ئه‌مه ئه‌و پرسیاره ته‌قلیدییه‌یه له كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌رده‌وام وه‌ك سێبه‌ر به‌دوامانه‌وه‌یه. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره مه‌ته‌ڵێك بێت و وه‌ڵامه‌كه‌ی له سكی دایكمانه‌وه پێمان به‌خشرابێ. سه‌یریی ئه‌م پرسیاره له‌وه‌دایه وه‌ك یه‌كێك بپرسێ بۆ ئاو لێڵه، ده‌بێت له سه‌ره‌تاوه ڕوونی بكه‌مه‌وه كه ئاو لێڵ نییه، ئاو ڕوونه، به‌ڵام خه‌ڵكانێك هه‌ن لێڵی ده‌كه‌ن. ئاسمان ساماڵ و شینه، به‌ڵام كه هه‌ور دایده‌پۆشی جوانییه‌كه‌ی نابینین و بۆر و هه‌ندێ جاریش ڕه‌ش ده‌نوێنێ. موزیك هه‌موو خانه‌كانی له‌شت ده‌خاته سه‌ما، به‌ڵام كه خۆت كه‌ڕ كرد هیچ نابیستی. دڵ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خوێن ده‌گه‌یه‌نێ به هه‌موو ئه‌ندامانی له‌ش، به‌ڵام دڵۆپه‌یه‌ك خوێنی لێ ناتكێ ته‌نیا ئه‌و كاته نه‌بێت كه كه‌سێك خه‌نجه‌رێكی پێدا ده‌كات.
كه‌واته قسه‌كه‌ی ئۆشۆ ڕاسته كه ده‌ڵێت هه‌موو مرۆڤێك وه‌ك داهێنه‌ر له دایك ده‌بێت، به‌ڵام خۆمان داهێنان له‌بار ده‌به‌ین. ئه‌گه‌ر بته‌وێ بزانی داهێنان چییه، ته‌ماشای منداڵێك بكه، داهێنان له هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وت و جووڵانه‌وه‌یدا به‌دی ده‌كه‌ی. كه منداڵت ده‌بێت داهێنه‌ره جا ئه‌و منداڵه كوڕ بێت یان كچ، هێنده نابات سنوورێكی دروستكراویان بۆ دیاری ده‌كه‌ین، تۆ كچی ئه‌و كوڕه. هه‌ر كه ئه‌و سنووره‌مان دانا، رۆحی داهێنان ده‌كوژین.
زۆر كه‌م له میدیای ئێسته‌ی ئه‌وروپادا بیستوومه باس له نه‌بوونی نووسه‌ر یان هونه‌رمه‌ندی ژن بكرێ، ئه‌وه‌ی لێره باس ده‌كرێ بۆ ژن وه‌ك پیاو ناگه‌نه پێگه‌ی ده‌سته‌ڵات. چ پێداویستی و مه‌رجێك بۆ ژن بڕه‌خسێنرێ تا به‌و پێگه به‌رزانه‌ی ده‌زگه‌كانی كۆمه‌ڵگه بگه‌ن. دیاره كاتێكێش بووه ئه‌وان وه‌ك ئێمه باسی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌یان كردبێت. به گۆڕینی به‌رده‌وامی ژیان پرسیاره‌كانیشیان ده‌گۆڕێن. له یادمه له سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكاندا ژن نه‌بوو بوێرێ بێته بواری شانۆ، بۆیه عومه‌ر چاوشین یادی به‌خێر بێت رۆڵی ژنی ده‌بینی. عومه‌ر چاوشین زۆر سه‌ركه‌وتووانه ئه‌و ڕۆڵه‌ی ده‌بینی. ئه‌و وه‌ك ژن نه‌هاتبووه ئه‌م دنیایه، دیاره له‌به‌رئه‌وه بوو ئه‌و له‌و كاره داهێنه‌رانه‌یدا هه‌ستی به بوونی هیچ سنوورێك نه‌ده‌كرد و داهێنان لای ئه‌و مه‌لێكی ئازاد بوو بۆ كوێ بویستایه ده‌فڕێ.
داهێنان وه‌ك شنه‌بایه‌ك وایه و بۆ ئه‌وه‌ی رۆحت فێنك بكاته‌وه، ده‌بێت ده‌رگه و په‌نجه‌ره‌ی دڵتی بۆ بكه‌یته‌وه. جا كام ژنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ئه‌م ئازادییه‌ی پێ دراوه ده‌رگه‌ی دڵی بكاته‌وه، كام ژنی داهێنه‌ری كۆمه‌ڵی ئێمه دیوار به‌دوای دیوار له به‌رده‌م هه‌نگاوه‌كانیدا دروست ناكرێ.
ئۆشۆ له كتێبی "داهێنان"دا ده‌ڵێت: مرۆڤی داهێنه‌ر له سڕینه‌وه‌ی هه‌موو "ده‌بێ و نابێ"كان به‌رپرسه. ئه‌و پێویستی به‌ئازادی و شوێن و بوار هه‌یه، ئه‌و پێویستی به ته‌واوی ئاسمان و هه‌موو ئه‌ستێره‌كان هه‌یه. ته‌نیا ئه‌وكاته ئه‌و خۆڕسكییه تێدا گه‌شه ده‌كات. ژن به ڕۆشنبیر و خوێنه‌واره‌كانیشه‌وه نه كۆمه‌ڵگه و نه خۆیشی ئه‌و شوێن و ئازادییه‌ی به خۆی ڕه‌وا نه‌بینیوه. له ساڵانی هه‌فتاكاندا به‌هۆی بوونی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانه‌وه، زۆر كیژی گه‌نجی داهێنه‌ر له بواری نووسیندا ده‌ركه‌وتن، كوان ئه‌وانه؟ چه‌ند ناو له‌وانه تا ئێسته به‌رده‌وامن له نووسین و داهێنان، ئه‌وانه هه‌ر كه شوویان كرد، وازیان له داهێنان هێنا وه‌ك ئه‌وه‌ی شووكردن ژه‌هری داهێنان بێت. زۆر له‌و نووسه‌رانه به‌دوای پیاوێكی ڕۆشنبیردا ده‌گه‌ڕان به‌و هیوایه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه پاڵپشت ده‌بن بۆیان، واقیع پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانه‌كه‌ی ئه‌وان بوو. زۆر له‌وانه له ترسی ئه‌وه‌ی ژنه‌كانیان پێشیان نه‌كه‌ون، به‌رده‌وام ده‌بوون له سه‌ركوتكردنه‌وه و سنووردانان بۆ نووسین و ڕا ده‌ربڕینیان، یان بڕوابه‌خۆبوونیان لێ زه‌وت ده‌كردن. ئێ ئه‌و پیاوانه خۆ له ئاسمانه‌وه نه‌كه‌وتوونه‌ته خواره‌وه، ئه‌وانه له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه په‌روه‌رده بوون كه باوك و باپیرمانی تێدا گه‌وره بووه.
لێره‌دا نامه‌وێ ته‌واوی خه‌تاكه بخه‌مه سه‌ر پیاوان، به‌ڵكو ژنان خۆیشیان له‌و ڕووه‌وه به‌رپرسیارن، ئۆشۆ ده‌ڵێت "ئێمه هه‌موو وه‌ك داهێنه‌ر له دایك ده‌بین، به‌ڵام 99%مان نابینه داهێنه‌ر، لێره‌دا نابێت ته‌نیا به‌رپرسیارێتی بخه‌ینه سه‌ر كۆمه‌ڵگه، كه‌سه‌كان خۆیان به‌رپرسن له ژیانی خۆیان، ده‌بێ خۆت له‌و شته هه‌ڵانه‌ی كه فێریان كردووی ڕزگار بكه‌ی، ده‌بێت خۆت له‌و تێڕوانین و بۆچوونه هیپنۆسییانه ئازاد بكه‌ی كه هه‌ر له منداڵییه‌وه به‌سه‌رتدا سه‌پێنراون. له هه‌موو ئه‌و كاریگه‌رییانه خۆت پاك بكه‌ره‌وه، ئه‌وكات له ناكاو خۆت وه‌ك مرۆڤێكی داهێنه‌ر ده‌بینی".
ئێمه‌ی ژن هه‌ر پێش ئه‌وه‌ی له دایك ببین كۆمه‌ڵێك كۆتمان بۆ ئاماده كراوه، هه‌ر له ساتی له‌دایكبوونه‌وه ڕامان دێنن له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆتانه و له‌وانه‌شه كلیله‌كه‌شی بده‌نه ده‌ست خۆمان. ئێمه ده‌بێت له ناوه‌وه‌ی خۆماندا شۆڕشێك بكه‌ین، ده‌بێت گۆڕانكارییه‌كه له خۆماندا ڕوو بدات، خۆمان بناسین و بڕوامان به خۆمان وه‌ك تاك و وه‌ك داهێنه‌ر هه‌بێت، ئه‌وكات ده‌توانین جڵه‌وی ئه‌سپه‌كه ته‌نیا به خۆمان بێت و هه‌ر خۆشمان ڕه‌وتی ئه‌سپه‌كه دیاری بكه‌ین.
ئێمه‌ی ژن ده‌بێت هێنده ئازایه‌تیمان تێدا بێت خۆمان شوێن بۆ خۆمان دیاری بكه‌ین، نرخی خۆمان بزانین، خاوه‌نی خۆمان بین. ئاماده‌ین ته‌واوی هێز و داهێنان و وزه‌مان بۆ خزمه‌تكردنی هاوسه‌ر و منداڵ وه‌كار بخه‌ین، كه‌چی ئاماده نین به‌شێكی بۆ خۆمان به‌كار بێنین، له‌بیركردنی خود مانای سڕینه‌وه‌ی خۆته. كه خۆشت سڕییه‌وه، ئه‌وكاته گه‌رمی و هه‌سته‌كان نه بۆ خۆت و نه بۆ كه‌سه‌كانی نزیكت بوونیان نابێت.
بۆ ئه‌وه‌ی داهێنه‌ر بین، ده‌بێت وه‌ك منداڵ خاوه‌نی خه‌ونه‌كانی خۆمان بین، ئێمه پێش ئه‌وه‌ی خه‌وه‌كه ته‌واو بكه‌ین خه‌به‌رمان ده‌كه‌نه‌وه. ده‌بێت وه‌ك ده‌ریا خاوه‌نی شه‌پۆله‌كانی خۆمان بین، ده‌بێت وه‌ك منداڵ خاوه‌نی فه‌نتازیای خۆمان بین و ڕێگه نه‌ده‌ین وه‌ك پارچه كاغه‌زێك بیدڕێین. ده‌بێت خۆمان گۆرانییه‌كانی دڵمان بنووسینه‌وه، ده‌بێت وه‌ك ڕه‌وتی ڕووباره‌كان ئازاد بین.
رێواس ئه‌حمه‌د