه‌لیلی سه‌رنجی جووڵانه‌وه‌ی په‌ندلی( Pendel) دا سه‌رنجی ئه‌وه‌ی دا جووڵانه‌وه‌ی له ڕاسته‌وه بۆ چه‌پ هه‌مان كاته. ئه‌مه‌ش وه‌ك پێوه‌رێكی كاتی لێ هات. كریستیان هۆگێن Christiaan Huygen كاتژمێرێكی له‌سه‌ر ئه‌م بنچینه‌یه دروست كرد. هه‌وڵدانی مرۆڤ و زانایان به‌رده‌وام بووه تا ئه‌م كاتژمێره‌ی ئێسته دروست كرا، دیاره دیاریكردنی یه‌كه‌كانی كات پێوه‌ندی به شێوه‌ی ژماردنی بابلییه‌كانه‌وه هه‌یه، شێوه‌ی ژماردنی ئه‌وان له یه‌كه‌وه بۆ 60 بووه، بۆیه كاتژمێرێك 60 خوله‌كه و خوله‌كێكیش 60 چركه‌یه.
به‌پێی بۆچوونی فه‌یله‌سووف و زانایان تێگه‌یشتن و پێوه‌ندیمان بۆ كات به‌ستراوه به ئیندیڤیده‌وه، تێگه‌یشتن له كات له‌هه‌موو كولتووره‌كاندا جیاوازن و تاكه‌كان له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه فێری ده‌بن. منداڵێك كه له دایك ده‌بێ هیچ تێگه‌یشتنێكی بۆ كات نییه و هه‌ر له ئێسته و ئێره‌دا ده‌ژی. پاش ته‌مه‌نی دوو ساڵ و نیو له مانای پاشتر تێده‌گات، واته ئێسته نا تۆزێكی تر. ته‌نیا له ته‌مه‌نی سێ چوار ساڵیدا له مه‌ودایه‌كی فراوانتره‌وه له كات ده‌گات، به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی جیاوازی نێوان ئێسته و ڕابردوو و داهاتوو فێر ده‌بێت. له رووی سایكۆلۆژییه‌وه هه‌ستكردنمان بۆ كات ده‌گۆڕێ، له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌و كاتژمێره‌ی كه 60 خوله‌كه، زۆر به‌درێژتر لێمان بڕوات كه له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی بێسه‌روبه‌ردا بین، كه‌چی له حاڵه‌تێكی تردا {بۆ نموونه له ئاهه‌نگێ ده‌بین} هه‌ست ده‌كه‌ین هه‌ر ئه‌و كاتژمێره زۆر به‌خێرایی تێپه‌ڕی. له هه‌مان كاتدا هه‌ستكردنمان به كات سنوورێك بۆ ئه‌و ڕووداوانه داده‌نێت كه له ڕابردوو و ئێسته‌دا روویان داوه یان ئه‌وه‌ی كه ده‌خوازین له داهاتوودا ڕوو بدات. بۆیه له خودی مێشكدا ئامێرێكی هه‌ستیی تایبه‌ت دروست ده‌بێت بۆ هه‌ستكردن به كات و دانانی سنوور بۆ كاته جیاوازه‌كان، ئه‌وانه‌ی تووشی هه‌ندێ نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌بن له بابه‌تی شیزۆفرێنیا، تێگه‌یشتنیان بۆ كات ده‌گۆڕێ، لای ئه‌وان نه‌ك ته‌نیا دوێنێ و ئه‌مڕۆ سبه‌ینێ هه‌یه، به‌ڵكو كاتی چواره‌میش بوونی ده‌بێت.
تێگه‌یشتنمان بۆ كات دوو شێوه له خۆی ده‌گرێ، هێڵی واته وه‌ك ڕووبارێك به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕوات و ناگه‌ڕێته‌وه، جارێكی كه ساڵی 2007 ناگه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ من بوومه 50 ساڵ، ساڵێكی تر ده‌بمه 51. دیاره ئه‌م بۆچوونه ئه‌وانه ناگرێته‌وه كه به‌رده‌وام خۆیان بچووك ده‌كه‌نه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ 31 بن و ساڵی داهاتوو ده‌بنه‌وه به 30 ساڵ. هه‌روا تێگه‌یشتنی بازنه‌یی هه‌یه، هه‌موو ساڵێ وه‌رزه‌كانی ساڵ، مانگه‌كان، شه‌و و ڕۆژ دووباره ده‌بێته‌وه. دیاره ئه‌مه‌یان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی مرۆڤه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه پێوه‌ندییان به سووڕانه‌وه‌ی زه‌وی به ده‌وری خۆی به ده‌وری ڕۆژدا هه‌یه.
نیوتن له یاسای دۆزینه‌وه‌ی خێراییدا پشتی به یه‌كه‌ی كات به‌ست، كه باسی خێرایی هه‌ر شتی بكه‌ین باسی یه‌كه‌ی كات ده‌كه‌ین، ئه‌نیشتاین شۆڕشێكی زانستی كرد له بواری تێگه‌یشتنمان بۆ كات، كات لای ئه‌و ڕێژه‌یییه و پێوه‌ندییه‌كی رێژه‌یی نێوان كات و شوێنی دۆزییه‌وه. ئه‌گه‌ر كردارێك له‌سه‌ر زه‌وی كاتژمێرێكی پێ بچێ، هه‌مان كار له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌كی كاتێكی تری پێ ده‌چێت.
تێگه‌یشتنێكی كۆمه‌ڵایه‌تیش هه‌یه بۆ كات، لێره‌وه پێوه‌ندی و تێگه‌یشتنی مرۆڤه‌كان بۆ كات ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م لایه‌نه‌ش سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌ر تا ڕاده‌یه‌كی زۆر دیاری ده‌كات. له كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتوو مۆدیرنه‌كاندا كات ڕۆڵێكی گه‌وره ده‌بینێ له ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه‌دا. كاری دیاریكراو له كاتی دیاریكراودا ئه‌نجام ده‌درێ. كه گوترا له هه‌فته‌یه‌كدا پێنج ڕۆژ كار ده‌كرێ و له هه‌شته‌وه بۆ پێنجی ئێواره، كاتژمێرێكی بۆ نانی نیوه‌ڕۆیه، ئه‌وا هۆشمه‌ندی مرۆڤه‌كان له‌و پێوه‌ره ده‌گه‌ن، ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌و یاسایه لای دا، كاره‌كه‌ی له ده‌ست ده‌دات. جێگه‌ی داخه له كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا نه ڕێز له كات ده‌گیرێ، نه كات ڕۆڵی هه‌یه له به‌ره‌وپێشچوون و بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌دا.